Draw Media

حەمكۆ یان ئەمریكا.. كامیان لەپشت هێرشەكەوەن ؟

 حەمكۆ یان ئەمریكا.. كامیان لەپشت هێرشەكەوەن ؟

2020-10-01 09:56:14


 
(درەو):
جارێكی تر هەولێر كەوتەوە بەر هێرشی موشەكی، دەزگای دژەتیرۆری پارتی دەڵێ حەشدی شەعبی هێرشەكەی ئەنجامداوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكەی نەخستوەتە ئەستۆی حەشد، لێكدانەوەی جیاواز هەیە، هەندێك دەڵێن موشەكەكان كاردانەوە‌و توڕەیی شیعەكانە لەدژی تۆمارە ڤیدیۆییەكەی حەمكۆ، هەندێكی تر دەڵێن پەیامی ئێرانە بۆ ئەمریكا بەوەی لە عێراقدا هیچ شوێنێك بۆ ئەمریكییەكان ئارام‌و سەلامەت نییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

شەش موشەك‌و چەند بۆچونێكی جیاواز

كاتژمێر (8:30) خولەكی ئەمشەو، (6) موشەك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرا، بەڵام موشەكەكان ئامانجیان نەپێكاو هیچ زیانێكی گیانی‌و مادییان لێنەكەوتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان قسەی جیاواز دەكەن لەبارەی هێرشەكەوە.
دەزگای دژەتیرۆری سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان  راستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكە دەخاتە ئەستۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و بە میلیشیا ناویان دەبات.
دژەتیرۆری پارتی دەڵێ:" موشەكەكان لە گوندی (شێخ ئەمیر)ی سەربە پارێزگای نەینەواوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە ئاڕاستەی هەولێر كراون".
بەڵام وەزارەتی ناوخۆ هەرێم بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكە دەخاتەئەستۆی حەشدی شەعبی‌و  لەبەیاننامەی خۆیدا دەڵێ:" هێرشەكە لە سنوری (بەرتەلە) لەنێوان گوندەكانی (شێخ ئەمیر)و (تەرجەلە)ەوە ئەنجامدراوەو ئەو دەڤەرەی كە هێرشەكەی لێوە ئەنجامدراوە دەكەوێتە سنوری لیوای 30ی حەشدی شەعبی".
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە تویتەر بەهەمان شێوە ناوی حەشدی شەعبی نەهێناوە، بەڵام وەكو ئاماژەیەك بۆ حەشدی شەعبی دەڵێ" هێرشەكە لەلایەن هەمان ئەو گروپانەوە ئەنجامدراوە كە هێرشی موشەكیان كردوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد".
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەبەیاننامەی خۆیدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەی نەخستوەتە ئەستۆی هیچ لایەنێك، بەڵام دەڵێ دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردوەتەوە‌و لە زوترین كاتدا وردەكاری ئەو رووداوە بڵاودەكاتەوە.
بەڵام فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق پشتڕاستیكردوەتەوە كە موشەكەكان لە (وادی تەرجەلە)ی سەربە قەزای حەمدانییە لە پارێزگای نەینەواوە ئاڕاستەی هەولێر كراون.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیی:" بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە موشەكییە دەكەم كە ئەمشەو لە هەولێر رویدا، حكومەتی هەرێم رێگە بە هیچ هەوڵێك بۆ تێكدانی ئارامی كوردستان نادات و وەڵامدانەوەی توندمان دەبێت. لەگەڵ سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی قسەم كرد لەبارەی سزادانی تاوانبارانەوە".

لیوای 30ی حەشدی شەعبی كێیە ؟

لیوای (30)ی حەشدی شەعبی كە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێ هێرشەكە لە سنوری ئەو لیوایەوە ئەنجامدراوە، هێزێكە ساڵی 2014 لەكاتی هێرشی داعش بۆسەر ناوچەكانی دەشتی نەینەوا دروستكراوە.
لەسەرەتای دروستكردنییەوە ئەم هێزە ژمارەی چەكدارەكانی (هەزارو 500) كەس بووە، دەوترێت (سەلیم جوما) پەرلەمانتاری ئەوكاتەی پێكهاتەی شەبەك، مۆڵەتی دروستكردنی هێزەكەی لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق وەرگرتووە. 
هێزی لیوای (30)ی حەشدی شەعبی لەناوچەی دەشتی نەینەوا، تاوەكو رۆژی 26ی مانگی رابردوو (وەعد قەدۆ) فەرماندەی بووە، بەڵام لەو رۆژەدا بە فەرمانێكی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەكەی لادراوە‌و (زەینعابیدین جەمیل خزر) خراوەتە شوێنەكەی.
وەعد قەدۆ برای (حەنین قەدۆ) ئەندامی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقە‌و سەربە پێكهاتەی شەبەكە.
رۆژی 18ی تەموزی 2019 نوسینگەی چاودێری دارایی بیانی كە سەربە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایە، بەپێی یاسای "ماگنتسكی" سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقدا سەپاند، یەكێك لەوانە وەعد قەدۆ بوو، ئەم پیاوە تۆمەتبارە بە سەرپێچیكردنی فەرمانی حكومەتی ناوەندی بەغداد بۆ كشانەوە لە دەشتی نەینەوا دوای كۆتایهاتنی شەڕی داعش، ئەمریكییەكان دەڵێن وەعد قەدۆ و میلیشیاكەی هۆكاری بوون بۆ ئەوەی ئاوارە مەسیحییەكانی موسڵ نەتوانن دوای لەناوچونی داعش بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، سەرباری ئەمە وەعد قەدۆ تۆمەتبار دەكرێت بە گەندەڵی‌و پێشێلكاری‌و تێوەگلان لە تیرۆركردنی ژمارەیەك كەس.
لیوای (30)ی حەشدی شەعبی لەیەكەم كاردانەوەدا سەبارەت بە هێرشەكەی هەولێر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەو ناوچەیەی كە هێرشەكەی لێوە ئەنجامدراوە، ناوچەیەكی هاوبەشە لەنێوان سوپای عێراق‌و پێشمەرگەداو پرۆسەیەكی دەستپێكردووە بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی موشەكەكانیان ئاڕاستەی هەولێر كردووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و باسی لەوەكردووە" هەندێك لە كاردانەوە خێراكان لەبارەی ئەو هێرشە موشەكییەی كراوەتە سەر هەولێر جێگەی داخن"، رەنگە لەمەدا بەدیاریكراوی مەبەستی لە بەیاننامەی دەزگای دژەتیرۆری پارتی بێت كە راستەوخۆ بەرپرسیارێتی هێرشەكەی خستوەتە ئەستۆی حەشدی شەعبی. 
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا دەڵێ:" ئەو ناوچەیەی كە لێیەوە موشەكەكان ئاڕاستەی هەولێر كراون، بۆشاییەكە لەنێوان سێگۆشەیەكدا كە سوپای عێراق‌و هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و هێزەكانی شەبەك‌و پێشمەرگەی تێدایەو دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ هێرشەكە كردوەتەوە‌و تەماشای كامێراكان دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئەو ئۆتۆمبیلەی كە موشەكەكانی هەڵگرتووە لە كوێوە هاتووە.
بەپێی چەند وێنەیەك كە بڵاوكراونەتەوە، موشەكەكان لەسەر ئۆتۆمبیلێكی جۆری "كیا" تەقێندراون‌و بەهۆیەوە ئۆتۆمبیلەكە سوتاوە.

حەمكۆ یان ئەمریكا.. كامیان لەپشت هێرشەكەوەن ؟

هێرشە موشەكییەكەی ئەمشەو بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێر كە نزیك بوو لە بنكەی "هەریر"ی هێزەكانی ئەمریكا، هاوكاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە نوێیەی كە لە عێراق بەهۆی هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا دروستبووە.
ئەمریكا هەڕەشەی كشانەوە لە عێراق دەكات ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغداد كۆتایی بەو هێرشە موشەكی‌و تەقینەوانە نەهێنن كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز‌و هێزە سەربازییەكان لە بنكەكاندا دەكەنە ئامانج.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستا سەرقاڵە بەم دۆسیەیەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆز‌و نوێنەری (25) وڵات لە بەغداد كۆبوەوە‌و دڵنیایی پێدان رێوشوێنی گرتوەتە بەر بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان لە هێرشە موشەكییەكان، بەڵام ئەمریكا بەردەوامە لەسەر هەڕەشەكانی‌و دەڵێ نەك تەنیا باڵیۆزخانەی خۆی، ژمارەیەك لە وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتۆنیش لە بەغداد دەكشێنەوە.
كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، بەواتای دەستپێكردنی زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی نوێی ئەمریكا دێت بۆسەر ئەو میلیشیا شیعانەی عێراق كە نزیك لە ئێرانەوە، ئەمەش لەكاتێكدا رودەدات تەنیا (35) رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا، كە بەلای ئەمریكییەكانەوە هەڵبژاردنێكی جیاواز گرنگە‌و لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت جیهان بەناو ئاڵنگارییەكی گەورەدا گوزەر دەكات.
لەچەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریكا لەرێگای میدیاكانەوە بڵاویانكردەوە ئەگەر باڵیۆزخانەكەیان لە بەغداد بكشێننەوە، باڵیۆزەكەیان روو لە هەولێر دەكات‌و لەوێ كاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن.
هێرشە موشەكییەكەی ئەمشەو بۆسەر هەولێر، لەلایەن هەندێك لە چاودێرانەوە وەكو پەیامێكی ئێران بۆ ئەمریكا لێكدەدرێتەوە‌و كورتەی پەیامەكە ئەوەیە" لە عێراقدا هیچ شوێنێك بۆ ئەمریكا ناوچەی ئارام نییە، تەنانەت هەولێریش".
هەندێكی تر لە میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی دەڵێن هێرشە موشەكییەكە پەیامی ناڕەزایەتی حەشدی شەعبی بووە بەرامبەر بەو سوكایەتییەی كە هونەرمەند (حەمكۆ) لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا بە ئیمامی عەلی‌و شیعەی كردووە، بەرپرسانی شیعە داوایان لە حكومەتی هەرێم كرد سزای حەمكۆ بدات، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری سكاڵای لەسەر حەمكۆ ئاڕاستەی داواكاری گشتی كرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand