گۆڕانكاری وزاری دەكرێت
2020-12-03 12:57:28
(درەو):
گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری دەكرێت لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتیو یەكێتیو گۆڕان دەیانەوێت هەندێك لە وەزیرەكانیان بگۆڕن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، سێ لایەنە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، تاوتوێی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری دەكەن لە كابینەی حكومەتدا.
ئەمەی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت تەنیا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییە لە پۆستی وەزیرەكاندا، واتا بچوكردنەوەی حكومەتو كەمكردنەوەی وەزارەتەكان نییە، كە لە وڵاتان لەكاتی رودانی قەیرانی دارایدا زۆرجار لەپێناو كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەتدا، كابینە بۆ چەند وەزارەتێك بچوك دەكرێتەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی گۆڕانكاری لە چەند وەزیرێكی خۆیدا بكات بەمشێوەیە:
• ساسان عەونی لە پۆستی وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار لاببرێتو لەشوێنی كۆچكردوو فەرسەت سۆفی بكرێت بە پارێزگاری هەولێر.
• سامان بەرزنجی لە پۆستی وەزیری تەندروستی لاببرێتو كەسێكی تر لە شوێنەكەی دابنرێت.
سەربارەت بە یەكێتی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە ئاستی باڵادا گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی چەند كەسێك لە تیمی یەكێتی لە حكومەت بگۆڕدرێن، هێشتا یەكلانەبووەتەوە كێ لە پۆستە وزارەییەكان دوردەخرێتەوە، بەڵام یەكێتی بەنیازە چەند وەزیرێك بگۆڕێت.
بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە دوچاری كێشەیەكی سیاسی ناوخۆیی بوەتەوە، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان (6) كەسیان پابەند نین بە سیاسەتی بزوتنەوەكەیانەوە، پێشتر فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەفەرمی دابڕانی خۆیان لە سیاسەتی ئێستای سەركردەكانی بزوتنەوەكەیان راگەیاند و پەیوەست نین بە سیاسیەتی گۆڕانەوە.
ئەم دۆخە نوێیەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە بەتەواوەتی پارتی نیگەران كردووە، قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی لە هەر گۆڕانكارییەكی نوێدا لە حكومەت، پارتی چیتر رێژەی 12%ی پۆستەكان بە بزوتنەوەی گۆڕان ناداتەوە، بەوپێیەی چیتر بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان خاوەنی 12 كورسی نییەو (6) كەسی فراكسیۆنەكەی وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن پێدەچێت لە هەر گۆڕانكارییەكی وزاریدا پێدەچێت پارتی پۆستێكی وزاری لە گۆڕان وەربگرێتەوەو چاوەڕوان دەكرێت ئەو پۆستەش پۆستی وەزارەتی بازرگانی بێت كە ئێستا (كەمال موسلیم) بەڕێوەی دەبات.
گۆڕان چاوی لەوەیە لەم گۆڕانكارییە نوێیانەدا، هەردوو پۆستی وەزیری دارایی و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی رادەست بكاتەوەو لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی پێبدرێت.
پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی یەكێكە لەو پۆستانەی كە لە كابینەی نوێدا لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتیدا دروستكرا، بەڵام دوای ساڵێكو پێنج مانگ لە پێكهاتنی حكومەت هێشتا گۆڕان ئەم پۆستەی پڕنەكردوەتەوە، بەوپێیەی پۆستەكە پێویستی بەوەیە لە پەرلەمانەوە یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربكرێتو پەرلەمانیش تائێستا ئەم كارەی نەكردووە، (جەلال جەوهەر) ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە.
گۆڕان هەر لە سەرەتاوە خوازیاری ئەوە بوو، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بكرێت بە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، بەڵام یەكێتیو بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی رازی نەبوون بەوەی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دروست بكرێت، بۆیە رەنگە زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەهەمان شێوە روبەرووی ناڕەزایەتی یەكێتی ببێتەوە.