روداوه‌كه‌ى دهۆك لە نێوان دو گێڕانەوەی تەمومژاویىدا
2020-11-21 15:10:37
درەو:
راپۆرتی: رێناس ساڵح - نه‌وژین
"دەمویست داکۆکی لە پرسی ژنان بکەم، بەڵام خۆم بومە قوربانی گێچەڵی سێکسی لەلایەن پیاوێک لە رێکخراوێکی ژنان"، ئه‌مه سكاڵاى (سۆلینا ئێڤێ)یه، ئه‌و كچه چالاكوانه‌ى دهۆك كه بڕیاری زیندانییكردنى بۆ ده‌رچوه. به‌ڵام كه‌سى به‌رامبه‌ریشی تۆمه‌ته‌كانى ئه‌و كچه ره‌تدده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: ئەو لەگەڵ باندێکی دزی بە پلان هاتونەتە سەری و ئەوندەیان لێداوە تاوەکو چاوێکی لەدەستداوە.
سەر لەبەیانی رێکەوتی ٢٨/١١/٢٠١٨ لە شاری دهۆک روداوێک رودەدات کە تائێستاش بەتەمژاوی ماوەتەوە، لە روداوەکە کچێک دەڵێت هەوڵدراوە له‌نێو باره‌گاى رێكخراوێكى ژنان دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەرم، ئەو كچه‌ش (سۆلینا ئێڤێ)یە. ئه‌و لە رۆژی ١٩/١١/٢٠٢٠ لە رێگەی پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بانگەوازی ئەوەی بڵاکردەوە کە ئەو قوربانی ده‌ستدرێژی و گێچەڵی سێکسیە، کەچی دادگا بڕیاری بەندکردنی داوە به 6 ساڵ و ده‌ستدرێژكاره‌كه‌یشی ئازاد کردوە.
سۆلینا، له چه‌ند دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنى دا، روداوەکە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: بۆ کارکردن وەک چالاکوانێکی ژنان سیڤی خۆم برد بۆ رێکخراوێک بەناوی (گەشەپێدانی ژنان) له دهۆك، بەڵام بەڕێوبەری رێکخراوەکە ده‌ستدرێژی سێكسی كرده سه‌رم.
"به‌ڕێوبه‌ره‌كه نزیک بوەوە لێم و پێی وتم کە زۆر شیرین و جوانم و زۆری لای پەسەندم، وتی: ئەگەر لەگەڵیان کاربکەم دەمکات بە سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی رێکخراوەکە، بەڵام من توڕەبوم لە هەڵسوکەوتی و ژورەکەم بەجێهێشت". سۆلینا، واده‌ڵێت.
له درێژەى گێڕانەوەکەیدا ده‌ڵێت: بەڵام وازی نەدەهێنا بەهۆی ئەوەی ژمارەکەم لە سەر سیڤیەکەم بو تێلی بۆ دەکردم، منیش وەڵامم دایەوە، وتی: تۆ وەک کچمی، بابی من به هەڵە تێگەشتوی وەرەوە بۆ رێکخراو، دواتر منیش لەگەڵ دو هاوڕێی دیکەم چومەوە ئەوێ، ئەوان لە دەره‌وە لە ناو ئۆتۆمبێل چاوەڕێیان دەکردم، بینای رێکخراوه‌کە لە خانویەکی ماڵان بو، کەچومە ژورەوە ویستی دەستدرێژی بکاتە سەرم، بەڵام من هاوارم کرد و هاوڕێکانم هاتنە یارمەتیم، ئەوکات زۆرمان لێدا و بەوهۆیەوە پازدە رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە.
سۆلینا ئێڤێ، هونەرمەندی شێوەکار و چالاکوان لەپارێزگای دهۆک، دەرچوی بەشی ئەندازیاری پلاندانانە لە زانکۆی دهۆک، لە ئێستادا پێشکەشکاری بەرنامەی باک ستەیجە لە کەناڵی وار.
نه‌وژین، پاش په‌یوه‌ندیكردن به سۆلینا و دیاریكردنى كاتێك بۆ دیدار له‌گه‌ڵی دا، به‌هۆی ئه‌نجامدانى دیدارى دیكه‌وه دوجار كاتى دیداره‌كه‌ى دواخست و پاشان مۆبایله‌كه‌ى به‌رده‌ست نه‌ما.
لە بەرامبەردا، محەمەد ئەمین هیرو، ٦٥ ساڵ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری پرۆژەکانی رێکخراوەکە کە سۆلینا تاوانباری دەکات بە گێچەڵپێکردنى، بۆ نەوژین چیرۆکەکانی روداوەکە بە شێوەیەکی دیکە دەگێڕێتەوە.
"من لە ئۆفیسی رێکخراوەکەمان بوم کاتژمێر ١١ سەر لەبەیانی بو، خانمێک هات بۆ رێکخراوەکە ناوی خۆی بە شیرین ناساند کە دواتر دەرکەوت ناوی سۆلینایە، پێی وتین بۆ کار هاتوە و ئەو زۆر پێیوستی پێیەتی و باوکی لە ژیان نەماوە و دایکی لە وڵاتێکی دیکەیە. من لە گەڵ جوان کە ئێستا لە دەره‌وەی وڵات دەخوێنێت، دانیشتبوین، وتمان ئێمە هیچ کارێکمان نیە لە ئێستادا، بەڵام بۆ ساڵی نوێ ئاگەدارت دەکەینەوە، چونکە جوان ئیمێڵێکی ئینگلیزی پیشاندا وتی: خاتو شیرین زۆر زیرەکە لە زمانەکە".
ئەو دەڵێت: ئەوکات وتمان سیڤیەکەت دابنێ، وتی پێم نیە و دواتر بۆتان دەهێنم، وتمان ژمارەکەت دابنێ هەرکات پێویست بو پەیوەندیت پێوە دەکەین، وتی ژمارەی خۆم لەبەرنیە ژمارەی خوشکم دادەنێم.
کەچی دواتر کاتژمێر ٢:٣٠ دوانیوەڕۆ ژمارەیەک پەیوەندی پێوەکردم و وتی من شیرینم ئەتوانم سیڤیەکەم بهێنم؟ وتم کارمان هەیە خەریکی پرۆژەیەک بوین لەگەڵ جوان، کەچی دواتر کاتژمێر ٤:٣٠ هەم تەلەفۆنی کردەوە و وتی لای رێکخراوم سیڤیەکەم هێناوە، ئەوکات سایەقەکەشم لە رێکخراو رۆشتبو، سۆلینا هاتە ژورەوە وتی دەتوانیت پێش کار دەفتەرێک پارەم پێبدەن؟ وتم ئێمە ناتوانین ئیشی وابکەین، چوە لای پەنجەرەکە لەوکاتەدا پیاوێک لە سەری منی دا و کەوتم بەزەوی دا، ئەوەندە دەزانم پێیان وتم چەند پارەت پێیە وتم ٢٥ هەزار، چونکە ئەو رۆژە موچەم وەرگرتبو، بەڵام نیوەڕۆکەی کوڕەکەم هات بردیەوە، دواتر منیان بەستەوە، لێیاندام، مۆبایلەکەیان بردم کە تائێستاش نازانرێت چیان لێکردوە، لەگەڵ ئەو لاپتۆپەی کە ئەرشیفی ٣٠ ساڵی تێدابو.
هه‌ردو لا سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن
سۆلینا له‌سه‌ر روداوه‌كه سکاڵا تۆمار ناکات تا ئەو کاتەی کەسی بەرامبەر سکاڵا لە دادگای دهۆک تۆمار دەکات و وه‌كخۆی ده‌ڵێت کار دەگەیەنێتە هەڕەشەکردن و بۆ کپکردنەوەی بابەتەکەش داوای پارە دەکات "پێی وتین ئەگەر دەتانەوێت ئابڕوتان نەچێت، پێنج دەفتەرم پێبدەن بێدەنگ دەبم، من شۆک بوم کە زانیم ئەو سکاڵای تۆمار کردوە، چونکە تائێستا دەستدرێژیکار سکاڵای تۆمار نەکردوە!".
له وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه بۆچی له‌سه‌ر روداوه‌كه راسته‌وخۆ سکاڵای تۆمار نەکردوە؟ سۆلینا دەڵێت: من بە لێدانی، وام هەستکرد ئیتر تۆڵەی خۆم کردوه‌تەوە، بەڵام کە دوای سێ مانگ ئەو هەمو هەڕەشە و هەراسانەی خێزانەکەی کردم بڕیارمدا سکاڵای لە دژ تۆمار بکەم، کەچی لە دادگا سکاڵاکەی ئەو براوە بو به‌وه‌ى سزای منی دا بە شەش مانگ زیندانی لە دەره‌وەی بەندیخانە و بە ئازادکردنی دەستدرێژیکارەکە دۆسیەکە داخرا، به‌ڵام لە کۆتایی ٢٠١٩ سكاڵاكه‌ى ته‌میز كرده‌وه.
دوای ساڵێک لە بڕیارەکەی دادگا و تۆماركردنى تانه له‌لایه‌ن محه‌مه‌د ئه‌مینه‌وه، دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه بڕیاره‌كه ده‌گۆڕێت بۆ 6 ساڵ زیندانییكردن، پاش ئاگادار بون له‌و بڕیاره، سۆلینا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان داوای هاوکاری و به‌ده‌مه‌وه‌هاتن دەکات و دەڵێت: رۆژی یەکشەمە دەچمە دادگا، بەڵام من داوای هاوکاری لە هەمو تاکێکی ئەم نیشتیمانە دەکەم کە داوای ئازادی و مافی ژن دەکەن.
2 كه‌سى تر له‌گه‌ڵ سۆلینا سزا دراون
محەمەد ئەمین هیرۆ، کە خۆی دەڵێت بەتەواوی چاوێکی بەهۆی ئەو روداوە لەدەستداوە، باس لەوه ده‌كات له دۆسیه‌كه‌دا جگه له سۆلینا، دو كه‌سى تریش سزا دراون، ده‌شڵێت: ئەوکات بڕیارەکە لە دادگا وادەرچو کە هەرسێ کەسەکە بە ٦ مانگ زیندانی لە دەره‌وەی بەندیخانە سزادران، بەڵام من داوای تەمیزم کرد، چونکە ئەو گروپە بە پلان ئەوەیان کردبو، هەریەکەیان خەڵکی شارێک بون، کوڕەکە خەڵکی شەنگالە یەکێک لە کچەکان خەڵکی سلێمانیە و سۆلیناش خەڵکی دهۆکە، من گومانم لەم روداوە هەیە و کەسی دیکەی لە پشتە، چونکە دەبێت دادگا سزای ١٠ بۆ ١٥ ساڵی بەسەردا بسەپاندایەن، کەچی سۆلینا دۆسیەکەی گۆڕیەوە بۆ ئەوەی رێکخراوەکانی ژنان پشتیوانی بکەن، ئەوان تەنانەت ڤیدیۆی منیان تۆمارکردوە لە کاتی لێدانم لە کەلوپەلەکانیان بوە کە پۆلیس دەستی بەسەردا گرتوە".
رێكخراوه‌كه داخراوه یاخود نا؟
سۆلینا له لێدوانى پێشتری باسی له‌وه‌كردوه، رێكخراوه‌كه به هۆی ئه‌و دۆسیه‌وه داخراوه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا محه‌مه‌د ئه‌مین هیرۆ ئه‌و قسانه ره‌د ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: ئێمە لە کارکردن بەردەوامین لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.
پۆلیس ئاگادارى پێشهاته‌كه نیه
ئه‌گه‌رچی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا روداوه‌كه بوه‌ته باسێكى گه‌رم، به‌ڵام وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگاكه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت له ورده‌كارى دۆسیه‌كه ئاگادار نیه.
هێمن سلێمان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆک، بە نەوژینی راگەیاند: کە ئەویش بابەتەکەی لە سۆشیاڵ میدیا زانیوە و ئاگەداری دۆسیەکە نیە بەهۆی نەچونەوەی بۆ دەوام
"لە یاسا دا دەبێت گێچەڵپێکراو شایه‌تحاڵی هەبێت"
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢٠ لە پارێزگای دهۆک ١٧ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی دژ بە ئافرەتان تۆمارکراوە.
له یاسای سزادانی عێراقی ژماره ١١١ ساڵی ١٩٦٩، گێچه‌ڵپێكردن (التحرش) تاوانه، لەمادەی(٤٠٠، ٤٠١، ٤٠٢)ی یاساكه‌دا، کەسی تاوانبار (المتحرش) سزادەدرێت بەبەندکردن بۆ ماوەیه‌ك زیاتر نەبێ له ساڵێک، یان سزای دارایی.
تەمەنی ئەم یاسایە زیاتر لە پەنجا ساڵە و تائێستا هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە، یەکێک لە نەنگیەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە کە دەبێ سکاڵاکار شایەتحاڵی بۆ روداوەکە هەبێت، چونکە یاساکە دان بە سکاڵای ژن نانێت تەنها لە دۆخێك دا کە شایەتحاڵی هەبێت.
ئەو شوێنەی کە روداوەکەی سۆلینا تێیدا رویداوە ئۆفیسی رێكخراوه‌كه‌یه و هیچ شاهیدێکیش لە دۆسیه‌كه‌دا نیه، شوێنه‌كه‌ش کامێرای چاودێریی لێنەبوە، ئەمەش دۆسیەکەی ناڕون هێشتوه‌تەوە.
* نه‌وژین، سه‌كۆیه‌كى رۆژنامه‌وانیی ئیلیكترۆنیه، له‌لایه‌ن (رادیۆی ده‌نگ) له گه‌رمیان خاوه‌ندارێتى ده‌كرێت و به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی كاره‌كانى رایی ده‌كات.