ترەمپو بایدن روبەڕووی یەكتر دەبنەوە
2020-09-29 12:58:20
(درەو):
ملیۆنان كەس لە ئەمریكاو سەرتاسەری جیهان چاوەڕێی میتینگە تەلەفزیۆنییەكەی ئەمشەوی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتو كاندیدی كۆمارییەكان دەكەن لەبەرامبەر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هەڵبژاردنێك كە زۆرێك لە چاودێران بە "گرنگترین" هەڵبژاردن لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكان ناوی دەبەن.
ئەمە یەكەمین میتینگی نێوان ترەمپو بایدنە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی ئەمریكاو بەرەبەیانی سبەینێ بەكاتی وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبچێت.
میتینگەكە لە زانكۆی (كیس وسترن ریسرف) لە شاری كلیفلاند لە ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەدەچێت، ئەم ویلایەتە لە كۆنەوە گۆڕەپانی سەرەكی ركابەرێتی كۆماریو دیموكراتەكان بووە لە هەڵبژاردنەكاندا.
میدیاكانی ئەمریكا پێشبینی دەكەن ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان تەماشای میتینگەكەی نێوان ترەمپو بایدن بكەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا بەر لە (48) كاتژمێر لەم میتینگە، رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵات خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە.
ئەم میتینگە دەرفەتێكی باشە بۆ زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەمریكی بۆ ئەوەی زیاتر جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بناسن، كە لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەجۆرێك لە جۆرەكان لە جەماوەرو دەنگدەرانەوە دوربووە، بایدنی تەمەن (78 ساڵ) دەیەوێت لەم میتینگەدا مەترسی دەنگدەران لەبارەی تواناكانییەوە بۆ سەركردایەتیكردنی وڵات بڕەوێنێتەوە.
بایەخی میتینگەكە لەو كاریگەرییەیدا دەردەكەوێت كە لەسەر دەنگە "خۆڵەمێشی"یەكان هەیەتی، واتا ئەوانەی كە تائێستا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگ بە كێ دەدەن، بەڵام بەلای هەندێكی تر لە دەنگدەرانەوە میتینگەكە روداوێكی ئاساییە كە تێیدا هەریەكە لە دوو كاندیدەكە دەیانەوێت ئەوی تر توشی شڵەژان بكەن لەبەردەم دەنگدەراندا.
رۆژی 3ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەچێت، ئێستا خەڵكی ئەمریكا تەنیا (35) رۆژ لەو رووداوە مێژوییەوە دورن.
لەبارەی میتینگەكەوە
• میتینگەكە لەلایەن (كریس والاس) پێشكەشكار لە تۆڕی هەواڵی "فۆكس نیوز" بەڕێوەدەبرێت، دەستەی سەرپەرەشتیاری میتینگ لەلایەن لیژنەیەكی ناحزبییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت.
• كاتی تەرخانكراو بۆ میتینگەكە تەنیا (90) خولەكە.
• لەم ماوەیەدا لەسەر (6) بابەت ترەمپو بایدن گفتوگۆ دەكەن.
• هەریەكەیان ماوەی (15) خولەك كاتیان هەیە بۆ قسەكردن.
• هەریەكە لە كاندیدەكان دەبێت لەماوەی تەنیا (2) خولەكدا وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە كە ئاڕاستەیان دەكرێت بەر لەوەی كۆمێنت لەسەر قسەی یەكتر بدەن.
ئەو شەش تەوەرەی كە دیاریكراون لە یەكەمین میتینگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا ترەمپو بایدن قسەی لەسەر بكەن ئەم تەوەرانەن:
• بەڵای كۆرۆنا
• دادگای باڵا
• ئابوری
• توندوتیژی لە شارەكانی ئەمریكا لەسەر بنەمایی رەگەزیی
• مێژووی هەردوو كاندیدەكە
• خاوێنی هەڵبژاردنەكان
لیژنەی سەرپەرەشتیاری میتینگ دەڵێ ئەگەر هەیە لە دوا ساتەكاندا بەهۆی روداوەكانی ئەم دواییەی ئەمریكاوە گۆڕانكاری بەسەر تەوەری گفتوگۆكاندا بێت، بەتایبەتیش توندوتیژی پۆلیسو مردنی (روس بادر جینسبێرگ) دادوەری دادگای باڵاو ئەو كاندیدەكەی كە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.
دوای میتینگەكەی ئەمشەوە، ترەمپو بایدن دوو جاری تر میتینگ دەكەن، یەكێكیان رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری داهاتوو لە شاری میامی ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت، ئەوی تر لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر لە شاری ناشفیڵ لە ویلایەتی تینیسی.
لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری داهاتووش لە (سولت لیك ستیڤی) لە ویلایەتی یوتا، میتینگی تەلەفزیۆنی لەنێوان (مایك پێنس) جێگری ترەمپو (كامالا هاریس) جێگری جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان بەڕێوەدەچێت.
بۆچی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە ؟
هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت جیهان بەدەست قەیرانی گەورەی كۆرۆناوە دەناڵێنێت، قەیرانێك لە لە ساڵی 1918و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئیسپانییەوە، جیهان روداوەی لەوشێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە.
جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكا دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:
• رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە كاریگەری گەورەی لەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە دروستكردووە، زۆرێك لە دیدارو كۆبونەوەكانی تایبەت بە بانگەشە هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەمریكا كۆنگرەی گەورە رێكدەخرا بۆ هەڵمەتی بانگەشەكردن.
• سەرباری ئەمە شێوازی دەنگدان بەشێوەی راستەوخۆ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاتێكی زیاتر دەخایەنێت، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت راگەیاندنی ئەندامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە كاتێكی زیاتری دەوێت.
• خەڵك ترسیان هەیە سیناریۆی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2000 دووبارە ببێتەوە، كاتێك راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ماوەی (36) رۆژی خایاند، ئەمەش بەواتای ژمارەیەكی زۆر شەڕی یاسایی دێت لە دادگاكان لەسەر بنەماكانی دەنگدان، لە ساڵی 2020دا زیاتر لە (190) سكاڵای یاسایی لە (43) ویلایەت بۆ دادگاكان بەرزكراونەتەوە.
• سەرباری ئەمە، دادگای باڵای ئەمریكا خۆی بوەتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان دیموكراتو كۆمارییەكان، مردنی خاتوو (رۆس بادر گینسبێرگ) بووە هۆی چۆڵیبوون پۆستێكی گرنگ لە دادگای باڵا، ترەمپ دەیەوێت كەسێك لە رەوتی پارێزگاران لە شوێنەكەی دابنێت، ئەگەر ئەمە روبدات ناڕەزایەتی ئەمریكییە لیبڕاڵەكانی لێدەكەوێتەوە، چونكە ترسیان هەیە ئەو مافانە لەدەستبدەن كە لەپێناویدا خەباتیان كردووە.
• لەلایەكی ترەوە ترەمپ گومانی لە شەرعیەتی دەنگدان هەیە لەرێگەی بەریدەوە، دەڵێ ئەمە ساختەكاری لێدەكەوێتەوە، سەرباری ئەمە ترەمپ رەتیدەكاتەوە بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات رادەستبكات ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بدۆڕێنێت، ئەمەش روداوێكە كە لە هیچ هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی ئەمریكا روینەداوە.