Draw Media

عەلاوی پشتی پەردەی ریفراندۆمی هەرێم ئاشكرادەكات 

عەلاوی پشتی پەردەی ریفراندۆمی هەرێم ئاشكرادەكات 

2018-05-10 11:24:55


 (درەو میدیا):
ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمارو یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پشتی پەردەی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد.
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الغد)ی ئوردنی، عەلاوی ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ریفراندۆم بكات، سەردانی شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنی كردووە بەوپێیەی سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بووە، داوای لێكردووە كارێك بكات بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق.
وەكو خۆی باسی دەكات، شا عەبدوڵا بە عەلاوی وتووە، دەتوانین چ كارێك بكەین بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی عێراق، لەبەرامبەردا عەلاوی داوای لێكردووە دوور لە چاوی میدیاكان هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی عەممان یان عەقەبە بكات و پاڵپشتیان بكات بۆ ئەوەی دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن.
عەلاوی ئاماژە بەوەدەكات، شا عەبدوڵا پێشنیازەكەی قبوڵكردووە، دوای چەند كاتژمێرێك شا عەبدوڵا تەلەفۆنی بۆ كردووە و ئاگاداری كردووە لەوەی مەسعود بارزانی ئامادەی نیشانداوە لە ئامادە بێت لە ماڵی شا لە عەقەبە، دواتر پەیوەندی بە حەیدەر عەبادییەوە كردووە، بەڵام عەبادی مەرجی هەبووە و وتویەتی بەر لە دەربڕینی رەزامەندیم بۆ ئەو كۆبونەوەیە، دەبێت بارزانی بچێتەسەر تەلەفزیۆن و داوای لێبوردن بكات.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئەیاد عەلاوی باسلەوەدەكات، سێ رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بارزانی بە زمانێكی توند قسەی كردووە و پێی وتووە "كەركوك هێڵی سورە، ریفراندۆم هەنگاوێكی شكستخواردووە، پێویستە لەسەرت بۆ عێراقییەكانی ئاشكرا بكەیت چۆن گەیشتویت بەم بڕیارە، بارزانی وەڵامی دایەوە و وتی: حكومەت وەكو سەگ مامەڵەمان لەگەڵ دەكات بۆچی لە عێراق بمێنینەوە ؟".
لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەكەدا سەبارەت بەوەی بۆچی بارزانی سوربوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم بكات، عەلاوی دەڵێ: هەڵەی كرد، ئەو پلانگێڕی بوو، نامەوێت بچمە ناو ئەو بابەتەوە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand