بارزانی فو لە ئاگری ناكۆكی تاڵەبانییەكان دەكات
2020-10-03 17:06:14
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بارزانی بە لاهور شێخ جەنگیو نەیارانی حزبەكەی لە سەركردایەتی یەكێتی وت، تەنیا كوڕەكانی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی بە شوێنگرەوەو خاوەنی راستەقینەی یەكێتی دەزانێت، بەمە بارزانی بە ئاشكرا هاتەسەر هێڵی ناكۆكییەكان لەسەر چارەنوسی یەكێتی نیشتمانی، نزیكەی (20 ساڵ) لەمەوبەر كاتێك بێئومێد بوو لە خستنی پارتی، تاڵەبانی بیری لەوەكردەوە لەڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە فو لە ئاگری ناكۆكییەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی بكاتو پارتی لاواز بكات، ئێستا مەسعود بارزانی بەشێوەیەكی ئاشكراتر هەمان كار لەسەر بنەماڵەكەی تاڵەبانی تاقی دەكاتەوە.
یەكێتی.. سێ ساڵ دوایی كۆچی تاڵەبانی
سێ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی یەكەمین سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردساندا تێدەپەڕێت، هێشتا دۆخی یەكێتی هی ئەوە نییە حەسودی پێ ببرێت. سەركردایەتیو مەكتەب سیاسییە كۆنەكەی حزب، كە كۆتاییەكانی 2019 لە كۆنگرەی چواردا دورخراونەتەوە، لەدوورەوە بەتوڕەییەوە تەماشای دۆخی حزبەكەیان دەكەن، ماڵباتی تاڵەبانیش كە لەدوای كۆنگرەوە جڵەوی حزبیان گرتەدەست، لەناو خۆیاندا كۆك نینو لاهور شێخ جەنگی لە دۆڵێكو قوباد تاڵەبانیو بافڵی تاڵەبانی برای لە دۆڵێكی تر.
گەنجەكانی یەكێتی، بەدیاریكراوی نەوەی تاڵەبانییەكان، تا ئەوكاتەی مەكتەب سیاسییەكانی كۆنەكانیان لە حزب وەدەرنا، پێیانوابوو پارتی لەڕێگەی ئەوانەوە دزەی كردوەتە ناو یەكێتیو خەرقی كردوون، بەڵام ئێستا خۆیان توشی ئەو خەرقبونە بونەتەوە، بارزانییەكان خەریكە بەتەواوەتی دابەشیان دەكەن بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەكدا.
لە بارزانییەوە بۆ لاهور شێخ جەنگیی
ئەمڕۆ كە یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەكەیان كردەوە، ئەم بۆنەیە گرنگ بوو بۆ ئەوەی یەكێتی جارێكی تر "چەیك"ێكی دۆخی ناوخۆیی خۆیو پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتیو لایەنە سیاسییەكان بكاتەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەناردنی پەیامێك بەم بۆنەیەوە، تۆپێكی ئاگرینی هەڵدایە ناو ماڵباتی تاڵەبانییەوەو جارێكی تر بزمارێكی كێشا بەسەر تابوتی ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا.
بارزانی لەبری هاوسەرۆكەكانو مەكتەبی سیاسی یەكێتی، پەیامی ئاڕاستەی دوو كوڕەكەی جەلال تاڵەبانی كردو زیاد لەپێویست ستایشی كردن، تا ئەو رادەیەی پێشگری "كاك"ی بۆ بەكارهێنان، كە ئەمەش شتێكی نوێو بێ پێشینە بوو بەبەراورد بە پەیامەكانی رابردووی بارزانی بۆ یەكێتیو سەركردەكانی.
لەمە زیاتر، بارزانی لە پەیامەكەیدا بەبۆنەی یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی تاڵەبانییەوە، بافڵ تاڵەبانیو قوباد تاڵەبانی وەكو "برازا"ی خۆی ناوهێناو داوایلێكردن "درێژە بە رێگای باوكیان بدەن".
پەیامەكەی بارزانی بۆ یادی تاڵەبانی زیادتر بوو لە پەیامێكی ئاسایی هەر كەسێكی سیاسی، كە بۆ بۆنەیەكی دیاریكراوی دەنوسێت، بارزانی بە ئاشكرا ئاماژەی ئەوەی دا بە سەركردەكانی دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، كە جگە لە كوڕانی تاڵەبانی، دان بە كەسی تردا وەكو هاوسەرۆكو خاوەنی راستەقینەی یەكێتیدا نانێت، بەمە بارزانی لەلایەك دەیەوێت یەكێتی بەتەواوەتی هاوشێوەی پارتی بكات بە حزبێكی بنەماڵەیی، لەلایەكی تر كوڕەكانی تاڵەبانی بكات بە گژی كوڕەكانی شێخ جەنگیی ئامۆزایاندا.
شەڕكردن لەگەڵ ئامۆزاكان لەسەر خاوەندارێتی یەكێتی، شەڕێكە كە زیاتر قوباد تاڵەبانی لێی دەترسێتو هەوڵ دەدات خۆی لێبەدور بگرێت، بەمدواییە قوباد تاڵەبانی لە نوسینێكدا باسی لەوەكرد:"ئەو جگە لە بافڵ تاڵەبانی برایەكی تری هەیە كە ناوی لاهور شێخ جەنگییە"، بەڵام ئەمجارە بارزانی دەستی گرتوونو راپێچی ناو ئەو ناكۆكییە خێزانیەیان دەكات.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی مەسعود بارزانی باوكی، پەیامی بۆ كوڕەكانی تاڵەبانی نارد، نەك یەكێتی نیشتمانی.
مەسرور بارزانی بەهەمان شێوە لە پەیامەكەیدا یەكێتی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەداو دەڵێ:" پێزانینم ئاڕاستەی بەڕێزان كاك بافلو كاك قوبادو شوێنكەوتووە راستەقینەكانی مام جەلال دەكەم"، واتا بەبڕوای ئەوان هی تریش لەناو یەكێتیدا هەن كە شوێنكەوتەی راستەقینەی كۆچكردوو تاڵەبانی نین، لەمەشدا پەنجەی ئاماژە بۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكیێتییە.
پەیامەكەی مەسعود بارزانی، ماڵباتی تاڵەبانی دڵخۆشو ماڵباتی شێخ جەنگیو كوڕەكانی نیگەران كرد، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەرۆكی كۆچكردوو تاڵەبانی كە چەند ساڵێكە بەهۆی نەخۆشییەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتوەتەوە، دەقی پەیامەكەی مەسعود بارزانی بۆ كوڕەكانی، لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردەوە.
بارزانی لاسایی تاڵەبانی دەكاتەوە
بارزانی كە رۆژگارێك بەدیاریكراویش دوای ساڵانی 2000 نیگەرانو دوردونگ بوو لە دەستوەردانی تاڵەبانی لە كێشە تایبەتەكانی ناو بنەماڵەكەی، ئەمڕۆ كە تاڵەبانی لە گۆڕەپانەكەدا نەماوە، گەمەكەی ئەو لەسەر یەكێتی تاقیدەكاتەوەو دەست بۆ كێشە هەستیارەكانی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی دەبات.
تاڵەبانی كە رۆژگارێكی زۆری ژیانی خۆی تەرخانكرد بۆ كۆتایهێنان بە دەستڕۆیشتووی بنەماڵەی بارزانی، ئەم كارەی لەژێر ناو و بەهانەی دژایەتی حوكمی خێڵەكیو دواكەوتووی ناسەردەمیانە دەكرد، بەڵام لەكۆتایدا دەستی لە خەونەكەی هەڵگرتو ئاشتەوایی لەگەڵ بارزانیدا كرد.
بەپێی قسەی ئەوانەی كە لێیەوە نزیكبوون، تاڵەبانی لەدوای ساڵانی 2000وە باوەڕی وابووە بنەماڵەی بارزانی لەناو نابرێن مەگەر ئەوەی لەناوخۆیاندا ناكۆكییان بۆ دروست ببێت، لەوكاتەوە تاڵەبانی فوی لە ئاگری ناكۆكییەكانی ناو ماڵباتی بارزانی دەكرد، هەر ئەو سەردەمە بوو كە هاوشێوەی ئێستا، نێچیرڤان بارزانی نیگەران بوو لە مەسعود بارزانی مامی، بەڵام تاڵەبانی بە زیرەكییە دیپلۆماسییەكەی خۆی پەلی گرتو لە ئەمریكاوە هێنایەوە بۆ كوردستانو لای مەسعود بارزانی قسەی خێری بۆ كرد، تاڵەبانی پێیوابوو نێچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی جیاوازترە لە ئەندامانی تری بنەماڵەی بارزانی، سەرخستنی لەناو پارتیدا بە سودی یەكێتیو كوردستان كۆتایی دێت.
سەرباری ئەوەی تاڵەبانی زۆر بە وردیو بە هەستیارییەوە ئیدارەی گەمەكەی دەدا، بەڵام هێشتا مەسعود بارزانی نیگەرانو دوردونگ بوو لە دەستوەردانی تاڵەبانی لە كێشە ناوخۆییەكانی بنەماڵەكەیو دەستلە پشتدانی نێچیرڤان بارزانی.
تاڵەبانی باوك كۆچی دوایی كردو هەرگیز بەچاوی خۆی نەیبینی نێچیرڤان بارزانی ئەو رۆڵە بگێڕێت كە ئەو چاوەڕوانی لێدەكرد، بەڵام دوای سێ ساڵ لە مردنی خۆی، ئێستا یارییەكە پێچەوانە بووەتەوە، بارزانی دەست لە پشتی كوڕەكانی تاڵەبانی دەداتو دەیەوێت گەمەیەكی نوێ لەناو ماڵباتی تاڵەبانییەكاندا رێكبخات، ئایا كوڕەكانی تاڵەبانی ئەو رۆڵە دەگێڕن كە بارزانی داوایان لێدەكات، واتا روبەڕووی ئامۆزاكانیان دەبنەوە.
16ی ئۆكتۆبەر.. قۆناغێكی نوێ
رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هاتنەپێشەوەی قۆناغێكی نوێ بوو لە پەیوەندی نێوان ماڵباتی تاڵەبانیو بنەماڵەی بارزانی.
لەم رۆژەدا هێزەكانی حەشدی شەعبی پەلاماری كەركوكو هەموو ئەو ناوچانەیاندا كە لەدوای شەڕی داعشەوە لە ناوچە جێناكۆكەكان پێشمەرگە كۆنترۆڵی كردبوون، پارتی لە سنورەكانی خۆی كشایەوە، یەكێتیش لە كەركوكو سنورەكانی خۆی، پارتیو میدیاكانی شكستی ریفراندۆمیان خستەئەستۆی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك.
ئەندازیاری رێككەوتنەكەی یەكێتی لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی كۆچكردوو تاڵەبانی بوو، كە ئەوكات هیچ پۆستێكی سیاسی لەناو یەكێتیدا نەبوو، بافڵ تاڵەبانی ئەو رۆژگارە هاتەسەر شاشەی تەلەفزیۆنو بە زمانی ئینگلیزی باسی لە وردەكاری رێككەوتنەكەی یەكێتیو حەشدی شەعبی كرد، ئەمە بارزانی نیگەرانو توڕە كرد لە یەكێتی، بارزانی ئەندازیارانی ئەو رێككەوتنەی بە "خیانەتكار" ناوبرد، دواتر ئەوانە لە فەرهەنگی سیاسی پارتیدا ناویان لێنرا "ئۆكتۆبەرچییەكان".
سەرباری ئەوەی ئەندازیاری رێككەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر بافڵ تاڵەبانی بوو، بەڵام بارزانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ ئاسایی كردوەتەوەو ئێستا تیری "خیانەتەكە"ی ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی كردووە.
لاهور كارەكتەری سەرەكی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر نەبووە، بەڵام برایەكی كە (ئاراس شێخ جەنگیی)یە، رۆژانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر لەناو كەركوك دەركەوتو هێرشی توندی كردەسەر بنەماڵەی بارزانی، ئاراس بەشداریش بوو لە رێككەوتنەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت بارزانی هێشتا لە كوڕەكانی شێخ جەنگی نیگەرانە، لە حاڵێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئاسایی كردوەتەوەو بەمدواییەش چاویان بەیەكتر كەوتووە.
كۆنگرەی چوارەمو دابڕانێك
دژایەتیكردنی پارتی، وەكو ئەوەی لە ناوچەی سلێمانی بووەتە كلتورێكی باوی سیاسی، كوڕانی تاڵەبانیو شێخ جەنگی لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا كرد بە ژمارەیەكی گەورە.
كۆنگرەی چوارەم كە یەكەمین كۆنگرەی دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەیی مێژووی حزبەكە بوو، یەكێتی لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەشی ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانی كرد، ئەمە بەریەككەوتنێكی مێژووی گەورە بوو كە رویدا، چونكە زیاتر لە 50 ساڵ لەمەوبەرو بەدیاریكراویش لە ناوەڕاستی شەشتەكانی سەدەی رابردوودا، تاڵەبانی باوك دژی حوكمی بنەماڵەیی، لە پارتی دیموكراتی كوردستانو مەلا مستەفای بارزانی جیابووەوەو دوای نزیكەی 10 ساڵ حزبێكی نوێی بەناوی یەكێتی نیشتمانی دامەزراند.
سەرباری ئەوەی كۆنگرەی چوارەم، یەكێتی هاوشێوەی پارتی كرد بە حزبێكی بنەماڵەیی، بەڵام پارتی نیگەران بوو لە دەرەنجامەكانی كۆنگرەكە، لاهور شێخ جەنگی كە بەردەوام بە توندی لەسەر پارتیو بنەماڵەی بارزانی قسەی دەكرد، زۆرینەی رەهای سەركردایەتی نوێی یەكێتی بردەوەو دواترو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەناو ماڵباتی تاڵەبانی، شانبەشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی "مام جەلال" بوو بە هاوسەرۆكی یەكێتی.
مەسعود بارزانی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، بەفەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بەمدواییانەش كە بافڵ تاڵەبانی سەردانی بارزانی كردووە، بارزانی بەو مەرجە قایل بووە، وەكو برازای خۆیو كوڕی تاڵەبانی بێتە دیداری، نەك هاوسەرۆكی یەكێتی.
پارتیو بارزانی دوای ئەوەی بێئومێدبوون لە سەركەوتنی مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا، خوازیاربوون كۆنگرەی یەكێتی لەنێوان بافڵو لاهوردا، قوباد تاڵەبانی كوڕە بچوكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی بكات بە سكرتێرو بڕیاربەدەستی یەكێتی، بەڵام ئەمە روینەدا.
ئێستا كاری سەرەكی قوباد تاڵەبانی لە حكومەت بووە بە ناوبژیكردن لەنێوان مەسرور بارزانیو لاهور شێخ جەنگی، بەمدواییە لەسەر ناكۆكی نێوان رێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆو چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ، خەریك بوو جارێكی تر پەیوەندییەكانی نێوان مەسرور بارزانیو لاهور شێخ جەنگی تێكبچێتەوە، قوباد تاڵەبانی فریاكەوتو كێشەكەی چارەسەركرد.
قوباد بۆ یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی باوكی، ئەمڕۆ نوسیبووی:" بەداخەوە لەو كاتەوە تۆ جێتهێشتووین زیاتر پەرشو بڵاوینو وەك جاران یەكڕیز نین.. ئێستا كە سێ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی تۆدا تێپەڕدەبێت بەڵێنت پێ دەدەم تا مردن لەسەر رێبازی تۆ بەردەوام دەبم. هەرچەندە لەلایەن خەڵكانێكی مافیائاساو پیسخۆرو گەندەڵەوە رێگری زۆر دەخرێتە بەردەمم..".
چارەنوسی لاهور شێخ جەنگیی
لەكۆی (121) كەس لە ئەندامانی سەركردایەتی نوێی یەكێتی، زیاتر لە (80) كەسیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدان، لاهور شێخ جەنگی بە پشتی ئەم زۆرینەیە، دوو مانگ لەمەوبەر بڕیاریدا یەكێتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان هەڵپەسێرێت تاوەكو پارتیو یەكێتی پێكەوە كۆدەبنەوەو كێشەكانیان چارەسەر دەكەن.
بەدەستپێشخەرییەكی نێچیرڤان بارزانی، یەكێتی بڕیاری هەڵپەرساردنی دانیشتنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوەو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی چووە هەولێرو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی بینیو لەگەڵ پارتی رێككەوتنیان كرد كۆببنەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.
رۆژی 11ی ئابی رابردوو، وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ وەفدی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی لە هاوینەهەواری دوكان كۆبونەوە، كۆبونەوەكە جگە لە راگەیاندنی راگرتنی شەڕی میدیایی لەنێوان هەردوولا، هیچ رێككەوتنێكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، ئەو بڕەگەی رێككەوتنەكەش رۆژی 31ی ئاب لەلایەن لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەوە پێشێلكرا، كاتێك بەئاشكرا لەبارەی روداوەكانی 31ی ئاب هێرشی توندی كردەسەر پارتی.
بڕیاربوو لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی بافڵ تاڵەبانیدا، پارتیو یەكێتی زنجیرەیەك كۆبونەوە بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام جگە لەو یەكەم كۆبونەوەیە، تائێستا هیچ كۆبونەوەیەكی تر نەكراوە.
لاهور شێخ جەنگیو لایەنگرەكانی لە سەركردایەتی یەكێتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەوە هەر هەنگاوێكیان لەدژی پارتی هەڵگرتبێت، بە زیان لێی دەرچوون، ئەوان دوای نزیكەی ساڵێك تائێستا نەیانتوانیوە هێزەكانی پارتی لە "زینی وەرتێ" دەربكەن، لە پرسی چەسپاندی لامەركەزیەتی ئیداریدا هیچ كارێكی ئەوتۆیان نەكردووە، بانگەشەی (هەڵپەساردنی پەرلەمانو كشانەوەی لە حكومەت ئەگەر لێبرینی موچە بەردەوام بێت) كە لاهور شێخ جەنگی لە تویتێكدا رایگەیاند، تائێستا هیچ لێ سەوز نەبووەو موچەی فەرمانبەرانیش وەكو خۆی بە لێبڕینەوە دابەشدەكرێت.
كێشەی نێوان پارتیو یەكێتی چییە ؟
یەكێتی یاخود راستتر لاهور شێخ جەنگیو لایەنگرەكانی كێشەیان لەگەڵ پارتیدا چییە ؟
لاهور شێخ جەنگی بانگەشەی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سیاسی دەكات لەنێوان یەكێتیو پارتیدا، هاوسەنگییەك كە لەسەر دەستی تاڵەبانی باوك لاسەنگ بووەو ئێستا بە كوڕو نەوەكانی راست نابێتەوە، تاڵەبانی كاتێك ساڵی 2005 لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ئامادەبوو دەست لە كوردستان بەربدات بۆ بارزانی، ئیتر لەوكاتەوە هاوكێشەی دەسەڵات لاسەنگ بووە، چونكە تا یەكخستنی كابینەی حكومەت لەنێوان هەردوولا، هێشتا یەكێتی لە گۆڕەپانەكەدا بەهێزتربوو، بەڵام كاتێك حكومەتی یەكگرتوو لە هەولێر رادەگەیەندرێتو تاڵەبانی دەچێتە بەغداد، پارسەنگەكە بەلای پارتیدا دەشكێتەوە.
لاهور شێخ جەنگی كە باس لە داهاتی كوردستان دەكات دەڵێ:" داهاتی نەوت نادیارەو داهاتەكان بەگشتی شەفاف نین"، بارزانی بەمدواییانە بە بەرپرسێكی یەكێتیدا پەیامی بۆ ناردوون، پشكی یەكێتی لە داهاتی نەوت دەدەن بەیەكێك لە ئەندامانی ماڵباتی تاڵەبانیو لەبارەی داهاتی نەوتەوە یەكێتی دەبێت پرسیار لە ئەو كەسە بكەن، نەك لە پارتی.
لاهور شێخ جەنگی بەمدواییە لەژێر پەردەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەراندا هەوڵیدا دەرگای شەڕێك لەگەڵ پارتی بكاتەوە، بەڵام هەرزوو قوباد تاڵەبانی یارییەكەی لێ تێكداو لە درەنگانێكی شەودا دەستكاری بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردو بەوشێوەیە بڵاویكردەوە كە خۆی دەیەوێت.
لاهور كە بێئومێد بووە لە پارتیو لەناوخۆشدا قوباد تاڵەبانیو بافڵی برای دەستیان گرتووە، ماوەیەكە شەڕی لەدژی پارتی راگرتووەو گەمەیەكی نوێی لەناو یەكێتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەستپێكردووە.
دروستكردنی لیژنەیەكی سێ كەسیی بۆ كۆكردنەوەی دارایی یەكێتی، دواین هەنگاوی سیاسی هاوبەشی لاهور شێخ جەنگییە لەگەڵ بافڵ تاڵەیانیدا، كە ئێستا كاری لەسەر دەكات، ئەم لیژنەیە داهاتی ئێستاو رابردووی ئیدارەی گشتی یەكێتیان ئەژماركردووەو دەڵێ "نزیكەی (3 ملیار) دۆلاری یەكێتی دیارنییە"، سەرباری ئەمە یەكێتی كە خاوەنی (46) كۆمپانیایە مانگانە تەنیا (2 ملیۆنو 500 هەزار) دۆلار داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی حزبەكەی (5 ملیۆن) دۆلارە.
ئەگەر ئەم هەنگاوەش سەركەوتوو نەبێت، لاهور شێخ جەنگی روبەڕووی شكستێكی نوێ دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆی ماوەتەوە تەنیا دژایەتیكردنەكەی پارتییە، كە هێشتا لە سنوری سلێمانیو دەوروبەری كاڵایەكی سیاسییە كە بۆ هەڵبژاردنەكان بەهای خۆی لەدەست نەداوە.