Draw Media

موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبرێتە بەغداد

موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبرێتە بەغداد

2020-11-20 18:51:33


 
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
زیاتر لە (100) پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان لەسەر پرۆژەیاسایەك كردووە كە داوا دەكات موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بدرێت، ئایا حكومەتی مستەفا كازمی بە تێپەڕینی ئەم یاسایە لە پەرلەمان ئامادەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتەئەستۆو لەم كاتەدا كە لە قەیرانێكی دارایی سەختدایە؟ ئایا حكومەتی هەرێم لەڕووی ئابورییەوە سودمەند دەبێت یان زەرەرمەند ئەگەر بەغداد راستەوخۆ موچەی فەرمانبەران بدات ؟ لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر لەبارەی ئەم هەوڵەى پەرلەمانتاران  بڵاودەكەینەوە كە چەند رۆژی داهاتوو دەخرێتە بواری جێبەجێكردن.

كۆكردنەوەی ئیمزا
لە پەرلەمانی عێراق جوڵەیەكی نوێ دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی بەفەرمی‌و لەچوارچێوەی یاسایەكی نوێدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دابەش بكرێت.
(درەو) زانیویەتی، ژمارەیەك پەرلەمانتار رەشنوسی پرۆژەیەكیان ئامادەكردووە‌و ئیمزای پێویستی پەرلەمانتارانیان بۆ كردوەتەوە بۆ ئەوەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی بكەن‌و دواتر ئاڕاستەی لیژنەی پەیوەندیدارەكان بكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، پرۆژەكە داوا دەكات:
•    موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە دابەش بكرێت‌و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، هەر فەرمانبەرێكی هەرێم ژمارە حسابییەكی تایبەتی خۆی لە بانك بۆ بكرێتەوە‌و مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق موچەكەی لەو ژمارە حسابییەدا بۆ دابنێت. 
پرۆژە یاساكە ناوی لێنراوە "دابەشكردن‌و بەحساب بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم"، لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی كە سەرقاڵی پرۆژەكەن، بیرۆكەیەك هەیە بڕگەیەكی تر بۆ رەشنوسی پرۆژەیاساكە زیادبكرێت، بڕگەكە بریتییە لەوەی:
•    فەرمانبەرانی هەرێم بژاردەیان لەبەردەمدایە‌و هەر فەرمانبەرێك ئەگەر نەیویست راستەوخۆ موچەكەی لەلایەن بەغدادەوە بدرێت، سەرپشك بكرێت لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی بەغداددا یەكێكیان هەڵبژێرێت.
لە چەند رۆژی داهاتوودا، دوای تەواوكردنی پرۆسەی كۆكردنەوەی ئیمزای پەرلەمانتاران، پرۆژە یاساكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەناو پەرلەمانی عێراقدا رادەگەیەندرێت‌و دواتر ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت.

كێ پشتیوانی پرۆژەكە دەكات ؟
(درەو) زانیویەتی، جگە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی، زۆربەی پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئیمزایان لەسەر پرۆژەیاساكە كردووە. 
فراكسیۆنی پارتی بەتەواوەتی دژی پرۆژەیاساكەیە، ئەوان پەسەندكردنی پرۆژەیەكی لەمجۆرە لە پەرلەمانی عێراق وەك لێدان لە پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەماشای دەكەن، كە حزبەیان سەرۆكایەتی ئەو حكومەتە دەكات.
وا دەردەكەوێت فراكسیۆنی یەكێتی پاڵپشتی پرۆژەكە دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارتیدا لە حكومەت هاوبەشن، ئیمزایان لەسەر پرۆژەكە نەكردووەو ترسی كاردانەوەی پارتییان هەیە.
بەڵام فراكسیۆنی گۆڕان كە بزوتنەوەكەیان هاوشێوەی یەكێتی لە هاوبەشی پارتییە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زۆربەیان ئیمزایان لەسەر پرۆژەكە كردووە، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە كێشەدایە لەگەڵ سەركردەكانی بزوتنەوەكەیدا، دیارە ئیمزاكەیان بە فەرمی گوزارشت لە سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەوپێیەی هەڵوێستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان لەمبارەیەوە روونە‌و پێشتر لە چەند بۆنەیەكدا گوزارشتی لەوە كردووە كە ئەو ترسی لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانی هەیە. 
ئەوانەی سەرقاڵی كۆكردنەوەی ئیمزان بۆ پرۆژە یاساكە باسلەوە دەكەن، لەناو فراكسیۆنە شیعەو سوننەكانیشدا پاڵپشتی گەورە هەیە بۆ پرۆژەكە‌و زۆرێكیان ئیمزایان لەسەر كردووە، لەناو حكومەتی عێراقیشدا چەند بەرپرسێكی باڵا پشتیوانی خۆیان راگەیاندووە، رەنگە هۆكاری ئەم پاڵپشتییە عەرەبییە لە پەرلەمان‌و حكومەت بۆ ئەوە بگەڕێتەوە بەشێك لەوانە پێیانوایە ئەو پارەیەی كە حكومەتی عێراق مانگانە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی دەنێرێت ناگاتە دەستی فەرمانبەران.

كێ خاوەنی پرۆژەكەیە ؟
خاوەنی سەرەكی بیرۆكەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغداد ئەو قەیرانە داراییە بوو كە لە كابینەی هەشتەمدا روبەڕووی حكومەتی هەرێم بووەوە، ئەوكات فەرمانبەرانی دژی دواكەوتن‌و لێبڕینی موچەكانیان رژانە سەرشەقام‌و بیرۆكەی گواستنەوەی موچەكانیان بۆسەر حكومەتی عێراق گەڵاڵەكرد.
دوای گەڵاڵەبوونی بیرۆكەكە لە شەقام، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پرۆژەیەكی ئامادەكرد بۆ ئەوەی لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە لامەركەزیەتی ئیداری بۆ پارێزگای سلێمانی بچەسپێنێت.
كرۆكی پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان كە ساڵی 2016 كاری لەسەر كرد ئەوە بوو، حكومەتی ناوەندی عێراق لە یاسای بودجەدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكاندا بكات، مەبەستی گۆڕان لەم پرۆژەیە ئەوە بوو شایستەی دارایی پارێزگایەكی وەكو سلێمانی راستەوخۆ رادەستی پارێزگای سلێمانی بكات نەك حكومەتی هەرێم لە هەولێر، ئەوكات پارتی، بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت وەدەرنا بوو، گۆڕان‌و پارتی پەیوەندییەكانیان تێكچوو بوو، دواكەوتن‌و پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەرانیش هەستێكی وای لەناو فەرمانبەرانی سلێمانیدا دروستكردبوو كە دەسەڵاتی هەولێر ستەمیان لێدەكات‌و خوازیارن بەغداد راستەوخۆ خۆی موچەكانیان پێبدات نەك حكومەتی هەرێم، چونكە بەغداد كێشەی موچەی نییە‌و لەوادەی خۆیدا موچە دابەش دەكات‌و موچەی فەرمانبەران نابڕێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەم پرۆژەیەی بردە بەردەم حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، عەبادی پرۆژەكەی رەتكردەوە، بەبەهانەی ئەوەی یاسای بودجە یاسایەكی فیدراڵییە‌و ناتوانرێت دەستكاری بكرێت، حكومەتی ئەوكات ترسی هەبوو، هاوشێوەی سلێمانی، پارێزگاكانی تری عێراق لەوانە بەسرەو ئەنبارو ناوچەكانی تریش داوای لامەركەزیەتی دارایی بكەن.
لەو پرۆژەیەدا بزوتنەوەی گۆڕان خوازیاری ئەوە بوو، داهاتەكانی سلێمانی بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغداد‌و حكومەتی ناوەندیش پشكی سلێمانی رادەستی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، بە موچەی فەرمانبەرانیشەوە، ئەو پرۆژەیە لەبارچوو، هیچ ئاكامێكی نەبوو، هەرچەند دەوترێت نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە ئەوكات پاڵپشتی لە پرۆژەكە كردووە‌و لەبەرامبەریشدا هەندێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە لەوانە عومەر سەید عەلی كە ئێستا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە دژی پرۆژەكە بوون‌و وەكو مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان ناویان بردووە.
ئەمە هەوڵی یەكەمی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو بۆسەر بەغداد كە لەسەردەمی دواین كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا رویدا، هەوڵی دووەم ئەم هەوڵەیە كە ئێستا لە بواری جێبەجێكردندایە.

هەوڵی دووەم 
كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربوو، جارێكی تر حكومەت دوچاری قەیرانی دارایی بووەوە، دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران دواكەوت‌و چەند مانگێكە حكومەت بە لێبڕینەوە موچەی فەرمانبەران دابەش دەكات.
سەرەتای قەیرانی موچە لە كابینەی مەسرور بارزانیدا لەمانگی ئایار ئەمساڵدا دەستی پێكرد، لەو مانگەدا ژمارەیەك مامۆستا‌و فەرمانبەر، بە نوێنەرایەتی موچەخۆران چونە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی‌و داوایان لە پەرلەمانتاران كرد میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی موچەكانیان بخرێتەسەر حكومەتی ناوەندیی عێراق، چونكە وەكو خۆیان دەیانوت ئەوان متمانەیان بە حكومەتی هەرێم نییە بتوانێت موچەكانیان بۆ دابین بكات. 
لە مانگی حوزەیراندا رێبوار كەریم مەحمود پەرلەمانتاری سەربە پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پرۆژەیەكی راگەیاند بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغداد، ئەمە هەوڵی دووەمی گواستنەوەی موچە بوو لەدوای هەوڵەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2016دا.


كرۆكی پرۆژەكەی رێبوار كەریم مەحمود بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغداد بەمشێوەیە بوو: 
•    حكومەتی هەرێم لیستی بایۆمەتری ناو و داتای سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بدات بە حكومەتی فیدراڵ كە بەپێی قسەی حكومەتی هەرێم ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم (ملیۆنێك‌و 256 هەزارو 850) كەسە‌و حكومەتی فیدراڵ گومانی لەم ژمارەیە هەیە.
•    لەڕێگەی بانكێكی حكومی عێراقەوە ئەژمارێكی بانكیی بۆ هەموو موچەخۆرانی هەرێم بكرێتەوە‌و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق كارتی زیرەك "ماستەر كارد" بۆ موچەخۆرانی هەرێم دروستبكرێت‌و بەكارهێنانی ئەو كاراتانە لەرێگەی پەنجەمۆرەوە بێت، ئەژمارەكان بەسەر دوو بەشدا دابەشبكرێت، بەشی یەكەم ئەژماری بانكیی (فەرمانبەران)ی هەرێم كە ژمارەیان (753 هەزارو 880) فەرمانبەرە، بەشی دووەمیش ئەژماری بانكیی (خانەنشین‌و چاودێری كۆمەڵایەتی‌و شەهیدو زیندانیانی سیاسی) لە هەرێم كە ژمارەیان (502 هەزارو 970) كەسە.
•    حكومەتی هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنێك بكەن، بەپێی ئەم رێككەوتنە حكومەتی هەرێم بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و نیوەی داهاتی (5) دەروازە سنورییە سەرەكییەكەی بدات بە بەغداد، لەبەرامبەر ئەمەدا حكومەتی فیدراڵ تەنیا ئەركی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتە ئەستۆ كە ژمارەیان (753 هەزارو 880) كەسە‌و راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە موچەكانیان بۆ بخرێتەسەر ژمارە حسابییەكانیان لە بانك، بەڵام موچەی (خانەنشینی‌و چاودێری كۆمەڵایەتی‌و شەهید‌و زیندانیانی سیاسی) كە ژمارەیان (502 هەزارو 970) كەسە، هەر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین بكرێت.
•    لە بەغدادەوە چاودێری ئەژماری بانكیی هەموو موچەخۆران بكرێت‌و لەماوەی (30) رۆژدا هەر كەسێك سەردانی ئەژمارە بانكییەكەی نەكردو بە پەنجەمۆری خۆیەوە موچەكەی رانەكێشا، ژمارە بانكییەكەی بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، لەدوای تێپەرینی (15) رۆژ بەسەر خستنەژێر چاودێری ژمارە بانكی هەر موچەخۆرێك، ئەو ئەژمارەی بە پەنجەمۆری خۆی موچەكەی رانەكێشاوە، ئەژمارەكەی رابگیرێت، بەمشێوەیە لەكۆتایدا هەموو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە شارستانی‌و سەربازییەوە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ‌و یاسای بودجەی عێراقدا بخرێتەسەر بەغداد.
رێبوار كەریم مەحمود ئەم پرۆژەیەی خستەبەردەم حكومەتی حكومەتی عێراق، حكومەتی عێراق بەفەرمی هیچ وەڵامێكی ئەو پەرلەمانتارەی نەدایەوە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ بە نافەرمی وەڵامی دراوەتەوە كە دەبێت ئەم بابەتە بە یاسا لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندبكرێت بۆ ئەوەی حكومەت پابەند بێت بە جێبەجێكردنییەوە.
ئەوەی ئێستا روودەدات لەناو پەرلەمانی عێراق‌و ئیمزای بۆ كۆدەكرێتەوە، هەمان بیرۆكەكەی پەرلەمانتار رێبوار كەریم مەحمودە، بەڵام بە رەشنوسێكی نوێوە، هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە خۆی دەڵێ" چیتر ئەمە وەكو پرۆژەی تایبەتی ئەو نەماوەتەوە‌و هەر پەرلەمانتارێك پاڵپشتی لێبكات دەبێت بە پرۆژەی ئەو پەرلەمانتارەش".

ئاكامی هەوڵە نوێیەكە 
ئەم هەوڵە نوێیەی كە بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر حكومەتی عێراق دەستی پێكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتاران، زیاتر لە (110) پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان لەسەر كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە پێشكەشكردنی پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق تەنیا پێویستی بە واژۆی (50) پەرلەمانتار هەیە، ئەم پاڵپشتییە زۆرەی كە پەرلەمانتاری فراكسیۆنە عێراقییەكان لە پرۆژەكەی دەكەن، وایكردووە پێشبینی ئەوە بكرێت پرۆژەكە بەزۆرینەی دەنگ لە پەرلەماندا تێپەڕێندرێت.
رێبوار كەریم خاوەنی پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغداد باسلەوە دەكات، سەرباری ئیمزای پەرلەمانتاران، ئیمزای زیاتر لە (150 هەزار) فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان لەبەردەستدایە كە پاڵپشتی ئەوە دەكەن موچەكانیان بخرێتەسەر حكومەتی عێراق‌و زۆرینەی ئەوانەی ئیمزاكانیان كردووە فەرمانبەرانی سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆكن. 
هەندێك لەوانەی ئیمزایان لەسەر پرۆژەیاساكە كردووە‌و (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون ئەم پرۆژە بە پرۆژەیەكی واقعی نازانن‌و پێیانوایە تەنیا هەوڵێكە پێناچێت بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە جێبەجێبوونی ئەم پرۆژەیە بەر لە هەموو شتێك پێویستی بەوەیە حكومەتی هەرێم لیستی موچەخۆرەكانی بدات بە بەغداد، بەڵام حكومەتی هەرێم ئامادە نییە لیستی موچەخۆران رادەستبكات، لە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2019ی عێراقدا بەفەرمی‌و بەپێی یاسا داوا لە حكومەتی هەرێم كراوە لیستی موچەخۆرانی بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم نەینارد، ئەمە لەكاتێكدا بوو ئەوكات سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەحمەد سەفاری پەرلەمانتاری پارتی بووە‌و وەزیری دارایی ئەوكاتیش فوئاد حسێن بووە كە هەر سەربە پارتی بووە، بۆیە پێناچێت بۆ داهاتووش حكومەتی هەرێم لیستی راستەقینەی ژمارەی موچەخۆرەكانی بۆ بەغداد بنێرێت، پییانوایە چارەسەری راستەقینەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەوە دەبێت موچە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان پێكەوە بە سیستمێكی نوێی بانكیی رێكبخرێتەوە.
لەبەرامبەردا ئەوانەی بەسەرسەختی پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكەن‌و پێیانوایە ئومێدێكی نوێیە بۆ ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات دەڵێن، پەسەندكردنی ئەم پرۆژەیاسایە لە پەرلەمانی عێراق كۆتایی گەمەكە نییە‌و ئەوان ئەم پرۆژەیاسایە لە بودجەی 2021ی عێراقدا وەكو بڕگەیەك جێگیر دەكەن، ئەمە ئیتر حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بەوەی ملبدات بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر حكومەتی ناوەند.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) كە لە هەندێك لەو پەرلەمانتارانەوە دەستی كەوتووە كە پاڵپشتی لەم پرۆژەیە دەكەن، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون، ئەگەر بەیاسا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتەسەر بەغداد، ئەو ئامادەیە دوو هێندەی ئەو پارەیەی ئێستا مانگانە بە هەرێم دەدرێت كە (320 ملیار) دینارە، بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات. 
ئێستا لە نوسراوە فەرمییەكانی عێراقدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم (682 هەزارو 849) فەرمانبەرە، بەڵام بەگوێرەی نوسراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم (753 هەزارو 880) فەرمانبەرە لە كۆی (ملیۆنێك‌و 256 هەزار) موچەخۆر.
ئەگەر حكومەتی عێراق بەگوێرەی لیستی حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات كە ژمارەیان زیاتر لە (753 هەزار) فەرمانبەرە، ئەوا مانگانە زیاتر لە (700 ملیار) دینار خەرجی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەسەر خەرجییەكانی حكومەتی ناوەند زیاد دەكات، ئێستا حكومەتی بەغداد مانگانە (320 ملیار) دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام ئەگەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێتەئەستۆ، دەبێت مانگانە (380 ملیار) دیناری تر بۆ خەرجی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاد بكات.
ئایا لەدۆخێكی وەكو ئێستادا كە حكومەتی مستەفا كازمی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی قەرز دەكات، ئامادەیە ئەم خەرجییە زیادەیە بخاتە سەرشانی خۆی ؟ لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم مانگانە بە بڕێكی زۆر كەمتر لەم پارەیە قایلە‌و مانگانە تەنیا (320 ملیار)ی دەوێت بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران.
لەبەرامبەردا ئایا بۆچی حكومەتی هەرێم دژی ئەوەیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بچێتەسەر بەغداد ؟ بۆ حكومەتی هەرێم كە بەپلەی یەكەم پارتی سەرۆكایەتی حكومەتەكە دەكات، رادەستكردنی موچە بەواتای لێدان دێت لەسەروەریی قەوارەی فیدراڵی هەرێم لە عێراقدا، ئەگەر حكومەتی عێراق راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش بكات هیچ واتایەك بۆ حكومەتی هەرێم لەڕووی كارگێڕییەوە نامێنێتەوە.
بەڵام ئایا گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغداد لەڕووی ئابورییەوە بە زیان لەسەر حكومەتی هەرێم دەشكێتەوە یان سودمەند دەبێت لێی ؟
ئەگەر حكومەتی بەغداد مانگانە موچەی تەنیا فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات بەپێی ئەو لیستەی كە لای حكومەتی هەرێم هەیە، مانگانە نزیكەی (700 ملیار) دینار خەرجی موچە لە كۆڵی حكومەتی هەرێم دەبێتەوە، كە ئەم پارەیە دوو هێندە زیاترە لەو پارەیەی كە بەغداد ئێستا مانگانە بە حكومەتی هەرێمی دەدات كە (320 ملیار)ە، لەم حاڵەتەدا حكومەتی هەرێم تەنیا خەرجی موچەی خانەنشینان‌و چاودێری كۆمەڵایەتی‌و شەهیدان لەسەر شان دەمێنێتەوە كە مانگانە نزیكەی (200 ملیار) دینارە.
خۆئەگەر بەغداد بەمەرجی رادەستكردنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و نیوەی داهاتی ناوخۆ ئامادەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، ئەوا دەبێت هەرێم مانگانە بەتێكڕا (150 ملیۆن) دۆلار وەكو داهاتی نەوت‌و نیوەی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد بگێڕێتەوە، لەم حاڵەتەدا هێشتا حكومەتی هەرێم لەو داهاتانەی مانگانە دەستی دەكەوێت بە یارمەتییە داراییەكەی هاوپەیمانانیشەوە، مانگانە زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە‌و بەم پارەیە دەتوانێت موچەی خانەنشینان‌و شەهیدان‌و چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خەرجییەكانی تریشی دابین بكات.
ئەم پرۆژەیاسایە ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق پەسەندبكرێت، پێشبینی ناكرێت بەمزوانە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام دەبێت بە كارتێكی فشاری نوێ لەسەر حكومەتی هەرێم كە دەكرێت لە هەر كاتێكدا لەناوخۆی هەرێم یاخود لە بەغدادەوە دەستی بۆ ببرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand