گەڕان بەدوای نهێنییەكانی رێككەوتنی پەنجاساڵەدا
2020-11-19 17:14:37
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
دوای (7 ساڵ) لە ئیمزاكردنی هێشتا پەرلەمانی كوردستانو رایگشتی هەرێم بەدوای ناوەڕۆكی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان نێچیرڤان بارزانیو ئەردۆغاندا وێڵن، ئەم رێككەوتنە تەنیا بۆ كورد ناڕوون نییە، لە توركیاش وەكو چەنگیز چاندار دەڵێ:" تەنیا نەفەرو نیوێك" دەیزانن، ئەم راپۆرتە هەوڵێكە بۆ گەڕان بەدوای ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنەدا كە جگە لە پارتیو نەوەی نوێ، پەرلەمانتارانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان داوای ئاشكراكردنی دەكەن.
رێككەوتنەكە لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەدا
بەرەبەیانی رۆژی 12ی ئەم مانگە كاتێك خەڵكی عێراقو هەرێمی كوردستان لەخەودابوون، پەرلەمانی عێراق یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەندكرد كە هەندێك كەس بە یاسای "قەرزكردن" ناوی دەبەن.
لەم یاسایەدا بڕگەیەك بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعەو سوننە تێپەڕێندرا كە هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی خۆی لە داهاتەكانی عێراق.
سێ رۆژ دوای تێپەڕاندنی یاساكەی پەرلەمانی عێراق، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت) كۆبونەوە، ئەم كۆبونەوە بۆ ئەوە بوو هەرێمی كوردستان بزانێت چۆن لەگەڵ ئەو یاسایەدا مامەڵە بكات، ئایا ئەگەر هەرێم بەپێی یاساكە بەشێك لە نەوتەكەی رادەست نەكات، حكومەتی كازمی چیتر (320 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت ؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی بەشدار لەو كۆبونەوەیە دەست (درەو) كەوتووە، بەشداربووانی كۆبونەوەكە بە ئەرێنی تەماشای یاساكەیان كردووەو پێیانوا بووە یاساكە هێشتا دەرفەتی ئەوەی تێیدایە حكومەتی هەرێمو بەغداد بگەنە رێككەوتنو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم جارێكی تر زیانی بەرنەكەوێت.
پرسیارێكی گرنگی ناو كۆبونەوەكە لەبارەی پرسی نەوتەوە لە هەرێمی كوردستان، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وروژاندی، رێواز رووی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردو پرسیاری لێكرد لەبارەی ئەوەی ئایا "رێككەوتنی پەنجاساڵەی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیا نابێتە رێگر لەبەردەم ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات ؟".
"دڵنیاتام دەكەمەوە رێككەوتنە پەنجا ساڵییەكە بەهیچ شێوەیەك رێگر نییە لەبەردەم ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات" نێچیرڤان بارزانی كە خۆی ئەندازیاری ئیمزاكردنی رێككەوتنە پەنجا ساڵییەكەی نێوان هەرێمو توركیایە بەمشێوەیە وەڵامی رێواز فایەقی داوەتەوە.
پرسیاری رێواز فایەق لەبارەی رێككەوتنە پەنجا ساڵییەكە ئەم رۆژانە یەكێكە لە پرسیارە سەرەكییەكانی حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی)، سەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری وردەكاری ئەو رێككەوتنە نین، دەیانەوێت بەم قسەیە پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمەتبار بكەن بەوەی لەناو حكومەتدا لەگەڵ یەكێتی شەفاف نییەو زانیاری دەشارێتەوە.
رێككەوتنی پەنجا ساڵە تەنیا لە یەكێتی شاراوە نییە، پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستانیش شتێكی ئەوتۆی لەبارەوە نازانن، دەقی ئەو رێككەوتنە هێشتا روناكی نەبینیوە.
لەبارەی رێككەوتنی پەنجا ساڵەوە
ئەم رێككەوتنە لە ساڵی 2013 لە ئەنكەرە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستانو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیاو سەرۆكی ئێستا توركیا ئیمزا كراوە، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانو یاریدەدەری ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەی ساتی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە بووە.
دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، جگە لە نێچیرڤان بارزانیو ئاشتی هەورامی كەس وردەكاری رێككەوتنەكە نازانێت، ئەم رێككەوتنە تا ئەم ساتە نەخراوەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستانو رایگشتی، تەنانەت یەكێتی نیشتمانی كە ساڵی 2013 هاوبەشی سەرەكی پارتی بووە لە حكومەت ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە نییە، ساڵی 2013 كە ئەم رێككەوتنە ئیمزا كرا، عیماد ئەحمەد لە پشكی یەكێتی جێگری سەرۆك وەزیران بوو، ئەوكات چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی رایانگەیاند حزبەكەیان ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نییە.
دوای (7 ساڵ) لە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە، ئێستا جارێكی تر قسەوباس لەبارەی كرۆكی رێككەوتنەكە هاتوەتە ئاراوە، دوێنێ (32) پەرلەمانتاری كوردستان لە هەموو فراكسیۆنەكان جگە لە فراكسیۆنی پارتیو نەوەی نوێ، ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردو ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، لە نوسراوەكەیاندا داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێم بێتە بەردەم پەرلەمانو لەبارەی رێككەوتنە پەنجا ساڵییەكەی توركیا زانیاری بە پەرلەمان بدات.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا جارێك نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بووە، بەڵێنی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان باسی ناوەڕۆكی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێمو توركیا بكات، بەڵام رووداوی داخستنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو نهێنیەشی تاوەكو ئەمڕۆ لەگەڵ خۆیدا ون كرد.
چی لەبارەی رێككەوتنەكەوە دەزانرێت ؟
رێككەوتنی نەوتیی بۆ 25 یان 50 ساڵ دەكرێت، چونكە ئەمانە پرۆژەی دورمەودان، ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان كردویەتی بۆ (50 ساڵە)و جگە لە رەهەندە ئابورییەكەی، رەهەندی سیاسی گەورەی هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، ئەوەی تائێستا لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەوە دەزانرێت، بەمشێوەیەیە:
• ئەولەویەتی نەوتی هەرێم دەدرێت بە كۆمپانیا توركییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
• تا پەنجا ساڵی تر هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بڕی (1) دۆلاری بۆ توركیا دەبێت.
• پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (هاڵك بانك)ی توركیا دادەنرێتو ئاڵۆگۆڕی پێوە دەكرێت.
• بۆری نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە پاسەوانی دەكرێتو كرێی پاسەوانی لە پارەی نەوتی هەرێم دەدرێت.
• (7) خەزانی گەورەی نەوت لە بەندەری جەیهانی توركی بە كرێ دەدرێت بە حكومەتی هەرێمو دەبێت لە پارەی نەوتی هەرێم كرێكەی بدرێت.
• هەندێك سەرچاوەی تر هەن باسلەوە دەكەن رێككەوتنەكە هەرێم ناچار دەكات ئەگەر لە داهاتوودا غازی سروشتی هەناردەی دەرەوەی كرد، ئەو كارە بەتەنیا لەڕێگەی توركیاوە بكات، توركیا ئێستا غاز لە روسیا دەكڕێت، نرخی غازەكەی روسیا بۆ توركیا زۆرەو دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە بەدوای سەرچاوەی تردا دەگەڕێت جگە لە روسیا، بەڵام ئەم زانیارییە لەلایەن هەندێك لە سەرچاوەكانی ترەوە رەتدەكرێتەوەو باسلەوە دەكرێت رێككەوتنەكە تەنیا بۆ نەوتە.
• لەڕووی ئەمنییەوە دەوترێت رێككەوتنەكە چوارچێوەی داناوە بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستانو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
• ئەوانەی رەخنەیان لە رێككەوتنەكە هەیە دەڵێن رەهەندی سیاسی ئەم رێككەوتنە پەنجا ساڵییە، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانو درێژەدانە بە حوكمڕانی سەركردەكانی لە هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی ئەنكەرە.
• زانیاری نافەرمی هەیە لەبارەی ئەوەی خێزانی ئەردۆغان سودمەندی یەكەمن لە داهاتەكانی ئەم رێككەوتنە لە توركیا.
نەفەرو نیوەكەی جەنگیز چاندار
لە پرۆسەی بەدواداچونمان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان هەرێمو توركیا، بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان پێی وتین، كرۆكی ئەو رێككەوتنە نەك بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەناوخۆی توركیاش بابەتێكی شاراوەیەو كەس ئاگاداری نییە.
وەكو خۆی باسی كرد، ئەو بەرپرسە جارێك لەگەڵ (جەنگیز چاندار) گەورە نوسەرو رۆژنامەنوسی توركیا باسی ئەم بابەتەی كردووەو لە چانداری پرسیوە ئایا ئێوە لە توركیا هیچ لەبارەی رێككەوتنی پەنجا ساڵییەوە دەزانن، چاندار وتویەتی:" لە توركیا تەنیا نەفەرو نیوێك ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە دەزانن، یەكەمیان ئەردۆغانەو نیو نەفەرەكەش تەنەر یەڵدز وەزیری پێشووی وزەی توركیایە".
هەمان گوزارشتی جەنگیز چاندار بە كەمێك دەستكارییەوە بۆ هەرێمی كوردستانیش راستە، ئەوە زانیاری تەواوەتی لەبەردەستدایە نێچیرڤان بارزانییە، ئاشتی هەورامیش وەكو نیو نەفەرەكەی توركیا هەندێك سەرەداوی رێككەوتنەكە دەزانێت، بەڵام پێناچێت نێچیرڤان بارزانی وەكو ئەوەی وردەكاری رێككەوتنەكەی لە پەرلەمان شاردووەتەوە، لە مەسعود بارزانی مامی شاردبێتەوە.
پشكی توركیا لە نەوتی هەرێم
ساڵی رابردوو، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان (8 ملیار و 438 ملیۆن) دۆلاربووە، لەم پارەیە (ملیارێكو 104 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیا چووەو تەنیا (2 ملیارو 647 ملیۆن) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم كە موچەی مانگانەی موچەخۆرانی پێ دابینكراوە.
واتە ساڵانە رێژەی (70%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەرجیو قەرزی كۆمپانیاكان دەچێتو تەنیا (30%)ی بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیای "دیلۆیت" بۆ وردبینی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنو داهاتو خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2019دا:
• لە كۆی (8 ملیارو 438 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم (5 ملیارو 791 ملیۆن) دۆلاری بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكان چوەو تەنیا (2 ملیارو 647 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە.
• (610 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوتی توركیا بووە.
• (494 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای وزەی توركی بووە بۆ كرێی بۆری.
هەرێمی كوردستان لەسەر كەناراوەكان نییەو ناتوانێت راستەوخۆ نەوتەكەی بگەیەنێتە دەستی كڕیارەكان، ناچارە لەڕێگەی عێراق یان توركیا یاخود ئێرانەوە هەناردەی دەرەوە بكات، حكومەتی هەرێم توركیا بۆ ئەم كارە هەڵبژاردووە، توركیا هاوسنورە لەگەڵ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، حكومەتی هەرێم لەم ناوچەیە بۆری نەوتی دروستكردووە تاوەكو سەر سنوری توركیا، ئەم بۆرییە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان رێژەی (40%)ی موڵكی كۆمپانیای (كار)ەو رێژەی (60%)ی موڵكی كۆمپانیای رۆزنەفتی روسییە، حكومەتی هەرێم ساڵانە بۆ گواستنەوەی نەوت بە بۆرییەكەی كۆمپانیای كارو رۆزنەفت، بڕی (644 ملیۆن) دۆلار بەو دوو كۆمپانیایە دەدات، لەبەرامبەر گواستنەوەی نەوتی هەرێمی بەبۆری خۆیدا لەسەر سنوری هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهان، توركیا ساڵانە بڕی (494 ملیۆن) دۆلار لە حكومەتی هەرێم وەردەگرێت، واتا كرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە بۆرییەكەی ناوخۆ زیاتری تێدەچێت لە بۆرییەكەی توركیا.
بۆری نەوتی كوردستان بۆ توركیا ساڵی 2013 دروستكراوە، بەر لە دروستكردنی ئەم بۆرییە نەوتی هەرێم بە تانكەر دەگواسترایەوە بۆ ئێرانو توركیا، هەوڵ هەبوو بۆ ئەوەی هەرێم بەبۆری نەوتی خۆی بۆ ئێران بگوازرێتەوە، بەڵام سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران ئەم هەوڵەی لەباربرد، بۆیە ئێستا نەوتی هەرێمی كوردستان لە چنگی توركیادایە.
تەنیا ساڵی رابردوو، كۆمپانیای وزەی توركی (Turkish Energy Company) بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بڕی (3.117) دۆلاری لە داهاتی نەوتی هەرێم وەرگرتووە، بەتێكڕا ساڵی رابردوو ئەم كۆمپانیا توركییە بڕی زیاتر لە (494 ملیۆن) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم دەستكەوتووە.
سەرباری ئەمە، تەنیا ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕی (610 ملیۆن) دۆلار قەرزی بۆ دوو كۆمپانیای توركی گەڕاندوەتەوە كە بریتین لە كۆمپانیاكانی:
• كۆمپانیای وزەی توركی
• كۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتیی توركیا
ئەمە ئەو پارانەیە كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردەمی قەیرانی دارایدا بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران لەو دوو كۆمپانیا توركییە قەرزی كردووەو بەپێی لیستێكی فەرمی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، كۆی قەرزی دەرەی حكومەتی هەرێم كە زۆربەی هی توركیایە بڕكەی (4 ملیارو 288 ملیۆن) دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە مانگانە رێژەی 16%ی كۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانە رۆیشتووە.
كۆمپانیای وزەی توركیا بەدوو شێوەی جیاواز سودمەند بووە لە داهاتی نەوتی هەرێم، یەكێكیان پارەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمەو ئەوی تر پارەی قەرزە كە بە حكومەتی هەرێمی داوەو مانگانە لێی وەردەگرێتەوە.
نەوتی هەرێم لەنێوان بەغدادو ئەنكەرەدا
ئەو داهاتە زۆرەی كە توركیا ساڵانە لە نەوتی هەرێمی دەستی دەكەوێت وایكردووە زۆر كەس گومانی ئەوە بكەن نەوتی هەرێم بووە بە بارمتەی توركیاو رادەستكردنی بە حكومەتی عێراق لە ئایندەیەكی نزیكدا كارێكی ئەستەمە.
بەڵام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم باسلەوە دەكەن ئەوان ئامادەن دۆسیەی نەوت بە تەواوەتی رادەستی حكومەتی عێراق بكەن، بەمەرجێك حكومەتی عێراق خۆی دۆسیەی قەرزی كۆمپانیاكان یەكلابكاتەوەو خەرجییەكەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێم نەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 15ی ئەم مانگەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمدا، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئامادەییان دەربڕیوە هەموو داهاتی نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكەن لەبەرامبەر ئەوەدا بەغداد بەشە بودجەی هەرێم بەبێ لێبڕین بنێرێت كە مانگانە بڕەكەی دەگاتە (900 ملیار) دینار، مەبەستی بەرپرسانی حكومەت لە رادەستكردنی داهاتی نەوت، ئەو داهاتەیە كە دوای لێدەركردنی كرێی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتو قەرزی كۆمپانیاكان بۆ وەزارەتی دارایی حكومەت دەمێنێتەوە، كە بڕەكەی ئێستا (270 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم ناتوانێت دەستبەرداری گەڕاندنەوەی پارەی قەرزەكانی توركیا ببێتو دەیەوێت لە حكومەتی عێراق زامنی گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بكات.
بە كورتی حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانە بڕی (270 ملیار) دینار بۆ بەغداد وەكو داهاتی ناوخۆ بگەڕێنێتەوەو لەبەرامبەردا بڕی (900 ملیار) دینار وەربگرێَت، ئەمە پێشنیازێكە كە قبوڵكردنی لەلایەن حكومەتی مستەفا كازمییەوە لەئێستادا كارێكی ئەستەمە، بەتایبەت كە كابینەی مستەفا كازمی بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێتو بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەنای بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆییو دەرەكی بردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت حكومەتی كازمی تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2021 بەردەوام مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار وەكو موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بەمزوانە حكومەتی هەرێم جارێكی تر توشی هەمان كێشە دەبێتەوە كاتێك بودجەی 2021 دەگاتە پەرلەمانی عێراق.
لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێیە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت.
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هەڕەشەیە لەسەر توركیا، بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت.