Draw Media

لەبارەی شەڕی ئەرمینیا‌و ئازەربایجان

لەبارەی شەڕی ئەرمینیا‌و ئازەربایجان

2020-09-28 15:43:27


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
شەڕێكی نوێ لە باشوری قەوقاز دەستێكرد، ئەمە دەرگای ئابوری ئاسیایە بەڕووی ئەوروپادا، دوو هێڵی گواستنەوەی نەوت‌و غاز دەكەونە نزیك شوێنی شەڕەكە، توركیا دەیەوێت جێ پێی خۆی لە قەوقاز بكاتەوە‌و كارتێكی نوێى لەبەرامبەر روسیا دەستكەوێت، ئێران ئێستا بای داوەتەوە‌و چیتر پشتگیری لە ئازەربایجان ناكات، خەونی ئەوروپییەكان بۆ دەستبەرداربوونی لە وزەی روسیا لەبەردەم مەترسیدایە، كێشەی هەرێمی كەرەباخ‌و لێكەوتە سیاسی‌و ئابورییەكانی لەم راپۆرتەدا بخوێنەرەوە.

شەڕێك بە رەهەندی جیهانییەوە 
دوێنێ پێكدادان لەنێوان سوپای ئازەربایجان‌و ئەرمینیا رویدا، نیكۆل باشنیان سەرۆكی ئەرمینیا دەڵێ ئازەربایجان لەرێگەی تۆپخانەكانی‌و لە ئاسمانیشەوە هێرشی كردوەتە سەر وڵاتەكەیان، ئازەربایجان رەتیدەكاتەوە‌و دەڵێ سەرەتا ئەرمینیا هێرشی كردووە‌و ئەوان وەڵامیان داوەتەوە.
شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە كە ئەمڕۆش بەردەوام بوو، هەرزوو لەسەر ئاستی جیهان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. تەقینەی شەڕی دوێنێی ئەم دوو وڵاتە دوای لێدوانێكی هەفتەی رابردووی ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان دێت كە وتی:" لە دانوستانەكان سەبارەت بە كەرەباخ دەكشێینەوە‌و مافی ئەوەمان هەیە كێشەكە بەرێگەی سەربازی چارەسەر بكەین". 
بەڵام تەقینەوەی كێشەكانی ناوچەی قەوقاز زۆر لەوە گەورەترە بەتەنیا كێشەی نێوان دوو دەوڵەت بێت كە سنوری هاوبەشیان بەیەكەوە هەیە، بەڵكو ململانێی ژمارەیەك وڵاتە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچەیەدا كە دەرگای كیشوەری ئاسیایە بەڕووی ئەوروپادا. 

توركیا‌و روسیا لە شەڕی كەرەباخدا
شەڕەكە رەهەندێكی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، روسیا كە چەك بە ئازەربایجان‌و ئەرمینیاش دەفرۆشێت، لەم كێشەیەدا پاڵپشتی لە ئەرمینیا دەكات. توركیاش كە لەبارەی رەشەكوژی ئەرمەنەكانی لە ساڵی 1915 لەسەر دەستی عوسمانییەكان كێشەی لەگەڵ ئەرمینیادا هەیە، پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكات‌و ئەم پاڵپشتییەش نوێ نییە‌و مێژوویەكی كۆنتری هەیە.
هەندێك پەیوەندی بەهێزی نێوان توركیا‌و ئازەربایجان بۆ نزیكی رەگەزیی دەگێڕنەوە، بەوپێیەی گەلی ئازەربایجان كە ئازەرین، رەگەزیان توركه، سەرباری ئەمەش گەلی هەردوو وڵات موسوڵمانن، هەرچەند لەڕووی مەزهەبییەوە جیاوازن‌و ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەمەزهەبن‌و توركەكان سوننەن، بەڵام ئەرمینیا خەڵكەكەی مەسیحین.
وڵاتانی خۆرئاواش بە گشتی، كە چاویان لە كێڵگەكانی نەوت‌و غازی ئازەربایجانە لە دەریای قەزوین، داوا دەكەن بەشێوەی دانوستان كێشەكە لەچوارچێوەی كارەكانی رێكخراوی ئاسایش‌و هاریكاری ئەروپادا چارەسەر بكرێت، كە چەندین ساڵە لەوبوارەدا كاردەكات.
دەوترێت ئەم ساڵانەی دوایی بەهۆی داهاتی نەوتەوە، ئازەربایجان سوپاكەی نوێكردوەتەوە‌و چەكی تازەی كڕیوە، لەماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2014 ئازەربایجان خەرجی سەربازی خۆی (20 هێندە) زیادكردووە، پێشتر سەرۆكی ئازەربایجان لەمبارەیەوە بە شانازییەوە وتی:" تەنیا خەرجی سەربازیمان لە هەموو بودجەی ئەرمینیا زیاترە"، ئەرمینیاش سەرباری ئەو دۆخە ئابورییە سەختەی بەهۆی داخستنی سنورەكان لێی لەلایەن ئازەربایجان‌و توركیاوە توشی بووە، بەڵام هەوڵیداوە پێ بەپێی ئازەربایجان پەرە بە توانا سەربازییەكانی بدات لەرێگەی كڕینی چەكەوە لە روسیا، واتە روسیا هەردوو لایەنی شەڕەكە لەناوچەی باشوری قەوقاز پڕچەك دەكات.
روسیا لە ئاستی بایەخی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ كێڵگە نەوتەكانی ئازەربایجان لە دەریای قەزوین تێگەیشتووە، چونكە لەگەڵ رودانی شەڕەكەی دوێنیدا لەنێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیا، وڵاتانی خۆرئاوا مەترسییان لێ نیشت شەڕەكە لەو ناوچەیەدا پەرەبسەنێت كە دەكەوێتە نزیك هێڵی بۆرییەكانی باشوری قەوقاز لە ئازەربایجان، لەم ناوچەیە دوو هێڵ هەن كە نەوت‌و غاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەگوازنەوە، ئەوروپییەكان كە خوازیارن دەستبەرداری وزەی روسیا ببن، نایانەوێت ئەم هێڵانەی ئازەربایجان زیانیان پێبگات، بەتایبەتیش كە هەردوو هێڵەكە بەلای هەرێمی كەرەباخدا تێدەپەڕن، هەروەك شەڕەكە زیان بە خەونی ئەوروپییەكانیش دەگەیەنێت بۆ دروستكردنی ژمارەیەكی زیاتری هێڵی گواستنەوەی نەوت‌و غاز لە ئازەربایجانەوە، كە ئەمە یەكێكە لە پرۆژەكانیان بۆ داهاتوو. 
توركیا سەرباری كێشە مێژوویەكەی لەگەڵ ئەرمینیا سەبارەت بە كەیسی رەشەكوژی ئەرمەنەكان، لەڕووی ئابورییەوە چاوی لەسەر ناوچەكەیە، سەركردەكانی توركیا دەیانەوێت ئاستی پشتبەستنی وڵاتەكەیان بە وزەی روسیا كەمبكەنەوە، ئەو غازەی كە توركیا لە روسیای دەكڕێت نرخەكەی نزیكەی یەك هێندە زیاترە لەوەی كە روسیا بە یەكێتی ئەوروپای دەفرۆشێت، بۆیە ئازەربایجان وەكو گەورەترین وڵاتی هەناردەكاری نەوت بۆ یەكێتی ئەوروپا، جێگرەوەیەكی گرنگە بۆ توركیا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە گرێبەستی غازی توركیا لەگەڵ روسیا لە ساڵی 2021دا چاوەڕێی نوێكردنەوەیە، توركیا ئەگەر بتوانێت جێ پێی خۆی لەناوچەی قەوقازدا بكاتەوە، كارتێكی بەهێزی دەستدەكەوێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ روسیا لە داهاتوودا.
بۆ ئەم شەڕە ئابورییە گەورەیە، توركیا بۆ پاڵپشتیكردن لە ئازەربایجان سود لە كێشەی توركە ئازەرییەكانی هەرێمی كەرەباخ وەردەگرێت، قسەوباس هەیە توركیا "مورتەزەقەی سوریا"ی رەوانەی ئازەربایجان كردووە بۆ پاڵپشتیكردن لە سوپای ئەو وڵاتە دژ بە ئەرمینیا.
توركیا كە لەسەر كێشەی سوریا‌و لیبیا لەگەڵ روسیا ناكۆكە، بە دەستوەردانی لە كێشەی هەرێمی كەرەباخدا دەرگایەكی تری ناكۆكی لەگەڵ روسیا كردەوە.

ئێران‌و كێشەی كەرەباخ
هەڵوێستی ئێران لە كێشەی ئەمجارەی هەرێمی كەرەباخدا جێگەی سەرسوڕمانە، ئێران كە پێشتر لە ململانێی نێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیادا پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكرد، ئێستا هەڵوێستی گۆڕیوە‌و پاڵپشتی ئەرمینیا دەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە پەیوەندییەكی رۆشنبیری‌و رەگەزی‌و ئاینيی بەهێز لەنێوان ئێران‌و ئازەربایجاندا هەیە، نزیكەی یەك لەسەر سێی خەڵكی ئێران لە رەگەزی ئازەرین، زۆرینەی گەلی ئازەری شیعەمەزهەبن‌و پەیڕەوی لە مەرجەعە ئاینییەكانی ئێران دەكەن لە قوم‌و تەورێز.
حوەزیرانی رابردوو ژمارەیەك خەڵكی ئازەری لە تارانی پایتەخت خۆپیشاندانیان كرد بۆ پاڵپشتیكردن لە ئازەربایجان لە شەڕەكەیدا دژی ئەرمینیا، دەسەڵاتدارانی ئێران (10) كەس لە خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركرد. ئێران‌و ئازەربایجان (760 كیلۆمەتر) سنوریان بەیەكەوە هەیە، هەردوكیان دەكەونە سەر دەریای قەزوین كە ئەمبارێكی گەورەی نەوت‌و غازە.
ناكۆكی نێوان ئێران‌و ئازەربایجان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەسەڵاتدارانی تاران، ئازەربایجان كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (10 ملیۆن) كەسە، بەبەشێك لە ئێران دەزانن‌و دەڵێن بەشێكە لە پارێزگای "ئازەربایجان"ی ئێران، ئەمە بابەتێكە كە ئازەربایجان رەتیدەكاتەوە.
هەندێك لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن تاران هەوڵی لاوازكردنی ئازەربایجان دەدات بۆئەوەی چیتر ئازەرییەكانی ئێران داوای مافی زیاتری خۆیان نەكەن، سەرباری ئەمە ئێستا پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا بەرفراوانتر بووە‌و ئەرمینیا یەكەمین كڕیاری وزەی ئێرانە.
لەلایەكی ترەوە ئێران لە پەیوەندییەكانی ئازەربایجان لەگەڵ ئیسرائیل دەترسێت‌و نایەوێت ئیسرائیل لەرێگەی ئازەربایجانەوە بێتە سنورەكانییەوە.

لەبالارەی كەرەباخەوە
(ناجورنو كەرەباخ) ناوچەیەكی شاخاوییە لەناو خاكی ئازەربایجاندا، زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنین‌و لەلایەن دەوڵەتی ئەرمینیای دراوسێوە پشتیوانیان لێ دەكرێت. 
وشەی (ناجورنو) بە زمانی روسی بەواتای "بەرزاییەكان" دێت، وشەی (كەرەباخ)یش بە زمانی ئازەری بەواتای "باخی رەش" دێت.
ئەوانەی سەربە نەتەوەیی ئەرمەنن، ناوە ئەرمەنییەكە بۆ ناوهێنانی ناوچەی (ناجورنو كەرەباخ) بەكاردەهێنن كە وشەی "ئارتساخ"ە، ئارستاخ بەواتای "دارستانی ئار" دێت، "ئار" خوداوەندی خۆرە لەلای ئەرمەنە دێرینەكان. 
هەرێمی كەرەباخ دەكەوێتە بەشی خۆرئاوای ئازەربایجانەوە، نزیكەی (270 كیلۆمەتر) لە شاری باكۆی پایتەختەوە دورە، روبەری هەرێمەكە نزیكەی (4 هەزارو 400) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە‌و رێژەی 15%ی خاكی ئازەربایجان پێكدەهێنێت.
شاری (ستیباناكرت) پایتەختی هەرێمەكەیە كە دەكەوێتە سەر لوتكەی شاخێك بەبەرزی (750 مەتر) لەسەر روی دەریاوە، ئەم شاری لەدوای شۆڕشی بەلشەفی لە ساڵی 1917دا لەسەر ئاسەواری گوندی (خان كندی) دروستكراوە‌و ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (ئیستبانا كیرت) وەكو ئاماژەیەك بۆ رێبەری شیوعی بەلشەفی (ئیستبانا شاهومیان) كە لە گۆڕەپانی ناوەڕاستی شارەكەشدا پەیكەرێكی بۆ دانراوە.
بەپێی ئەو سەرژمێریەی كە دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا لە كانونی دووەمی 2016دا كردویانە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەكە زیاتر لە (148 هەزار) كەسە، لەم رێژەیە 95%ی خەڵكەكە ئەرمەنن‌و ئەوەی دەمێنێتەوە لە پێكهاتەكانی ترن.

كێشەی كەرەباخ
دوای كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهان‌و شۆڕشی بەلشەفی لە روسیا، رژێمی نوێی سۆڤیەت لەسەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوودا لەچوارچێوەی سیاسەتی "پەرتكە‌و زاڵبە"، ناوچەی خۆبەڕێوەبەرێتی لە (ناجورنو كەرەباخ)ی لەناو خاكی كۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی پێشوودا دامەزراند، كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنی بوون.
جۆزیف ستالین رێبەری سۆڤیەت لە ساڵی 1923 بڕیاریدا هەرێمی كەرەباخ بە شێوەی خۆبەڕێوەبەرێتی بخاتەسەر ئازەربایجان، ئەمە لەكاتێكدا بوو هەرێمی (ناختشیڤان) كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئازەری بوون لەناو خاكی ئەرمینیا وەكو خۆی هێشتەوە، ستالین ئەمەی كرد بۆ ئەوەی ریشەی ناكۆكییەك لەنێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیا دروست بكات‌و لەو رێگەیەوە وا بكات حكومەتی ناوەندی لە مۆسكۆ بەردەوام دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكەدا بڕوات. 
بۆیە كاتێك یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی دەوروبەریدا نەما، ئیتر لە ساڵی 1988 ناكۆكییەكان لەنێوان ئەرمینیا‌و ئازەربایجان لەبارەی خاوەندارێتی ناوچەی كەرەباخ تەقییەوە، كاتێكیش لە ساڵی 1991 هەردوو دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان لە یەكێتی سۆڤیەت وەرگرتەوە، ناكۆكییەكان گەیشتنە لوتكە، ئەم ناكۆكییە یەكێكە لە "ململانێ چەقبەستووەكان"ی دوای سەردەمی سۆڤیەت لەسەر ئاستی جیهان.
لەگەڵ روخانی یەكێتی سۆڤیەت لە كۆتاییەكانی ساڵی 1991دا، كەرەباخ خۆی وەكو كۆمارێكی سەربەخۆ راگەیاند، ئەمە دۆخەكەی لە ململانێوە گۆڕی بۆ جەنگێكی گشتگیر‌و لە دەرەوەش دان بە كەرەباخدا نەنرا وەكو "دەوڵەتی ئەمری واقع"، تەنانەت ئەرمینیا خۆشی دانی بە دەوڵەتەكەی كەرەباخدا نەنا.
سەرباری ئەوەی ئەرمینیا بەفەرمی دانی نەنا بەسەربەخۆیی ناوچەی كەرەباخدا، بەڵام هەر بەردەوام بوو لە پاڵپشتیكردنی دارایی‌و سەربازی ئەرمەنەكانی ناوچەكە. 
ئەوكات حكومەتی ئازەربایجان هێزی نارد بۆ كۆنترۆڵكردنی هەرێمەكە، لەبەرامبەردا ئەرمینیا پاڵپشتی لە ئەرمەنەكانی كەرەباخدا كرد‌و شەڕ دەستی پێكرد‌و كۆتایی بە ژیانی زیاتر لە (30 هەزار) كەس لە ئەرمەن‌و ئازەرییەكانی ناوچەكە هێنا. 
جگە لە زیانە گیانییەكان، شەڕەكە دۆخێكی دیمۆگرافی‌و جوگرافی نوێی لە ناوچەكە سەپاند، زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 200 هەزار) كەس لە دانیشتوانی هەرێمەكە بەدوو ئاڕاستەی ئاوارەبوون، زۆرینەی ئاوارەكان كە ئازەرییەكان بوون ئاوارەی ناو ئازەربایجان بوون، هەندێك لە ئەرمەنەكانیش كۆچیان كرد بۆ ئەرمینیا. 
لەم شەپۆلی ئاوارەبوونەدا جارێكی تر ئەرمەنەكان بوون بە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی كەرەباخدا، چونكە بەپێی راپۆرتەكان ئەوكات ئازەرییەكان رێژەی 25%ی دانیشتوانی ناوچەكەیان پێكهێناوە‌و دوای شەپۆلی كۆچكردنەكە رێژەیان زۆر كەمیكردووە.
ئەرمەنەكان سەرباری ئەوەی دەستیانگرت بەسەر هەرێمەكەدا، حەوت ناوچەی تری ئازەرییان لەسەر سنور كۆنترۆڵكرد بۆ ئەوەی هێڵی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئەرمینیا زامن بكەن، دەوترێت روبەری ئەو ناوچانەی كە ئەرمەنەكان لەسەر سنور دەستیان بەسەردا گرتووە (20%)ی كۆی گشتی خاكی ئازەربایجانە. 
ساڵی 1993 لە هەوڵێكدا بۆ راگرتنی شەڕ، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (822)ی دەركرد‌و دوای كرد هێزەكانی ئەرمینیا لە كەرەباخ بكشێنەوە، ئەرمینیا پابەندنەبوو بە بڕیارەكەوە. 
ساڵی 1994 بەنێوەندگیری روسیا، رێككەوتنی ئاگربەست ئیمزاكرا، بەپێی رێككەوتنەكە كەرەباخو روبەرێكی خاكی ئازەرەكان ناوچەكە، كەوتنەژێر كۆنترۆڵی ئەرمینیا، بەڵام ئەمە كۆتایی جەنگ نەبوو، تائێستاش هەردوو وڵات لە حاڵەتی شەڕدان، چونكە ئەوەی كە كردیان رێككەوتنی ئاگربەست بوو نەك پەیماننامەی ئاشتی. 
لەوكاتەشەوە بەهۆی پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەستەوە، چەندین سەرباز لە هەردوولا كوژراون، داخستنی سنورەكانیش لەلایەن توركیا‌و ئازەربایجانەوە كێشەی گەورەی ئابوری بۆ ئەرمینیا دروستكردووە. 
لەدوای رێككەوتنی ئاگربەستەوە، رێگاكە گەیشتوەتە بنبەست، ئازەرییەكان خەم بۆ لەدەستدانی خاكی كەرەباخدا دەخۆن كە بە مافی خۆیانی دەزانن، ئەرمەنەكانیش بەهیچ جۆرێك ئامادەنین دەست لە ناوچەكە هەڵگرن.
روسیا‌و فەرەنسا‌و ئەمریكا سەرۆكایەتی گروپێك دەكەن بەناوی "مینسك" كە دەكەوێتە ناو رێكخراوی ئاسایش‌و هاریكاری ئەوروپاوە، ئەم گروپە كار بۆ دانانی سنورێك دەكەن بۆ ناكۆكییەكانی ناوچەی كەرەباخدا.
ساڵی 2006 ئەرمەنەكانی كەرەباخ جارێكی تر هەرێمێكی سەرباخۆییان لەژێر چەتری دەستورێكی نوێدا راگەیاند‌و جیابونەوەی هەرێمەكەیان لە ئازەربایجان راگەیاند‌و شاری (ئیستیانا كریت)یان كرد بە پایتەختی كۆمارە سەربەخۆكەیان.
حوزەیرانی 2011 سێرج سەركیسیان سەرۆكی ئەوكاتی ئەرمینیا‌و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربایجان لەشاری (قازان)ی روسیا لەژێر سەرپەرەشتی دیمیتری میدڤیدیڤ سەرۆكی ئەوكاتی روسیا زنجیرەیەك كۆبونەوەیان كرد، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر چوارچێوەیەك كە هەردوولا پابەند بكات بە رەتكردنەوەی بەكارهێنانی هێز بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەرەباخ.
لە پێنجی تەموزی 2015دا ئازەربایجان رایگەیاند هێزە سەربازییەكانی توانیویانە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەرمینیا بخەنەخوارەوە كە بەمەبەستی هەواڵگری بەسەر ناوچە ئازەرنشینەكانی "تەر تەر"دا سوڕاونەتەوە لەنێوان هەردوو وڵات. 
چەند مانگێك دوای ئەم رووداوە پێكدادان لەنێوان هەردوولا زیادیان كرد، دۆخەكە گەیشتە ئاستێك رێكخراوی ئاسایش‌و هاریكاری ئەوروپا رایگەیاند، چیتر دۆخەكە بەرگەی لەوە زیاتر ناگرێت. 
پەرەسەندنی روداوەكان وایكرد ئازەربایجان لە كانونی یەكەنی 2015دا بۆ جاری یەكەم دوای 20 ساڵ تانكی بەكارهێنا لەدژی هێزی ئەرمەنە سەربەخۆخوازەكانی هەرێمی كەرەباخ. 
رۆژی 2ی نیسانی 2016 ئازەربایجان‌و ئەرمینیا یەكترییان تۆمەتباركرد بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست، بەڵام دۆخەكە بەم شێوەیە كۆتایی هات.

ئابوری كەرەباخ
دانیشتوانی هەرێمی كەرەباخ بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ دابینكردنی بژێوی خۆیان پشت بە كشتوكاڵ دەبەستن، لەمەشدا سود لە ئاوی روبارەكان‌و باران دەبەستن كە لە وەرزی هاوینیشدا دەبارێت، لەم ئاوە وزەی كارەباش بەرهەمهێنراوە. هەندێك كەسیش لە دانیشتوانی ناوچەكە كار لە بواری پەرەپێدانی ئاژەڵ‌و پیشەسازی بچوكدا دەكەن. 
دەسەڵاتدارە سەربەخۆخوازەكانی هەرێمەكە یارمەتی دارایی لە ئەرمینیا‌و رەوەندی ئەرمەنی لە تاراوگە وەردەگرن، سەرباری ئەمە ئەمریكا لەژێر كاریگەری لۆبی گروپە ئەرمەنییەكاندا، گەورەترین پشكی یارمەتییە داراییەكانی بۆ وڵاتانی جیهان بە ئەرمینیا دەدات. 
دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە هەوڵی راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی دەدەن بۆ پەرەپێدانی بوارەكانی بیناسازی‌و كانەكانی ئاڵتون‌و مس‌و پەیوەندییەكان‌و بانك‌و هۆتێلەكان‌و پیشەسازی كشتوكاڵی لەنمونەی دروستكردنی شەراب لە كراباخ. زۆرینەی وەبەرهێنەرانی بیانی كە رویان لە كەرەباخ كردبێت لە روسیاو ئەمریكا‌و فەرەنسا‌و بەلیجكا‌و سویسراو ئوسترالیاوە بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand