Draw Media

ئیمتیازە داراییەكانی سەرۆكی ئەمریكا

ئیمتیازە داراییەكانی سەرۆكی ئەمریكا

2020-11-08 12:17:15


(درەو):
جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا دوای دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی، ژمارەیەكی زۆر ئیمتیازی دارایی‌و ئاسانكاری وەكو سەرۆك پێدەدرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی سایتی "بزنس ئیسایدەر"، سەرباری ئەوەی جۆ بایدن موچەیەكی زۆر وەردەگرێت، وەكو سەرۆك بڕێكی زۆر پارەش دەخرێتە بەردەست بۆ خەرجی گەشتكردن‌و كاتبەسەربردنەكانی.

موچەیەكی زۆر
ساڵی 2001 كۆنگرێس موچەی سەرۆكی لە (200 هەزار) دۆلارەوە بۆ (400 هەزار) دۆلار بەرزكردەوە، ئەمە لەپاڵ دابینكردنی بڕی (50 هەزار) دۆلاری ساڵانەی تر بۆ خەرجییەكانی تر.
جگە لەمە، سەرۆكی ئەمریكا لەژێر بەندی بودجەی گەشتكردندا بڕی (100 هەزار) دۆلار وەردەگرێت، لەگەڵ بڕی (19 هەزار) دۆلاردا بۆ كاتبەسەربردن، بەپێی یاسای باج لە ئەمریكا موچەی سەرۆكایەتی باج دەیگڕێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە پاداشتە داراییەكانی تر بەوشیوەیە نین.

خەرجی دیكۆری كۆشك
بەگوێرەی سایتی "بزنس ئینسایدەر" باسی كردووە، سەرۆكی نوێی ئەمریكا بڕی (100 هەزار) دۆلار وەردەگرێت كە ئەم پارەیە تەرخانكراوە بۆ دیكۆرو دیزاین‌و كەلوپەلی ناو كۆشكی سپی.
خێزانی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا قایل نەبوون بەوەی ئەم بڕە پارەیە وەربگرن‌و پارەی تایبەتی خۆیان بەكارهێنا بۆ دووبارە رێكخستنەوەی كۆشكی سپی بەوشێوەیەی گونجاوە بۆیان. 
تۆڕی "CNBCN EWS" رایگەیاند، دوای سەرۆكەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڕی (ملیۆنێك‌و 75 هەزار) دۆلاری لە نوێكردنەوەی كۆشكی سپیدا خەرج كردووە. 

سودوەرگرتن لە باخچەی كۆشك
لەماوەی سەرۆكایەتی هاوسەرەكەیدا، خاتوو میشڵ ئۆباما دەستی بەكاركردن كرد لە باخچەی كۆشكی سپی، میلانیای هاوسەری ترەمپ درێژەی بە كارەكەی میشڵ ئۆبامادا‌و بەردەوامی دا بە نەریتی میوانداریكردنی منداڵانی خوێندنگەكان لە باخچەی كۆشكی سپی، كە بەگوێرەی قسەی تۆڕی "CNN" لەم باخچەیەدا میوە‌و سەوزەمەنییەكان هەیە.

خەرجی نۆژەنكردنەوە
خەرجی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی سپی ساڵانە دەگاتە نزیكەی (4 ملیۆن) دۆلار، بەڵام سەرۆك ئەم پارەیە نادات، بەڵكو تەنیا خەرجی خزمەتگوزارو ئەو تیمانەی خاوێنكردنەوە دەدات كە لە ئاهەنگە تایبەتەكاندا كاردەكەن كە لەناو كۆشكی سپیدا میوانداری دەكرێن.

شوێنی كاتبەسەربردن
لە كۆشكی سپیدا ژمارەیەك شوێنی كاتبەسەربردن هەن كە سەرۆك دەتوانێت سود لە خزمەتگوزارییەكانیان وەربگرێت لەنمونەی هۆڵی یاری بۆڵینگ‌و مەلەوانگەی چارەسەری سروشتی‌و یاریگای تێنس‌و یاری باسكە‌و هۆڵی سینەما.

هەندێك شتی تر
لەنێو ئەو شتانەی تردا كە سەرۆكی ئەمریكا بەهۆی پۆستەكەیەوە دەتوانێت لێیان سودمەند بێت بابەتی پشوودانیەتی لە هاوینەهەواری "كامپ دەیڤید" لە باكوری خۆرئاوای واشنتۆن كە سەیرانگایەكە لە چیای كاتۆكتین لە نزیك سۆرمونت لە ویلایەتی میریلاند.
هەروەها سەرۆك فڕۆكەی "بۆینگ 200-747" بەكاردەهێنێت كە خەرجی بەكارهێنانی بەپێی قسەی "CNN" نزیكەی (200 هەزار) دۆلارە بۆ یەك كاتژمێر، ئەمە سەرباری بەكارهێنانی كۆپتەری "مارین ون".

پاسەوانی سەرۆكایەتی
سەرۆكەكانی ئەمریكا سودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری پاسەوانی نهێنی، كە ئەم پاسەوانێتییە تەنانەت دوای ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتیشیان كۆتایی دێت، هەر بەردەوام دەبێت، بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، خەرجی پاسەوان‌و هەواڵگری نهێنی لە ساڵی 2017دا بڕی (ملیارێك‌و 900 ملیۆن) دۆلار بووە.

ئاڵوگۆڕی ئیدارە
ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە سەرۆكێكەوە بۆ یەكێكی تر پرۆسەیەكە كە لەڕووی مادییەوە خەرجی دەكەوێتەسەر، ئەم خەرجییەش بریتییە لە قەرەبووی فەرمانبەران‌و خزمەتگوزاری پەیوەندیكردن‌و ئۆفێسی نوێ. 
بۆ نمونە بەگوێرەی خەمڵاندنەكان، رۆشتنی ئۆباما بۆ كۆشكی سپی بڕی نزیكەی (9 ملیۆن‌و 300 هەزار) دۆلار تێچووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand