نەخۆشی سەرۆكەكان لە ترەمپەوە بۆ جۆرج واشنتۆن
2020-10-04 15:18:16
(درەو):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، پەیتا پەیتا میدیاكانی خۆرئاوا هەواڵی لەبارەی تەندروستی سەرۆكەوە بڵاودەكەنەوە، هەندێك دەڵێن دۆخی خراپە، هەندێكی تر دەڵێن باشە، نەخۆشكەوتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیاندا شتێكی بێ پێشینە نییە لە مێژووی ئەمریكادا.
ئەو سەرۆكانەی كە مردن !
بەدرێژایی سەدەكانی رابردوو، چەندین جۆری نەخۆشی بوون بە هاوەڵی سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتیكردنیاندا، ئەمەش بووە بە هەڕەشە بۆسەر ئایندەی سیاسییان، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتیكردنیاندا بەهۆی نەخۆشییەوە مردوون لەوانە (كولیام هنری هاریسۆن) كە بەهۆی هەوكردنی سییەكانییەوە دوای 34 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا گیانی لەدەستداوە، هەروەها (وارن جی هاردینگ) كە بەهۆی كێشەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، سەرباری ئەمە ژمارەیەكی تر لە سەرۆكەكانی ئەمریكا توشی نەخۆشی بوونو بەرگەیان گرتووەو بەشێوەیەكی سەیر رزگاریان بووەو دوای چەندین رۆژ ئازاری نەخۆشی، چاكبونەتەوەو گەڕاونەتەوە بۆسەر كارەكانیان.
نەخۆشییەكەی جۆرج واشنتۆن
سەرەتای ئەم چیرۆكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەیرانە تەندروستییانەی كە لەماوەی دەستبەكاربوونی یەكەمین سەرۆك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەبوو، دوای رزگاربوونی لە نەخۆشییەكانی (سماڵپۆكسو مەلاریاو دفتیریا)، جۆرج واشنتۆن تەنیا دوو مانگ دوای ئەوەی پۆستی سەرۆكی ئەمریكای وەرگرتووە، بەدەست نیشانەی نەخۆشی مەترسیدارەوە ناڵاندویەتی، ئەوكات پزیشكەكان دەستنیشانیانكردووە كە جۆرج واشنتۆن دوچاری گرێیەكی پیس بووەو پێویستی بە نەشتەرگەرییە، ئەمەش وایكردووە یەكەمین سەرۆكی ئەمریكا بەناچاری بۆ ماوەی (6 هەفتە) لەسەر لای راستی جەستەی بخەوێت.
لەماوەی ساڵی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا، جۆرج واشنتۆن توشی ئەنفلۆنزایەتی قورس بووە كە زیانی بەهەردوو هەستی بینینو بیستنی گەیاندووە، دوای رزگاربوونی لەو نەخۆشییە جۆرج واشنتۆن بە هاوەڵەكانی وتووە:" لەماوەی دوو ساڵدا توشی دوو نەخۆشی بووم، نەخۆشی سێیەم رەوانەی گۆڕستانم دەكات بۆ لای باوباپیرانم".
جۆرج واشنتۆن یەكەم سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی سەرەمەرگدا
شێرپەنجەكەی سەرۆك كلیفلاند
ساڵی 1893 سەرۆك (گرۆڤەر كلیڤلاند) لەماوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا توشی قەیرانێكی تەندروستی مەترسیدار بووەوە كە پێویستی بەوەكرد پزیشكەكان بەشێوەیەكی خێرا دەستوەردان بكەنو گرێیەكی شێرپەنجە لە نزیك دەمی دەربهێنن، بۆ ئەوەی میدیاكاران بە هەواڵی دۆخی تەندروستی سەرۆك نەزانن، سەرۆك كلیڤلاند نەشتەرگەرییەكەی لەناو یەختی یەكێك لە هاوڕێكانیدا لە ناوچەی (لۆنگ ئایلند ساوند) ئەنجامدا، لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا پزیشكەكان بۆ دەركردنی گرێ مەترسیدارەكە، ناچاربوون بەشێك لە مەڵاشووی سەرۆك هەڵگرن، دوای ئەم نەشتەرگەرییە سەرۆك چارەسەری وەرگرتو گەڕایەوە بۆ سەر كارەكەی.
سەرۆك گرۆڤەر كلیڤلاند
كێشە تەندروستییەكانی سەرۆك وڵسن
دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهان، سەرۆك وۆدرۆو وڵسن بەماوەیەكی سەختدا گوزەری كرد، سەرەتای ساڵی 1919 لەكاتی ئامادەبوونی لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی ئاشتی لە پاریس، توشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو، ئەمە نەخۆشیەكی مەترسیداربوو، لەكاتی خۆیدا (50 ملیۆن) كەسی لەسەر ئاستی جیهان كوشت، لەو ماوەیەدا كە سەرۆك وڵسن توشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بووە، بەرپرسان راپۆرتی راستیی نەخۆشییەكەیان لە میدیاكانو رایگشتی ئەمریكا شاردوەتەوەو تەنیا وتویانە پاریس ساردبووەو سەرۆك سەرما بردویەتییەوەو توشی نەخۆشییەكی ئاسایی بووە.
سەرباری ئەوەی لە ئەنفلۆنزای ئیسپانی رزگاری بوو، ساڵی 1919 سەرۆك وڵسن توشی چەند كێشەیەكی مەترسیدارتری تەندورستی بووەوە، لەوانە كێشەی دڵو جەڵتەی دەمار، لەبەر ئەم بارودۆخە تەندروستییە، وڵسن پێشنیازی كرد (تۆماس مارشاڵ) جێگری سەرۆك ئەركەكانی سەرۆكی وڵات بگرێتەدەست، بەڵام هاوسەرو پزیشكە تایبەتەكەی سەرۆك زۆر بەتوندی پێشنیازەكەی سەرۆك وڵسنیان رەتكردەوە.
سەرۆك وۆدرۆو وڵسن
رۆزفڵتو ئیفلیجی منداڵان
سەرباری ئەوەی لەو كەسانە بوو كە ساڵی 1919 توشی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بووبوو، فرانكلین رۆزفڵت كە چوار خولی لەسەر یەك سەرۆكی ئەمریكا بوو، بەدەست ئازاری ئیفلیجی منداڵانەوە دەیناڵاند، زۆرجار ناچار دەبوو كورسی جوڵاو بەكاربهێنێت بۆ هاتوچۆكردن، بۆ ئەوەی لەبەردەم خەڵكدا بە كورسییەوە وەكو كەسێكی لاواز دەرنەكەوێت، رۆزفڵت گۆچانی بەكاردەهێنا بۆ هاتوچۆكردن لەبەرچاوی خەڵك یان یارمەتی لە یەكێك لە هاوەڵەكانی وەردەگرت، سەرباری ئەمە رۆزفڵت رێگری لەوە دەكرد لەكاتی رۆشتنیدا رۆژنامەنوسان وێنەی بگرنو بۆ ئەمەش دەزگای نهێنی راسپاردبوو.
كێشە تەندروستییەكانی ئیزنهاوەر
لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا، دوایت ئیزنهاوەر بەدەست كێشەی دڵەوە دەیناڵاند، دوای ئەوەی دڵنیا بوو لەوەی توشی نەخۆشی "كرۆن- Crohn's disease" بووە، نەشتەرگەی ئەنجامدا، لەترسی ئەوەی نەوەك نەتوانێت ئەركەكانی بەڕێوەببات، سەرۆك ئیزەنهاوەر نامەیەكی بۆ (ریچارد نیكسۆن)ی جێگری نوسیو تێیدا داوای لێكرد خەمڵاندن بۆ بارودۆخی تەندروستی بكاتو لەبری ئەو ئەركی سەرۆكایەتی ئەمریكا وەربگرێت ئەگەر نەیتوانی كاروبارەكانی بەڕێوەببات.
بەڵام ئەم نامەیە بەچاوی بایەخەوە تەماشا نەكرا، چونكە لەڕووی یاساییەوە نەگونجاو بوو نیكسۆن ئەركی سەرۆك بۆ ماوەیەكی كاتییو پچڕپچڕ وەرگرێت كاتێك ئیزەنهاوەر خۆی هێشتا بوونی هەیەو لە نەخۆشخانەیە.
سەرۆك ئیزەنهاوەرو تیمە تەندروستییەكەی
رۆناڵد ریگنو جۆرج بوش
بۆ یەكەمینجار لە مێژووی ئەمریكادا، لە 13ی تەموزی 1985دا لەسەردەمی سەرۆكایەتی رۆناڵد ریگن-دا، بیستو پێنجەمین هەمواری دەستوری بەكارهێندراو بەهۆیەوە جۆرج بوشی باوك بەشێوەیەكی كاتیی ئەركی سەرۆكایەتی ئەمریكای گرتەدەست تا ئەوكاتەی سەرۆك ریگن نەشتەرگەرییەكەی بۆ چارەسەری شێرپەنجەی قۆڵۆن ئەنجام دەدات.
هەموو ئەو ماوەیەی كە سەرۆك ریگن لە ژێر چارەسەردا بوو لە نەخۆشخانە، بوش سەرۆكایەتی ئەمریكای دەكرد، دواتر كە چاكبووەوە، ریگن نامەی بۆ كۆنگرێس ناردو پۆستی سەرۆكایەتی لە بوش وەرگرتەوە.
هەروەها جۆرج بوشی كوڕ لەماوەی ساڵانی 2002 هەروەها 2007 دووجار پەنای بۆ ئەم رێوشوێنە بردو ئەركی سەرۆكایەتی ئەمریكای بەخشی بە (دیك چینی) جێگری، ئەمەش كاتێك بوو كە بۆ چارەسەری قۆڵۆن، بێهۆشكرا.
سەرۆك رۆناڵد ریگن
سەرۆك جۆرج بوشی كوڕ