Draw Media

دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە لە كۆبونەوەكانی پەرلەماندا 

دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە لە كۆبونەوەكانی پەرلەماندا 

2020-12-30 22:08:19


راپۆرتی: (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان)
لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا (2) پەرلەمانتار هی قسەیەكیان نەكردووە لە كۆبونەوەكانی پەرلەماندا و (4) پەرلەمانتار یەك جار قسەیان كردووە، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، كە دەبوو (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات،  لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، دەبوو لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە،  
  دەقی راپۆرتەكەی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان)

پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە
پوختەی كارو چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2020 ی قەیران و كۆرۆنادا

ساڵی 2020 لە جیهان بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەت، ساڵی قەیران و نەهامەتی و گرژی و ئاڵۆزی بوو، قەیرانەكانی ئابووری، سیاسی، تەندروستی، پەروەردەیی و كۆمەلایەتی تەشەنەی سەندبوو، بار و گوزەرانی هاولاتیان سەخت بوو و ئەگەر وابڕوات بەرەو خراپتریش دەچێت، كەشی سیاسی گرژبوو، جا چ لەنێوان هیز و لایەنە كوردستانیەكان بێت یا لەنێوان هەولێر و بەغدا، یا لەگەل ولاتانی دەوروبەر، ڤایرۆسی كۆڤید-19 بڕستی لەبەر هاولاتیان بڕیبوو و پەكی هاتووچۆ و كارو كاسبی خستبوو، پرۆسەكانی پەروەردەو فێركردن و خوێندنی بالا پەكیان كەوتبوو و تا ئێستاش دەستیان پێ نەكردۆتەوە، بەهەدەردانی سامان و داهاتی ناوخۆ زۆر و زۆرتر بوو لەلایەن هێزە باڵا دەستەكان و كۆمپانیاو گروپەكانیانەوە. ئەمانەو چەندان قەیران و بابەتی تر كە بەرۆكی خەلكی كوردستانی گرتبوو، ئەوەی دەبوایە رۆڵی هەبێت و جێدەستی بەسەر روداوەكانەوە دیار بێت پەرلەمانی كوردستانە كە پێویست بوو وەك لەیاسادا هاتووە مەرجەعی باڵا بێت، نەك سەرقاڵی كاری لابەلا بێت.
ئێمە وەك (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشە پێدان) كە ماوەی حەوت ساڵە بە هاوكاری و پشتیوانی رێكخراوی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED) ی ئەمەریكی (پرۆژەی چاودێری و هەلسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان)مان گرتۆتە ئەستۆ و تا ئێستا (16) راپۆرتمان لەسەر بلاوكردۆتەوە،بەمەبەستی دروستكردنی فشاری مەدەنی و راستەڕێ كردنی كاری پەرلەمانی و پێگەیشتنی پرۆسەی دیموكراسی و هێنانەكایەی كۆمەڵێكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەوەی رۆَڵی پەرلەمانی كوردستان وەك خۆی و روونتر بۆ هاولاتیان بخەینە روو، لەم كورتە راپۆرتەدا تەنها بە ژمارە باس لە پەرلەمان دەكەین لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا، كە ئاخۆ بە ئەركەكانی خۆی هەڵساوە وەك مەرجەعێكی باڵا، یاخود رۆڵی پەراوێز خراوەو سەرقاڵ كراوە بەكاری لابەلا!؟

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
31/12/2020
 

پەرلەمانی كوردستان بە ژمارە

1-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (16) دانیشتنی ئەنجامداوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا كە دوو خولی گرێدانی (پایزە) و (بەهارە) لەخۆدەگرێت، (70) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت.

2-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان (4) دانیشتنی كە راگەیاندبوو دوای خستووە، ئەمەش بەهۆی ململانێی سیاسی و لاوازی دەستەی سەرۆكایەتیەوە كۆبوونەوەكان دواخراون.

3-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەها (59) كاتژمێر كۆبۆتەوە، لەڕابردوودا كۆبوونەوە هەبووە نیو كاتژمێر و كۆبوونەوەش هەبووە دە كاتژمێری خایاندووە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین و هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كاتژمێری كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرابووایە.

4-لەماوەی ساڵێكدا و لە كۆی (12) كۆبوونەوەدا (168) جار تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوە جا بەهۆی ئامادەنەبوونەكە بەهۆی (غیاب)ەوە بووبێت، یا مۆڵەت یا بایكۆت، لەكاتێكداتۆماری ئامادە نەبوونی ئەندامان لە (4) كۆبوونەوەشدا تۆمار نەكراوە یا رانەگەیەنراوە، بۆیە لەبەردەست نەبوو، ئەگینا ژمارەكە لەوە زیاترە. سەبارەت بە ناوی ئەوانەی ئامادە نەوبوون لە كۆبوونەوەكان هەمووی لە پێگەی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان (www.payied.org) لەبەشی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران هەیە.

5-لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمان تەنها خوێندنەوەی بۆ (9) پرۆژە یاسا كردووە، سەرباری ئەو كێشەو گرفتانەی هەن،سەرباری بوونی كەلێنی یاسایی لەهەرێمی كوردستاندا، ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. ژمارەیەك پرۆژە یاساش هەیە ئەندامان پێشكەشیان كردووە بەلام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ نەكردووە.

6-پەرلەمانی كوردستان لەماوەی ساڵێكدا تەنها (5) یاسای پەسەند كردووە. كە بریتین لەمانە:
لە ماوەی ساڵێكدا تەنها ئەو پێنج یاسایە پەسەند كراون: 
-یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرو كارتێكەرە عەقلیەكان لەهەرێمی كوردستان عێراق.
-یاسای ژمارە (2)ی چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو بەخشین وئیمتیازاتەكان وخانەنشینی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق.
-یاسای ژمارە (3)ی رێگریكردن لەبەقاچاخ بردنی نەوت و گاز ولێدەرهێنراوەكانیان لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
-یاسای ژمارە (4)ی یاسای ماف وئەركەكانی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
-یاسای ژمارە (5)ی یاسای لەئەستۆكردن لەهەرێمی كوردستان.

7-لەماوەی ساڵێكدا تەنها دوو بڕیار پەسەندكراوە كە كەتایبەت بە بابەتی كارگێڕی پەرلەمان نەبن:
-بریاری ژمارە (1)ی سالی 2020: بریاری بۆنە فەرمیـیەكانی پێكهاتەی توركمان لەهەرێمی كوردستان.
-بریاری ژمارە (5)ی ساڵی 2020: سەبارەت بە چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و بریار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە.

8-لەماوەی ئەم ساڵەدا پارێزبەندی لەسەر یەك پەرلەمانتار هەڵگیرا، ئەویش بەپێی بڕیاری ژمارە (4)ی ساڵی 2020، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عمر سعید) هەلگیراو بەناچاری دەستی لەكار كێشایەوە.

9-لەماوەی ئەم ساڵەدا وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە.

10-لەماوەی ئەم ساڵەدا لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە (2) جار داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كراوە.

11-لەماوەی ئەم ساڵەدا هیچ كام لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كە بانگهێشتكرابوون بۆ لێپرسینەوە، ئامادە نەبوون بچنە بەردەم پەرلەمان.

12-لەماوەی یەك ساڵدا (14) داوا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی ئامادە بوونی ئەندامانی ئەنجومەن لەبەردەم پەرلەمان. بەلام (9) لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون.

13-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە كۆی (23) ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران، تەنها (16) جار ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی دانیشتنی لیژنەكان بوون بەمەبەستی گفتوگۆ و میوانداری.

14-لەماوەی ئەم ساڵەدا لە گرژی و خۆپیشاندانەكاندا هەشت پەرلەمانتار پەلامار دراون.

15-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو حەوت ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمان پەسەند نەكراوە، پەرلەمانیش بێدەنگە.

16-نەك هەر ئەمساڵی 2020، بەلكو نۆ ساڵە ژمێرەی كۆتایی نەچۆتە پەرلەمانی كوردستانەوە، پەرلەمانیش بێدەنگە.

17-لەماوەی ساڵی 2020 نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە بەردەست، بەلام بەپێی وتەی ئەندامان و خودی سەرۆكی پەرلەمانیش زۆرینەی پرسیارەكانی ئەندامان لەلایەن حكومەتەوە وەلام نادرێنەوە. بۆ نمونە سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی رۆژی 1/3/2020ی پەرلەماندا وتی:"لەئێستادا زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران كە ئاراستەی ئەندامانی كابینەی وزاریی حكومەتی هەرێم كراون وەڵامنەدراونەتەوە".

18-لەماوەی ساڵێكدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (165) كۆبوونەوەیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو بەلای كەمەوە پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەكە لەماوەی ئەم ساڵەدا (456) جار كۆبونەوە بكەن.

19-لەماوەی ساڵی 2020 دا لەو (165) كۆبوونەوەیەدا (313) جار ئامادەنەبوون تۆمار كراوە، كە بەبەراورد لەگەل كۆبوونەوەكان رێژەكە زۆرە.

20-لەماوەی ساڵێكدا بە هەموو لیژنەكانەوە پێویست بوو (33) راپۆرت بنوسن و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن، بەلام تەنها (11) راپۆرتیان نوسیوەو (22) راپۆرتیان پشتگوێ خستووە.

21- لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی‌و لە راگەیاندنەكاندا (93) جار پیرۆزبایی لە جەژنەكانی سەری سال و رەمەزان و قوربان و جەما و رۆژی ئالا و جەژنەكانی تر و پیرۆزبایی دامەزراندنی حزب و رێكخراوەكان و بابەتی تری لەم جۆرەی كردووە.

22-لەماوەی ساڵێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (76) جار پرسەو سەرەخۆشی لە هەندێك لەو كەسایەتیانەی كۆچی دواییان كردووە.

23-لەماوەی ئەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (3) راگەیەنراوی تایبەتی بە (PKK) دەركردووە كە هەریەك لەو راگەیاندنانە تەعبیر لە رایی یەكێك لەئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات، رەنگدانەوەو تێڕوانینی حزبەكانیانی تیادا دانراوە. یەك راگەیەنراویش سەبارەت بە هێرش و پەلامار و بۆردومانی توركیایە بۆ هەرێمی كوردستان.

24-لەو ساڵەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك راگەیەنراو لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە راگەیاندنەكاندا (1) راگەیەنراوی تایبەتی سەبارەت بە سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەركردووە.

25- بەپێی كۆبوونەوەكانی دەستپێكی هەردوو خولی بەهارەو پایزە لە رۆژانی(1/3/2020) و  (2/9/2020)، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە كۆبوونەوە بەلێنی جێبەجێكردنی بەڵێن گەلێكیان دا كە ۆی لە (141) خاڵ دەبینیەوە، بەلام كەمترینیان لێ‌ جێبەجێ‌ كراوە، كە گرنگترینیان بریتی بوون لە:
-كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور.
-هێنانی بودجەی (2020) بۆ پەرلەمان.
-گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە بە یاسا.
-فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات.
-دڵنیایی كۆمەڵایەتی و تەندروستی.
-چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست.
-دامەزراندنی یەكەمی زانكۆكان.
-یاسای خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.
-وەبەرهێنان.
-دەروازە سنورییەكان.
-پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.
-ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك.
-رێكخستن و فرۆشتنی هاوردەكردنی لێدەرهێندراوەكانی نەوت.

26-بەدرێژایی ساڵی 2020 ئەندامانی پەرلەمان بەم جۆرە قسەیان لەناو هۆڵی پەرلەمان كردووە:
-دوو پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە.
-چوار پەرلەمانتار (1) جار قسەیان كردووە.
-دە پەرلەمانتار (2) جار قسەیان كردووە.
-هەشت پەرلەمانتار (3) جار قسەیان كردووە.
-یانزە پەرلەمانتار (4) جار قسەیان كردووە.
-هەشت پەرلەمانتار  (5) جار قسەیان كردووە.
-یانزە پەرلەمانتار (6) جار قسەیان كردووە.
-سێ پەرلەمانتار (7) جار قسەیان كردووە.
-شەش پەرلەمانتار (8) جار قسەیان كردووە.
-حەوت پەرلەمانتار (9) جار قسەیان كردووە.
-شەش پەرلەمانتار (10) جار قسەیان كردووە.
-نۆ پەرلەمانتار (11) جار قسەیان كردووە.
-پێنج پەرلەمانتار(12) جار قسەیان كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (13) جار قسەی كردووە.
-دوو پەرلەمانتار (14) جار قسەیان كردووە.
-سێ پەرلەمانتار (16) جار قسەیان كردووە.
-یەك  پەرلەمانتار (17) جار قسەی كردووە.
-یەك  پەرلەمانتار (18) جار قسەی كردووە.
-دوو پەرلەمانتار (19) جار قسەیان كردووە.
-دوو پەرلەمانتار (20) جار قسەیان كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (21) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (23) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (24) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (27) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (30) جار قسەی كردووە.
-یەك پەرلەمانتار (36) جار قسەی كردووە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand