میری نوێی کوەیت کێیە ؟

Draw Media

2020-09-29 19:32:27



(درەو):
دوای راگەیاندنی کۆچی دوایی شێخ (سوباح ئەحمەد جابر سوباح) میری کوەیت، ئێستا ئیتر هەموو چاوەکان لەسەر شێخ (نەواف ئەحمەد جابر سوباح)ن کە شوێنی میری کۆچکردوو دەگرێتەوە.

دەستوری چی دەڵێ ؟
ماددەی چوارەمی دەستورو ماددەی یەکەمی یاسای پشتاوپشتیی ئەمارەت لە کوەیت بە دەق نوسیویەتی" کوەیت ئەمارەتێکی ویراسییە لە نەوەکانی موبارەک سوباح"، ماددەی چواری هەمان یاسا دەڵێ:" ئەگەر پۆستی میر چۆڵ بوو، جێنشین دەکرێت بە میر".
ئێستا جێنشینی میری کۆچکردوو شێخ (نەواف ئەحمەد سوباح)ە، بەپێی ئەو ماددە یاساییانە دەبێت بە میری نوێی کوەیت.

شێخ نەواف کێیە ؟
شێخ (نەواف ئەحمەد جابر سوباح) زڕبرای میری کۆچکردوو (سوباح ئەحمەد جابر سوباح)ە.
شێخ نەواف شەشەمین کوڕی شێخ (ئەحمەد جابر سوباح)ە، کە دەیەمین میری کوەیت بووەو لەماوەی (١٩٢١-١٩٥٠) حوکمی کوەیتی کردووە.
بەر لە (١٤ ساڵ)و بەدیاریکراوی لە مانگی شوباتی ٢٠٠٦دا، کاتێک شێخ (سوباح ئەحمەد جابر سوباح) وەکو میری کوەیت دەستبەکاربوو، هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی بە بڕیارێک شێخ نەوافی تەزکیە کردو کردی بە جێنشینی خۆی، ئەندامانی ئەنجومەنی گەل بەپێی دەستوری وڵات، لە دانیشتنێکی تایبەتدا بەیعەتیان پێدا.
شێخ نەواف لە رۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٣٧ لە شاری کوەیت لە دایکبووە، لەماوەی تەمەنیدا بەر لەوەی ببێت بە جێنشینی ئەمیر، چەندین پۆستی سیاسی و وزاری وەرگرتووە لەوانە:
🔹 لە سای ١٩٦٢ەوە بۆ ماوەی (١٦) ساڵ پارێزگاری پارێزگای (حولی) بووە.
🔹 لە ساڵی ١٩٨٨دا بووە بە وەزیری بەرگری کوەیت.
🔹 دوای رزگارکردنی کوەیت لە دەستی سوپای سەددام، لە ساڵی ١٩٩١و لە یەکەمین حکومەتی دوای شەڕدا پۆستی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وەرگرتووە.
🔹 ساڵی ١٩٩٤ پۆستی جێگری سەرۆکی پاسەوانی نیشتمانی وەرگرتووە.
🔹 ساڵی ٢٠٠٣ پۆستی وەزیری ناوخۆی وەرگرتووە.
بەر لە نزیکەی دوو مانگ، دوای ناردنەدەرەوەی شێخ سوباحی میری کۆچکردوو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ئەمریکا، شێخ نەواف وەکو جێنشین هەندێک لە دەسەڵاتەکانی میری وەرگرت و لەشوێنی ئەو کاروباری وڵاتی بەڕێوەدەبرد.
بەپێی ئەو ژیاننامەیەی کە لە ساتی دیوانی جێنشیندا بڵاوکراوەتەوە، شێخ نەواف لە خوێندنگە جیاوازەکانی کوەیتدا خوێندویەتی و هاوسەرگیری کردووەو (٤) کوڕو کچێکی هەیە.

میرایەتی لەسەردەمی قەیرانەکاندا
پێشبینی دەکرێت دۆسیەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکێک لە دیارترین ئەجێندای کارەکانی میری نوێی کوەیت بێت، مردنی میری کوەیت لەکاتێکدایە ناوچەی کەنداوی عەرەبی گۆڕانکاری گەورە بەخوە دەبینێت، بەتایبەت سەبارەت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، کوەیت نەچوەتەپاڵ ئیمارات و بەحرەین بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
لەلایەکی ترەوە دوای زیاتر لە سێ ساڵ هێشتا قەیرانی کەنداو بەردەوامەو کوەیت و سوڵتاننشینی عوممان نەچونەتە پاڵ سعودیەو بەحرەین و ئیمارات بۆ بایکۆتکردنی قەتەر.
مردنی میر لەکاتێکدایە ناوچەکە ململانێیەکی سەخت لەنێوان ئێران و سعودیەدا بەخۆوە دەبینێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand