Draw Media

بافڵ تاڵەبانی نامەیەكی نوێ دەباتە هەولێر

بافڵ تاڵەبانی نامەیەكی نوێ دەباتە هەولێر

2020-11-07 16:11:59


 
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
لە گەشتێكی نوێدا بۆ هەولێر، بافڵ تاڵەبانی دواین نامەی یەكێتی گەیاندە دەستی بەرپرسانی باڵای پارتی، یەكێتی تا كۆتایی ئەمساڵی داناوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی، بەپێچەوانەوە بەوتەی خۆیان هەڵوێستی یەكلاكەرەوەیان دەبێت، هاوسەرۆكەكان لەدوای دەستبەكاربوونیانەوە هەر مانۆڕێكی سیاسییان بەرامبەر بە پارتی كردبێت بە شكست لێی دەرچوون، ئەمان چاویان لەوەیە دەستیان بە هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی (مەسعود بارزانی) بگات، بەڵام تائێستا لە نێچیرڤان بارزانی‌و مەكتەبی سیاسی پارتی زیاتریان چنگ نەكەوتووە، كە ئەوانیش بڕیاری كۆتایی پارتییان لانییە.

نامەیەكی نوێ بۆ پارتی
دوێنێ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی چووە هەولێر، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) نامەیەكی نوێی یەكێتی داوە بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و جێگری سەرۆكی پارتی. 
(درەو) تائێستا وردەكاری ناوەڕۆكی پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی دەستنەكەوتووە، بەڵام سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، لەنامەكەدا بافڵ تاڵەبانی جەخت لەسەر سوربوونی یەكێتی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكات كە لەنێوان هەردوو حزبدا ئیمزاكراوە.
لەنامەكەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردووە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت تەنیا پڕكردنەوەی پۆستەكان نییە، بەڵكو بابەتی تریشە كە تائێستا جێبەجێ نەكراوە‌و داوا دەكات پارتی دواین وەڵامی خۆی لەبارەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە بە یەكێتی رابگەیەنێت.
یەكێتی لەبارەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئێستا لەسەر ئەم تەوارانە تێبینی هەیە:
•    لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی
•    شەراكەتی یەكێتی لە حكومەت
•    پڕكردنەوەی پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەت‌و ڤیتۆی پارتی لەسەر كاندیدەكانی یەكێتی
•    هەڵوێستی یەكێتی لەبارەی دۆخی ئێستای كوردستان‌و كێشەی پەكەكە
سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ هەولێر دوای دەستپێشخەرییەك دێت بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، دەستپێشخەرییەكە لەناو حكومەت‌و لەلایەن هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگرییەوە كراوە‌و، لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە لە رۆژی 17ی مانگی رابردوو، واتە رۆژێك دوای یادی "16ی ئۆكتۆبەر"، بۆ ماوەی 72 كاتژمێر میدیای پارتی‌و یەكێتی شەڕی راگەیاندنیان لەدژی یەكتر راگرتووە، لە تیمی پارتی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف‌و لە تیمی یەكێتی دارا رەشید وەزیری پلاندانان چاودێری رێككەوتنی راگراتنی شەڕە میدیاییەكەی نێوان هەردوو حزبیان كردووە.
دوای ئەم دەستپێشخەرییە، یەكێتی نامەیەكی لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، ئاڕاستەی پارتی كردووە، لەو نامەیەدا داوای بەلاداخستنی پرسی لامەركەزیەتی ئیداریی‌و دارایی‌و شەراكەت‌و پشكەكانی یەكێتی لەناو حكومەت كردووە.
پارتی وەڵامی نامەكەی یەكێتی داوەتەوە‌و لەبارەی پرسی لامەركەزییەوە باسی لەوەكردووە ئەم بابەتە بەشێكە لە كارنامەی حكومەت‌و یەكێتی دەتوانێت لەچوارچێوەی ئەو كارنامەیەدا لامەركەزیەت جێبەجێ بكات، لەبارەی پشكی یەكێتی لە حكومەت بەدیاریكراویش دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە یەكێتی (رەوەند مەلا مەحمود)ی بۆ كاندیدكردووە‌و پارتی كاندیدەكەی یەكێتی رەتدەكاتەوە، لەوەڵامەكەی پارتیدا جارێكی تر جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە مەسرور بارزانی قایل نییە بەوەی رەوەند مەلا مەحمود ئەو پۆستە وەربگرێت، رەوەند ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە‌و خەڵكی كەركوكە، پارتی تۆمەتباری دەكات بەوەی بەشداربووە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، بۆیە ڤیتۆیان هەیە لەسەری‌و دوای زیاتر لە ساڵێك‌و پێنج مانگ لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، تائێستا بەهۆی ئەم كێشەیەوە یەكێتی نەیتوانیوە ئەو پۆستە پڕبكاتەوە. 
لەبارەی شەراكەتی یەكێتییەوە لە حكومەت، پارتی لەنامەكەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە رێككەوتنەكە جێبەجێ كراوە‌و یەكێتی بەشی زۆری پۆستەكانی لە حكومەت وەرگرتووە، لەم چەند رۆژەی رابردوودا یەكێتی ژماریەك پۆستی سەرۆكی دەستەو بریكاری وەزیر و راوێژكاری لەناو حكومەت پڕكردەوە.

یەكێتی چی دەوێت ؟
بەگشتی لە گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكاندا یەكێتی دەیەوێت دەسەڵاتی لامەركەزیەتی ئیداریی‌و دارایی بۆ سنوری دەسەڵاتی خۆی لە پارتی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوەی تائێستا پارتی پێیداوە هەر ئەو جۆرە لە لامەركەزیەتەیە كە ئێستا هەیە‌و لەچوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدایە‌و هەندێك دەسەڵاتە كە دراوە بە پارێزگارەكان، یەكێتی چاوی لە زیاترە، دەیەوێت بەیاسا لامەركەزیەتی تەواوەتی دارایی‌و ئیداری بۆ سنوری دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت‌و بەجۆرێك چیتر سلێمانی بۆ بڕیارە دارایی‌و ئیدارییەكانی نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە بوو وای كرد مەسعود بارزانی لەرێگەی مەكتەبی سیاسی پارتییەوە پەیام بۆ یەكێتی بنێرێت‌و پرۆژەی گەڕانەوەیان بۆ قۆناغی بەر لە یەكخستنی حكومەت واتە دوو ئیدارەیی بخاتە بەردەم.
یەكێتی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆسەردەمی دوو ئیدارەیی، بەڵكو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای یەكخستنی حكومەتی هەردوولا لە ساڵی 2005دا، چونكە ئەو سەردەمە یەكێتی هەم لە هەولێر شەریكە دەسەڵاتی پارتی بووە، هەمیش پشكی سنوری خۆی لە دارایی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ وەرگرتووە‌و خۆی بەوشێوەیەی كە ویستویەتی لە سلێمانی بەكاریهێناوە، سەرباری ئەمە لەڕووی ئیدارییەوە یەكێتی پێیوایە دەسەڵاتی ئیداری بەتەواوەتی لە هەولێردا قۆرخ بووە‌و سلێمانی دەسەڵاتی لە هیچ بڕیارێكی ئیداریدا نییە، بۆ نمونە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی مۆڵەتی پرۆژەكانی بە سەرمایەداران‌و بازرگانان داوە، ئێستا ئەم دەسەڵاتە لە هەولێرەو بەڕێوەبەرەكەی سلێمانی هیچ دەسەڵاتێكی نییە، ئەمە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تریش بە هەمان شێوەیە بەپێی ئەوەی یەكێتی باسی دەكات.
لەبەرامبەردا پارتیش گلەیی لە یەكێتی هەیە، پارتی بەفەرمی ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكان بە یەكێتی راگەیاندووە، پارتی باسلەوە دەكات بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی ناوچەی خۆی رێكخستوەتەوە‌و بەوهۆیەوە داهاتی دەروازەكانی زیادی كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە دەروازەكانی سنوری یەكێتی بەشێوەیەكی بەربڵاو قاچاخچێتی دەكرێت‌و داهاتی پێویست بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە، مەسرور بارزانی چیتر ناتوانێت پارەی سنوری پارتی كۆبكاتەوە‌و بینێرێت بۆ خەرجی سنوری ئیدارەی یەكێتی ئەگەر یەكێتی هاوكاری حكومەت نەكات لە زیادكردنی داهاتەكاندا. 

پرسی پێشمەرگە‌و هێزە ئەمنییەكان
لەسەر پرسی پێشمەرگە‌و هێزە ئەمنییەكانیش یەكێتی لەگەڵ پارتی ناكۆكی هەیە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، نوێ نەكراوەتەوە، بەمدواییە یەكێتی وەڵامی بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی دایەوە‌و ئەمە پارتی نیگەران كرد.
ئێستا كە پارتی لەسەروبەندی شەڕو روبەڕووبونەوەدایە لەگەڵ (پەكەكە)، یەكێتی وەكو پێویست نەهاتوەتە پێشەوە، تەنانەت تیمی یەكێتی ناڕازی بوون لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێم بەیاننامە لەدژی جموجوڵەكانی پەكەكە لەناو هەرێمی كوردستان بڵاوبكاتەوە، دواجار قوباد تاڵەبانی كێشەكەی چارەسەر كرد‌و بەیاننامەكەی تێپەڕاند.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەدواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسلەوە كراوە یەكێتی لەگەڵ شەڕی پەكەكەدا نییە، هەندێك لە یەكێتییەكانیش باسلەوە دەكەن، ئەگەر شەڕ رووبدات یەكێتی هێزی خۆی بەشداری پێناكات لەو شەڕەدا.
یەكێتی نایەوێت دەسەڵاتی سەربازی‌و ئەمنی هەرێمی كوردستان لای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بێت، دەیەوێت هاوشێوەی ئەوەی پێشتر هەبووە، دەسەڵات لای سەرۆكی هەرێم بێت كە ئێستا نێچیرڤان بارزانییە‌و بەپێی یاسا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە‌و هاوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وەكو بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنی لەهەرێم بەپێی یاسا بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەستراوە نەك سەرۆكایەتی حكومەت. 

نەوت‌و وزە
یەكێك لە نیگەرانییەكانی تری یەكێتی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتە لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی داوای دەكات لە بڕیارەكانی تایبەت بەم كەرتەدا بەشدار بێت، سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەمدواییە لەناو یەكێتیدا رەخنە دەستیپێكردووە سەبارەت بەوەی حكومەتی هەرێم گرێبەستە گەورەكانی بواری نەوتی داوە بە كۆمپانیاكانی پارتی بەدیاریكراویش كۆمپانیای (كار)‌و یەكێتی هیچ پشكدارییەكی لەم بوارەدا نییە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای پارتی چەندینجار پەیامیان بۆ یەكێتی ناردووە‌و لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە ئاگاداریان كردوون لەوەی بەشدارن‌و پشكی خۆیان وەردەگرن‌و دەچێتە سەر ژمارە حسابییەك لە بانكی "میسر" لە دوبەی‌و هەموو مانگێك یەكێتی پشكی خۆی وەرگرتووە.
پێشتریش لەسەر ئەم پرسە جارێك پارتی وەڵامی یەكێتی دایەوە بەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتە‌و ئاگاداری دۆسیەی نەوتە.

سەفەرەكانی بافڵ بۆ هەولێر
تەموزی رابردوو هاوشێوەی ئێستا یەكێتی‌و پارتی پەیوەندییەكانیان بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕی، ئەوكات یەكێتی بەدیاریكراویش لاهور شێخ جەنگی هەڕەشەی هەڵپەساردنی پەرلەمان‌و حكومەتی دەكرد‌و لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی هەڕەشەی دووبارەكردنەوەی سیناریۆكەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەت دەكرد، بەڵام بەنێوەندگیرییەك بافڵ تاڵەبانی چووە هەولێرو نێچیرڤان بارزانی لە درەنگانێكی شەودا بینی، ئەوكات رێككەوتن لەسەر ئەوەی پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەن‌و ئەو لیژنەیە گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوانیان بكات‌و چارەسەریان بۆ بدۆزێنەوە، هەردوولا لیژنەیان دروستكرد، رۆژی 11ی ئاب وەفدێكی پارتی بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری هاتنە هاوینەهەواری دوكان‌و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی‌و وەفدی یەكێتیدا كۆبونەوە، یەكێك لە بڕیارەكانی ئەو كۆبونەوەیە راگرتنی شەڕی میدیای هەردوو حزب بوو، ئەو بڕیارەش جێبەجێ نەكراو چیتر كۆبونەوەی تری بەدوادا نەهات‌و راوەستا.
سەفەری ئەمجارەی بافڵ تاڵەبانی بۆ هەولێر رەنگە هاوشێوەی سەفەرەكەی تەموز بێهودە بێت، چونكە وەڵامەكانی پارتی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە.
رەنگە بەربەستی گەورەی بەردەم هاوسەرۆكەكان لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئەوەبێت تائێستا نەیانتوانیوە كۆبونەوەی لوتكە لەگەڵ پارتی رێكبخەن، هاوسەرۆكەكان خوازیارن لەگەڵ بڕیاربەدەستەكانی پارتی قسە بكەن كە مەسعود بارزانی‌و مەسرور بارزانی كوڕیەتی، بەڵام پارتی نێچیرڤان بارزانی‌و مەكتەبی سیاسی حزبیان روبەڕوو دەكاتەوە، كە هیچیان دەسەڵات‌و بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتییان لانییە.
بەفەرمی ئەمە جاری دووەمە بافڵ تاڵەبانی دەچێتە هەولێر بۆ قسەكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی، بەڵام پارتی تائێستا لەسەر ئاستی كەسی یەكەم‌و دووەم‌و تەنانەت سێیەمیش نەهاتوەتە سلێمانی‌و بەدەنگ نیگەرانییەكانی یەكێتییەوە نییە.

یەكێتی یەك دەنگ نییە
نزیكەی ساڵێكە یەكێتی كۆنگرەی كردووە‌و دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێی هەڵبژاردووە، بەڵام هێشتا ماڵەكەی پەرتەوازەیە‌و كۆنگرە لە بری كۆكردنەوەی زیاتر پەرتی كردووە.
دوای ساڵێك لە كۆنگرە، هێشتا دەستوری ناوخۆی حزب تەواونەكراوە، ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات‌و مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزبی لەخۆیدا كۆكردوەتەوە هێشتا دەسەڵاتەكانی یەكلانەكراوەتەوە، ئەمانە ناڕازین لە سیاسەتەكانی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و هەندێكجار هەوڵی سازدانی مانۆڕی سیاسی دەدەن، بەڵام بەگشتی هێشتا كارێكی ئەوتۆیان نەكردووە كە مەترسی لەسەر پێگەی هاوسەرۆكەكان دروست بكات، بەمدواییە كۆسرەت رەسوڵ نامەیەكی بۆ هاوسەرۆكەكان نوسی لەبارەی كاری دەروازە سنورییەكانەوە، بەڵام كاتێك (درەو) كۆپییەكی نوسراوەكەی بڵاوكردەوە، نوسینگەی رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ نوسراوەكەی رەتیكردەوە‌و بەوشێوەیە پەیامەكەی وەكو ئەوەی دەیویست بە هاوسەرۆكەكان نەگەیشت. 
لەلایەكی ترەوە یەكێتی لە قەیرانی دارایدایە، داهاتی حزب بەشی خەرجییەكانی ناكات، بەمدواییە هاوسەرۆكەكان لیژنەیەكی سێ كەسییان پێكهێناوە بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكانی حزب، بەرپرسانی حزب تێرن، بەڵام دامەزراوەكانی حزب لاواز‌و بێ داهاتن، دارایی یەكێتی بەشێوەیەك تێكەڵ بە دارایی بەرپرسەكانی بووە، هاوسەرۆكەكان بۆیان جیاناكرێتەوە.
تیمی یەكێتی لەناو حكومەت‌و پەرلەمان لەنێوان دوو ئاڕاستەدا سەریان لێ شێواوە، ئاڕاستەیەك قوباد تاڵەبانی‌و بافڵی تاڵەبانی برای سەرەوكاریی دەكەن‌و پەیوەندییەكانیان ئاسایی‌و باشە لەگەڵ پارتی، ئاڕاستەكەی تر لاهور شێخ جەنگییە كە ناكۆكە لەگەڵ پارتیدا‌و تائێستا بارزانی‌و پارتی دانیان پێدا نەناوە.
بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی لەدوای دەستبەكاربوونیان لە پۆستی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، هەر مانۆڕێكیان بەرامبەر پارتی كردبێت بە شكست لێی دەرچوون، لەوانە لە كێشەی زینی وەرتێ‌و لامەركەزیەتی ئیداری‌و مانۆڕە سیاسییەكان ناو پەرلەمان، هەوڵەكانی دروستكردنی بەربەست بۆ بڕیارەكان لەناو حكومەت، پارتی زیرەكانە هەموو كارتەكانی فشاری لەدەستی هاوسەرۆكەكاندا سوتاندووە، ئێستاو دوای ئەو زنجیرە شكستە، قسەوباس لەسەر ئەوە هەیە گوایە هاوسەرۆكەكان تا كۆتایی ئەمساڵ دەرفەت بە پارتی دەدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەپێچەوانەوە بەشێوەی تاكلایەنە بڕیار لەسەر چارەنوسی سنوری دەسەڵاتدارێتی خۆیان دەدەن، بەڵام ئایا بەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ناو حزبەكەیانەوە دەتوانن بڕیاری گەورە لەبارەی چارەنوسی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی بدەن ؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand