دادگای فیدراڵی دادوەرێكی تری لەدەستدا
2020-10-11 18:38:46
(درەو):
ئەمڕۆ ئەندامێكی دادگای فدراڵی عێراق بەناوی دادوەر (عەبود ساڵح تەمیمی) كۆچی دوایی كرد.
بەمردنی دادوەر عەبدود تەمیمی، جارێكی تر كێشەی نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵی عێراق كەوتەوە بەر باسو خواست.
بەگوێرەی دەستور، دادگای فیدراڵی عێراق تاكە لایەنە تەماشای تانەكانی هەڵبژاردن دەكاتو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكات، لەكاتێكدا بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئێستا دادگای فیدراڵی لەناو كێشەیەكی یاسایدایە.
دادگای فیداڵی كە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، لە (9) دادوەر پێكدەهات، بەمدواییە یەكێك لە دادوەرەكان خانەنشین بوو، بەهۆی ئەوەی میكانیزمێكی دیاریكراو لەبەردەستدا نەبوو، تائێستا نازانرێت شوێنی ئەو دادوەرە خانەنشینە چۆن پڕبكرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای دادگاكە، نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵی بە ئامادەبوونی سەرۆكو (8) ئەندامی دادگاكە پێكدێتو بەبێ ئامادەبوونی كەسێكیان دانیشتنو كۆبونەوەكانیان بە نادروست ئەژماردەكرێتو هەر بڕیارێك لەو كۆبونەوانەدا دەربچێت لایەنی جێبەجێكار پابەند ناكات بە جێبەجێكردنیەوە.
پێشتر دادگای فیدراڵی كە یەكێك لە ئەندامە سەرەكییەكانی خانەنشین دەكرد، شوێنەكەی بە ناوی كەسێك لە لیستی یەدەگەكان پڕدەكردەوە، بەڵام دەركەوت دواین لیستی ناوی كاندیدە یەدەگەكان بەهۆی زۆری تەمەنیانەوە هەمویان رەوانەی خانەنشینیی كراونو ناتوانرێت كەسیان بگەڕێندرێتەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورسییەی دادگاكە كە چۆڵ بووە، لێرەوە گرفت لە نیسابی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵیدا دروست بووە، بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، دەبێت پەرلەمانی عێراق ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.
هەندێك داوا دەكەن پەرلەمان یاسایەكی نوێ بۆ دادگای فیدراڵی دەربكات، بەڵام تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی دەڵێ:" لەبری ئەوەی چاوەڕێی یاسای نوێی دادگاكە بكرێت كە پەسەندكردنی پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران واتای (220) پەرلەمانتار هەیە، یاسای ژمارەی (30)ی ساڵی 2005ی دادگای فیدراڵی هێشتا بەركارە، دەتوانرێت بە زۆرینەی ساددە ماددەی سێی ئەو یاسایە هەموار بكرێتو ئەوكاتە دەتوانرێت شوێنە بەتاڵەكە پڕبكرێتەوەو كۆتایی بە كێشەی نیسابی دادگای فیدراڵی بهێنرێت".
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمدواییە رایگەیاند، بەبێ چارەسەركردنی كێشەی نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ناكرێت.