بەڵگەنامەیەكی نهێنی: بەریتانیا ساڵی 1996 پشتی لە كورد كردووە
2020-12-30 15:36:11
(درەو):
حكومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ نهێنی لەسەر بەڵگەنامەیەكی خۆی هەڵگرت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی سەرۆك وەزیران جۆن میجەر لەساڵانی 1995 بۆ 1997.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، حكومەتی بەریتانیا لەسەردەمی سەرۆك وەزیران جۆن میجەردا ترساوە لە ئەگەری تێوەگلانی لە شەڕێكی تردا دژ بە رژێمی سەددام حسێن بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بەریتانییەكان بیریان لەوە كردوەتەوە پشت لە هاوپەیمانە كوردەكانیان بكەن لە عێراق.
بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، جۆن هۆڵمز سكترێری تایبەتی جۆن میجەر هۆشداری داوە لەوەی "ئەمریكییەكان رەنگە هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەیەكی سەربازانی بازنەفراوان بدەن" ئەگەر هێزەكانی سەددام حسێنی سەرۆكی عێراق دەستبگرێت بەسەر هەرێمی كوردستاندا.
بەر لە كۆبونەوەیەكی دووقۆڵی لەگەڵ (وارن كرستۆڤەر) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەسەردەمی سەرۆك بیل كلینتۆن، جۆن هۆڵمز لە مانگی نۆڤێمبەری 1996دا واتە سێ مانگ دوای رووداوەكانی 31ی ئاب نوسیویەتی" ناتوانین بە ساكاریی پاڵپشتی لە كردەوەی سەربازی لەمجۆرە بكەین".
لەو سەردەمەدا ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەناویشیاندا بەریتانیا ناوچەی ئارامیان بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردبوو، هێڵی دژەفڕینیان بۆ كوردستان دروستكردبوو كە بە هێَڵی 36 ناسرابوو.
بەگوێرەی بەڵگەنامەكە، هۆڵمز لەبارەی ئەگەری هێرشی ئەمریكا بۆسەر رژێمی عێراق، نوسیویەتی:" ئەمە دەكرێت ببێت بە تەنگژەیەكی سیاسی گەورە بۆ ئێمە.. رەنگە بۆ ئێمەو ئەمریكییەكانیش لەڕووی واقعییەوە وا باش بێت دەست لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بەربدەین".
بەریتانییەكان لەو سەردەمەدا ئارەزووی كاری سەربازی بازنەفراوانی تریان لەدژی رژێمی سەددام بەباش نەزانیوەو هۆڵمز دەڵێ:" ئەمریكا ناتوانێت بچێتە ناو جەنگێكی لەوشێوەیەوە".
سكرتێری جۆن مێجەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستبەرداربوون لە باكوری عێراق (مەبەستی لە هەرێمی كوردستانە) دەبێت بە "شەرمەزاری" بۆمان، بەڵام رەنگە هیچ بژاردەیەكی ترمان نەبێت.. هیچ یەكێك لە ئێمە ئامادە نییە لە خستنەگەڕی هەوڵێكی سەربازی راستەقینە یاخود تەرخانكردنی دارایی بۆ راگرتنی سەددام حسێن لە باكوری عێراق، ئەگەر هەوڵی كارێكی لەوجۆرە بدەین، رەنگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وێران بكەین.
هاوكات هۆڵمز ئامۆژگاری كردووە كە ئیدارەی كلینتۆن لەم بابەتە ئاگادارنەكرێتەوەو نوسیویەتی" داننان بەوەی لەئێستادا توانامان نییە پاڵپشتی ئەمریكا بكەین لە دۆخێكی گریمانەكراوی داهاتوودا، كارێكی زۆر سەختە".
بەر لە جۆن مێجەر، كاتێك جەنگی یەكەمی كەنداو رویدا، مارگرێت تاچەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو، لەم سەردەمەداو لە ساڵی 1990 سەددام كوەیتی داگیركردو هاوپەیمانان لەدژی وەستانەوە.
جۆن مێجەر لە نۆڤێمبەری 1990 پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای وەرگرت، تاوەكو فێبرایەری 1991 بەریتانیای كرد بە هاوبەشی ئەمریكا لە شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە رژێمی عێراق.
بەڵام ساڵی 1997، پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی تۆنی بلێر، لە هەڵبژاردندا سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر پارتەكەی جۆن مێجەردا بەدەستهێنا.
تۆنی بلێر كە دەسەڵاتی گرتەدەست، پاڵپشتی جۆرج بوشی سەرۆكی ئەمریكای كرد بۆ هێرشكردن بۆسەر رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا.