چاودێری دارایی: لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پارە بەدەرلە رێنمایی خەجكراوە
2020-11-17 06:34:44
درەو:
بەپێی راپۆرتێكی فەرمانگەی وردبینی لە پارێزگای سلێمانی كە سەر بە دیوانی چاودێری داراییە و راپۆرتەكە لەسەر زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە، پارەیەكی زۆر لەلایەن ئەو زانكۆیەوە بەدەر لە رێنمایی خەرجكراوە، چەندین "كەموكوڕیی گەورە و جێی گومان"یش لە رێكارە كارگێڕی و ژمێریاری و یاساییەكانی زانكۆكەدا هەن.
پارەی حكومەت لەلای زانكۆیە
بەگوێرەی راپۆرتەكە لێژنەیەكی فەرمانگەی وردبینی لە رۆژی 12/3/2019 دەستی بە وردبینی لە كارەكانی ئەو زانكۆیە كردووە و رۆژی 14/5/2019 كارەكانی تەواو بوون.
بەپێی راپۆرتەكە، خەرجیی زانكۆكە لە بودجەی ئاسایی 15 ملیار و 630 ملیۆن و 417 هەزار دینار بووە، خەرجییەكانی لەسەر سندوقی داهاتی خۆیشی 4 ملیار و 360 ملیۆن و 649 هەزار دینار بووە، داهاتی زانكۆكەش لەسەر سندوقی داهات 4 ملیار و 689 ملیۆن و 426 هەزار دینار بووە.
راپۆرتەكە دەڵێت: زانكۆكە ژمارەیەكی زۆر پسوولەی پارە وەرگرتنی بەسەر كۆلێژ و پەیمانگەكاندا دابەشكردووە، بەڵام دەوروتەسلیم نەكراوە. لە ساڵانی پێش 2017ـش تۆمارگەی كەلوپەلیان راگرتووە، داوا كرا بەپێی رێنماییەكان كاری لەسەر بكرێت، بەڵام كاری لەسەر نەكرا، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2008 بە "سەرپێچیی دارایی" دادەنرێ.
تێبینییەكانی دیوانی چاودێریی دارایی لەبارەی داهاتی زانكۆكە ئەمانەن: ملیارێك و 9 ملیۆن و 365 هەزار دینار بەشی خەزێنەی حكومەت بووە لە سندوقی داهاتی ساڵەكانی 2016 و 2017، بەڵام تا كۆتایی كاری لیژنەكە، بۆ وەزارەتی دارایی نەنێردراوە.
لەبارەی خەرجییەكانی بودجەی ئاسایی زانكۆكەش، لە راپۆرتی لیژنەكەدا هاتووە: "دوو ملیۆن و 320 هەزار دینار بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل تەرخانكراوە، بەڵام مامەڵەی دوو پسولە بەبێ واژۆ راییكراون و وردبینیشیان تێدا نەكراوە، جیاوازییەكی زۆریش لە واژۆی ئەندامانی لیژنەكە لەسەر زۆربەی پسولەكان هەیە. 14 ملیۆن و 444 هەزار دیناریش بۆ كڕینی گاز و بەنزینی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكایەتی زانكۆ لەلایەن لیژنەی سووتەمەنییەوە خەرجكراوە، كە سەرۆكی لیژنەكە شوفێری سەرۆكی زانكۆیە و بڕوانامەی نییە".
دەرماڵە بەدەر لە رێنمایی دراوە
لەبارەی دەرماڵەكانیش، بڕی 100 هەزار دینار بۆ لێپرسراوی هۆبەكان "بەپێچەوانەی یاسای خزمەتی راژەی زانكۆیی" خەرجكراوە. بەپێی یاساكە، پارەكە بۆ لێپرسراوی بەشە كارگێڕییەكان خەرج دەكرێت نەك هۆبەكان "هەروەها 25%ی دەرماڵەی مەترسی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی ناونیشانی تەكنیكی پیشەییان هەیە خەرجكراوە، كە بەپێی رێنمایی وەزارەتی دارایی دەبێت 20% بێت. 100% دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆیی بۆ فەرمانبەران بە ناونیشانەكانی (راگەیاندنكار، پڕۆگرامساز، راهێنەری وەرزشی) خەرجكراوە لە كاتێكدا ئەو ناونیشانانە لە لیستی یاسای خزمەتكردنی زانكۆییدا نین. 100% دەرماڵەی خۆتەرخانكردنی زانكۆیی بۆ چەند فەرمانبەرێكیش بە ناونیشانی (موعید) خەرجكراوە كە دەبێت ئەو فەرمانبەرانە لە بەشەكانی خۆیان بەشداریی وانەی پراكتیكی بكەن، بەپێچەوانەوە شایستەی وەرگرتنی 75%ی دەرماڵەكەن".
خەرجییەكانی سندووقی داهات
دیوانی چاودێری دارایی تێبینی لەسەر خەرجییەكانی سندوقی داهاتیش هەیە كە زانكۆ لیژنەیەكی سێ كەسی بۆ پێكهێناوە "بەڵام ئەو كەسانە جێی گومانن". چونكە سەرۆكی لیژنەكە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی زانكۆیە، كاری لەنێو سەرۆكایەتی و لەگەڵ سەرۆكی زانكۆیە، لەكاتێكدا سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیە پێویستی بە كاتێكی زۆرە بۆ راپەڕاندنی كارەكانی. ئەندامێكی لیژنەكەش لێپرسراوی خزمەتگوزارییە و كاری دیكەی هەیە، میلاكیشی لەسەر پەیمانگای تەكنیكی سلێمانییە و بەشێوەی تەكلیف لە سەرۆكایەتی زانكۆكە كاردەكات.
هەر لەبارەی خەرجییەكان "بڕی 131 ملیۆن و 176 هەزار دینار پاكتاوكراوە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوەی سەرۆكایەتی زانكۆ، بەڵام فەرمانی زانكۆیی بۆ نۆژەنكردنەوە و خەرجی دەرنەكراوە، لەكاتێكدا هەر بڕە پارەیەك لە سندوقی داهات خەرج بكرێ، پێویستە فەرمانی خەرجكردنی لە ئاستی وەزارەت یان زانكۆ هەبێت، دەرخستەش بۆ دەستنیشانكردنی پێویستییەكان و نرخەكانیان نەبووە، بەڵكو پشت بە پسولەی خەرجییەكان و پاكتاوكردنیان بەستراوە، واتە راستەوخۆ كارەكە كراوە و كۆنووسی وەرگرتن بۆ وەرگرتنی پارەكە رێكنەخراوە".
پاداشتی فەرمانبەران
لە پێداچوونەوەی كۆتایی داهاتدا دەركەوتووە 95 ملیۆن 948 هەزار دینار بۆ پاداشتی فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی زانكۆ و كۆلێژ و پەیمانگاكان خەرجكراوە "ئەمەش پێچەوانەی بڕگەی 6 لە رێنمایی دارایی ژمارە (4) لە 18/1/2017ـیە كە ئاماژەی بە راگرتنی خەرجكردنی پاداشت و هاوكارییەكان داوە".
هەر لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە خەرجكردنی 27 ملیۆن و 322 هەزار دینار بۆ چاككردن و سەوزكردنی باخچەكانی كەمپی كۆلێژە تەكنیكییەكانی (تەندروستی، كارگێڕی، ئەندازیاری، ئینفۆرماتیك) پاكتاوكراوە، بەڵام بۆ خەمڵاندن و دەستیشانكردنی پێداویستی باخچەكان دەرخستەیەك نییە.
بە گوێرەی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی "ئیستیغلالكردنێكی بەرچاو بەپێچەوانەی رێنماییە داراییەكان" لە خەرجییەكانی سندوقی داهات كراوە وەك دەستنیشانكردنی مووچەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ، فەرمانبەر و مامۆستایان بۆ دەوامی ئێواران و كرێی وانەبێژی، لەوانەش زانكۆ لە دوو نووسراودا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا مووچەی ئەمیندار، سەرۆك و یاریدەدەرانی سەرۆك، ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی دەستنیشان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی بڕیاری ژمارە (86)ی ساڵی 2016 و رێنمایی ژمارە (7)ی وەزارەتی دارایی هیچ مووچەیەكیان بۆ دەستنیشان نەكراوە.
مامۆستا و فەرمانبەرانی ستافی ئێوارانیش بەپێچەوانەی رێنمایی ژمارە (7)ی وەزارەتی دارایی مووچەیان بۆ خەرجكراوە، زانكۆكە لە وەڵامی یاداشتێكی دیوانی چاودێری دارایی دەڵێ رەزامەندی وەزارەتی دارایی وەرنەگیراوە، بەڵام رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خەرجكردنی مووچەكە كراوە، لیژنەكەش داوای رێككەوتنەكەی كردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە. لیژنەكەی دیوانی چاودێری دارایی لە راپۆرتەكەدا دوو خشتەی خەرجكردنی ئەو پارانەی داناوە كە بڕەكەی 44 ملیۆن 500 هەزار دینارە.
زانكۆكە بەبێ رەزامەندی وەزارەتی دارایی زیاتر لە 78 ملیۆن دیناریشی بۆ مووچەی تەكلیفكردنی سەرۆك و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ، راگری كۆلێژ و پەیمانگاكان بۆ ساڵی 2016 و 2017 بە مووچە و دەرماڵەی تەواوی بێ پاشەكەوت لەسەر سندوقی داهات خەرجكردووە.
لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی مام جەلالیشدا بەبێ فەرمانی خەرجكردن بڕی 985 هەزار دیناری بۆ كڕینی گوڵ و نانخواردنی سەرۆك، ئەندام و فەرمانبەرەكانی خەرج كردووە، لەكاتێكدا پسولەكان واژۆی هیچ لیژنەیەكیان لەسەر نەبووە. بڕی 585 هەزار دیناریش بۆ نانخواردن خەرجكراوە كە بەڕای لیژنەكە ئەوە "ئیستیغلالە"، بۆیە یاداشتێكیان ئاراستەی بەڕێوەبەری ژمێریاری، وردبینی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی زانكۆ كردووە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.
لەبارەی ئەو پارانەش كە بۆ بەشە ناوخۆییەكان خەرجكراوە، لە راپۆرتەكەدا هاتووە: حەوت ملیۆن دینار پاكتاوكراوە بۆ چاككردنەوەی دوو بۆیلەری بەشە ناوخۆییەكانی كەمپی چوارچرا، كە هیچ بەراییەكی هاوپێچ نەكراوە و پسولەی تێچووی چاككردنەكەشی نەبووە.
10 ملیۆن دینار وەك پێشینە بۆ پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بەمەبەستی چاككردنی تاقیگەكان خەرجكراوە، بەڵام بەشی ژمێریاری پسولەی نەداوە بە لیژنەكە. هەروەها 46 ملیۆن و 600 هەزار دینار بۆ كڕینی 100 كەنتۆری دووتاكیی تەختە و 200 قەرەوێڵەی دووقات بۆ بەشەناوخۆییەكان خەرجكراوە، بەڵام هەڵسەنگاندنی كواڵیتی نەكراوە، لێپرسراوی گەنجینە و سەرۆكی لیژنەش نەیانبینیوە.
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 5 ملیۆن و 460 هەزار دیناری بۆ دوو سیمیناری مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە لە هۆتێل ئاشوور خەرج كردووە، لیژنەكەی دیوانی چاودێری دارایی دەڵێت: بۆ كۆڕەكەی مەلا بەختیار دوو جار و دوو پسولەی جیاواز كراوە، ئاماژە بە ناونیشانی هیچ كۆڕێك نەكراوە و پەیوەندیی ئەو كۆڕانە بە زانكۆوە نەخراوەتەڕوو.
زانكۆ بڕی 36 ملیۆن و 824 هەزار دیناریشی بۆ نۆژەنكردنەوە و كڕینی پێداویستیی كۆلێژی تەكنیكی، راگرایەتی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانیی بەیانیان و ئێواران خەرج كردووە، بەڵام كۆنووسێك بۆ پێداویستی شوێنەكان و خەرجییەكان رێكنەخراوە، بەڵكو دواتر بە نووسراوێكی كۆلێژی تەكنیكی و راگرایەتی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی ئاماژەی پێدراوە، بەڵام هیچ نووسراوێك ژمارە و رێكەوتی لەسەر نەبووە و 2 ملیۆن و 245 هەزار دیناریش لە نۆژەنكردنەوەكە زیاد خەرجكراوە.
زانكۆ پارەیەكی زۆری بۆ چەند كۆلێژ، پەیمانگا و سەنتەرێك خەرج كردووە كە خۆیان داواكارییان پێشكەش نەكردووە، لەوانەش 14 ملیۆن و 305 هەزار دینار بۆ كڕینی پێداویستیی كۆمپیوتەر بۆ بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی، 4 ملیۆن و 745 هەزار دینار بۆ كڕینی (بلیارد، دووگۆڵیی دەست، تێنس و رەكتە) بۆ سەنتەری رۆشنبیری، 3 ملیۆن و 750 هەزار دینار بۆ بۆیاخكردنی بەشی ناوخۆیی كچان لە كەمپی چوارچرا، 136 ملیۆن و 153 هەزار دینار بۆ كڕینی كەلوپەل و پێداویستی كۆلێژ و پەیمانگاكان كە بەشێكیان كەلوپەلەكانیان هەر وەرنەگرتووە یان بە تێكەڵ و پێكەڵی وەرگیراون، بەشێكیشیان چوونیەك نەبوون لەگەڵ ئەو مواسەفاتانەی ئاماژەیان بۆ كراوە.
سەرۆكی زانكۆ و چەكی بانك
بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی 850 ملیۆن دینار بە چەكی بانكی دراوە بە سەرۆكی زانكۆ، بەڕێوەبەری ژمێریاری بە 3 خاڵ وەڵامی یاداشتی لیژنەكەی داوەتەوە كە:
1- بەمەبەستی كڕینی ئۆتۆمبێل.
2- بانكی كوردستان رێگەی نەداوە هەفتانە بڕی 50 ملیۆن زیاتر رابكێشرێت.
3- سەرۆكی لیژنە ئامادە نەبووە ئەو بڕە پارە زۆرە وەربگرێت.
لیژنەی چاودێری داراییش وەڵامی پاساوەكان ئاوا دەداتەوە:
1- كڕینی ئۆتۆمبێل لەدەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییە نەك سەرۆكی زانكۆ.
2- سەرۆكی زانكۆ هەرجارە و لە یەك رۆژدا بڕی 200 تا 250 ملیۆن دیناری لە هەمان بانك راكێشاوە.
3- سەرۆكی زانكۆ هیچ ئیلتیزامێكی دارایی نییە بۆ راكێشانی پارە.
بێجگە لەوەش دوو ملیۆن و 260 هەزار دینار بۆ كڕینی خەزنەیەك لە ژووری سەرۆكی زانكۆ خەرجكراوە، تاوەكو 10/9/2017 بڕی 400 ملیۆن دینار دراوە بە سەرۆكی زانكۆ بەبێ بوونی خەزنە، لەوبارەیەوە لیژنەكە یاداشتی لەبارەی شوێنی دانانی ئەو پارەیە ئاراستەی بەڕێوەبەری ژمێریاری كردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.
پرۆژە بێ تەندەرەكان
دوای بومەلەرزەكەی دەربەندیخان، زانكۆ 501 ملیۆن و 503 هەزار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان و بەشەناوخۆییەكان خەرج كردووە، لیژنەكە دەڵێ نۆژەنكردنەوەكە بەبێ رەزامەندی وەزارەتی دارایی كراوە، لەبەرئەوەی بڕی پارەكەش لە 100 ملیۆن دینار زیاتر بووە، دەبوو بەڕێگەی تەندەر و بانگێشتی كۆمپانیاكان بووایە، هیچ لیژنەیەكیش پێكنەهێنراوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی نۆژەنكردنەوەكە.
لەلایەكی دیكەوە زانكۆ 363 ملیۆن و 496 هەزار دیناری بۆ كڕینی پێداویستی (كۆمپیوتەر، فۆتۆكۆپی، داتاشۆ، پرینتەر) بۆ سەرۆكایەتی زانكۆ، كۆلێژ و پەیمانگاكان خەرج كردووە، بەڵام لیژنەكە دەڵێ بۆ دەربازبوون لە رێكارە یاساییەكان، كڕینەكان بەش بەش كراون، لەكاتێكدا بڕی پارەكانیان لە 350 ملیۆن دینار زیاتر بووە، بەبێ ئەوەی رەزامەندی وەزارەتی دارایی وەرگیرابێت، سەرۆكی لیژنەكەش لەبەرئەوەی شارەزای بواری ئەلیكترۆنی نەبووە، واژۆی لەسەر پسولەكان نەكردووە.
زانكۆكە 123 ملیۆن و 34 هەزار دیناریشی بەمەبەستی كڕینی كەلوپەل و پێداویستی بۆ پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی خەرج كردووە، بەڵام لێپرسراوی گەنجینەی پەیمانگا زۆربەی كەلوپەلەكانی نەبینیوە و بەهۆی ئەوەی سەنەدی دەرچووی گەنجینەی سەرۆكایەتی زانكۆشی نەبووە، هاتووی گەنجینەیان پێنەكراوە.
دابینكردنی سووتەمەنی یەكێكی دیكەیە لەو خەرجیانەی لیژنەكە گومانی لەسەر هەبووە، چونكە 173 ملیۆن و 936 هەزار دینار بۆ كڕینی 283 هەزار لیتر گاز بۆ موەلیدەكانی كەمپی چوارچرا، سەنتەری زمان، چیلەر و بۆیلەری بەشە ناوخۆییەكان خەرجكراوە، بەڵام لیژنە بۆ وەرگرتنی بڕی گازی كڕدراو پێكنەهاتووە، راستەوخۆ بە تەنكەر لە بەنزینخانەوە خراوەتە نێو خەزانەكان، لەكاتی سەرفكردنی گازیش كار بە خەزانەكان نەكراوە، ژمارەی سەعاتی كاركردنیشیان تۆمار نەكراوە.
دۆسیەی فەرمانبەران
سەبارەت بە بەشی كارگێڕی و دۆسیەی كەسی زانكۆكەش، لە بەدواداچوونی لیژنەكەدا دەركەوتووە چەند فەرمانبەرێك لە بەشە جیاوازەكانی سەرۆكایەتییەكە و كۆلێژەكانی (تەندروستی، ئینفۆرماتیك، ئەندازیاری) كار دەكەن كە پسپۆڕییان لەگەڵ كاری بەشەكان ناگونجێ، بۆ نموونە كەسێك ناونیشانەكەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری هونەرییە، بەڵام لە بەشی كارگێڕیی زانكۆكە كاری سكانكردنی نووسراوە هاتووەكانە، هەروەها فەرمانی كارگێڕی دابەشكردنی كار لە كۆلێژی تەكنیكی كارگێڕی دەرنەكراوە بەمەبەستی دەستنیشانكردنی ئەركی فەرمانبەران و دڵنیابوونەوە لە شایستە داراییەكانیان.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، فەرمانبەرێك بە ناونیشانی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كراوە بە لێپرسراوی هۆبەی كارگێڕیی كۆلێژی تەكنیكی ئینفۆرماتیك، بەپێچەوانەی رێنمایی دارایی ژمارە 7326 لە 22/6/2004، كە پێویستە لە پێكهاتەی رێكخستندا ئەو شوێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بێت، ئینجا دەتوانرێت ناونیشانی ناوبراو كاری تێدا بكات، بۆیە لیژنەكە داواكارە كاری یاسایی بكرێت بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرەكە بەهۆی نەگونجانی ناونیشانی لەگەڵ پەیكەری رێكخستنی كۆلێژەكە.
هەروەها سێ فەرمانبەری پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی ماوەی چەند ساڵێكە بەشێوەی تەكلیف و بەردەوام لە سەرۆكایەتی زانكۆكە دەوام دەكەن، هیچ رێنمایی و یاسایەك نییە رێگە بدات بە تەكلیفكردن لەوێ بمێننەوە، یەكێكیان ناونیشانەكەی لە پەیمانگا شوفێرە، بەڵام لە سەرۆكایەتی زانكۆ لێپرسراوی خزمەتگوزاری و ئەندامی لیژنەی هەنووكەیی و راپەڕاندنی زۆربەی كارەكانی سەرۆكایەتی زانكۆیە. فەرمانبەرێكیش لە بەشی دارایی پەیمانگا ناونیشانی ژمێریارە، بەڵام لە سەرۆكایەتی زانكۆكە كاری راپەڕاندنی كارە داراییەكانە و رێگەپێدراوە بۆ وەرگرتنی پارە لە بانك.
لە كۆتایی راپۆرتەكەشدا ئاماژە بە ناوی 10 فەرمانبەر كراوە كە لە رێكخراوەكانەوە گواستراونەتەوە بۆ كۆلێژەكان، ئەو مووچانەی بۆیان دەستنیشانكراوە لەگەڵ بڕوانامە و ساڵانی خزمەتیان ناگونجێ. بۆ نموونە هەندێك لەوانە بە "سەرۆكی تێبینەران" دامەزراون. لە كاتێكدا دەرچووی زانكۆ بە (یاریدەری تێبینەر) دادەمەزرێ و دەبێ هەشت ساڵ خزمەتی هەبێ، ئینجا دەبێ بە "سەرۆكی تێبینەران".
راپۆرتەكە داوا دەكات لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانەدا بكات و بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت، مووچەكانیان راستبكرێتەوە.
لیژنەكەی دیوانی چاودرێری دارایی لە زۆربەی بڕگەكانی راپۆرتەكەیدا داوا دەكات لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و بە نوێنەرایەتی ئەندامی داواكاری گشتی لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو "سەرپێچی"یانەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێكبهێنرێ و فەرمانبەری بەرپرس دەستنیشان بكرێت و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ بكرێت.
زانكۆ لێژنە پێكدێنێ
د.ئالان فەرەیدوون، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە 16 هەزار خوێندكار و 700 مامۆستامان هەیە، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ وانەگوتنەوەی مامۆستاكان و سووتەمەنی و زۆر پێداویستی دیكە خەرجدەكرێ، راستە خەرجییەكی زۆر كراوە، بەڵام ئێمە شانازی بەو خەرجییە زۆرەوە دەكەین، چونكە بەپێی رانكی نیشتمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زۆر بەرەوپێش چووە".
د.ئالان دەشڵێ: "لیژنەیەكمان بەسەرۆكایەتی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری دارایی و كارگێڕی و چەند ئەندامێك پێكهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تێبینیانەی لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری داراییدا هاتوون".
رووداو