پرۆسەی دەنگدانی تایبەت رووبەرووی كێشە دەبێتەوە

2018-05-10 13:14:05
هۆگر چەتۆ رێكخەری گشتی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: وەك ئەوەی پێشبینیمان دەكرد كۆمسیۆن لە هەڵبژاردنەكاندا رووبەرووی چەند گرفتێك دەبێتەوە لەوانە:.
یەكەمیان پەیوەستە بە رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن لەبەرئەوەی ئامێری نوێ هاتوەتە ناو پرۆسەی دەنگدان و ئامێری ئەلیكترۆنی بەكاردەهێنرێت، ئەگەری ئەوە هەیە كە كارمەندانی كۆمسیۆن هەموویان نەتوانن ئەو رێوشوێنانە وەك خۆی جێبەجێبكەن.
هۆگر چەتۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هەندێك شوێن پرۆسەكە بە باشی بەرێوەدەچێت و رێوشوێنە نوێیەكان بە باشی جێبەجێ دەكرێن، لە هەندێك شوێنی دیكە وانیە بۆ نمونە لە قەزای حەویجە بە شێوازە كۆنەكە دەنگ دەدەن. كە ئەمە رێگە پێنەدراوە كە نە سندوق هەیە نە رێوشوێنەكان وان.
پرسی دووەم بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و نەزانینی تەكنەلۆجیایە. لە چەندین شوێن ئامێرەكە رادەگیرێت و دەوەستێت كە ئەمە پێشبینیكراو بوو، كە كۆمسیۆن چۆن دەتوانێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزێتەوە.
سێیەمیان مەسەلەی هۆشیارەیە لە گەیاندنی زانیاری ئەم دەنگدانی تایبەتە تەنها بۆ ئەوانەیە كە بایۆمەتریان هەیە، ئەوەی بایۆمەتری نیە خراوەتە رۆژی دەنگدانی گشتی هەندێك كێشە دروست بووە بەهۆی ئەوەوە كە هەندێك كارتی كۆنی پێبووە و ویستویەتی دەنگ بدات، ئەمانەش بوەتە هۆی ئەوەی كۆمسیۆن لەو بنكانە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی راگرتووە، بەتایبەتیش دەمە قاڵێ لە نێوان ئەفسەران و كارمەندانی كۆمسیۆنە، لە موسڵ ئەفسەرەكان ئامادە نەبوون كارتی دەنگدان بدەنە كارمەندانی كۆمسیۆن.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە قەزای حەویجە بە سیستمی كۆن دەنگدان بەرێوە دەچێت كە ئەوە پێچەوانەی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنە، لە بنكە قوتابخانەی كەفائی لەناو قەزای حەویجە روویداوە بە بیانوی ئەوەی ئامێرەكان هەموویان وەستاون و كارناكەن، لەوێ ئەنجامی دەنگدان رەتدەكرێتەوە.
