Draw Media

هەرێمی كوردستان لە ململانێی واشنتۆن‌و تاراندا

هەرێمی كوردستان لە ململانێی واشنتۆن‌و تاراندا

2020-12-24 13:11:08


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
شوێنگرەوەكەی قاسم سولەیمانی لە بەغداد چاوی بە بەرهەم ساڵح‌و مستەفا كازمی كەوتووە، جارێكی تر باس لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەكرێت لە بەغدادەوە بۆ هەولێر، ئێران ترسی هەیە لە كۆتایی ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەیدا ترەمپ گورزێكی تری سەربازی بوەشێنێت، هەر جۆرە پەرەسەندنێكی سەربازی هەرێمی كوردستان دەخاتەوە ژێر فشاری ئێرانییەكان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

هێرشێك لە یادی حاجی قاسمدا
رۆژەكانی كۆتایی ساڵ بۆ عێراق باش نییە، سێیەمین رۆژی ئەمساڵ كاتێك خەڵكی عێراق لە پشووی سەری ساڵدا بوون، هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق بیست، هەواڵی كوژرانی قاسم سولەیمانی‌و كاردانەوەی ئێران، پشووەكەی كرد بە هەواڵی شەڕێكی چاوەڕواننەكراو. 
شەوی یەكشەممەی ئەم هەفتەیەش كە خەڵك ئامادەكارییان بۆ پشووەكانی سەری ساڵ دەكرد، جارێكی تر ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتەوە بەر هێرشی موشەكیی، ئەمە ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنییە‌و بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە. 
بەگوێرەی قسەی سوپای عێراق، لەو شەوەدا، لانی كەم هەشت موشەك لەناوچەی سەوز كەوتونەتە خوارەوە، سوپا بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە دەخاتە ئەستۆی "گروپە لەیاسادەرچووەكان"، بەڵام بەرپرسێكی ئەمریكی وتی:" نزیكەی 21 موشەك ئاڕاستەی ناوچەی سەوزكراوە‌و هەندێك لە موشەكەكان چەند بینایەكی ناوچەی سەوزیان پێكاوە". 
ئەمریكا لە باڵیۆزخانەی خۆی لە ناوچەی سەوز، سیستمی دژە موشەكی جێگیركردووە كە پێی دەوترێت "C-RAM"، سیستمەكە روبەڕووی هێرشەكە بووەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی حكومەتی عێراق وتی، هێرشە موشەكییەكە لە سەربازگەی "رەشید"ی باشوری بەغدادەوە، ئەنجامدراوە. 
هێرشەكە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی یەكساڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كە بەرپرسانی كوردو عێراقی بە "حاجی قاسم" ناویان دەهێنا، بۆیە ئەمریكییەكان پەنجەی تۆمەت بۆ ئێرانییەكان رادەكێشن.

سوپای ئەمریكا هەڕەشە دەكات
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو هێرشە موشەكییەی كە یەكشەممە كرایەسەر ناوچەی سەوز لە بەغداد، بەدڵنیایی میلیشیا لەیاسادەرچووەكان ئەنجامیانداوە كە ئێران پاڵپشتییان لێ دەكات. 
فەرماندەیی ناوەندی دەڵێ، لەو هێرشەدا هیچ ئەمریكییەك بریندار نەبووە، بەڵام زیان بە بیناكانیان گەیشتووە، ئەمەش ناپاكییەكی راستەوخۆیە لە سەروەری عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی بەرپرسیارێتی كوژرانی هەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئەنجامی ئەو هێرشانەوە، دەكەوێتە ئەستۆی میلیشیاكانی سەربە ئێران. 

ترەمپ لەبەردەم چەند بژاردەیەكدا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ماوە تەواوبووی ئەمریكا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لەبارەی ئەو هێرشەوە نوسی، بەرپرسیارێتی كوژرانی هەر هاوڵاتییەكی ئەمریكی دەكەوێتە ئەستۆی ئێران‌و دەبێت بەباشی بیر لەوە بكاتەوە. 
ترەمپ دەڵێت:" گوێمان لە قسەوباسی تر دەبێت لەبارەی ئەوەی هێرشی دیكە دژی ئەمریكییەكان ئەنجام دەدرێت"، لەگەڵ ئەم قسانەدا، ترەمپ وێنە سێ موشەكی بڵاوكردەوە كە نەتەقیونەتەوە. 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆشكی سپی كۆبونەتەوە‌و تاوتوێی چەند بژاردەیەكیان كردووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران. 
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، وەزیری دەرەوە‌و بەرگری‌و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی‌و چەند بەرپرسێكی تری ئەمریكا بەشداربوون لەو كۆبونەوەیەدا‌و لەسەر چەند بژاردەیەك بۆ روبەڕووبونەوەی ئێران رێككەوتوون تاوەكو بەمزوانە بیخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات.
ترەمپ رۆژی 20ی مانگی داهاتوو ماوەی سەرۆكایەتییەكەی تەواو دەبێت‌و كۆشكی سپی بۆ جۆ بایدن چۆڵ دەكات، پێشبینی دەكرێت قەیرانێكی سیاسی گەورە لەدوای خۆی بۆ بایدن بەجێبهێڵێت، ئێرانییەكان نایانەوێت توشی ئەم شەڕە ببن، چاویان لەوەیە لەگەڵ بایدندا جارێكی تر رێككەوتنە ئەتۆمییەكە زیندوو بكەنەوە‌و ئاهێك بهێننەوە بەبەری دۆخی ئابوری وڵاتەكەیان كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە لە پەلوپۆ كەوتووە.

باڵیۆز لە بەغدادەوە بۆ هەولێر !
هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی ئەم هەفتەیەدا، جارێكی تر قسەوباس لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كەوتوەتەوە بەر باس.
سایتی "ئەكسیوس" لەزاری دوو بەرپرسی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئەمریكا بەنیازە باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دابخات‌و ئەم هەنگاوەش یەكێكە لەو بژاردانەی كە پێشنیاز كراوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ئێران، كە ترەمپ بە دەوڵەتێكی "سەرپەرەشتیاری تیرۆر" ناوی دەبات. 
سایتەكە باسی لەوەكردووە، ئەگەر بەغداد بەجێبهێڵێت، رەنگە ماسیۆ تویلەر باڵیۆزی ئەمریكا بگوازێتەوە بۆ هەولێر یاخود بنكەی ئاسمانی "ئەسەد" لە خۆرئاوای عێراق. 

هەرێمی كوردستان لەنێوان تاران‌و واشنتۆندا
هەر كاتێك قسەوباس دێتەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، میدیا جیهانییەكان یەكسەر ئاماژە بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەكە دەكەن بۆ هەولێر، ئەمەش هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر فشاری ئێرانییەكانەوە.
ساڵی رابردوو كاتێك قاسم سولەیمانی كوژرا، مانگێك دوای كوژرانی‌و بەدیاریكراوی لە رۆژی پێنجی كانونی دووەمدا، لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆبونەوە‌و بڕیاریاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەنە دەرەوە. 
نوێنەرانی كورد بە هەموو پارتە سیاسییەكانەوە بەشدارییان لەو كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا نەكرد، پێكهاتەی شیعە بەتەنیا‌و بەبێ پێكهاتەی كورد‌و سوننە بڕیاریاندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریكا‌و عێراق.
كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە ئیتر بوو بە هێڵی سەرەكی سیاسەتی ئێران لە عێراقدا، بەرپرسانی ئێرانی ئەمەیان بە تۆڵەی گەورەی خوێنی سولەیمانی ناودەبرد، بۆیە فشارەكانیان لەسەر هێزە سیاسییەكانی عێراق لەوبارەیەوە توندكردەوە.
ئەوكات سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، حكومەت، هەرێم) كۆبونەوە‌و بەپێچەوانەی بڕیاری لایەنە شیعەكانەوە، رایانگەیاند، ئەوان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، بەپێویست دەزانن بۆ روبەڕووبونەوەی هەڕەشەكانی "داعش".
هەر ئەو سەردەمە، عادل عەبدولمەهدی كە سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر بوو، لەبارەی ئەم بابەتەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ كۆبووەوە. 
كاتێك شیعەكان بڕیاریاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەنەدەرەوە، ئیتر قسەوباس لەبارەی گواستنەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەناوچەكانی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردسان هاتەئاراوە.
ئەوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران، نامەیەكی بەزمانێكی توند ئاڕاستەی هەریەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە.
لەو نامەیەدا، تاران هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دابوو لەبارەی ئەوەی دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
نامەكەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەم خاڵانە كردبوو:
•    هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا یەك جوگرافیای سیاسی‌و سەربازییە.
•    دوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەرێمی كوردستان نابێت ببێت بە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا.

"پێشبینی شەڕ ناكەم"
سەرباری هەڕەشەكان‌و توندبوونەوەی سەرلەنوێی بارودۆخی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن‌و تاران، بەڵام كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا ئەگەری روودانی پێكدادانی نوێ لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران بەدوور دەزانێت، ماكینزی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (ABC)دەڵێ:" مەترسیییەكی گەورە هەیە ئێران لە یادی یەكساڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
ماكینزی باسی لەوەكرد، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا تێبینی ئەگەری روودانی هێرشی كردووە لەناو عێراق لەلایەن ئێران‌و ئەو گروپانەی كە ئێران پاڵپشتییان لێ دەكات، بەڵام ئەمریكا نایەوێت بارودۆخەكە لەگەڵ ئێران توندبكاتەوە‌و لەو باوەڕەشدا نییە ئێران بیەوێت لەم كاتەدا جەنگ لەگەڵ ئەمریكا هەڵگیرسێنێت.
لە لێدوانێكی جیاوازتردا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ"، ماكینزی وتی:" هێرشەكەی شەوی یەكشەممە، لە ساڵی 2010وە تائێستا گەورەترین هێرش بووە كە كراوەتەسەر ناوچەی سەوز".

قائانی لە بەغداد بووە 
دوێنێ میدیا فەرمییەكانی ئێران ئاشكرایانكرد، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس‌و شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی سەردانی بەغدادی كردووە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، ژەنەڕاڵ قائانی چاوی كەوتووە بە هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و ژمارەیەك بەرپرسی تر.
تائێستا وردەكاری تەواوەتی گفتوگۆی قائانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و مستەفا كازمی نازانرێت، بەڵام سایتی "روسیا تودەی" لەزاری سەرچاوەیەكی عێراقییەوە بڵاویكردوەوە، لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد ئیسماعیل قائانی بەبەرپرسانی عێراقی وتووە:" ئێران دژی هێرشە موشەكییەكەیە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا".
هەمان سەرچاوە وتویەتی:" هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە دوو رۆژی رابردوودا یەكێك لەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە شەوی یەكشەممە موشەكەكانی ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كردووە، دەستگیركراوەكە فەرماندەی هێزی موشەكە لەناو یەكێك لە گروپە چەكدارەكاندا".

"كاری ناحەكیمانە"
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكدا قسەكانی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی تۆمەتباركردنی ئێران بە تێوەگلانی لە هێرشە موشەكییەكەی ناوچەی سەوز، رەتكردەوە. 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ:" واشنتۆن بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئاكامی هەر كارێكی نا حەكیمانە دەگرێتەئەستۆ كە لەم قۆناغەدا ئەنجامی بدات.. تۆمەتەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەبارەی هێرشە موشەكییەكەوە، دووبارەیە‌و هیچ بنەمایەكی نییە‌و كۆشكی سپی خۆی دروستی كردووە".  
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە تویتێكدا نوسی:" خستنەبەر مەترسی هاوڵاتیانی ئەمریكا لە دەرەوەی وڵاتەكەیان، سەرەنج لەسەر شكستە كارەساتبارەكانی ترەمپ لەناوخۆی وڵات هەڵناگرێت".
جەواد زەریف وێنەی چەند تویتێكی پێشتری دۆناڵد ترەمپی بڵاوكردەوە‌و هۆشداریدا لە دووبارەكردنەوەی هەوڵەكانی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە كۆتایی ولایەتی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەیدا بە ئامانجی ئەوەی جارێكی تر‌و بۆ ویلایەتی دووەم وەكو سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand