Draw Media

لە تەمەنی 92 ساڵیدا دەبێتەوە سەرۆك وەزیران

لە تەمەنی 92 ساڵیدا دەبێتەوە سەرۆك وەزیران

2018-05-10 13:02:48


مەهاتیر محەمەد سیاسەتمەدارای بەتەمەنی مالیزیا جارێكی تر و لە تەمەنی 92 ساڵیدا دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی وڵات.
مەهاتیر محەمەد ساڵی 2003 دوای 22 ساڵ لە سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی خۆی خانەنیشینكرد، بەڵام ئەمساڵ و جارێكی تر گەڕایەوە و بەوتەی خۆی گەورەترین هەڵەی ژیانی راستدەكاتەوە كە خانەنشینكردنی بووە.
مەهاتیر محەمەد دوای ناكۆكی لەگەڵ نەجیب رەزاق و پارتی دەسەڵاتداری مالیزیا ( رێكخراوی مالاوی نەتەوەییی یەكگرتوو " ئۆمنۆ" ) رابەرایەتی هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆن " باكاتان هارهبان" ی كرد لە شەڕی هەڵبژاردندا  ,  توانی 112 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت بەرامبەر بە 76 كورسی بۆ هاوپەیمانێتی نەجیب رەزاقی سەرۆك وەزیران.
 پێش هەڵبژاردنیش مەهاتیر رایگەیاند بۆ دوو ساڵ دەسەڵات دەگرێتەوە دەست و دواتر رادەستی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی دەكات بە سەرۆكایەتی ئەنوەر ئیبراهیم كە ئێستا لە زینداندایە.
ژیانی سیاسیی
هەڵمەتی بانگەشەی مەهاتیر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و سەركەوتنی بەسەر پارتی دەسەڵاتداردا  سوپرایز نەبوو بەلای مالیزیییەكانەوە.
مەهاتیر محەمەد لە تەمەنی 21 ساڵیدا چووە ریزی پارتی " ئۆمنۆ" و وەك پزیشك كاری دەكرد هەتا لە ساڵی 1964دا بووە ئەندامی پەرلەمان و ساڵی 1969 كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدا ، دوای دەركردنی لە حزب ونوسینی چەند نامەیەكی كراوە بۆ سەرۆكی ئەوكاتەی حكومەت تۆنكۆ عەبدولڕەحمان و دواتر كتێبێكی بەناوی " تەنگژەی مەلایۆ" نوسیی و باسی لە پەراوێزخستنی مالاوییەكانی وڵات كرد و رەخنەشی لێگرتن كە بە هاوڵاتی پلە دوو رازی بوون و لەو كاتەشدا پشتیوانی سەركردە گەنجەكانی " ئۆمنۆ"ی بەدەستهێنا و گەڕایەوە بۆ حزب و جارێكی تر بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێدرایەوە و لە ماوەی 4 ساڵدا بووە جێگری سەرۆكی حزب و لە ساڵی 1981دا بووە سەرۆك وەزیران.
لە سایەتی دەسەڵاتی مەهاتیردا مالیزیا لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا بووە یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی ئاسیا و هەردوو تاوەری پیترۆناسی بونیادنا كە ویست و خواستەكانی مەهاتیری بەرجەستە دەكرد.


مافەكانی مرۆڤ
سیاسەتە دەسەڵاتخوازییەكەی ئاستی جەماورەێتی مەهاتیری نەدەهێنایە خوارەوە ئەگەر خراپی تۆمارەكانی نەبوایە لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.
سەركردە سیاسییەكانی ئۆپۆزسیۆن بەبێ‌ دادگاییكردن زیندانیكران ، دیارترینیان جێگرەكەی ئەنوەر ئیبراهیم بوو كە لە پۆستەكەی لادرا و بە گەندەڵی و هاوڕەگەزبازی تۆمەتباركرا و زیندانیی كرا.
جارێكی تر و لە ساڵی 1998دا مەهاتیر داوایكرد چاكسازی سیاسیی و ئابوریی بكرێت و ژمارەیەك لە وتە ئاڵۆزەكانی دەربارەی خۆرئاوا ئاڵۆزی خستە نێوان هەردوو لاوە، بۆ نمونە چەند رۆژێك پێش دەستلەكاركێشانەوەی لە تشرینی یەكەمی 2003 مەهاتیر حكومەتەكانی وڵاتانی خۆرئاوا و گروپە جولەكەكانی توڕەكرد كاتێك بانگەشەی ئەوەییكرد كە جولەكە حوكمی هەموو جیهان دەكات.
مەهاتیر وتی كە دەستبەرداری پۆستكەی بووە:" چونكە بێ‌ ئومێد بووم شتێكی كەم نەبێت هیچم بەدینەهێناوە  لە ژیانی سیاسیمدا كە دەمویست سەركەوتوو بەڕێزبێت."
مەهاتیر دوای خانەنشینیشی دەستبەرداری سیاسەت نەبوو، ئەو راهاتوو لەسەر ئەوەی بەردەوام رەخنە ئاراستەی جێگرەوەكەی عەبدوڵا بەدەوی بكات، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2008ی حزبی دەسەڵاتداردا مەهاتیر حزبەكەی بەجێهێشت و ئەوكاتە لەلایەن زۆرێكەوە وا لێكداریەوە كە گوشارێكە بۆسەر بەدەوی تا وازبهێنێت.
مەهاتیر لەسەرەتادا پشتگیری لە سەرۆك وەزیرانی ئێستا نەجیب رەزاق كرد، پاشان لێی هەڵگەڕایەوە و بە گەندەڵی تۆمەتباریكرد، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە گەورە سەركردەكانی " ئۆمنۆ" دەستیانلەكاركێشایەوە و ساڵی 2016 چوونە ریزی ئۆپۆزسیۆنەوە و لە كانونی دووەمی رابردوودا لە تەمەنی 92 ساڵیدا رایگەیاتد كە بەنیازی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات و لە نۆی ئایادا سەركەوتنێكی مێژوویی بەسەر هاوپەیمانەكانی پێشوویدا بەسەرهێنا دوای زیاتر لە 60 ساڵ لە دەسەڵات.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand