ئەو كچەی نهێنییەكانی ترەمپ دەزانێت
2020-10-06 14:32:05
(درەو):
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاو خاتوو میلانیای هاوسەری توشی كۆرۆنابوون، ئەمە دوای ئەوەهات دەركەوت خاتوو (هۆپ هیكس) یاریدەدەرە نزیكەكەی ترەمپ توشی ڤایرۆسەكە بووە.
ساڵی 2017 ترەمپ (ئەنتۆنی سكاراموچی) كرد بە بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی خۆی، بەڵام پاش (10) رۆژ لە پۆستەكە لایبردو خاتوو (هۆپ هیكس)ی تەمەنی (31 ساڵ)ی خستە شوێنەكەی.
خاتوو هیكس هیچ شارەزایی یان زانیارییەكی ئەوتۆی لەبارەی سیاسەتەوە نییە، بەڵام بەدرێژایی پێنج ساڵی رابردوو یەكێك لەو كەسانە بووە كە پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ خانەوادەی ترەمپدا هەبووە.
كاروانی كاركردنی خاتو هیكس لەگەڵ ترەمپ پڕە لە هەڵبەرزو دابەرز، جارێك دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دواتر بە پۆستێكی جیاوازەوە گەڕایەوە بۆ ناو تیمەكەی سەرۆك.
ئێستا ئەم كچە چۆن توانیویەتی یەكێك لە گرنگترین هەلەكانی كاركردن لەناو ئیدارەی ئەمریكا بەدەستبهێنێت ؟
ئیڤانكا ترەمپ
هۆپ هیكس سەرەتای ژیانی پیشەگەریی لە بواری پەیوەندییە گشتییەكان بە كاركردن بۆ كۆمپانیای جلوبەرگی خاتوو ئیڤانكای كچی دۆناڵد ترەمپ دەستپێكردووە.
دوای ئەوەی وەكو نمایشكاری جلوبەرگ لە هۆڵە بەناوبانگەكانی وەكو رالف لۆرین كاریكردووە، نمایشی هەندێك لە جلوبەرگەكانی كۆمپانیاكەی ئیڤانكای وەكو بەشێك لە ئەركی خۆی، نمایشكردووە.
كاركردن لەگەڵ كچە گەورەكەی دۆناڵد ترەمپ لە كۆتایدا وایكردووە هۆپ هیكس سەرەنجی ترەمپ بەلای خۆیدا رابكێشێت.
ئۆكتۆبەری 2014 ترەمپ بۆ كاری پەیوەندییە گشتییەكانی كۆمپانیاكەی لە بواری خانوبەرەدا خاتوو هیكس-ی هەڵبژارد.
لە پڕێكدا بۆناو سیاسەت !
سەرەتاكانی 2015 خاتوو هۆپ هیكس چووە ناو بواری سیاسەتەوە، كاتێك لەگەڵ ترەمپدا چوو بۆ گەشتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، سەرباری ئەمە یارمەتی ترەمپی دەدا لە بەڕێوەبردنی ئەژمارەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.
كاتێكیش كەمپەینی هەڵبژاردنەكە قورس بوو، دەبوو بڕیار بدات لەنێوان ئەوەی ببێت بە سكرتێری رۆژنامەوانی ترەمپ یاخود دەگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كۆمپانیای خانوبەرە.
هیكس بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كۆمپانیای خانوبەرەكەی ترەمپ، بەڵام ترەمپ جارێكی تر داوای لێكرد لەگەڵ تیمە سیاسییەكەیدا بمێنێتەوەو خاتو هیكس-یش ئەمەی قبوڵ كرد.
خۆدورگرتن لە میدیاكان
سەرباری ئەوەی بەردەوام لەو شوێنانەدا ئامادەیە كە رۆژنامەوانان تێیدا دیدار لەگەڵ ترەمپ دەكەن، بەڵام هۆب هیكس زۆر بە دەگمەن دیداری رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات.
هیكس كاتێك دەستی بەكاركردن كرد لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئەژمارەكانی خۆی لە تۆڕی تویتەرو ئینستاگرام داخست.
كاتێكیش دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆك، ئەركێكی نوێی بۆ دۆزیەوە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەكان لە كۆشكی سپی.
شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ سەرۆك بەجۆرێكە كە هەوڵ نادات بیگۆڕێت، بەڵام زۆر بە ساكاری ئاسانكاری بۆ دەكات ئەو كارە بكات كە ئەو دەیەوێت.
بەپێی راپۆرتی سایتی "پۆلیتیكۆ"، خاتوو هیكس یەكێك لەو كەمترین كەسانەیە كە بەراستی ئاگاداری ژیانی تایبەتی خانەوادەی ترەمپە، تەنانەت نانی ئێوارەی رۆژانی شەممە "ژەمە خۆراكی تایبەت لە بیروباوەڕی جولەكەكاندا" لەگەڵ ئیڤانكا ترەمپو جارید كوشنەردا دەخوات.
هیكس یەكێك لەو ژمارە كەمەی خەڵكیش بوو كە مانگی ئایاری 2017 ئامادەی دیداری پاپای ڤاتیكان بوو لەگەڵ ترەمپدا.
دەستلەكاركێشانەوەو گەڕانەوە
هیكس لە فێبرایەری 2018دا دەستی لەكاركێشایەوە، ئەمەش دوای رۆژێك لە شایەتیدانەكەی لەبەردەم كۆنگرێسدا، كە تێیدا وتی جارناجارێك لەپێناو بەرژەوەندی ترەمپدا درۆ دەكات.
لەو ماوەیەدا لە كەناڵی فۆكس نیوزی نزیك لە ترەمپ كاری كرد، ئەمساڵ گەڕایەوە بۆ ناو تیمی سەرۆك.
كاتێك كە گەڕایەوە بۆ ناو تیمی سەرۆك، تارا ماكیلفی پەیامنێری (BBC) لە كۆشی سپی وتی هۆكاری گەڕانەوەكەی زۆر ئاسانە:" كەم قسەدەكاتو پێدەچێت نهێنییەكانی سەرۆكیش بزانێت".