دەمیرتاش لە زیندانەوە گۆرانی بۆ هاوسەرەكەیو خەباتگێڕان دەچڕێ
2020-12-02 14:59:30
نوسینی: حسێن جەمۆ - DARAJ
جارێكی تر دۆسیەی زیندانیانی سیاسی لە توركیا بووە بابەتی مشتومڕی نێو گۆڕەپانی سیاسی لە تركیا ئەوەش دوای زۆرتربونی داواكارییەكان لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆمار بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" و چەند زیندانییەكی تر.
لێرەدا ژیاننامەی دیارترین كەسایەتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی كورد لە توركیا دەخەینە ڕوو.
لە 10ی تەموزی 1991 شەقامی غازی لە ناوجەرگەی شاری ئامەد خرۆشا دوای ئەوەی هەزاران كەسی توڕەو ناڕازیی بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی پارێزەر ویدات ئایدن, ئەو پارێزەرە كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە لە ماڵەكەی خۆیدا ڕفێندرا, پاش دوو رۆژ لاشەكەی لەژێر پردێكدا دۆزرایەوەو هەردوو قاچی لە ئەژنۆیدا لەگەڵ كەللە سەری تێكشكێندرابوون, هەروەها 15 گوللەش جەستیان دابێژابوو, چەند مانگێك لەپێش ئەوە ویدات لە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا كە سەرۆكی بوو لە ئامەد بە زمانی كوردی قسەی كردبوو, لەو كاتەشدا قسەكردن بە زمانی كوردی بە یاسایەك قەدەغەكراو بوو كە ناوەڕاستی سیەكانی سەدەی بیستەم دەركرابوو, كاتێك مەستەفا كەمال ئەتاتوركو عیسمەت ئینۆنۆ و هاوڕێكانیان باوەڕیان وابوو كە " كۆمار" كۆتایی مێژووەو " هاوڵاتی توركی" دواهەمین مرۆڤە.
ئەوەی ویدات ئایدن كردی, لە چوارچێوەی زنجیرەیەك چالاكی بەرگریكارانە بوو لە رێگەی زمانەوە, تەنها قسەكردن بە زمانی كوردی لەو كاتەدا بەرخۆدان بوو. چونكە گروپە عەسابەكانی سەر بە دەوڵەت كە بە رەسمی خۆیان راندەگەیاندو ئامانجیشیان كوشتنو لەناوبردن بوو بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەك, لە واتای ئەوە تێدەگەیشتن كە پارێزەرێك لە ئامەد بە كوردی قسەدەكات, شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئایدن لەو كاتەدا زۆر بەربڵاوبوو ساڵانی دواتریش زۆر زیاترو بەرفراوان بوو, چونكە دەوڵەت پارێزگاری لە بكوژەكان دەكرد, ئەو تاوانانەی كە كەسایەتییە كوردەكانی تێدا دەكرایە ئامانج و كوردەكان لە هەموو شارەكاندا باش بكوژیان دەناسی, دەوڵەت دەیخستە ئەستۆی " بكوژە نادیارەكە".
لەو مەراسیمە گەورەیی كە ئەنجامدرا توڕەیی بەشێكی زۆری دانیشتوان تەقیەوە. بە تایبەتی چینی گەنجان, لەو مانگانەدا وێنەو دیمەنەكانی كە لە باشووری كوردستانەوە دەگەیشتنە باكور, رێی خۆشكرد بۆ ئەو توڕەییە گەورەیی كە لە ناشتنی ئایدندا تەقیوە.
كاتێك رژێمی بەعس لە عێراق راپەڕینی شیعەو كوردەكانی سەركوت كرد. دانیشتوانی كوردستان لە كۆڕێكی گەورەدا وەك پەنابەر روویان لە توركیاو ئێران كرد, وێنە رۆژنامەوانییەكانی ئەو كارەساتە برینێكی قوڵی كردە ناخی هەموو كوردەكانی ناوچەكەو چەندین سرودو گۆرانی دەربارەی غەمی ئەو دۆخە كارەساتبارە وترانو تێیاندا پاساوی ئەو كارەساتە خرایە ئەستۆی پەرتەوازەی كوردو یەك نەگرتنیان.
كارەساتو تراژیدیا بە دوو شێواز رۆڵ دەبینێت یان ئەوەتا خۆبەدەستوەدان قوڵتر دەكاتەوە یان ئەوەتا رزگارت دەكات لە ترس, كۆمەڵێك رووداوی لەوجۆرە بوونەهۆی گڕگرتنی توڕەیی جەماوەر لە ناوجەرگەی شاری ئامەددا و زۆر زیاتریش بوو, كاتێكیش هێزەكانی ئاسایش تەقەیان لە بەشدارانی مەراسیمی بەخاكسپاردنە كرد, هەرچەندە چەندین كەس كوژران یان برینداربوون. بەڵام شەقام بە قەرەباڵغی مایەوەو جەماوەر لە شەقامی غازی و لە بەردەم مزگەوتی گەورەدا بە زمانی كوردی هاواریان دەكردو هوتافیان دەكێشا.
سەلاحەدین دەمیرتاش
لەو گردبوونەوە نەتەوەییەداو لە پێكدادانە كۆمەڵایەتیو سیاسییەدا لە نێوان گەلو دەوڵەتدا, هۆشیاری سیاسی لەلایی ژمارەیەك لە گەنجو لاو دروست بوو كە ئێستا سەركردایەتی شانۆی سیاسی كورد دەكەن لە توركیا, لە سەروو هەموشیانەوە گەنجێكی توڕە هەبوو, كە ئەویش سەلاحەدین دەمیرتاش بوو كە ئەو كاتە تەمەنی 18 ساڵ بوو, یەكەمین جاریش بوو لە ژیانیدا بەشداری لەو جۆرە ناڕەزاییەتیدا بگات كە ماوەیەكی زۆر كەم بوو خێزانەكەیان لە شارێكی بچوكی وەك ئەلازیغەوە كە لە مێژوودا بە " خەربوت" ناسراوە " هاتبونە شاری ئامەد.
لە دەرەوەی ئامەد كوشتن بەلای " بكوژی نەناسراو" ەوە زۆر ئاسانتربوو. چونكە گوێڕایەڵی بۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەت زۆر زیاتر بوو، بە تایبەتی لە ئەلازیغ كە ناوچەیە دانیشتوانەكەی لە كرمانج و زازا پێكدێنو خێزانی دەمیرتاشیش زازا بوونو دایكو باوك لەو خێزانەكەیدا ببونە گوێزەرەوەی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت, ئەوەش قوڵترین ئامانج بوو كە دەستەبژێری قەومیی تورك لەدوای دامەزراندنی كۆمارەوە كاریان بۆ دەكردو هەوڵیاندەدا خێزان بكەنە دەزگایەك بۆ گواستنەوەی پەروەردەی دەوڵەت بۆ منداڵەكانیان, ئەم ئاڵنگارییە لە ساڵانی یەكەمیدا بە تەواوەتی شكستی هێنا, بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری لەناو كوردداو جگە لە زمانی كوردی هیچی تریان نەدەزانی. بەڵام ساڵانی دواترو بەهۆی فراوان بوونی خوێندنو خولەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی لەگەڵ غەرامەیەكی زۆری ئەو جوتیارو كرێكارە هەژارانەی كە بە كوردی قسەدەكەنو كوشتنی ئەو كەسایەتییانەی كە رووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە لە گوندو دەوروبەری شارەكان وایكرد چینێك خێزان خۆیان بەدەستەوە بدەنو پەیامەكانی دەوڵەت بگەیەننە منداڵەكانیان لە نێویشیاندا خێزانی دەمیرتاش كە پەیامەكەیان بریتی بوو لەوەی " ئێمە توركین".
لەو گردبوونەوە جەماوەرییەی ئامەددا سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتو خێزانەكەی رزگاری بوو. چووە ریزی گروپی " كەمینەی بەرخۆدانەوە" لەناو زۆرینەیەكی كورددا كە چەندین ساڵ بوو بە توندوتیژترینو رێكخراوترین دەزگای كوشتن تۆقێندرابوو, دەزگایەكی كوشتن كە بەزۆری لە كردەوەكانیدا جۆری بە هەند وەردەگرت نەك بڕ, ئەو دەزگایە ویدات ئایدنی كوشت. دوو ساڵ دواتریش رۆشنبیری دیاری كورد موسا عەنتەری كوشت كە هاوتای كوشتنی 100 كەس بوو لە شەقامدا, بەڵام كاتێكیش كارەكە پێویستی بە كوشتنی بە كۆمەڵە بێت ئەوا گوندە چوڵەكانی كوردستان هەتا ئەمڕۆش شایەتحاڵی ئەو شێوازە لە كردەوەن.
كاتێك خێزانەكەی هاتنە ئامەد, دەمیرتاش تەمەتی 17 ساڵ بوو. لێرە لە ئامەد گەورەترین شاری كوردی هەلی بەدەستهێنانی كارو گەشەپێدانی باشتر بوو لە شارە بچوكەكەیان, ئامەد بەردەوام قەرەباڵغتر دەبوو بە هاتنی زیاتری گوندنشینەكانی كە سوپا و رێكخراوی " بكوژی نادیار"فەرمانیان پێدەكردن گوندەكان چۆڵ بكەن لەمیانی قۆناغی شەڕی گوندەكانی نێوان دەوڵەتو پارتی كرێكارانی كوردستان.
خێزانەكەی دەمیرتاش دەیانویست دۆخی داراییو داهاتیان باش بكەن كاتێك دەمیرتاش رشتەی بازرگانی دەریایی و كارگێڕی كاری هەڵبژارد بۆ خوێندن لە زانكۆیەكی ئیزمیر, بەڵام بەهۆی كاری سیاسیو تەنگپێهەڵچنینەوە خوێندنەكەی تەواو بكات. چونكە لەو ساڵانەدا ئاسان نەبوو بە ئاشكراو بە ناسنامەی كوردبوونەوە مرۆڤ لە شارەكانی ئەنادۆڵو ئیجە بخوێنێت, لە ناوچە كوردییەكانیشدا دۆخەكە باشتر نەبوو , بەڵام جیاوازی ئەوە هەبوو كە تەنگپێهەڵچنین تەنها لەلایەن پیاوانی ئاسایشەوە بوو. بەڵام لە ناوچەكانی دەرەوەی كۆمەڵگەش بەشێك بوو لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت سزای مەدەنی هەموو ئەو كەسانەیان دەدا كە هەڕەش دەكەن لە " یەكگرتوویی وڵات" بە تێهەڵدانو رق لێبوونو هەتا كوشتنیشی, هەتا ئەمڕۆش رووداوی لەو شێوەیە دووبارە دەبێتەوە, وەك كوشتنی باریش چاكان لە ئەنكەرە لە حوەزیرانی 2020 لەلایەن سێ كەسی مەدەنییەوە كە ناڕازی بوون لە گەڕەكەكەیاندا گوێ لە گۆرانی كوردی بگرێت.
دەمیرتاش لە ئیزمیرەوە گەڕایەوە ئامەدو بڕیاریدا پسپۆرییەكەی بگۆڕێتو بۆ تاقیكردنەوەی وەرگرتن لە پارێزەری داواكاری پێشكەشكردو لە زانكۆی ئەنكەرە وەرگیرا.
لەكاتی پشووەكانیدا لە ئامەد لە نانەواخانەیەك كاری دەكرد كە خێزانەكەی بە هاوبەشی دایان مەزراندبوو، ئەندامانی خێزان گەورەكە بەڕێوەیان دەبرد. سەلاحەدین بەهۆی ئەوەی خوێندكاری زانكۆ بوو لە نانەوا خانەكەدا بەشی دابەشكردنی نانی پێدرابوو كە ئەوەش باشترین بەشی كار بوو لە نانەواخانەكەدا.
رۆژێك لە رۆژان كیژێكی چاو سەوزی جوانی تەمەن 16 ساڵان دێت بەر پەنجەرەی نانەواكە چاوی بە دەكەوێتە بەر چاوانی دەمیرتاشو داوای نانێك دەكات, ئەوە یەكەمین دیداری نێوان سەلاحەدین, میوانە نوێكەی ئامەدو باشاكی هاوسەری دەبێت. ئەو كچەی كە سەر بەخێزانێكە لە دێرینترین بەشی شارەكە كە گەڕەكی سوری ئامەدی مێژوویە نیشتەجێن.
باشاك بە پێچەوانەی سەلاحەدینەوە هەموو ژیانی لە شاردا بەسەربردووە, لەكاتی لە دایك بووونیەوەو تا دەرچوونیشی لە زانكۆو خەباتی مافپەروەرانەی وەك پارێزەرێكو خەباتی كۆمەڵایەتی وەك هاوسەری دەمیرتاش لەرووی دەرونیەوە پەیوەتە بە رووداوێكی سەردەمی منداڵی كاتێك هێزەكانی ئاسایشی توركیا هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەیانو بە شێوازێكی زۆر توندوتیژو قێزەون باوكی لەبەردەم منداڵەكانیدا دەستگیردەكەن كە پێكهاتبوو لە چوار كچو كوڕێك.
باشاك لە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریدا دەربارەی ژیانی كە سەلاحەدینی هاوسەری یەكەم كەس بوو لە ئەكاونتەكەی لە تویتەر بڵاویكردەوە دەڵێت: ئەو دیمەنەی كە كاریگەری لەسەر هەستو سۆزی هەبووە, دواتر بەرامبەر دوو كچەی دووبارە بوەتەوە كاتێك باوكیان دەمیرتاش دەستگیركرا.
دوای تەواوكردنی زانكۆ دەمیرتاشی پارێزەر دەگەڕێتەوە ئامەدو پەیوەندی دەكات بە كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤەوە كە سەرۆكەكەی لەو كاتەدا گەنجێك دەبێت دوو ساڵ لەو گەورەترە ئەویش عوسمان بایدەمیرە كە هاوڕێی دێرینی دەمیرتاشە لە بواری سیاسیداو سەرۆكی شارەوانی ئامەد بوو لە 2004- 2012.
بایدەمیر لە ژیانی سیاسیدا رێگەی لە بەردەم دەمیرتاشدا واڵاكرد بۆئەوەی لەو بوارەدا پێشبكەوێت, چونكە بوونی چەند سیفاتێك لە دەمیرتاشدا وادەكات خەڵێكی زۆرتر لە دەوری پرۆژەی سیاسی گەورەی " پارتی دیموكراتی گەلان" كۆببێتەوە كە لە دامەزراندنیەوە تا 2014 سەرۆكی بووە. دەمیرتاش نوێنەرایتی یەكگرتوویی دوو بەشی بنكەی كۆمەڵاتیی نەتەوەی كورد دەكات, خۆی سەر بە زازایەو لە نێوجەرگەی كرمانجدایە.
دەمیرتاش گۆرانیبێژە, مۆزیسیانەو ساز دەژەنێت, پارێزەرە, شاعیرە, نوسەرە, شێوەكارەو كەسێكی زۆر كۆششكارو بەهێزو ئیرادەیەو برایەكی بەناوی نورەدین دەمیرتاش سەركردەیە لە نێو پارتی كرێكارانی كوردستاندا.
لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا كە ئازاری 2019 لەنێو زینداندا لەگەڵیدا كراوە دەمیرتاش سڵاو دەنێرێت بۆ هەموو خەباتگێڕانو پێشبینیشیكرد كە هاوپەیمانی " ئاكەپەو مەهەپە" لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا لەلایەن جەماوەرەوە سزا بدرێن. ئەوەش روویداو حزبەكەی ئەردۆغان شارەوانی ئەنكەرەو ئەستەنبوڵی دۆڕاند.
دەمیرتاش جەختیكردەوە كە زیندان كاتی زیاتری بۆ خوێندنەوە پێبەخشیوە: بەڵام كە سایەتی نەگۆڕاوەو ئەو قەناعەتو بیروباوەڕەی لە پێناویدا زیندانیكراوەو سزا دراوە نەگۆڕاوەو هەر لە زینداندا دوو كۆمەڵە چیرۆكو رۆمانێكی بڵاوكردوەتەوەو یەكێك لە كۆمەڵە چیرۆكەكانی وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی.
دەمیرتاش لە زینداندا 16 گۆرانی ئامادەكردووەو هیواخوازە لە زینداندا تۆماریان بكات, تاكە كەس كە گوێی لە گۆرانییەكانی دەبێت هاوڕێی زیندانی عەبدوڵا زەیدانەو هەندێك جاریش هاوسەرەكەی لە تێكستو ئاوازی گۆرانییەكانی ئاگاداردەكاتەوەو ئەو پیاوە هێشتا گۆرانی بۆ هاوسەرەكەی دەچڕێ.
daraj