Draw Media

سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم: نەوت رادەستی بەغداد دەكەین

سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم: نەوت رادەستی بەغداد دەكەین

2020-11-15 13:32:39


 (درەو):
سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ رادەستكردنی نەوت بە بەغداد نیشاندا، رێواز فایەق پرسی رێككەوتنی (50 ساڵە)ی نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیای وروژاند،  بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدی هەرێم بچێتە بەغداد.
ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت) كۆبونەوە.
ئەم كۆبونەوەیە بۆ بڕیاردان بوو لەبارەی هەڵوێستی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، كە هەفتەی رابردوو دەنگی لەسەر دراو تێپەڕێندرا.
بڕیاربوو فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بەشداری ئەم كۆبونەوەیە بكەن، بەڵام فراكسیۆنەكانی یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتووە‌و سەربەخۆكان كۆبونەوەكەیان بایكۆت كرد، بۆیە بەشداری فراكسیۆنەكان لە كۆبونەوەكە هەڵوەشێندرایەوە.
لەو یاسایەدا كە كۆتایی هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق پەسەندی كرد، بەپێچەوانەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی 15ی ئابی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی هەرێم  بوو، چونكە یاساكە هەرێمی كوردستان ناچار دەكات بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، بەبێ ئەمە بەغداد موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم نانێرێت كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2021 بڕەكەی مانگانە (320 ملیار) دینارە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆبونەوە دەست (درەو) كەوتوون، لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە بە یاسای "قەرزكردن" ناسراوە، بەپێچەوانەی ئەوەی میدیاكانی پارتی هێرشان كردەسەر پەرلەمانی عێراق‌و یاساكە، كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە بە ئەرێنی تەماشای یاساكەی كردووە، بەشداربوانی كۆبونەوەكە جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (7)ی یاساكە، كە هەرێم پابەند دەكات بە رادەستكردنی بەشێك لە نەوتەكەی بە كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، تاكە نیگەرانی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەبارەی یاساكە، لە شێوازی تێپەڕاندنی یاساكە بووە بە زۆرینەی دەنگی شیعە‌و سوننەكان بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی كورد.
(درەو) زانیویەتی، تێڕوانینی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەبارەی یاساكەوە بەوشێوەیە بووە كە ماددەی (7)ی یاسای قەرزی عێراق دەرفەتی ئەوەی تێدایە ئەگەر جێبەجێ بكرێت بەسودی هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت.
 لە كۆبونەوەكەدا، لایەنی حكومەتی هەرێم رایانگەیاندووە، ئەوان ئامادەن داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكەن‌و پێشتریش نوسراوی فەرمییان بۆ حكومەتی بەغداد كردووە‌و تێیدا ئامادەیی خۆیان بۆ رادەستكردنی نەوت نیشانداوە‌و ئێستا پارەی داهاتی نەوت‌و نانەوتیی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە‌و ئامادەن لە ئێستاوە رادەستی بەغدادی بكەن.
بەگوێرەی قسەی تیمی حكومەت لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە، مانگی رابردوو داهاتی نەوت (288 ملیۆن) دۆلار بووە، بەڵام ئەم مانگە داهاتی نەوت كەمیكردووە، چونكە بەهۆی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم لە خاكی توركیا، ماوەی هەفتەیەك هەناردەی نەوت راوەستاوە.
لە كۆبونەوەكەدا، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پرسیاری لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كردووە لەبارەی ئەوەی ئایا رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیا نابێتە رێگر لەبەردەم ئەوەی حكومەتی هەرێم بەشێك لە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات ؟
لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا نێچیرڤان بارزانی وتویەتی:" دڵنیاتان دەكەم، لەناو رێككەوتنی پەنجا ساڵەدا هیچ دەقێكی تێدا نییە كە هەرێم پابەند بكات بەوەی نەوت رادەستی بەغداد نەكات".
هەر لەبارەی ئەم پرسیارەوە، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە:" ئەوكاتەی هەرێم دەستی بە فرۆشتنی نەوت كردووە، زەمانەتی سیادی نەبووە، بەڵكو تەنیا زەمانەتیی نەوتیی هەبووە، بۆیە نەوتەكەیان داوە بۆ كۆمپانیا توركییەكان‌و لەبەرامبەر ئەوەدا پارەی پێشوەختەیان لێ وەرگرتوون، ئەمە وەكو قەرز وایە لەسەر حكومەتی هەرێم نەك پابەندبوونی هەرێم بە توركیاوە، بۆیە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكەن‌و نەوتیان رادەست بكەن، ئەو پارانەش دەچێتە چوارچێوەی قەرزی كۆمپانیاكان‌و بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن".
لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی بەشداری نەكرد، چونكە ئێستا بە گەشتێك لە ئەوروپایە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی:" هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی لەگەڵ حكومەتی بەغداد رێكبكەوین" داوای كردووە بەزوترین كات وەفدێك بچێتە بەغداد.
بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەكەدا قسەی لەبارەوە كراوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدێك بچێتە بەغداد، باسلەوە كراوە وەفدێكی باڵا بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بچێتە بەغداد، بەڵام هێشتا یەكلانەكراوەتەوە ئایا نێچیرڤان بارزانی دەڕوات یان وەكو پێشتر قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی وەفدی حكومەت دەكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand