Draw Media

ئۆكتۆبەر.. ئەو شۆڕشەی موچەی هەرێمی بڕی

ئۆكتۆبەر.. ئەو شۆڕشەی موچەی هەرێمی بڕی

2020-10-01 18:36:07


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ساڵێك بەسەر "شۆڕشی ئۆكتۆبەر"دا تێپەڕی، ئەو شۆڕشەی كە بۆ یەكەمجار لە عێراقی دوای سەددامدا لە شەقامەوە سەرۆك وەزیرانی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد‌و لەبری ئێرانییەك ئەمجارە دۆستێكی ئەمریكای خستە سەر كورسی دەسەڵات، شۆڕشەكە بۆ شیعە ئایندەیەكی نادیارو بۆ كورد موچەبڕینی بەدوای خۆیدا هێنا. 

"نیشتمانمان دەوێت"
ئەمڕۆ ساڵێك تێپەڕی بەسەر دەستپێكردنی ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانانەی كە ناوی لێنراوە "شۆڕشی ئۆكتۆبەری"‌و بۆ جاری یەكەم لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە توانی لە شەقامەوە سەرۆك وەزیرانێك لە عێراق ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكات.
ساڵێك لەمەوبەر، ژمارەیەك لە دەرچوانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان لەنزیك نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق گردبونەوە‌و داوایان دەكرد حكومەت دایانبمەزرێنێت، هێزە ئەمنییەكان بەتوندوتیژی روبەڕوویان بونەوە‌و بڵاوەیان پێكردن، دیمەنی توندوتیژی هێزە ئەمنییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەوە، سێ رۆژ دواترو بەدیاریكراوی لە رۆژی 1ی ئۆكتۆبەردا ئەم خۆپیشاندانە بچوكە شەپۆلێك ناڕەزایەتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لە نزیك گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدادی پایتەخت، هێزە ئەمنییەكان كاتێك بینییان خۆپیشاندانەكە گەورە دەبێت، تەقەیان كرد‌و یەكەمین خۆپیشاندەری شۆڕشی ئۆكتۆبەر بەناوی "عەباس ئیسماعیل" كوژرا، رۆژی دواتر لەكاتی ناشتنی تەرمەكەیدا خۆپیشاندان هەموو ناوچەكانی تری عێراقی گرتەوە جگە لە هەرێمی كوردستان.
دروشمی "نیشتمانمان دەوێت" بوو بە ناونیشانی خۆپیشاندانەكان، دەوترێت خاوەنی یەكەمی ئەم دروشمە خۆپیشاندەرانی كەربەلا بوون، دروشمەكە كاریگەر بوو، لە كرۆكدا باسی لە دزینی نیشتمانێك دەكرد لەلایەن دەستەبژێرێك لە خەڵكانی سیاسییەوە، گەنجەكان داوایان دەكرد سیاسییەكان نیشتیمانە دزراوەكەیان بۆ بگەڕێننەوە. 
كاتێك خۆپیشاندانەكان لە پارێزگا شیعەنشینەكانی باشور فراوان بوون، حكومەتی عادل عەبدولمەهدی بۆ ماوەی زیاتر لە (14) رۆژ لەسەرتاسەری عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان هێڵی ئینتەرنێتی بڕی، تاوەكو لەم رێگەیەوە كۆنترۆڵی ناڕەزایەتییەكان بكات، لەپاڵ ئەمەدا هەوڵدرا دەنگی كەناڵەكانی راگەیاندن كپ بكرێت، ئێران نیگەران بوو لە خۆپیشاندانەكان، پێی وابوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لەپشت جوڵاندنی ناڕەزایەتییەكانەوەیە‌و دەیەوێت گەنجانی شیعە بكات بە گژی دەسەڵاتی شیعەی عێراقدا، لەوماوەیەدا میلیشیاكانی شیعە هەڵیانكوتایەسەر بارەگای ژمارەیەك كەناڵی تەلەفزیۆنی بۆ ئەوەی رێگری لە گواستنەوەی رووداوەكان بكەن.
خۆپیشاندەران بێ وەڵام نەبوون لە هێرشەكانی حكومەت‌و میلیشیاكان، لەو رۆژانەدا ئەوانیش پەلاماری كونسوڵگەری ئێرانیاندا لە نەجەف‌و كەربەلاو سوتاندیان، سەرباری ئەمە بارەگای زیاتر لە (128) حزب‌و میلیشیا چەكداریان سوتاند.

پانۆرامای شۆڕش
شۆڕشی ئۆكتۆبەر تاوەكو لە كۆتایدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ناچاركرد دەستلەكاربكێشێتەوە بەم قۆناغانەدا تێپەڕی:
•    1ی ئۆكتۆبەری 2019 چەخماخەی خۆپیشاندان لە بەغدادو پارێزگاكانی باشوری عێراق لێدرا.
•    6ی ئۆكتۆبەری 2019 حكومەت رێوشوێنی گرتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانەكان.
•    7ی ئۆكتۆبەری 2019 دوای كوژرانی (93) كەس لە خۆپیشاندەران‌و برینداربونی (4) هەزار كەس، خۆپیشاندانەكان راوەستان.
•    25ی ئۆكتۆبەری 2019 لەیادی یەكساڵەی دەستبەكاربوونی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی جارێكی تر خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە.
•    17 بۆ 24ی ئۆكتۆبەری 2019 مانگرتن راگەیەندراو دامودەزگاكان لە زۆربەی شارەكانی عێراق ئیفلیج كران.
•    27ی ئۆكتۆبەری 2019 خوێندكاران رۆژانە سەرشەقامەكان بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ‌و پاڵپشتیكردن لە ناڕەزایەتییەكانی شەقام.
•    28ی ئۆكتۆبەری 2019 لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا (46) خۆپیشاندەر كوژران‌و (28) كەسیان لە ناسریە كوژران، هەزاران خۆپیشاندەری تر هەر لەو رۆژەدا برینداربوون.
•    29ی ئۆكتۆبەری 2019 لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكاندا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دەستلەكاركێشانەوە.
•     1ی كانونی یەكەمی 2019 پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران پەسەندكرد.
•    6ی كانونی یەكەمی 2019 لە گۆڕەپانی (خەلانی) لە بەغداد (25) خۆپیشاندەر كوژران‌و (120) كەسی تر برینداربوون.
•    مانگی ئازاری 2020 بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە خۆپیشاندانەكان راوەستان.


دۆسیەی كوژراوان
ئامارێكی فەرمی لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارانی رۆژانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر لەبەردەستدا نییە، هەندێك لە سەرچاوە نافەرمییەكان دەڵێن زیاتر لە (700) كەس كوژراون‌و (25 بۆ 27 هەزار) كەسیش برینداربوون.
بەڵام بەپێی ئاماری روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە رۆژانی شۆڕشی ئۆكتۆبەردا (500) خۆپیشاندەر كوژراون.
یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران لە كابینەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دۆزینەوە‌و دادگایكردنی بكوژی خۆپیشاندەران بوو، لەم بوارەدا كازمی تائێستا هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی هەڵنەگرتووە.
كوشتنی چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی لە شۆڕشی ئۆكتۆبەردا چەند شێوازێكی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، لەوانە (تەقەكردنی راستەوخۆ بەناو خۆپیشاندەراندا، رفاندن‌و ئەشكەنجەدانی چالاكوانان، كوشتن لەرێگەی دەمانچەی بێدەنگەوە، كوشتن لە دورەوە لەرێگەی چەكی قەناسەوە)، دەوترێت هەندێك لەوانەی كە تێوەگلاون لە كوشتنی خۆپیشاندەراندا لە كامێراكانی چاودێریدا وێنەیان تۆماركراوە، بەڵام حكومەتی كازمی هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی تائێستا بكوژانی دەستگیرنەكردووە.

داواكارییەكانی شۆڕش
لەدیارترین داواكارییەكانی شۆڕشی ئۆكتۆبەری لاوانی عێراق كە تائێستا حكومەتی مستەفا كازمی نەیتوانیوە زۆربەیان جێبەجێ بكات، ئەم داواكارییانە بوون:
•    دادگایكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران
•    لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران
•    سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و دروستكردنی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن
•    كاراكردنی یاسای پارتە سیاسییەكان
•    دانانی یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەم یاسایە تائێستا لە پەرلەمانی عێراق پەسەندنەكراوە
•    داماڵینی چەكی میلیشیاكان
•    كۆتایهێنانی بە پشكێنەی تائیفی
•    دورخستنەوەی ئەو چینە سیاسییەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە حوكمی عێراق دەكەن

لەیادی شۆڕشدا
بەبۆنەی ئەم یادەوە، ئەمڕۆ چالاكوانانی عێراقی جارێكی تر رۆیشتنەوە بۆ گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان‌و یادی كوژراو و رووداوەكانی رۆژانی شۆڕشیان كردەوە، شۆڕشێك كە هەندێك دەڵێن هێشتا نەبووە بە یادەوەری‌و بەردەوامە‌و دەكرێت لە هەر ساتێكی تردا جارێكی ترو بە دەسەڵاتدارێكی تری عێراقیدا بتەقێتەوە، بەوپێیەی هۆكارەكانی دروستبوونی شۆڕشەكە هێشتا نەگۆڕاون‌و وەكو خۆیان ماونەتەوە، خەڵك چاوەڕێی گۆڕانكاری گەورەبوون روبدات، بەڵام دوای ساڵێك جگە لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێ كە بە پشتی ناڕەزایەتی شەقام گەیشتە سەر كورسی دەسەڵات، كارێكی ئەوتۆی نەكردووە‌و ئێستا كە یادی شۆڕش دەكرێتەوە، عێراق هاوشێوەی هەرێمی كوردستان توشی قەیرانی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بوەتەوە.
هاوكات دوای ساڵێك لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر، ئەم رۆژانە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە بەهێزتر بوون‌و بوەنەتە هەڕەشە بۆسەر نێرە دیپلۆماسییەكان لە ناوچەی سەوز لە بەغداد‌و هەڕەشە لەسەر چارەنوسی سیاسی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران.
كازمی هەوڵیدا بە كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان لە سەرچاوەی دارایی میلیشیا شیعەكان بدات، ئەوان بە لێدان لەناوچەی سەوز تۆڵە دەكەنەوە‌و دەیانەوێت لە پێگەی سیاسی كازمی بدەن.

كوردو شیعەو سوننە دوای شۆڕش
شۆڕشی ئۆكتۆبەر كە لەناو دڵی شیعەكاندا دەستی پێكرد، بۆیە كاریگەری گەورەكەشی زیاتر لەسەر ماڵی شیعە دەركەوت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بوبێت كە هەر لە سەرەتاكانییەوە شۆڕشەكە دڵخوازی ئێرانییەكان نەبوو، ئەنجامەكەشی بەوشێوەیە شكایەوە بۆ یەكەمینجار لە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە سەرۆك وەزیرانێك بۆ عێراق دانرا كە بەتەواوەتی لەدایكبوونی ناو بەیتی شیعی عێراق نەبوو، ئەو سەرۆك وەزیرانە كە مستەفا كازمییە تائێستا لەلایەن ئەمریكییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێت.
شۆڕشەكە زیانێكی وای بە هێزە شیعەكان گەیاند، كە تائێستاش زۆربەیان ترسیان لە پێگەی جەماوەری خۆیان هەیە‌و نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت، دەخوازن كابینەی كازمی تا كۆتایی خولی پەرلەمان بەردەوام بێت، تا ئەوكاتەی تۆزێك لە جەماوەرە لە دەستچووەكەیان لە شەقامدا كۆدەكەنەوە، بەگشتی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر، چارەنوسی دەسەڵاتی شیعەی خستە دۆخێكەوە كە سەركردەكانیان ناتوانن پێشبنی داهاتووی خۆیان بكەن. 
بۆ كورد شۆڕشی ئۆكتۆبەری عێراق موچەبڕینێكی نوێ بەدوای خۆیدا هێنا، عادل عەبدولمەهدی بەرلەوەی دەستلەكاربكێشێتەوە، كۆتایی بەو خزمەتە هێنا كە لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لەبەرامبەر پاڵپشتی سیاسی كورد، پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كرد‌و لە یاسای بودجەی 2019دا قایل بوو بەوەی هەرێم بەبێ ئەوەی نەوت‌و داهاتی ناوخۆ رادەستبكات، مانگانە موچەی فەرمانبەرانی لە بەغداد وەربگرێت. 
شۆڕشی ئۆكتۆبەر تەنیا عادل عەبدولمەهدی رانەماڵی، موچەی هەرێمی كوردستانیشی لەگەڵ خۆیدا برد، چونكە عەبدولمەهدی لە كۆتایی دەسەڵاتەكەیدا كاركردنی بە یاسای بودجەی 2019 راگرت، دوای رۆیشتنی عەبدولمەهدی چەند مانگێكی ویست تا حكومەتی هەرێم رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێدا بكات، رێككەوتنێك كە هێشتا نەخراوەتە ناو چوارچێوەی یاسای بودجەوە‌و نازانێت چارەنوسی بە كوێ دەگات.
سەرباری ئەمە، شۆڕشی ئۆكتۆبەر كە بوو بەهۆی گۆڕینی حكومەت، لەكابینەی كازمیدا پۆستی وەزیری دارایی لە كورد وەرگرتەوە‌و جارێكی تر پۆستی وەزارەتی دەرەوەی دایەوە بە كورد.
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سودمەندی یەكەم خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر بوو، سەرباری فشارە زۆرەكانی ئێران، خۆراگربوو، دواجار پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە بەرژەوەندی یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی (مستەفا كازمی) یەكلاكردەوە، ئێستا بەرهەم ساڵح خەونی هەیە بە پشتی كازمی‌و شەقامی ناڕازی عێراق، جارێكی ترو لە هاوكێشەیەكی نوێدا بۆ خولێكی تر، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق زامن بكاتەوە.
سوننەكان كە لە خۆپیشاندان‌و مانگرتنەكانی 2014ی عێراقدا لەسەردەستی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق‌و دواتریش بەهاتنی داعش بۆ ناوچەكانیان زیانی گەورەیان بەركەوت، كاردانەوەی ئەوتۆیان بۆ شۆڕشی ئۆكتۆبەری شەقامی شیعە لە عێراق نەبوو، بەبێ سودو زیانی گەورە لێی دەرچوون، بەڵام لێكەوتەكانی شۆڕشەكە لە داهاتوودا ئەگەر بەردەوام بێت، كاریگەری گەورە لەسەر ئەوانیش بەجێدەهێڵێت.

تویت بۆ یادی شۆڕش 
ئەمڕۆ بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئۆكتۆبەرەوە، سیاسییەكانی عێراق هەریەكەیان لە روانگەی خۆیانەوە بە نوسینی تویت‌و پۆستی فەیسبوك‌و بەیاننامە یادەكەیان كردەوە.
•    مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق: ئەم حكومەتە لەسەر بنەمای ئەو نەخشەرێگایە هاتووە كە جوڵانەوەی میللی سەپاندی، جەخت دەكەینەوە پابەندین بەو نەخشەرێگایەی كە لاوان بە خوێن‌و قوربانیدانی خۆیان سەپاندیان.
•    عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق تائێستا هیچی لەوبارەیەوە نەنوسیوە.
•    محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان: كاردەكەین بۆ بەشداریپێكردنی لاوان لە سەركردایەتی داهاتووی وڵات‌و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران‌و ئاشكرایكردن‌و سزادانی بكوژانی خۆپیشاندەران.
•    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق: هەڵبژاردنێكی خاوێن‌و دور لە هەژمونی چەك‌و ساختەكاریی گرنگە بۆ رۆیشتن بە ئاڕاستەی چاكسازی‌و جێبەجێكردنی مافەكانی هاوڵاتیان.
•    ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی: دوای سالێك لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر، هێشتا دەستی دەستی پێكردنی داواكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆو یاسایەكی دادپەروەرانەی هەڵبژاردن‌و لێپێچینەوە لە سەرانی گەندەڵی بەردەوامە‌و بكوژی خۆپیشاندەران‌و پارێزەرەكانیان هێشتا لەسەرەوەی یاسان.
•    عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە: شۆڕشی ئۆكتۆبەری لاوان زۆرێك لە كاروبارەكانی خستەوە سەر رێڕەوی خۆیان
•    هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح‌و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر‌و نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تائێستا لەوبارەیەوە هیچ قسەیەكیان نەكردووە.
•    حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق: رەوتی چاكسازی بەردەوامە چەنێكیش درێژەبكێشێت، دەوڵەتێكمان دەوێت كۆمانبكاتەوە، دەوڵەتێك كە بمانپارێزێت‌و چاودێریمان بكات‌و لە سەروەریی كەمی نەبێت، گەل قوربانیدانی رۆڵەكانی لەبیر ناكات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand