Draw Media

هیچ حزبێك پشتگیری لە بە هەرێمبونی كەركوك ناكات

هیچ حزبێك پشتگیری لە بە هەرێمبونی كەركوك ناكات

2020-12-28 08:28:48


درەو: 

سۆران محەمەد – کەركوك ناو
هیچ حزبێكی سیاسی لە پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك پشتگیری لە بەرهەرێمبونی پارێزگای كەركوك ناكەن، بەپێچەوانە دژایەتی خۆیان بۆ هەر هەوڵێكی لەو شێوەیە رادەگەیەنن و  پێیانوایە ئەجێندای دەرەكی لە پشتە.

دژایەتی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عەرەب، كورد و توركمان لە كەركوك دوای ئەوە دێت ده‌سته‌یه‌ک له‌ چالاکوان و که‌سایه‌تی و یاساناسان پڕۆژه‌یه‌کیان بۆ به ‌هه‌رێمبونی پارێزگاکه‌ را‌گەیاند، ئەوەش به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ری یه‌کجاریی کێشه‌کانی ئیداره‌دان و "گه‌ڕانه‌وه‌ی داهات و خزمه‌ت" بۆ خه‌ڵک.

محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە وەک بەرنامە و سیاسەتی کارکردن دژی هەر پلان و ئەجێندایەکین کە لە دەرەوەی خواستی پێكهاتەكانی كەركوك بێت"، زیاتر وتی "توركمان دژایەتی بە هەرێمبونی پارێزگاكە دەكات، بەڵێ كارکردن بە ماددەی 140 وەستاوە، بەڵام دەبێت پێكهاتە و لایەنەكانی كەركوك لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش رێكبكەون نەك بە هەرێمبونی پارێزگاكە".

محەمەد پێیوایە بەهەرێمبونی كەركوك خواستی هەموو پێكهاتەكان نییە، بۆیە دژایەتی دەكەن.

حاتم تائی، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک  - لە كۆمەڵێك حزب و هۆز و عەشیرەتی كەركوك پێكدێت-، رایگەیاند كە هەموو پارێزگاكانی عیراق یەك چارەنوسیان هەیە و وتی "ناكرێت كەركوك بە تەنیا جیابكرێتەوە، ئێمە دژایەتی هەوڵی لەو شێوەیە دەكەین".
تائی، وتی "ئێمە باوڕمان بە دەستور و یاسا هەیە کە چارەنوسی ئەم شارە یەکلایی بکاتەوە، نەک ئەجێندا و پڕۆژی دەرەوەی دەستور و یاسا".

ئەوەش لەكاتێكدا بەپێی مادده‌ی 119ی ده‌ستوری عیراق، هه‌ر پارێزگایه‌ک یان زیاتر مافی پێکهێنانی هه‌رێمێکیان هه‌یه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ داواکارییه‌ک بۆ ئه‌نجامدانی راپرسی.

لە 24ی كانونی یەكەم و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پڕۆژەیەك بۆ بەهەرێمبونی پارێزگای كەركوك راگەیەنرا.

هیوا حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک له‌ کۆنگره‌که‌دا وتی ئه‌وان سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێکی سیاسیی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی نین، به‌ڵکو ئامانجیانه‌ به‌پێی ده‌ستور که‌رکوک بکه‌نه‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ تا پشکی خۆی له‌ داهات و ده‌ستکه‌وتی فیدراڵی وه‌ربگرێت و خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیانی بکات.

بەڵام ئەحمەد رەفیق، وتەبێژی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "45 ساڵە یەکێتی لە کەرکوک و کوردستان و ناوچەکە کار بۆ کوردستانیبونی کەرکوک دەکات، ئێمە لەو پێناوەدا کاردەکەین و هیچ بەدیلێکی تر جگە لە کوردستانیبونی پارێزگاكە و جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە پەسەند نازانین".

ماددەی 140ی دەستوری عیراق كە خاوەندارێتی كەركوك یەكلاییدەكاتەوە، دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێبكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەوە 13 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو وادەیەدا و تائێستا لە كۆی سێ قۆناغی ماددەكە (ئاساییكردنەوە، سەرژمێریی و راپرسی)، هێشتا قۆناغی ئاساییكردنەوە كۆتایی نەهاتووە.

له‌ کاتی کۆنگرەی راگه‌یاندنی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک، دوو گه‌نج ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیی و به‌ ده‌نگی به‌رز داوای جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوریان کرد بۆ یه‌کلایکردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی پارێزگاکه‌، به‌رله‌وه‌ی له‌لایه‌ن رێکخه‌رانی کۆنگره‌که‌وه‌ دوربخرێنه‌وه‌.

بەڵام ئاهه‌نگ ئه‌نوه‌ر ئەندامێكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک، ده‌ڵێت "پێمانوایه‌ به‌ هەرێمکردنی کەرکوک زۆر باشترە لە ماددەی 140، چونکە ساڵانێکە ئەو ماددەیە سڕکراوە و هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوه‌".

پێمانوایه‌ به‌ هەرێمکردنی کەرکوک زۆر باشترە لە ماددەی 140

قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بە هەرێمبونی كەركوك، بەپێی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2008ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌ و بە پشتبەستن بە مادەی (119)ی دەستوری هەمیشەیی عیراق بەڕێوەدەچێت، ئەوەش سەرەتا کۆکردنەوەی ئیمزای دانیشتوانی پارێزگاکەی دەوێت‌ و لە قۆناغی داهاتودا راپرسی‌ و دەنگدان بۆ بون یان نەبونی هەرێمێکی سەربەخۆ.

ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزه‌ر و ئەندامی دەستەی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "دەمانەوێت له‌رێی به‌هه‌رێمکردنی که‌رکوکه‌وه‌ داهاتی کەرکوک بۆ کەرکوکییه‌کان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و خزمه‌ت به‌ هه‌موو توێژ و نەتەوەکان بکه‌ین".

پێشتر هه‌وڵی به‌ هه‌رێمکردنی که‌رکوک هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ نێو ژماره‌یه‌ک لایه‌نی عه‌ره‌بی و تورکمانییه‌وه‌، به‌ڵام دواتر بێده‌نگی لێکراوه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand