Draw Media

ترەمپ لەگەڵ ئێران سیناریۆكەی عێراق زیندوودەكاتەوە

 ترەمپ لەگەڵ ئێران سیناریۆكەی عێراق زیندوودەكاتەوە

2018-05-10 14:24:45


وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسول

كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران، ئەو روداوانە دووبارە دەكاتەوە كە بەر لە جەنگی عێراق لە 2003 رویاندا، كاتێك ئەمریكا دەستوەردانی كرد بۆ روخاندنی رژێمی سەددام حسێن دوای ئەوەی بۆی دەركەوت چیدی سزاكان سودیان نییە. ئایا سیناریۆیەكی هاوشێوە لە ئێران دووبارە دەبێتەوە ؟
دوای 15 ساڵ لە داگیركردنی عێراق بە دوو پاساو (چەكی كۆكوژ و پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە) كە دواتر سەلمێندرا هەردوو پاساوەكە هەڵە بوون، ئەمریكا جارێكی تر بەرەو ئەگەری رووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزێكدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاودەنێت بە گومانی ئەوەی چەكی ئەتۆمی هەیە و پشتیوانی تیرۆر دەكات.
پێدەچێت سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ, سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی ئێرانەوە بۆ هەندێك لە لێپرسراوانی ئێستا و پێشووی ئەمریكا روون بێت كە ئامادەكارییەكانی ئەمریكایان بۆ ئەو داگیركردنەی عێراق لە ئازاری 2003 بینی كە تائێستاش دابەشبوونی تائیفی و تێدا ماوەتەوە لە كاتێكدا (5000) هەزار سەربازی ئەمریكی لە عێراق هەن.
زیاتر لە (4 هەزار و 400) سەربازی ئەمریكی و سەدان هەزار عێراقی لەو ململانێیەدا كوژران كە زۆرێك لە شیكەرەوەكان بە یەكێك لە نسكۆ گەورەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە چاخی نوێدا وەسفیدەكەن.
پۆل بیلار گەورە راوێژكاری هەواڵگری ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی ساڵانی 2001 بۆ 2005 دەڵێت " روخسارێكی نیمچە بێزاركەر و سەرسوڕهێنەر هەیە لە خراپبەكارهێنانی دەزگای هەواڵگری لەوكاتە و ئێستاشدا". ئاماژەی بەوەكرد، ئەو لێكچونە نیمچە بنەڕەتییە خۆی دەبینێتەوە لە بەكارهێنانی هەواڵگری "بە ئاڕاستەیەكی زۆر توندو ئینتیقائی لەسەر بنەمای ئەوەی "ئێمە كرۆكی بابەتەكە دەزانین".

 

                             یەكێك لەو بەڵگانەی كە كۆڵن پاوڵ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا پێش جەنگی عێراق 2003 خستیەڕوو

سێ شەممەی رابردوو سەرۆك ترەمپ كشانەوەی ئەمریكای لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند كە شەش زلهێزی جیهان لەگەڵ ئێران ئیمزایان كرد بۆ سنورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران لەبەرامبەر سوككردنی سزا ئابورییەكان لەسەر.
سەرۆكی ئەمریكا وتی ئەو رێككەوتنەی كە لەسەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوودا ئیمزاكراوە، بەرنامەی موشەكی ئێران و چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران دوای ساڵی 2025 یاخود رۆڵی ئێران لە ململانێكانی یەمەن و سوریا لە خۆناگرێت. هەروەك ترەمپ هیچ شتێكی لەبارەی هەڵسەنگاندنی فەرمانگەكانی هەواڵگری ئەمریكا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوەكان باس نەكرد كە پشكنەرەكان لە ئێران كاردەكەن. ئەو هەڵسەنگاندنانە باس لەوەدەكەن تاران پابەندە بەو رێككەوتنەی ساڵی 2015 ئیمزا كرا.

بەڵگەكانی ئیسرائیل مشتومڕی لێكەوتەوە
لە جیاتی ئەوە سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بە چەند بەڵگەنامەیەكی ئێرانیدا كە ئیسرائیل رۆژی 30 نیسانی رابردوو بڵاویكردەوە و وتی ئەوانە نیشانیدەدەن كە سەركردەكانی ئێران درۆیانكرد كاتێك رەتیانكردەوە ئێران پرۆژەی هەوڵدان بۆ چەكی ئەتۆمیی هەبێت.
سەرەڕای ئەوەی حكومەتەكانی خۆرئاوا و پسپۆرانی هەواڵگری تانەیان لە دروستی ئەم بەڵگەنامانە نەدا، بەڵام رەخنەگرانی دەڵێن هیچ شتێك بۆ هەڵسەنگاندنەكانی پێشوو زیادتر ناكات كە لە رێگەیەوە ئەو ئەنجامە بەدەستها ت كە ئێران هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمیی راگرتووە لە ساڵی 2003دا، ئێرانیش بانگەشەكانی ئیسرائیل و بە " منداڵانە و پڕوپوچ" وەسفكرد.
لە دوای هێرشەكانی 11ی سێپەمبەری 2001 بۆ سەر ئەمریكا، جۆرج دەبلیو بۆش و گەورە یاریدەدەرانی شانۆگەرییەكیان بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام حسێن لە عێراق ئامادەكرد بە پاساوەی ئەوەی كە هەواڵگری دەڵێت سەدام حسێن پەیوەندیی هەیە بە رێكخراوی قاعیدە و بە نهێنی كاردەكات بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمیی و كیمیایی و بایۆلۆژی، بەڵام دواتر ناڕاستی ئەوە سەلمێنرا، بۆش و یاریدەدەرەكانی زانیارە هەواڵگرییە بەردەستەكانیان گەورەكرد و پشتیان بە وتەی چەند كەسێكی عێراقی بەست كە لە تاراوگە دەژیان و وتەكانیان جێگەی گومان بوون و دژیەكی زانیارییەكانیان پشتگوێخست و لە هەندێك كاروباریشدا ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا و ئاژانسەكانی تری بواری هەواڵگری بەهەڵەدا چوون.
بۆچی ئێران نەک عێراق؟
لە بەرامبەردا لێپرسراوانی ئەمریكا، هەروەها توێژەران لە واشنتۆن و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جەختیانكردەوە لەسەر بوونی جیاوازی سەرەكی لە نێوان سیاسەتی بۆش لە عێراق و ئەو شێوازەی كە ترەمپ بەرامبەر ئێران دەیگرێتەبەر، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو بڕیارەی كە ترەمپ رۆژی سێشەممە رایگەیاندووە بووە هۆی زیاتر ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەكان و بووە هۆی فروانتربوونی جیاوازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئەوروپا، بەڵام كەس پێشبینی داگیركردنی ئێران ناكات لەلایەن ئەمریكاوە.
فەیسەڵ عەبدولساتر چاودێری لوبنانی كە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ حزبوڵای لوبناندا هەیە كە ئێران پشتگیری دەكات دەڵێت:" پرسیارەكە ئەوەیە ئایا رووبەڕووی هەمان ئەو سیناریۆیە دەبینەوە كە لە عێراق روویدا، ئەوەی پەیوەست بوو بە چەكی كۆكوژەوە؟ وە ئایا ناوچەكە بەرەو شەڕ دەچێت؟"
عەبدولستار دەشڵێت:" بە بۆچوونی من دۆخەكە جیاوازە، هەرچەندە ئاستی دوژمنایەتییەكە زیاتربێت لە نێوان وڵاتانی كەنداو ‌و ئیسرائیل لەلایك و ئێران لەلایەكەی ترەوە، دەربارەی هێرشی راستەوخۆ بۆسەر ئێران ئەوە پێشبینیكراو نییە، چونكە دۆخەكە بەرەو شەڕێكی گشتگیر دەبات و هیچ لایەنێك لەلایەنەكان ناتوانێت بەرگەی بگرن."
لایخۆشیەوە مارك دوبوویتز سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتیەتەكان كە ناوەندێكی توێژینەوەیە دەڵێت جەنگ لە عێراق لەوەوە سەرچاوەیگرت كە درك بەوەكرا سزا ئابورییەكانی سەر سەدام كە لە دوای داگیركردنی كوەیت لە ساڵی 1990دا دەستیپێكرد كاریگەرییان بە خێرایی لەدەستدا.
وتیشی:" بەڵام باوەڕام وایە ئێستا پێچەوانەكەی راستە". ئاماژەبەوەشدەدات كە ترەمپ توندتركردنی فشارە ئابورییەكان لەسەر ئێران لە كردەوەی سەربازی بەباشتر دادەنێت.
باوەڕێكی خەیاڵی؟
سەرەڕای جیاوازی ئامرازەكان دوو بەرپرسی ئەمریكی كە ئاگاداری سیاسەتی تایبەت بە ئێرانن بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتی ئەوان باوەڕیان وایە كە ئامانجی كۆتایی ترەمپ لە ئێران لە ئامانجی ئیدارەی ترەمپ دەچێت لە عێراق كە ئەویش گۆڕینی حكومەتی دژ بە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئێران و هێنانە كایەی حكومەتێكی دۆستی ئەمریكایە لە شوێنی، بەڵام یەكێك لە لێپرسراوەكان بە رۆیتەرزی وتی ئەگەر بوش باوەڕی وابووبێت كە عێراقییەكان بە گوڵ پێشوازی لە هێزە ئەمریكییە داگیركەرەكان دەكەن لە هەستكردنیان بە دڵنیایی، ئەمە خەیاڵ پڵاوی بوو، هاوشێوەی ئەوەش باوەڕكردن بەوەی " دیموكراتیەت لە ئێران جێگیر دەبێت " ئەگەر كۆماری ئیسلامی كەوت، زۆر بیركردنەوەیەكی سادەیە.
تا ئێستاش رووینەداوە كە ترەمپ یان جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی كە خاوەنی هەڵوێستی توندە بەرامبەر بە ئێران بە ئاشكرا داوای رووخاندنی دەسەڵاتی ئایینی ئێرانیان كردبێت.
ژەنەراڵی خانەنشین مایكڵ هایدن بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا و بەرپرسی پێشووی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی وتی: " ئەوەی شایانی تێبینیكردنە ترەمپ لە وتارەكەیدا لە كاتی راگەیاندنی كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، هیچ شتێكی دەربارەی هەڵسەنگاندەكانی هەواڵگریی باس نەكرد."
لە شوباتی رابردووشدا دان كۆتس بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی لە ئیدارەی ترەمپ لە كۆنگرێس وتی": رێككەوتنی ئێرانی ئەو ماوەیەی درێژكردەوە كە ئێران پێویستیەتی بۆ بەرهەمهێنانی مادەی تایبەت بە دروستكردنی چەكی ئەتۆی و شەفافیەتی چالاكی ئەتۆمیی ئێران پتەوكرد."
هایدنیش دەربارەی توێژەرانی هەواڵگری ئەمریكا وتی " كارەكە ئەوە نییە كە ئەوان رووبەڕووی فشارببنەوە بۆ پێشكەشكردنی پاساو": وتیشی ترەمپ" پێویستی بە پاساوهێنانەوە نییە و نایەوێت".

سەرچاوە: dw


 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand