سەرۆکی ئەنجومەنی پارێرگای سلێمانی داوای زانیاری لە دادگای گەرمیان دەکات
2020-10-07 11:51:39
(درەو):
ئەمڕۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە كەیسی (محەمەد شێخ وەهاب) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان كۆبونەوە، کە لەلایەن دادگاوە تۆمەتبارکراوە بە ساختەكردنی وەسڵ لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان
(محەمەد شێخ وەهاب) خۆی ئامادەی كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەکان لەبەردەم ئەنجومەندا وتویەتی:" ئامادەم بچمە بەردەم دادگا".
لە دوای كۆبونەوەكە ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێكی ئاڕاستەی دادگای تێهەڵچونەوەی گەرمیان كردووە، تێدا داوا دەکات زانیاریی بە ئەنجومەنی پارێزگا بدەن لەبارەی جۆری تۆمەت و ئەو سكاڵایەی كە لەسەر ( محەمەد شێخ وەهاب) كراوە لەلایەن دادگاکەوە.
بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی رایگەیاند:" تائێستا هیچ شتێكی فەرمیمان لەلایەن دادگای گەرمیانەوە بەدەست نەگەیشتووە، بە گوێرەی ماددەی (٣)ی ساڵی (٢٠٠٩)ی یاسای پارێزگاكانی هەرێم، ئەندامی ئەنجومەنی راوەدو نانێرێت و دەبێت ئەنجومەن ئاگادار بكرێتەوە، ئەگەر حاڵەتەكە راست بوو ئەنجومەن خۆی دەینێریت، ئەمەش لەپێناو سەروەری یاسادایە".
بەرزان شێخ محەمەد وتی:" ئەمرۆ وەك سەرۆكایەتی ئەنجومەن و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبونەوەمان كردوو بانگهێشتی محەمەد شێخ وەهابمان كرد، ئەو ئامادەیی خۆی دەربڕی بچێتە بەردەم دادگا".
بەپێی ئەوەی (درەو) لە سەرچاوە ئەمنییەکانی گەرمیانەوە دەستیکەوتووە، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەتۆمەتی ساختەکردنی وەسڵ لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، فەرمانی دەستگیركردنی دەرچووەو ماددە یاساییەکەی بریتییە لە مادەی (٢٧٩)ی یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە تەزویر.
دوێنێ پۆلیسی بۆ دەستگیرکردنی چونەتە ماڵی (محەمەد شێخ وەهاب) چونە ماڵەکەی بەڵام لەوێ نەبوو.
بەپێی زانیارییەكان، ئەوانەی وەسڵەكانیان تەزویركردووە چەند کەسێکن و بەبەهای نزیكەی (10 ملیۆن) دۆلار وەسڵیان تەزویر كردووە، چەند كەسێك دەستگیركراون و ئیعترافیان لەسەر ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە.