Draw Media

پشكی هەرێم نزیكەی (14 ترلیۆن ) دینارە لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا

پشكی هەرێم نزیكەی (14 ترلیۆن ) دینارە لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا

2020-12-29 12:25:46


 (درەو):
پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 گەیشتە پەرلەمانی عێراق، بودجەكە كۆی خەرجی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2021 بە بڕی ( 13 ترلیۆن و 904 ملیار) دینار دیاریكردووە، كە (3 ترلیۆن) دیناری زیاترە لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینارە. 
 ماددەی (11)ی پرۆژەیاساكە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان، واتا نەوت‌و بەشە بودجە.
بەپێی ئەو رەشنوسەی بودجە كە حكومەت ناردویەتی بۆ پەرلەمان، جارێكی تر هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە بەوەی داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بكات، نەك نەوتەكە خۆی، ئەمەش ئەو بابەتەیە كە پەرلەمانتارانی شیعە لە پەرلەمان دژایەتی دەكەن‌و دەیانەوێت هەرێم نەوت رادەست بكات نەك داهاتەكەی، ئەمە یەكێكە لەو بڕگانەی كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت.
بابەتێكی تر كە لە رەشنوسەكەدا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو وەكو خۆی ماوەتەوە بابەتی (مقاصە) واتە "لێبڕێن"ە، مەبەست لە لێبڕین ئەوەیە، ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، حكومەتی عێراق بەهای ئەو بڕە نەوتە بە پارە لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، ئەمەش یەكێكی ترە لەو بڕگانەی ناو پرۆژەی بودجە كە رەنگە لە پەرلەمانی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستبكرێت، چونكە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن، لێبڕین بنەمایەكی سیاسییە نەك دەستوریی‌و دەبێت كۆتایی پێ بهێنرێت.

ماددەی 11ی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، لە چەند بڕگەیەك پێكدێت كە پوختەكەی بەمشێوەیە:
ماددەی (11) بڕگەی (یەكەم):
شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2020 پاكتاودەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات..
ماددەی (11) بڕگەی (دووەم)- خاڵی (ا):
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانەی كێڵگەكانی، بەو نرخەی كە كۆمپانیای "سۆمۆ" دەیفرۆشێت، ئەو بڕە نەوتەی كە دەمێنێتەوە بەكاردەهێنرێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی هەرێم‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتەكەی هەرێم.
 ماددەی (11) بڕگەی (2)- خاڵی (ج):
ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بە بڕگەی (1)، واتە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رادەست نەكرد، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە لە پشكی هەرێم دەبڕێت.
كۆی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق لە پرۆژەكەدا بەم شێوەیەیە:
-    بودجەی بەكاربردن: (10 ترلیۆن و 912 ملیارو 627 ملیۆن و 512 هەزار) دینارە.
-    بودجەی سەرمایەگوزاری: ( 2 ترلیۆن و 991 ملیارو 384 ملیۆن و 940 هەزار) دینارە.
-    كۆی گشتی پشكی هەرێم: (13 ترلیۆن و 904 ملیارو 12 ملیۆن و 452 هەزار) دینارە.
واتا ئەگەر هەرێمی كوردستان (250 هەزار) بەرمیل نەوت و ئەو پابەندە داراییانەی تری دەكەوێتە سەری رادەستی بەغداد بكات، ئەوا بەئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانی بدات، كە مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینارە كە ساڵانە دەكاتە (10 ترلیۆن و 728 ملیار) دینار، واتا (3 ترلیۆن و 176 ملیار) دیناریش دەمێنێتەوە لەو (13 نرلیۆن و 904 ملیار) دینارەی كە پشكی هەرێم دەبێت لە پرۆژە بودجەی 2021ی عێراق. 
ئەمە لە كاتێكدا روو دەدات پرۆژە بودجەكە بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێت (كە ئەستەمە)، خۆ ئەگەر دەستكاریش كراو هەرێم ناچاركرا لەبری ئەوەی داهاتی نەوت رادەست بكات، نەوتەكە خۆی رادەستبكات، ئەوا داهاتەكە بەهەمان شێوە دەبێت بۆ هەرێم و دەتوانێت كێشەی موچە ساڵی دارایی 2021 چارەسەربكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand