كاری قاچاخچێتی لەنێوان هەرێمو عێراق دەستپێدەكاتەوە
2020-11-19 12:39:59
(درەو):
ماوەیەكە قاچاخچێتی لەنێوان سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستانو حكومەتی عێراق لە نزیك قەزای كفری سەربە ئیدارەی گەرمیان، سەریهەڵداوەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گەرمیان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆمەڵێك چەكدار كە هەندێكیان پلەی سەربازییان هەیە، ماوەیەكە لە گوندی (حەمكوڵ) لەودیو قەزای كفری، لەبەرامبەر بڕی (75 هەزار) دینار، ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان لە سنوری هەرێمەوە دەپەڕێننەوە بۆ ناو سنوری ئیداریی حكومەتی عێراق.
ئەم جموجوڵە نوێیە دوای ئەوەدێت ماوەیەكە حكومەتی عێراق لە بازگەی "كارێز" لە نزیك كفری رێگری لە هاتوچۆی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان دەكات كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەڕۆن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، چەند شەوێك لەمەوبەر، هێزێكی ئاسایش چونەتە گوندی حەمكوڵ بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی ئەو چەكدارانە، هێزەكە تا كاتژمێر (2)ی شەو لەناوچەكە بووەو چەكدارەكانی نەبینیوە، بەڵام هەر كە هێزەكەی ئاسایش ناوچەكەیان چۆڵكردووە، چەكدارەكان سەرلەنوێ گەڕاونەتەوە.
ئەو بارانەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی ناوچەكانی عێراق دەكرێت زۆربەی بریتین لە كەلوپەلی بیناسازی، حكومەتی عێراق رێگری لە رۆیشتنی ئەو بارانە دەكات، چەكدارەكان بەرێگەی قاچاخ، ئەو بارانەی بە پشتی بارزگەكەی حكومەتی عێراقدا دەرباز دەكەن.