كازمی موچەی فەرمانبەران دەنێرێت ؟
2020-11-12 13:40:07
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
شیعەكان بە یاسای قەرز، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانيان بەستەوە بەوەی هەرێم بەشێك لە نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكات، بەمەش كێشەیان بۆ رێككەوتنەكەی مانگی ئابی رابردووی نێوان مستەفا كازمیو مەسرور بارزانی دروستكرد، تەنانەت ریشە سپییەكەی "مەلا بەشیر"یش یاساكەی بە شیعەكان رانەگرت، كازمی دوو مانگ لە دەرەوەی یاسا پارەی بۆ هەرێم نارد، بەڵام بۆ ئەم مانگە كێشەی دەبێت، ئایا ئەمجارەش لە دەرەوەی یاسا بەرپرسیارێتی ناردنی پارەكەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ؟ لە بەغداد دابەشكردنی موچەی مانگی (10) دەستی پێكرد، لە هەرێم بۆ دابەشكردنی موچە هێشتا دەرفەت لەبەردەم حكومەتدایە، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە.
موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای قەرزدا
دوێنێ شەو پەرلەمانی عێراق بەپەسەندكردنی یاسای قەرز، جارێكی تر موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی خستە بەردەم مەترسییەوە.
رۆژی 15ی ئابی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنێكی ئیمزاكرد، بەپێی ئەو رێككەوتنە، حكومەتی كازمی قایل بوو بەوەی تا ئەوكاتەی بودجەی نوێی عێراق پەسەند دەكرێت مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار وەكو موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مانگانە رێژەی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانو دامەزراوە فیدراڵییەكانی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوەو رێگەبدات حكومەتی عێراق چاودێری دەروازەكانی هەرێم بكات.
دوای سێ مانگ لەسەر ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتنە، حكومەتی هەرێم دووجار بڕی (320 ملیار) دیناری لە حكومەتی كازمی وەرگرتووە، بەڵام هیچ داهاتێكی رادەستی حكومەتی ناوەند نەكردووەو تیمی چاودێری عێراقیش نەهاتونەتە دەروازەكانی هەرێم.
كێشەی گەورەی رێككەوتنەكەی نێوان كازمیو مەسرور بارزانی لەوەدا بوو، نەخرایە چوارچێوەی یاساییەوە، لەوكاتەوە تائێستا پرۆژە بودجەی 2020 لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەكراوە، بەر لە گەیشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021یش، حكومەتی كازمی توشی قەیرانی دارایی هاتو بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەنای بۆ وەرگرتنی قەرز برد، بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە، لە عێراق حكومەت هەر بڕە پارەیەك قەرز بكات، دەبێت پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات، دوێنێ شەو پەرلەمان یاسایەكی پەسەندكرد بۆ ئەوەی حكومەتی كازمی بەبڕی (12 ترلیۆن) دینار قەرزی ناوخۆییو دەرەكی بكات تاوەكو بەو قەرزە بتوانێت ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە بۆ داراییەكەی دروستبووەو كێشەی دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران چارەسەر بكات.
پەرلەمانتارانی شیعە، لە یاسای قەرزدا ماددەیەكیان زیادكرد كە ماددەكە هەرێم كوردستان پابەند دەكات بەوەی نەوت رادەستی بەغداد بكات ئەمەش لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە لەنێوان هەرێمو كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەكرێت بۆ دیاریكردنی بڕی ئەو نەوتەی كە هەرێم دەبێت رادەستی بەغدادی بكات.
مادەكە بەدەق دەڵێ:" پشكی هەرێمی كوردستان لە كۆی خەرجیی فیعلی (خەرجییە بەردەوامەكانو خەرجیی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دیاریدەكرێت، ئەمە دوای لێدەكردنی ئەو خەرجییە سیادییانەی كە بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵی 2019 دیاریكراون، بەمەرجێك حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بە رادەستكردنی بڕێك نەوتی هەناردەكراوی هەرێمەوە، بە بڕێك كە بە تەنیا لەلایەن (سۆمۆ)وە دیاری دەكرێت، هەروەها رادەستكردنی داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەكان، لە حاڵەتی پابەندنەبوونی هەرێم، نابێت خەرجییەكانی پێبدرێت، ئەوەی سەرپێچی لەم دەقە بكات، بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ".
واتا ئەوەی كازمی لە رێككەوتنەكەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی دەستبەرداری بوو، شیعەكان لە یاسای قەرزدا جارێكی تر سەپاندیان كە ئەویش ئەوەیە هەرێمی كوردستان جگە لە داهاتە نانەوتییەكان (داهاتی گومرگو دامەزراوە فیدراڵییەكان)، دەبێت بڕێك لە نەوتەكەشی رادەستی حكومەتی عێراق بكات.
ریشە سپییەكەی بەشیر حەداد
دانیشتنی دوێنێ شەوی پەرلەمانی عێراق تاوەكو بەرەبەیان بەردەوام بوو، كێشەی سەرەكی لەبەردەم پەسەندكردنی یاسای قەرزدا، بڕگەی تایبەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم بوو.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لایەنە شیعەكان بەتێكڕا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لەم یاسایەدا هەرێمی كوردستان پابەند بكرێت بەوەی لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، بڕێك لە نەوتەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات، نوێنەرانی كورد ئەمەیان نەدەویست، خوازیاری ئەوەبوون (320 ملیار) دینارەكەی هەرێم مانگانە وەكو خۆی بەردەوام بێت تا ئەوكاتەی لە بودجەی 2021ی عێراقدا چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ دەدۆزرێتەوە.
تكاو رجای كورد گەیشتە ئەوەی بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی پارتی، بە پەرلەمانتارانی شیعەی وت:" بیكەن بە خاتری ئەم ریشە سپیەم، پەسەندكردنی ئەم یاسایە چەند كاتژمێرێك دوابخەن"، بەڵكو لەم چەند كاتژمێرەدا حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ بگەنە رێككەوتن، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان داوای كردووە خاتری ریشی سپی بەشیر حەداد بگرن، بەڵام پەرلەمانتارانی شیعە كە لەسەر ئەم بابەتە كەوتونەتە موزادەیە لەگەڵ یەكتردا، رەتیانكردوەتەوە پەسەندكردنی یاساكە دوابخەن، ئەمەش لەبەر دوو بەهانە:
• بەهانەی یەكەم: دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق لەوادەی خۆی دواكەوتووەو ناتوانن چیتر پەسەندكردنی یاسای قەرز دوابخەن.
• ماوەی دوو هەفتەیە بەهۆی ناڕەزایەتی كوردەوە پەسەندكردنی یاسای قەرز دواكەوتووەو ناتوانن لەمە زیاتر دەرفەت بە كورد بدەن.
(درەو) زانیویەتی، لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش، بەرپرسانی كورد لە بەغداد بەدیاریكراویش فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە نوێنەری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە لەناو حكومەتی عێراقدا، هەوڵیداوە رێگری لە تێپەڕینی یاساكە بكات بەوشێوەیەی شیعەكان دایانناوە، بەڵام هەوڵەكانی بێئاكام بوون.
ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری كێشمەكێشەكانی ئەم چەند رۆژەی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بوون، باسلەوە دەكەن، ماددەكەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە یاسای قەرزدا، بوەتە بابەتی موزادەی سیاسی لەنێو ئەندامانی كوتلە شیعەكاندا، پەرلەمانتارانی شیعە یەكتریان تۆمەتباركردووەو هەڕەشەیان لە یەكتر كردووە هەر كەسێكیان پاشەكشێ لەسەر چەسپاندنی ئەو ماددەیە بكات، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە رووی هەڵدەماڵن.
چارەنوسی 320 ملیارەكەی هەرێم
فەرمانبەرانی هەرێم كە دوو مانگە ئاهێكیان هەڵكێشاوەو چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد مانگانە لانی كەم ئەگەر بەشێك لە موچەكانیشیان ببڕدرێت، بەڵام لەكاتی خۆیدا موچە وەربگرن، وا جارێكی تر موچەكانیان كەوتەوە بەردەم مەترسی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە.
كازمی ماوەی دوو مانگ لەدەرەوەی یاسا توانی بڕی (320 ملیار) دینار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئێستا ئیتر دەستكراوە نییە، بەتایبەتیش كە دەقەكەی ناو یاسای قەرز هۆشداری پێدەدات لەوەی ئەگەر بەبێ رادەستكردنی بڕێك نەوت، پارە بە هەرێمی كوردستان بدات، بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ.
ئێستا كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە، لایەنە شیعەكان دەیانەوێت لە پێگەی كازمی بدەن لە شەقامدا، دورنییە ئەگەر لە دەرەوەی یاسا ئەم مانگە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، پەرلەمانتارانی شیعە بانگهێشتی پەرلەمانی بكەن بۆ لێپرسینەوە.
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا مستەفا كازمی هاوشێوەی ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا بەرپرسیارێتی لەئەستۆگرتووەو لە دەرەوەی یاسای بودجە، مانگانە بڕی (320 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لەدوای پەسەندكردنی یاسای قەرز بەهەمان شێوە بەرپرسیارێتی پارەكەی هەرێم دەخاتە ئەستۆی خۆی ؟
هەندێك باوەڕیانوایە كازمی چۆن پێشتر لە دەرەوەی یاساو تەنیا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ مەسرور بارزانی پارەكەی بۆ هەرێم ناردووە، ئێستاش دوای پەسەندكردنی یاسای قەرز دەتوانێت بەهەمان شێوە پارەكەی هەرێم بنێرێت.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە ئاگاداری وردەكاری كێشمەكێشەكانی ناو لیژنەی داراییە لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، بە (درەو)ی راگەیاند:" مانگی رابردوو لە لیژنەی دارایی بە عەلی عەلاوی وەزیری دارایمان وت: كەی موچەی هەرێم كوردستان دەنێرێت؟ وتی: دڵنیام لەسەری ئەدرێم بە نەزاهە، چونكە نایاساییە، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزام كردووەو دەڕوات".
لەبارەی ئەوەی ئایا جارێكی تر كازمی بەرپرسیارێتی ناردنی پارەكەی هەرێم لە دەرەوەی یاسا دەگرێتەئەستۆ، هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە ئەوە دەكەوێتەسەر زیرەكی حكومەتی هەرێم، ئایا دەتوانێت درێژە بەو رێككەوتنە بدات یان بڕوات لەگەڵ سۆمۆ رێكبكەوێت بەشێك لە داهاتی نەوتی رادەست بكات.
ئێستا بۆ زامنكردنی لانی كەم موچەی ئەم مانگە، دەبێت حكومەتی هەرێم جارێكی تر وەفد بنێرێتەوە بۆ بەغداد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكو رزگاركردنی چارەنوسی (320 ملیار) دینارەكە.
عێراق لە ئەمڕۆوە دەستدەكات بە خەرجكردنی موچەی مانگی تشرینی یەكەم، واتا لە عێراق ماوەی زیاتر لە (5) رۆژ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆی دواكەوتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا دەرفەت لەبەردەم حكومەتدا ماوە، چونكە موچەی مانگی ئەیلول، لە رۆژی 15/10 دەستی پێكردووەو هێشتا (30) رۆژەكەی پڕنەكردوەتەوە، حكومەتی هەرێم دەتوانێت سود لەم ماوەیە وەرگرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ بەغداد.
بەگوێرەی قسەی هۆشیار عەبدوڵا، ناكۆكییەكی قوڵ لەسەر پارەكەی هەرێم لەنێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانو عەلی عەلاوی وەزیری دارایی دروستبووە، كازمی دەیەوێت بە رێگەی نایاسایش بێت پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام عەلی عەلاوی لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ كازمی ناكۆكەو دەڵێ من ئەوە ناكەم.
هەرێم نەوت رادەست دەكات ؟
ئێستا ئەوەی رویداوە لە یاسای قەرزدا بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو وابەستەكردنی موچەكەیە بەوەی هەرێمی كوردستان داهاتە نەوتییو نانەوتییەكان رادەستی بەغداد بكات.
ئایا هەرێمی كوردستان ئامادەیە نەوتەكەی یاخود راستتر بەشێك لە نەوتی خۆی رادەستی بەغداد بكات ؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد چوەتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقو وتویەتی:" بۆ یەكەمجارە ئاشكرای دەكەمو میدیاكان نەیانزانیوە، حكومەتی هەرێم رۆژی 18/10ی ئەمساڵ نامەیەكی بۆ حكومەتی عێراق ناردووەو تێیدا رایگەیاندووە پابەندە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی كازمی".
هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە خالید شوانی وتووە:" نیازپاكی بە رۆژێك دوو رۆژ یان بە مانگێك دەردەكەوێت، بەڵام ئێمە دوو ساڵە پارە دەیدەین بە هەرێمو ئێوە بەرمیلێك نەوتتان راستنەكردووە، خێرە ئێمە دیسانەوە بەردەوام بین لەناردنی پارە".
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانییەوە نیەتی ئەوەی هەیە كێشەی نەوتو بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق چارەسەر بكات، بەڵام لەبری نەوت دەیەوێت بەشێك لە داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا تەوژمێك لە ناوەندی سیاسی عێراق دروستبووە دەیەوێت هەرێم نەوتەكەی نەك داهاتی نەوت رادەست بكاتو بیكاتە ناو بۆرییەكەی كۆمپانیای سۆمۆوە، بۆ بەشێكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق رادەستكردنی نەوتی هەرێم بایەخێكی ئابوری نییە، بەڵكو بایەخە گەورەكەی بەلای ئەوانەوە ئەوەیە هەرێمی كوردستان ببەسترێتەوە بە سیستمی فیدراڵی عێراقەوە.
حكومەتی مەسرور بارزانی ئەگەر قایل بێت بەوەی بەشێك لە نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، ئەوا ئەو بەشە بودجەیەی كە لە حكومەتی عێراقی وەردەگرێت زۆر زیاتر دەبێت لەوەی كە ئێستا وەریدەگرێتو بڕەكەی (320 ملیار) دیناری مانگانەیە، بەوپێیەی داهاتی مانگانەی حكومەتی عێراق دەگاتە زیاتر لە (5 ملیار) دۆلارە، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتیو نانەوتییە فیدراڵییەكانی، ئەوا بەپێی یاسای بودجە هەرێم رێژەی 12,67%ی ئەم داهاتە دەبات كە مانگانە دەكاتە زیاتر لە (600 ملیۆن) دۆلار، ئەم بڕە پارەیەش بە دینار دەكاتە (730 ملیار) دینار.
ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران مانگانە لەدوای لێبڕینی موچەوە پێویستی بە (730 ملیار) دینارە، واتە خەرجی موچەی پێدابین دەكات.