Draw Media

چەند سەركردەیەكی باڵای داعش بە مۆبایل دەستگیركران

چەند سەركردەیەكی باڵای داعش بە مۆبایل دەستگیركران

2018-05-10 18:49:04


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
لە شاشەی كەناڵی ئەلعێراققەوە دەستگیركردنی چوار سەركردەی رێكخراوی داعش راگەیەنرا، سەركەوتنێكی گەورەیە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەدەستی دەهێنن بە هاوكاری ئەمریكا و بەبەكارهێنانی مۆبایلی یاریدەدەرێكی ئەبوبەكر بەغدادیی سەرۆكی رێكخراوی داعش.
چیرۆكەكە شوباتی رابردوو لە توركیا دەستپێدەكات، دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە ئیسماعیل عیساوی ناسراو بە " ئەبو زەید عێراقی" دەستگیردەكەن و رادەستی بەرپرسانی هەواڵگری عێراقی دەكەن، ئەمە بە وتەی راوێژكاری ئەمنیی حكومەتی عێراق هیشام هاشمی كە بۆ ئاژانسی " رۆیتەرز" قسەیكردووە.
هاشمی رونیشیكردەوە كە ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق لە مۆبایلەكەی عیساویدا بەرنامەی تەلیگرامیان بەكارهێناوە و داویان بۆ چەند سەركردەیەكی تری داعش ناوەتەوە وایانلێكردوون سنوری سوریا تێبپەڕێنن و بێنە عێراق و لەوێ‌ دەستگیریان بكەن.
یەكێك لە دەستگیركراوەكان سورییەكە بەناوی " سەدام ئەلجەمەل" كە والی داعش بووە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات، هاشمی، عیساوی و ئەلجەمەلی بە دیارترین كەسایەتی داعش دانا كە دەستگیردەكرێن.
هاشمی وتیشی: " ئۆپەراسیۆنەكە بە هاوكاری هەواڵگری ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هەواڵگری توركیا جێبەجێكراوە".
زیاتر وتیشی ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق و ئەمریكا دوای دەستگیركردنی " عیساوی" توانیان هەموو ژمارە بانكییەكانی داعش و هەموو كۆدەكانی كە بەكاریان دەهێنێت ئاشكرابكەن.
جگە لە عیساوی و ئەلجەمەل ، سێ‌ سەركردەی تری مەیدانی داعش دەستگیركراون كە بریتین لە سوری محەمەد حسێن قەدیر و هەردوو عێراقی عومەر شەهاب كەربولی و عیسام عەبدولقادر زەوبەعی.
داعش لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە، بەڵام هێشتا چارەنوسی ئەبوبەكر بەغدادیی نادیارە، كە ساڵی 2014 دوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ خۆی وەك خەلیفەی مسوڵمانان راگەیاند، پێشبیندەكرێت ئێستا بەغدادیی لە ناوچەیەكی سەرسنوری نێوان عێراق و سوریا خۆی حەشاردەبێت، دوای ئەوەی هەموو ئەو شار و شارۆچكانەی لەدەستدا كە لەژێر كۆنترۆڵی رێكخراوەكەیدا بوون.
سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand