Draw Media

حكومەت موچە دابەشدەكات یان ساڵی دارایی رێكدەخاتەوە ؟

حكومەت موچە دابەشدەكات یان ساڵی دارایی رێكدەخاتەوە ؟

2020-12-26 20:37:11


 (درەو):
وەزارەتی دارایی داوای لە گەنجینەكان كردووە لیستی موچەی مانگەكانی (١١)و (١٢)ی ئەمساڵ، هاوشێوەی مانگی پێشوو بەلێبڕینی (٢١٪)ی موچەی فەرمانبەرانەوە ئامادەبكەن.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، نوسراوەكە باسی دابەشكردنی موچەی نەكردووەو هەواڵەكەش بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی دارایی خۆیەوە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵكو نێردراوە بۆ چەند كەناڵێكی راگەیاندن.
رەنگە وەزارەتی دارایی دڵنیا نەبێت لەوەی بتوانێت موچەی ئەو دوو مانگەی فەرمانبەران یاخود لانی كەم تەنیا یەك موچەی تر دابەشبكات، بۆیە خۆی بە فەرمی هەواڵی دابەشكردنی موچەی رانەگەیاندووەو لەڕێگەی میدیاكانەوە دزەی بە هەواڵەكە كردووە، لەحاڵێكدا راگەیاندنی هەواڵی دابەشكردنی موچە لەم سەردەمی بێموچەییەدا گەورەترین دەستكەوتە بۆ حكومەت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە تا كۆتایی ساڵ، بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە بگات، تاوەكو بتوانێت بەو پارەیەو ئەو داهاتانەی تر كە لەبەردەستیدایە، لانی كەم بە لێبڕینەوە موچەیەكی تر دابەشبكات و بەو موچەیە كۆتایی بە ساڵی دارایی (٢٠٢٠) بهێنێت و پێ بنێتە ساڵی دارایی ٢٠٢١وە.
هەر بڕە پارەیەك لە بەغدادەوە بگاتە هەرێم، بەشێكی دەڕوات بۆ ئەو قەرزەی كە حكومەت بۆ موچەی مانگی (١٠) كردویەتی، بەڵام لەلایەكی ترەوە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی سودی دارایی بە حكومەتی هەرێم گەیاندووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی داهاتی حكومەت بە دۆلار دەگەڕێنەوە، ئەمەش پارسەنگێكی بۆ دارایی حكومەت گەڕاندوەتەوە.
چەند سەرچاوە ئاگادار بە (درەو)یان راگەیاند، ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی بۆ گەنجینەكان پەیوەندی بە راستكردنەوەی ساڵی داراییەوە هەیەو وەزارەت دەیەوێت پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ ئامادە بكات، بۆ ئەمەش دەیەوێت پاكتاوی حساباتی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٠ بكات، هەرچەندە لە ساڵی 2014 ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە ئەمەش بووەتە جێ"ەی رەخنەی پەرلەمان .
ئەگەر ئەم نوسراوەی وەزارەتی دارایی تەنیا بۆ راستكردنەوەی ساڵی دارایی بێت، ئەوا كابینەی مەسرور بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونییەوە دووەمجارە دەستكاری ساڵی دارایی دەكات، چونكە هەر لەمساڵدا بە بڕیارێك موچەی (٣) مانگی كرد بە "پاشەكەوت"و خستیە سەر قەرزەكانی كابینەی هەشتەمی نێچیرڤان بارزانی و موچەی (٢ مانگ)ی ئەم كابینەیەشی كرد بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغدادو بەمشێوەیە سەرە موچەی مانگانەی راستكردەوە.
ئێستا كە حكومەت ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەكات، لەمساڵدا بەپێی قسەی وتەبێژەكەی (٨) موچەی دابەشكردووەو (٤) موچەی فەرمانبەرانی لاماوە، لەم (٤) مانگە، حكومەتی هەرێم موچەی (٢) مانگی كردووە بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغدادو دەیەوێت لەو دوو مانگەی كە دەمێنێتەوە لانی كەم لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا موچەیەكیان دابەشبكات و تەنیا یەك موچە بمێنێتەوەو ئەویش بەهەمان شێوەیە بكات بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد، قەرزێك كە حكومەتی بەغداد دانی پێدا نەناوەو هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.
لە هەموو حاڵەكاندا حكومەتی هەرێم توانای نییە موچەی ئەو دوو مانگە لەماوەیەكی كورتدا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، سەرباری ئەمە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەیەوێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەرزبكاتەوە، ئەگەر لەگەڵ حكومەتی بەغداد نەگاتە رێككەوتن و موچەی فەرمانبەران لە بەغدادەوە نەگات.

داهاتەكانی حكومەتی هەرێم
•    داهاتی نەوت: 280 ملیۆن دۆلار كە دەكاتە نزیكەی (400 ملیار) دینار
•    پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلار دەكاتە (25 ملیار) دینار
•    داهاتی ناوخۆ: 170 ملیار دینارە، نزیكەی (30 بۆ 50 ملیۆن)ی بە دۆلارە، بەشێك لە داهاتی ناوخۆ بۆ خەرجی وەزارەتەكانە، بۆیە نزیكەی (150 ملیار) دیناری دەمێنێتەوە بۆ موچە.
•    پارەكەی بەغداد ئەگەر بێت (320 ملیار) دینار كە (200 ملیار) دیناری بۆ قەرزی موچەی مانگی رابردووەو (120 ملیار) ی دەمێنێتەوە.
•    كۆی گشتی داهاتی حكومەتی بۆ موچە دەكاتە نزیكەی ( 700 ملیار) دینار
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand