مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل
2018-05-11 11:13:46
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
چەند رۆژێكە ململانێی ناوچەیی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوەتە لوتكە، گۆڕەپانی شەڕەكە ئەمجارەیان لەسەر خاكی سوریایە، توندبونەوەی دۆخەكە دوای چەند كاتژمیێرێك هات لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران.
لەژێر پەردەی ئەو گوتارە توندەی كە ئێران و ئیسرائیل لەدژی یەكتر دەیكەن، مێژوویەك لە ناكۆكی و هاوكات بەرژەوەندیش لەنێوان هەردولادا هەیە، ئێران یەكێكە لە یەكەمین ئەو دەوڵەتانەی كە دوای دانی بە دامەزراندنی ئیسرائیلدا ناوە.
چیرۆكی پەیوەندی ئێران و ئیسرائیل
1984 ساڵی نسكۆ بوو بۆ فەلەستینییەكان، لەو ساڵەدا دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، دوای دوو ساڵ حكومەتەكەی محەمەد موسەدەق لە ئێران دانی نا بە دەوڵەتی عیبریدا.
بەڵام بەشیوەیەكی خێرا ئاڵۆزی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، محەمەد موسەدەق سەرۆك وەزیرانی ئێران، ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بەوەی لایەنگری ئەمریكاو بەریتانیای كردووە كە رێگەیانداوە بە كودەتاكردن بەسەر حكومەتەكەیدا لە ساڵی 1953.
لەو ساڵانەدا دەسەڵاتی محەمەد رەزا شا بەهێز بوو، محەمەد رەزا پەلهەوی بەردەوامیدا بە پەیوەندی بەهێزی نێوان ئێران و ئیسرائیل و گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەبیب.
بەڵام لە ساڵی 1979، شۆڕشی ئێران هەموو شتێكی گۆڕی، دوای چەندین ساڵ مانەوەی لە تاراوگە، ئایەتوڵا خومەینی گەڕایەوە بۆ ئێران و دەسەڵاتی گرتەدەست، خومەینی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند.
ساڵی 1980 جەنگ لە نێوان ئێران و عێراق هەڵگیرسا، دەوترێت لە ساڵانی جەنگدا ئێران بە بەهای (500 ملیۆن) دۆلار چەكی لە ئیسرائیل كڕیوە، لەبەرمبەر هەناردەكردنی نەوت بۆ ئیسرائیل.
بەڵام جارێكی تر ئاڵۆزی گەڕایەوە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، هەریەكە لە ئیسحاق رابین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و شیمۆن پێرێز دەستیان كرد بە قسەكردن لەبارەی ئەگەری هەڕەشەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، هەڕەشەیەك كە ئیسرائیلییەكان دەڵێن خۆی لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و پشتیوانی تاران لە گروپە تیرۆرستییە بیانییەكاندا، دەبینێتەوە.
سەرچاوە: فرانس 24