Draw Media

حكومەتی هەرێم چاوەڕێی پارەكەی بەغدایە

حكومەتی هەرێم چاوەڕێی پارەكەی بەغدایە

2020-09-29 12:39:02


 
درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان (413 ملیار) دیناری بۆ موچەی مانگی نیسان لەبەردەستەو چاوەڕێی (320 ملیار) دینارەكەی بەغدایە تا بە لێبڕینی (18%)ەوە موچە دابەش بكات.
كۆتای مانگی ئەیلولەو تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی نیسانی دابەش نەكردووەو چاوەڕەوانی پارەكەی بەغداد (320 ملیار) دینارەكەیە تا موچە دابەش بكات.
هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایگەیاند: بەدواداچوونمان بۆ دواكەوتنی موچە كردووە، حكومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار) دیناری ئامادەیە بۆ موچە، چاوەڕێی پارەكەی بەغداد دەكات، بۆ ئەوەی بە لێبڕینی (18%)ەوە كە دەكاتە (161 ملیار) موچەی مانگی نیسان دابەش بكات، كە كۆی موچە بە لێبڕینی (18%) ەوە دەكاتە (733 ملیار) دینار لە كۆی (895 ملیار) دینار.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 17/8/2020 موچەی مانگی رابردووی دابەشكرد، بۆیە تا ئێستا (44) رۆژە، حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی دابەش نەكردووە.
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە (14) مانگی تەمەنیدا كابینەی نۆیەم (12) موچەی دابەشكردووە، وەزیری ئاوەدانكردنەوە مانگی ئەیلولی ئەژمار نەكردووە، كە ئێستا لە كۆتایی مانگی ئەیلولداین و هێشتا موچەی مانگی نیسان دابەش نەكراوە، واتا حكومەت موچەی شەش مانگ قەرزاری موچەخۆرانە مانگەكانی ( 4، 5، 6 ، 7 ، 8 ، 9) واتا سێ مانگی پاشەكەوتی كابینەی پێشووەو سێ مانگی ئەم كابینەیە.
ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕەوانی پارەكەی بەغدایە كە (320 ملیار) دینارە، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتیعێراق تا ئێستا دەستی نەكردووە بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول و باس لە دواكەوتنی موچە دەكرێت، سەرچاوەیەك لە بەغدادەوە بە (درەو)ی راگەیاند: ئەگەرچی پێشتر لە 17-18ی مانگ موچەی چەند وەزارەتێك دابەشدەكرا، بەڵام حكومەت راستە كێشەی یەدەگی دارایی هەیە بەڵام دەیەوێت موچەی تەواوی وەزارەتەكان بخاتە سەری مانگەوەو هەروەك چۆن مانگی رابردوو وای كردوو لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا موچەی تەواوی وەزارەتەكانی دابەشكرد.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، هەر كات بەغداد بڕیاری دابەشكردنی موچەی دا كە ئەگەری زۆرە پێنج شەمم بێت، ئەو كات پارەیكەی هەرێمیش دەنێرێت، چونكە پارەكەی هەرێم لە چوارچێوەیموچە دایەو سێەم وەزارەتە لە ناو لیستی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی عێراقدا.
بە پێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، حكومەتی عێراق (320 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام ناردنەكە سێ جارە نەك سێ مانگ، بۆیە عێراق یەك جار پارەكەی ناردووەو تا سەری ساڵ دوو جاری تر دەینێریت، بۆیە چاوەڕوانیش دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تەنها دووجاری تر موچە دابەشبكات.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand