ئۆتۆمبیلەکانی سیروان سیرینی کێشەی دروستکردووە
2020-12-30 13:36:34
(درەو):
کڕینی دوو ئۆتۆمبیل بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان عێراق کێشەی دروستکردووە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان داوا دەکات گرێبەستی کڕینی ئۆتۆمبیلەکان هەڵوەشێندرێتەوەو ئەو ئۆتۆمبێلانەش وەربگیرێنەوە کە موڵکی پەرلەمانن و هێشتا لای ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی خولەکانی پێشووی پەرلەمان ماون.
لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی (سیروان عەبدوڵا سیرینی) ئەمینداری گشتی پەرلەمانی کردووە، حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات گرێبەستی دوو ئۆتۆمبیل هەڵوەشێندرێتەوە کە بۆ ئەمینداری پەرلەمان کڕدراون.
ئەم نوسراوە دوای ئەوەدێت، دوێنێ (درەو) بڵاویکردەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوو ئۆتۆمبیلی بۆ (سیروان عەبدوڵا سیرینی) ئەمینداری گشتی پەرلەمان کڕیوە کە سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بەپێی زانیاییەکان، بەهای ئەو دوو ئۆتۆمبیلە دەگاتە (٤٠٠ ملیۆن) دیناری عێراقی.
کڕینی ئەم ئۆتۆمبیلانە بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان، ناڕەزایەتیی دروستکردووە، هەندێک ئەم بابەتەیان کردووە بە بەهانە بۆ هێرشکردن بۆسەر پەرلەمانی عێراق و دەڵێن پەرلەمان بەبەهانەی قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان دەیەوێت دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕێت، بەڵام خۆی زیادە خەرجییەکانی رانەگرتووە.
کڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەمینداری گشتی پەرلەمان لەلایەن حەلبوسییەوە بەدیاری سەری ساڵ و "سانتاکلوز" ناودەبرێت و ئەوانەی ئاگاداری چۆنیەتی کاروباری پەرلەمانی عێراقن دەڵێن (سیروان سیرینی) رازگریی حەلبوسییەو ئاگاداری بەهەدەردانەکانییەتی، بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ئۆتۆمبیلی بۆ کڕیوە.
لە نوسراوەکەیدا حەسەن کەعبی دەڵێ:" گرێبەستی کڕینی ئەوئۆتۆمبێلانە هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی ئەوەی ئێستا وڵات بە قەیرانێکی دارایی خنکێنەرو دۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویست بە کڕینی ئۆتۆمبیل ناکات و ژمارەیەک ئۆتۆمبیل هەن کە لای ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی خولەکانی پێشووی پەرلەمانن و دەبێت بەشێوەیەکی خێرا ئەو ئۆتۆمبیلانە بگەڕێندرێتەوە".