لە سێ مانگدا نزیكەی ملیارێک دۆلار قەرز زیادی كردووە
2020-10-06 11:55:19
(درەو):
"ئەم کابینەیە هیچ بڕە پارەیەکی قەرزنەکردووە تا ببێت بەگرفت بۆ کابینەکانی داهاتوو" دوێنی لەبەردەم پەرلەماندا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای وت.
بەڵام هاوکات و لەبەشێکی تری قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ئێستا کۆی قەرزو پابەندییە داراییەکانی سەرشانی حکومەتی هەرێم بووە بە (٢٨ ملیارو ٤٧٦ملیۆن و ٧٦٥ هەزارو ٣٩) دۆلار.
بەر لە جەژنی قوربانی رابردوو، لە پیامێکی تەلەفزیۆنیدا مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد، کابینەکەی بڕی (٢٧ ملیار) دۆلار قەرزی لە کابینەکانی پێشووترەوە (کابینەکانی نێچیرڤان بارزانی) بۆماوەتەوە، بەڵام دوای چەند مانگێک دوێنێ لەبەردەم پەرلەماندا وتی ئێستا قەرزەکان گەیشتونەتە (٢٨ ملیارو ٤٧٦ ملیۆن) دۆلار.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن رێژەی قەرزەکان لە ماوەی چەند مانگێکدا لە (٢٧ ملیار) دۆلارەوە گەیشتوەتە (٢٨ ملیار) دۆلار ؟ ئایا سەرۆکی حکومەت راستدەکات دەڵێ کابینەکەی کە ماوەی ساڵێکە دەستبەکاربووە هیچ بڕە پارەیەکی قەرزنەکردووە کە ببێت بە گرفت بۆ کابینەکانی داهاتوو ؟
چۆن زیادی کرد ؟
بەپێی راپۆرتێکی چاودێری دارایی، کە لە مانگی تەموزی 2020 لە حكومەتەوە ئاڕاستەی كراوەو ئەویش ئاڕاستەی حكومەتی كردوەتەوە:
🔹 كۆی قەرزەكانی حكومەت (27 ملیارو 549 ملیۆن و 958 هەزارو 263) دۆلار بووە.
🔹 واتا لەماوەی تەنها (٣ مانگ)دا، نزیكەی (ملیارێك) دۆلار قەرز خراوەتەوە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.
🔹 مەسرور بارزانی باسی وردەکاری ئەوەی نەکرد چۆن رێژەی قەرزەکان زیادی کردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، ئەو ملیارە دۆلارەی بۆسەر قەرزەکانی حکومەت زیادی کردووە، پارەو شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوتە، کە بەمدواییە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کابینەی مەسرور بارزانی داوای لێکردن وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان دوابخەن بۆ کاتێک دۆخی حکومەتەکەی لەڕووی داراییەوە باشتر دەبێت.
🔸 پوختەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییدا.