سلێمانی پێشەنگ نییە
2020-11-15 17:35:33
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
ئەمڕۆ (236) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دروستكردنی شاری سلێمانیدا، ئەم شارە كە لەدوای دروستكردنییەوە مەڵبەندی میرایەتی بابان بووە، ئێستا خراپترین رۆژەكانی مێژووی خۆی بەڕێدەكات، چیتر سلێمانی نە لەڕووی سیاسیو نە لەڕووی رۆشنبیریو خزمەتگوزاریی و ئابورییەوە پێشەنگ نییە، ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئێستا لە زۆر رووەوە سلێمانی لەدوای هەولێرو دهۆكەوەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی (6 ساڵە) قوباد تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی سلێمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو حزبەكەشی هاوبەشی سەرەكی دەسەڵاتە.
وزە لە سلێمانی
كەرتی وزە لە سلێمانی كەوتووە، لە ساڵی 2005وە دوای یەكخستنی حكومەت، بڕیار لەسەر كێڵگەكانی نەوتو غازی ئەم ناوچەیە لە هەولێرو لەژێر كۆنترۆڵی ئاشتی هەورامیدا بووە، بەرپرسانی یەكێتی لە حكومەت لەبەرامبەر پشكێكدا كە لە داهاتی نەوت مانگانە پێیاندراوە، بێدەنگ بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە.
كەرتی وزە لە سلێمانی پەرەپێدانی گەورەی بەخۆوە نەبینیوە، دەسەڵاتدارانی حكومەت لە هەولێر كۆمپانیا بیانییەكانیان ناچاركردووە ئۆفێس لە سلێمانی نەكەنەوەو تەنیا لەرێگەی هەولێرو حكومەتی هەرێمەوە مامەڵەكانیان بكەن، بۆیە ئۆفێسی گەورە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە سلێمانی نابینرێت.
ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە سنوری سلێمانیدا كار دەكەن بریتین لە كۆمپانیای (كازپرۆمی روسی، ویسترن زاگرۆسی كەنەدی، گەنەڵ ئینێرجی كە كۆمپانیایەكی هاوبەشی بەریتانی توركییە، دانەغازی ئیماراتی، پیت ئۆیل-ی توركی)، ئەوانەی كە لەم سنورەدا نابینرێن كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكاو بەریتانیان.
ئەوانەی چاویان لە هەستانەوەی سلێمانییە دەڵێن غازەكەی سلێمانی هێشتا پەرەی پێنەدراوەو دەسەڵاتدارانی هەولێر رێگری دەكەن، چونكە بەوتەی ئەوان لەدوای قەتەر، سلێمانی لەسەر ئاستی ناوچەكە لەبواری غازدا یەكەمەو ئەگەر غازەكەی بدرێت بە كۆمپانیایەكی بیانیو بەشێوەیەكی باش وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، دەتوانێت پێداویستی غازی هەموو عێراق دابین بكات، قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی بەمدواییە حكومەتی عێراق چاوی بڕیوەتە غازەكەی سلێمانیو دەیەوێت پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكاتەوە.
سەبارەت بە نەوتیش، ئەوەی لە سنوری سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت رۆژانە (40 بۆ 45 هەزار) بەرمیلە لە رۆژێكدا ئەمەش بەبەراورد بە بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر كەمە، ئەوانەی چاودێری دۆخی نەوت لە سنوری سلێمانی دەكەن دەڵێن، ئەگەر رێگری نەكرێتو بەشێوەیەكی باش كێڵگەكانی نەوت وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت، لەماوەی چەند ساڵێكدا لەرێگەی فراوانكردنی كێڵگەكانو پەرەپێدانیانەوە دەتوانرێت ئاستی وەبەرهێنانی نەوت رۆژانە بۆ (500 بۆ 700 هەزار) بەرمیل زیاد بكرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، یەكێك لە پاڵپشتیكارە سەرسەختەكانی ئاشتی هەورامی بووە لە سیاسەتە نەوتییەكانیدا لە ناوچەی سلێمانی.
دارایی لە سلێمانی
لە سلێمانی تائێستا لقی بانكی ناوەندی عێراق نەكراوەتەوە، بەڵام بانكەكە لە هەولێر لقی هەیەو لەڕێگەی ئەو لقەوە حكومەتی عێراق مانگانە موچەی فەرمانبەران دەخاتەسەر ژمارە حسابی حكومەتی هەرێم، نەبوونی لقی بانكی ناوەندی عێراق لە سلێمانیی، لەڕووی دارییەوە گورزێكی گەورەیە بۆ سلێمانی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، مانگانە داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی كە بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە دەگاتە نزیكەی (100 ملیار) دینار، ئەمە داهاتی گومرگو فەرمانگەكانە، ئەم داهاتە دەچێتە بانكی (هەرێم) كە بانكێكی سەربە حكومەتی هەرێمەو لەوێ كۆدەكرێتەوەو تۆماردەكرێتو دەنێردرێت بۆ وەزارەتی داراییو ئابوری. بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی مەسرور بارزانییەوە، لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە كاركراوە بۆ ئەوەی بانكی هەرێم هەڵوەشێندرێتەوە، ئەمەش وەكو گورزێكی گەورەی دارایی بۆ سلێمانی تەماشا دەكرێت، بەوپێیەی ئەگەر ئەو بانكە هەڵوەشێندرێتەوە، چیتر سیولەی دراو "نەخیتە" لە سلێمانی نامێنێتو داهاتەكانی سلێمانی راستەوخۆ بە ئۆتۆمبیل دەگوازرایەوە بۆ هەولێر.
بەرپرسانی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی دەڵێن، لە چەند لایەكەوە دەستوەردان كراوەو رێگری لە داخستنی ئەو بانكە كراوە، بۆیە وەزارەتی دارایی پلانەكەی راگرتووە، ئەمە بەلای یەكێتییەوە بەر لەوەی بابەتێكی دارایی بێت، وەكو بابەتێكی سیاسی تەماشاكراوە، بۆیە رێگری لێكراوە.
لەبارەی ئەوەی ئایا مانگانە لەو (100 ملیار) دینارەی كە سلێمانی وەكو داهات بۆ حكومەتی هەرێمی دەگەڕێنێتەوە، چەندی بۆ سلێمانی خەرج دەكرێتەوە هیچ زانیارییەكی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێك لەبەرپرسان دەڵێن ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی كەمترە لە رێژەی 10%ی داهاتەكەیە.
لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، دەسەڵاتی خەرجكردنی هەندێك پارە لە داهاتەكانی سلێمانی درابوو بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەڵام مەسرور بارزانی لەم كابینەیەدا ئەو دەسەڵاتەشی لە قوباد تاڵەبانی وەرگرتوەتەوەو ئەوەی فەرمانی خەرجكردنی پارە دەدەت تەنیا سەرۆكی حكومەت خۆیەتی.
كەرتی وەبەرهێنانو بارزگانی لە سلێمانی ساڵانی رابردوو لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای (نۆكان)ی یەكێتیدا بوو، ئەم كۆمپانیایە ئێستا لاواز بووەو بەشێكی زۆری پشەكانی داوە بە كۆمپانیای تر كە بەرپرسانی لە پشتیەوەیە، دارایی كۆمپانیاكەش لەنێوان بەرپرسانی حزبدا بەشێكی زۆری ون بووە، بەمدواییە هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی لیژنەیەكی داراییان دروستكردووەو دەیانەوێت ئابورییەكی نوێ بۆ حزبەكەیان دروست بكەنو داهاتە ونبووەكەی حزب كۆبكەنەوە، دارایی یەكێتیو بەرپرسەكانی بەجۆرێك تێكەڵ بووە، بەئاسانی جیاناكرێتەوە، رۆژانە لەسنوری سلێمانی كۆمپانیای نوێ سەردەردەهێنێت، بەشی زۆری ئەم كۆمپانیایانە بەرپرسانی حزبییان لە پشتەوەیە، شەڕو ململانێ لەسەر كۆنترۆڵكردنی بازاڕ دەرفەتی كاركردنی بۆ ئەو كۆمپانیایانە نەهێشتوەتەوە كە پاڵپشتی سیاسییان نییە، نائارامی دۆخی ئەمنی بۆ سەرمایەداران، وایكردووە بەشێكیان سەرمایەكانیان بگوازنەوە بۆ هەولێرو دەرەوەی وڵات، سەرباری زۆری ژمارەی كۆمپانیاكان، بەڵام گەشەی ئابوری بە بازاڕەوە نابینرێت.
كارەبا لە سلێمانی
بەگوێرەی بەدواداچوونەكان، ئێستا پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیانو راپەڕینەوە رێژەی 33%ی كۆی گشتی كارەبای بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئەمە لەكاتێكدایە پارێزگاری هەولێر كە ژمارەی دانیشتوانەكەی لە سلێمانی كەمترە، رێژەی 39%ی كارەبای هەرێم دەبات، پارێزگای دهۆكیش رێژەی 28%.
بەیار عومەر نوسەری كتێبی "ناعەدالەتی جوگرافی" كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكات بە (درەو)ی وت:" نا عەدالەتی لە كارەبای سلێمانیدا لەكاتێكدایە بەنداوی دوكانو دەربەندیخان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدان، بەڵام دەسەڵاتی دابەشكردنی پشكی كارەبا لە وەزارەتی كارەبایە لە هەولێر".
ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، چیتر بەنداوی دوكانو دەربەندیخان سەرچاوەی سەرەكی بەرهەمهێنانی كارەبا نین لە هەرێمی كوردستانو كارتە بەهێزەكەی دەستی سلێمانی نین، ئێستا غاز كارتی بەهێزی سلێمانییە، چونكە زۆرینەی وێستگەكانی بەرهەمێنانی كارەبا بە غازی سروشتی كاردەكەن، غازی ئەو وێستگانە لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە دابین دەكرێت.
وەبەرهێنان لە سلێمانی
لە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی (200) فەرمانبەر هەیە، نەسریەی مانگانەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە (4 ملیۆن) دینارە، بەڵام هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە هەولێر كە (100) فەرمانبەری هەیە، نەسریەكەی (8 ملیۆن) دینارە، فەرمانگەكە لە دهۆك (50) فەرمانبەری هەیە، بەڵام نەسریەكەی (10 ملیۆن) دینارە.
ئەوانەی رەخنەیان هەیە لەم جیاوازییە دەڵێن، كەمكردنەوەی نەسریەی فەرمانگەیەكی لەم شێوەیە لە سلێمانی كاریگەری لەسەر كارەكانی فەرمانگەكە دەبێت بەدیاریكراویش لە چاودێكردنو سەرپەرەشتیكردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە سنوری پارێزگاكەدا.
سەرباری ئەمە بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی سلێمانی دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بە پرۆژەكانو خەرجكردنی پارەی پرۆژەكانی نییەو هەموو ئەم بڕیارانە ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانو بەدیاریكراویش لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە دەدرێن.
نەسریەی مانگانەی پارێزگاری سلێمانی بۆ بەڕێوەبردنی كارەبارەكانی پارێزگا تەنیا (17 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە.
فڕۆكەخانەی سلێمانی
فڕۆكەخانەكان لە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوری عێراق دامەزراوەی فیدراڵینو سەربە حكومەتی ناوەندن، بەڵام لەناوخۆی هەرێمدا فڕۆكەخانەی سلێمانی سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنە، ئەمە لەكاتێكدایە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تاوەكو كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ بووە، واتە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا، سەربە وەزیری ناوخۆ بووەو بەهیچ جۆرێك نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی گواستنەوە لە بڕیارەكانیدا، ئێستا كە كەریم سنجاری لە پۆستی وەزیری ناوخۆ لابراوە، فڕۆكەخانەی هەولێر راستەخۆ سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە.
ئەوانەی سكاڵایان هەیە لە پاشەكشێی دۆخی سلێمانی دەڵێن، ئەگەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كێشەیەكی هەبێت، وەزارەتی گواستنەوە بە شەش مانگ وەڵامیان دەداتەوە، بەڵام فڕۆكەخانەی هەولێر بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ سەربە ئەنجومەنی وەزیرانە كاروبارەكانی لەناو حكومەت راناوەستێت.
رێكەوت زەكی ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەكێك لەو كەسانەیە كە كار لەسەر چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیدارییو دارایی بۆ سلێمانی دەكات، ئەو بە (درەو)ی راگەیاند، لە رۆژی 26/11/2019وە فڕۆكەخانەی سلێمانی بە نوسراو داوای هەندێك دەسەڵاتی لە حكومەتی هەرێم كردووە، بەڵام حكومەت دوای چوار مانگو بەدیاریكراوی لە مانگی 3/2020دا وەڵامی داوەتەوەو بەبەراورد بە كابینەی پێشوو دەسەڵاتەكانی دابەشی سێ كردووەو ناردویەتییەوە بۆ فڕۆكەخانە.
ساڵی رابردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی مانگانە (200 ملیۆن) دینار نەسریەی هەبووە، بەڵام فڕۆكەخانەی هەولێر سەرباری ئەم (200 ملیۆن) دینارە، مانگانە (300 هەزار) دۆلاریشی پێدراوە، ئەمساڵ ژمارەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئێستا مانگانە فڕۆكەخانەی سلێمانی (175 ملیۆن) دینار لەگەڵ (30 هەزار) دۆلار نەسریەی هەیە، بەڵام فڕۆكەخانەی هەولێر (125 ملیۆن) دینار لەگەڵ (250 هەزار) دۆلار نەسریەی هەیە، واتە هێشتا نەسریەی فڕۆكەخانەی هەولێر زۆر زیاترە لە سلێمانی.
ئاو لە سلێمانی
بەپێی زانیارییەكانی ساڵی 2018 بڕی (یەك ملیار) دینار دابین كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، بەڵام لەو ساڵەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هیچ بڕە پارەیەكی لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابین نەكراوە، ساڵی 2015 دوای ئەوەی بەرپرسانی ئاوی سلێمانی سكاڵایان كردووە لە نەبوونی پارە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە بڕی (400 هەزار) دۆلار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی خەرج بكات، دوای ساڵێكو لە 2016دا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی نوسراوی كردووەو رایگەیاندووە هێشتا ئەو پارەیەی بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە لە ساڵی 2018دا كابینەی نێچیرڤان بارزانی نوسراوی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی كردووەو داوای پاكنوسی خەرجكردنی (400 هەزار) دۆلارەكەی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە پارەكە خەرج نەكراوە.
لە هەولێر لەناو شەقامی شەست مەتریدا بەردەوام ئاوی ماڵان هەیەو كێشەی نییە، لە دەرەوەی شەست مەتریی دوو رۆژجارێك ماوەی (6 كاتژمێر) ئاو هەیە، بەڵام لە سلێمانی لەماوەی دوو رۆژدا (2 كاتژمێر) ئاو هەیە.
رێژەی 20%ی دانیشتوانی سلێمانی تۆڕی ئاویان نییەو بە تانكەر ئاویان بۆ دەڕوات، لە فولكەی تانجەرۆوە بۆ "دارەڕەش" لە سنوری قەرەداغ كە سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانیە (5 هەزارو 700 خیزان) هەن، ئەم خەڵكە ئاوی خواردنەوەیان نییەو تائێستا بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، فەرمانگەی ئاوی دەوروبەری سلێمانی (69) تانكەری هەیە كە ئاو بۆ ئەو ماڵانە دەگوازێتەوە، ئێستا (39) تانكەریان لەكاركەوتوون.
سەرباری ئەمە، بەمدواییە لەڕێگەی پێوەری زیرەكی ئاوەوە، بەتەواوەتی ئاوی سلێمانی بەستراوەتەوە بە هەولێرەوە.
پۆلیس لە سلێمانی
لە عێراق پۆلیسی نێودەوڵەتی هەیە كە بە "ئینتەرپول" ناسراوە، پۆلیسی نێودەوڵەتی بە پۆلیسی سلێمانی وتووە هەرچیەكتان ویست ئاگادارمان بكەن ئێمە هاوكاریتان دەكەین، بەڵام لە هەولێرەوە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئاگاداركراوە لەوەی بۆیان نییە هیچ هاوكارییەكی پۆلیسی سلێمانی بكەنو دەبێت كارەكانیان هەموو لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆو لە هەولێرەوە بكەن.
ئاگركوژێنەوە لە سلێمانی
نەسریەی مانگانەی فەرمانگەی ئاگركوژێنەوەی سلێمانی (6 ملیۆن) دینارە، بەڵام هەمان فەرمانگە لە هەولێر نەسریەكەی (10 ملیۆن) دینارە.
بەرپرسانی ئیداریی باسلەوە دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی ئاگركوژێنەوەی سلێمانی دوو ئەفسەری ناردووە بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی خولی راهێنان ببینن، كاتێك خولەكانیان تەواو كردووە، رێگەیان نەداوە بگەڕێنەوە بۆ سلێمانیو لە هەولێر ئیغرایان كردوونو پەیمانگایەكیان بۆ كردونەتەوە بۆ ئەوەی لەوێ خول بە ئەفسەرانی ئاگركوژێنەوە بڵێنەوە، ئەوان هەموو ئەو كارانە وا لێدەدەنەوە دەسەڵاتدارانی هەولێر دەیانەوێت لە پێگەی سلێمانی بدەن.
فەرمانگەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی
لە ساڵی 2020دا خەرجكردنی نەسریەی فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ راوەستاوە، بەڵام لە خەرجكردنی ئەم پارەیە لە هەولێرو دهۆك هەر بەردەوام بووە، ئەوانەی ئاگادارن دەڵێن رابەر سدیق بریكاری وەزیری دارایی لەسەر پشكی پارتی بە بەرپرسانی هەولێرو دهۆكی وتووە نەسریە لەسەر حسابی 2019 خەرج بكەن، بەڵام ئەمەی بە فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی نەوتووەو فەرمانگەكانی سلێمانی (8) مانگ دوای فەرمانگەكانی هەولێرو دهۆك دەستیان بە خەرجكردنی پارە كردووە.
بەرپرسانی خۆجێی سلێمانی سكاڵا دەكەن لەوەی نوسراوەكانیان لە هەولێر وەڵامنادرێتەوە، یەكێك لە بەرپرسانی خۆجێی سلێمانی بە (درەو)ی وت، لە وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر ژورێك هەیە بەناوی "خۆجێی"، بەڕێوەبەری ئەم ژورە بەمدواییە خانەنشین بووە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری نوێ لە شوێنەكەی دەستبەكاربووە، ژمارەیەكی زۆر نوسراویان لە ژورەكەیدا دۆزیوەتەوە كە وەڵامنەدراونەتەوە، رێژەی 70%ی ئەو نوسراوانە ئەوانە بوون كە لە سلێمانییەوە نێردراون، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتیو گۆڕان وەكو دوو هێز كە بنكەی جەماوەریان لە سلێمانییە، دوو بریكاریان لە وەزارەتی ناوخۆدا هەیە.
رۆشنبیری لە سلێمانی
سلێمانی كە نازناوی پایتەختی رۆشنبیری پێدراوە، ساڵانێكە بە كردەوە ئەم نازناوەی لەدەستداوە، ئێستا كە شارەكە یادی (236 ساڵەی) دامەزراندنی دەكاتەوە، بەشێكی زۆری دامەزراوە رۆشنبیرییەكانی داخراون یاخود چالاكییان نەماوە لەوانە:
• دەزگای سەردەم
• دەزگای حەمدی
• بنكەی ئەدەبیو روناكبیری گەلاوێژ
• تیپی مۆسیقای سلێمانی
• تیپی نواندنی سلێمانی
• زۆربەی دەزگا چاپەمەنییەكانی داخراون
• تیپە شانۆییەكان زۆربەیان راوەستاون
• دەیان گروپی شێوەكاری هەڵوەشاونەتەوە
• كۆڕو كۆبونەوە هونەرییەكان زۆر كەمیان كردووە
• هۆڵەكان زۆربەی داخراون
• ڤیستیڤاڵە هونەرییەكان راوەستاون
• ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە سلێمانی راوەستاوە
ساڵی 2013 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی (20 ملیار) دینار لەژێر ناوی "بنیادنانی ژێرخانی رۆشنبیری شاری سلێمانی" بۆ سلێمانی خەرجكرد، ئەم پارەیە بەگوێرەی راپۆرتی چاودێری دارایی كە پێشتر (درەو) كرۆكی راپۆرتەكەی بڵاوكردەوە، بەهەدەردانی زۆری تێدا كراوە، بڕیاربوو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی ئەم كەیسەوە بڕیار بدات، بەڵام كەیسەكە داخرا، بەڕێوەبەری پێشووی رۆشنبیری سلێمانی (بابەكر دڕەیی) دەستی لەكاركێشایەوە، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە شوێنەكەی كەسێكی تری بۆ پۆستی بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی كاندید كردووە كە (موحسین ئەدیب)ەو بڕیارە دوای دەرچوونی فەرمانەكەی لەلایەن حكومەتەوە دەستبەكارببێت.
خاكی سلێمانی
ئێستا كە یادی (236 ساڵەی) دامەزراندنی سلێمانی دەكرێتەوە، هەڵمەتێكی نوێی داگیركردنو فرۆشتنی زەوییەكانی سلێمانی دەستی پێكردووە، رۆژانە بەبەرچاوی بەرپرسانی حزبو حكومەتە سەدان پارچە زەوی دابڕ دابڕ دەكرێنو دەفرۆشرێن.
بەگوێرەی نوسراوی پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، هەڵمەتی داگیكردنی زەوییەكانی سلێمانی ئەمجارە ئەم ناوچانەی گرتوەتەوە:
• ئاوبارە
• رێگای ئاوبارە (سوتاندنی سنەوبەرەكان كە روبەرەكەی زیاتر لە 120 دۆنم زەوییە)
• تەنیشتو پشتی قەبرستانی عەواڵ
• بەرامبەر وێستگەی كارەبا كە زیاتر لە هەزار دۆنمە
• بەرامبەر سەناعەی بەكرەجۆ
• تەنیشت فڕۆكەخانەی سلێمانی
• تەنیشت دەواجنەكان
• كانی گۆمە تاوەكو تانجەرۆ
• زەوییە كشتوكاڵییەكانی خوار بەكرەجۆ
• خەلیفاوا
سیاسەت لە سلێمانی
ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی سلێمانی ئەزانن، نازانن چی لەم شارە بكەن، رۆژێك دەیانەوێت لامەركەزیەتی بۆ زامن بكەن، رۆژێك دەیانەوێت بیكەن بە هەرێمی سەربەخۆ، شارەكە لەناو ئەم كێشمەكێشە سیاسییەدا تادێت لەهەموو بوارەكاندا پاشەكشێ دەكات.
بەپێی ئەوەی هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی باسی دەكەن، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی تا كۆتایی ئەمساڵ دەرفەتیان بۆ پارتی داناوە، ئەگەر دەسەڵاتی ئیداریو دارایی ناوچەی سلێمانی نەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، ئەوا یەكێتی بەشێوەیەكی تاكلایەنە جیابونەوەی خۆی رادەگەیەنێتو چیتر فەرمانەكانی حكومەت لە هەولێر جێبەجێ ناكاتو خۆی ئیدارەی ناوچەكەی خۆی دەدەت.
یەكێتییەكان هۆكاری پاشەكشێی سلێمانی بۆ دەسەڵاتی ناوەندی پارتی لە هەولێر دەگێڕنەوەو حكومەتو بەرپرسەكانی خۆیان لەناو حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانن، لەحاڵێكدا كێشمەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كاریگەرییەكانی لەسەر پاشەكشێی سلێمانی كەمتر نەبووە لە پەراوێزخستنەكەی لەلایەن حكومەتەوە لە هەولێر.
لە سنوری سلێمانی حزبو بەرپرسان دەستیان بەسەر بەرزاییەكاندا گرتووەو كردویانە بە بارەگای حزبی، داهاتی دەروازە سنورییەكان بەشێكی زۆری بەهۆی كاری قاچاخچێتییەوە بەفڕۆ دەڕواتو ناگەڕێتەوە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەدا.
سلێمانی لەرووی سیاسیەوە بەرادەیەك دواكەوتووە كە چیتر بەشدار نیە لە گەڵاڵەكردنی بڕیارە سیاسیەكان لە هەرێمی كوردستان و خەریكە ووردەووردەوە لەسەر نەخشەی سیاسی عێراق و ناوچەكە دەسڕێتەوە، وەفدە عێراقی و بیانیەكان دەمێكەوە لە سلێمانی تۆراون و بەتایبەتیش كە زانیان بڕیاری كۆتایی هەرێم لە هەولێر.
ئەوەی ئێستا بۆ سلێمانی ماوەتەوە تەنیا ناڕەزایەتییە، ئەمەش ئێستا ئیتر لە شەقامدا نەماوەو كەوتوەتە ناو روپەڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانو پاشەكشێی گەورەی كردووە.
ئەوەی نوێنەرایەتی سلێمانی دەكات لە حكومەتدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەندێك وەكو سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سلێمانی ناوی دەبەن، ئەویش ماڵەكەی بردووەتە هەولێرو لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵاییەتیەوە یادی سلێمانی دەكاتەوە.