مەسرور بارزانی قەیران دەگۆڕێت یان دیمەنی قەیرانەكە
2020-10-08 14:16:53
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی كۆتایی بەقەیرانی دارایی بهێنێت، ئەم كارەی بۆ نەكرا، ئێستا بەگرتنەبەری چەند رێوشوێنێك دەیەوێت لانی كەم هەندێك لە دیمەنی قەیرانەكە بگۆڕێت، هەفتەی داهاتوو حكومەت موچەیەكی تر دابەشدەكات، مەسرور بارزانی دەیەوێت موچەی پێنج مانگی موچەخۆران كە كەوتووەتەسەر شانی حكومەت پاكتاو بكات، لەم راپۆرتەدا (درەو) وردەكاری زیاتر دەخاتەڕوو.
موچەیەكی تر
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دابەشكردنی موچەیەكی تر لەسەردەمی قەیرانی داراییو كۆرۆنادا.
ئەو موچەیەی كە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا حكومەتی هەرێم دەست بەدابەشكردنی بكات، تائێستا یەكلانەبوەتەوە موچەی مانگی چەندە، ئەگەر بەپێی خشتە كۆنەكە موچە دابەشبكرێت ئەوا دەبێت بە موچەی مانگی (نیسان) واتا مانگی (4)ی 2020، خۆ ئەگەر وەكو ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت باسی دەكات، خشتەی دابەشكردنی موچە راستبكرێتەوە، موچەكە دەبێت بە موچەی مانگی (ئەیلول)، واتا مانگی رابردوو.
هەرچۆنێك بێت ئەمڕۆ (53) رۆژ تێپەڕی بەسەر وەرگرتنی موچەی مانگی ئازاری رابردوودا، كە وەزارەتی تەندروستی وەكو یەكەمین وەزارەت لە رۆژی 17ی ئابی رابردوودا وەریگرتووە، لە هەموو حاڵەكاتدا حكومەت بۆ ئەمجارەش بە دوو مانگ یەك موچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەكات.
بۆ ئەم مانگە، حكومەتی هەرێم دواكەوتنی وادەی دابەشكردنی موچەی خستە ئەستۆی حكومەتی عێراقەوە، بەوپێیەی لە عێراقیش بۆ ئەم مانگە بەهۆی نەمانی نەختینەی دارایی لە بانكی ناوەندیی، كێشە بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران دروستبووە، حكومەتی عێراق ماوەی دوو هەفتە دابەشكردنی موچەی دواخست.
پێشتر كە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دابەشكردنی خەرجی موچەی فەرمانبەرانی دەدا، پارەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لیستی موچەی وەزارەتەكاندا لە ریزبەندی سێیەمدا بوو، واتە سێیەمین لایەن بوو كە موچەكەی بۆ دەخرایە سەر حساب بانكیی، بەڵام بەپێی لیستی ئەم مانگە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كۆتایی لیستی وەزارەتەكانی عێراقدایە، هەرچەندە دەوترێت حكومەتی هەرێم فشاری كردووە وادەی خەرجكردنی پارەكەی بۆ پێش بخرێت.
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكردووە بە خەرجكردنی موچەی وەزارەتەكان، بڕیارە خەرجكردنی پارە رۆژی هەینیو شەممەش رانەوەستێتو رۆژی دووشەممە كۆتایی بێت، بەم پێیەبێت لە هەموو حاڵەكاندا رۆژی یەكشەممە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (320 ملیار) دینارەكەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخاتەسەر ژمارە حسابی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
چارەنوسی موچە فەوتاوەكان !
مەسرور بارزانی كە یەكەمینجارە خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا تاقیدەكاتەوە، رۆژی 10ی تەموزی 2019 حكومەتەكەی متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرتووە، واتا نزیكەی ساڵێكو سێ مانگە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا بەپێی قسەی مەسرور بارزانی، حكومەتەكەی (12) موچەی دابەشكردووە.
بەڵام ئێستا كە مانگی (10)ی ساڵی 2020ە، حكومەتی مەسرور بارزانی ئەگەر بەپێی خشتە كۆنەكە موچە دابەشبكات، دەبێت موچەی مانگی (4)ی 2020 بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكات، واتا كابینەی مەسرور بارزانی لە دابەشكردنی موچەدا (6) مانگ لەدوای هەموو جیهانەوەیە، ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێت ؟ چارەنوسی موچە فەوتاوەكان چی بەسەردێت ؟
رۆژی 5ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چووە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، لەوێ لەبارەی چارەنوسی موچە فەوتاوەكانەوە وتی:" ئێمە لەم حكومەتەدا موچە پاشەكەوت ناكەین، بەڵام قەرزی حكومەتی پێشووتریش وەرناگرین".
مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، هێڵێكی گەورەی كێشا لەنێوان خۆیو نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایدا، كە لە (17 ساڵ)ی رابردوودا پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە بووە، مەسرور هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە ئەنجومەنی وەزیرانو حكومەتەكەی لە دۆستو كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان پاككردەوە، ئێستاش دەیەوێت شانی كابینەكەی لەو قەرزو كێشانە بتەكێنێت كە لە كابینە یەك لەدوای یەكەكانی نێچیرڤانی ئامۆزایەوە بۆی ماوەتەوە، ئەمە بەدیوە سیاسییەكەیدا جۆرێكیشە لە خۆ بێبەریكردنی پارتی لە 17 ساڵی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو) كەوتوون، مەسرور بارزانی پێشنیازی كردووە بۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بەمزوانە خشتەی مانگانەی دابەشكردنی موچە رێكبخاتەوەو بۆ رایگشتی بڵاوبكاتەوە، رێكخستنەوەكە بەمشیوەیە دەبێت:
• موچەی سێ مانگی كابینەی نێچیرڤان بارزانی كە بە میرات بۆ كابینەی ئێستا بەجێماوە، بكرێت بە پاشەكەوتو بخرێتەسەر موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، بەمە كابینەی مەسرور بارزانی رزگاری دەبێتو سێ مانگ موچەی بۆ دەگەڕێتەوە.
• كابینەی نۆ موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی نەداوە، هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی (9) دابەشبكرێت، ئیتر تەنیا موچەی دوو مانگی ئەمساڵ لای حكومەتی مەسرور بارزانی دەمێنێتەوە، بۆ ئەمە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی رایبگەیەنێت موچەی ئەو دوو مانگە بۆیە دابەشنەكراوە بەغداد پارەی نەناردووە، ئەمە قەرزە لەسەر بەغداد نەك حكومەتی هەرێم، ئەگەر حكومەتی بەغداد پارەكەی نارد، حكومەتی هەرێم دابەشی دەكات بەسەر فەرمانبەراندا.
• بەم دوو رێگایە مەسرور بارزانی دەیەوێت كەمێك خۆی لەژێر باری فشاری شەقام لەبارەی موچە دەرباز بكاتو لەبەردەم رایگشتیدا دیمەنەكە بەوشێوەیە بگۆڕێت كە حكومەتی هەرێم مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە دابەش دەكات.
لەبارەی موچەی ئەم مانگەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستدان، بۆ ئەو موچەی كە بڕیارە حكومەتی هەرێم هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی بكات، وەزارەتی دارایی بڕی (413 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدایە، ئەم پارەیە لەگەڵ (320 ملیار)ەكەی بەغدادەوە دەبێت بە (733 ملیار) دینار.
خەرجی موچەی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان بەبێ دەستكاریكردن مانگانە (895 ملیار) دینارە، ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە رێژەی 18%ی كورتهێنانی هەیە بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچە، حكومەت ئەم كورتهێنانە بە لێبڕینی 18%ی خەرجی موچەی هەر وەزارەتێك پڕدەكاتەوە، وەزارەتەكانیش كەمكردنەوەكە دەگوازنەوە بۆسەر موچەی فەرمانبەران.
بەگوێرەی ئەوەی ئێستا بۆ موچە لەبەردەستدایە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەبەراورد بە مانگی ئابی رابردوو كە موچەی مانگی نیسانی تێدا دابەشكراوە، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، پێدەچێت حكومەت بیەوێت ئەو داهاتانەی كە بۆ خەرجی موچە تەرخانیكردوون تا ئەوكاتەی دۆخەكە بەرەو باشبوون دەڕوات، بەمشێوەیە جێگیر بكات:
• داهاتی نەوت: 270 ملیار دینار
• داهاتی ناوخۆ: 120 ملیار دینار
• یارمەتی دارایی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان: 20 ملیار دینار
• پارەكەی بەغداد: 320 ملیار دینار
چارەنوسی 320 ملیار دینارەكە
رۆژی 15ی ئابی رابردوو، دوای چەند مانگێك هاتوچوونی وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رێككەوتنێكی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد لەبارەی بودجەو داهاتەكانەوە.
بەپێی ئەم رێككەوتنە، كازمی قایل بوو بەوەی تا ئەوكاتەی بودجەی ساڵی 2020 لە پەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، وەكو بودجەی بەكاربردن، بۆ سێ مانگ (ئاب- ئەیلول- شترینی یەكەم) مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.
حكومەتی كازمی بۆ مانگی ئاب بڕی (320 ملیار) دینارەكەی بۆ هەرێم نارد، هەفتەی داهاتووش هەمان بڕی پارە بۆ مانگی ئایلول دەنێرێت، ئەگەر یاسای بودجەی ساڵی 2020 لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەكرێت، تا كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی كازمی یەك جاری تر بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.
بەمدواییە حكومەتی كازمی لەژێر فشاری پەرلەمانی عێراقدا پرۆژە بودجەی 2020ی رەوانەی پەرلەمان كرد، بەڵام پرۆژەكە بەگشتیی كۆپییەكی یاسای بودجەی 2019ی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی بوو كە وەرگرتنی بڕێك قەرزی نوێی بۆ زیادكرابوو، كوتلەكانی پەرلەمان پرۆژەكەیان رەتكردەوەو داوای بودجەو خەرجی راستەقینەی ئەمساڵی حكومەتی عەبدولمەهدی+ كازمییان كرد، بەوهۆیەوە كازمی پرۆژەكەی لە پەرلەمان كێشایەوە.
ئێستا كە حكومەتی هەرێم پێویستی بەوەیە بودجەی 2020ی عێراق پەسەندبكرێتو بتوانێت بەهۆیەوە بۆ دوو مانگی كۆتایی ئەمساڵ بەشێوەیەكی فەرمی (320 ملیار) دیناری تری مانگانە زامن بكات، لە بەغداد كێشە بۆ بودجەكە دروستبووە، كازمی لەم كاتەدا كە حكومەت توشی قەیرانی دارایی بوەتەوە، ئەولەویەتی كارەكانی ئەوەیە پەرلەمان بە یاسایەكی نوێ دەرگای لەسەر وەرگرتنی بڕێك قەرزی نوێ بۆ بكاتەوە، بۆیە كاتێك نەیتوانی لەڕێگەی پرۆژەیاسای بودجەی 2020ەوە زامنی وەرگرتنی قەرز بكات، پرۆژەكەی كێشایەوەو دواتر بەشێوەیەكی سەربەخۆو بە نوسراوێك داوای لە پەرلەمان كرد رێگەی بدات قەرزی نوێ بكات، بەم بارودۆخەوە پێشبینی ناكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆژەیاسای بودجەی 2020 پەسەندبكرێت، ئەمەش وادەكات حكومەتی هەرێم جارێكی تر لەگەڵ كازمی تێهەڵچێتەوە لەسەر (320 ملیار) دینارەكە.
حكومەتی مەسرور بارزانی لەكاتێكدا پلانی هەیە بۆ ئەوەی موچەی مانگانەی موچەخۆران رێكبخاتەوە، ئەگەر كێشەی بۆ (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد دروست ببێت، جارێكی تر دەكەوێتەوە ناو كێشەی موچەو مانگانە ناتوانێت لەكاتێكی دیاریكراودا موچە بدات.
قسەوباس هەیە مەسرور بارزانی دەیەوێت مانگانە بەپێی ئەو داهاتانەی لەبەردەستدا (30 رۆژجارێك) موچە بدرێت، ئیتر رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هەرچەنێك بێت، بەڵام ئەگەر كێشە بۆ (320 ملیار)ەكەی بەغداد دروست ببێت، رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ جگە لەو موچەیەی كە هەفتەی داهاتوو دابەشدەكرێت، كابینەی مەسرور بارزانی تەنیا یەك موچەی تر بە لێبڕینەوە بە موچەخۆران بدات، واتا جارێكی تر پەنا دەباتەوە بۆ درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە لە مانگێكەوە بۆ دوو مانگ جارێك.