Draw Media

عەدنان عوسمان: لە شوێنی خۆم بەردەوام ئەبم

عەدنان عوسمان: لە شوێنی خۆم بەردەوام ئەبم

2020-09-16 09:56:53


(درەو):
عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی‌و وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان دەستەكاركێشانەوەكەی كشاندەوە‌و لە پۆستەكانی خۆی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت.
عەدنان عوسمان لە تویتێكدا لە توڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" لەشوێنی خۆم بەردەوامم‌و بەردەوام ئەبم.. ئاڵاكەی نەوشیروان مستەفا شەكاوە ئەبێت".
بەم تویتە، عەدنان عوسمان كۆتایی بەشێك لە ناكۆكییەكەی خۆی لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی راگەیاند‌و گەڕایەوە سەر كارەكانی خۆی وەكو سكرتێری جڤاتی نیشتمانی‌و وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامی خانەی راپەڕاندن.
رۆژی 15ی ئەم مانگە، هاوكات لەگەڵ تێپەڕینی ماوەی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی خانە رادەستی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن كرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كێشەی عەدنان عوسمان لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندی بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەوە هەبووە لە پەرلەمانی كوردستان‌و چەند كێشەیەكی تر.
رێكخەری گشتی پشتیوانی دانانی پەرلەمانتار (شاخەوان رەئوف) دەكرد لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن، عەدنان عوسمان‌و دەرباز محەمەد وەكو دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندن پاڵپشتییان لە دانانی پەرلەمانتار (دابان محەمەد) دەكرد.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، فراكسیۆنی گۆڕان بەزۆرینەی دەنگ لە ناو هۆڵی فراكسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان، (دابان محەمەد)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان هەڵبژارد، لەو هەڵبژاردنەدا لە كۆی (12) ئەندامی فراكسیۆنەكە (7) ئەندام بەشدارییان كردو دەنگیان بە (دابان محەمەد) دا، (5) ئەندامەكەی تر بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان كرد.
عومەر سەید عەلی دژی هەڵبژاردنەكە بوو، دانی پێدا نەنا، بەوهۆیەوە كێشە دروستبووە، چوار دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەچووە بەبێ ئەوەی ئەو (7) ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری تێدا بكەن، پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن هێشتا یەكلانەبووەتەوە‌و (بەڵێن ئیسماعیل) بەشێوەیەكی كاتی لەسەر كورسی سەرۆكی فراكسیۆن لەناو پەرلەمان دادەنیشێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوكات لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكەی خۆی، عەدنان عوسمان كێشەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی چارەسەر كردووە‌و رێكخەری گشتی قایل كراوە بەوەی (دابان محەمەد) پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكە وەربگرێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو (دابان محەمەد)‌و ئەو پەرلەمانتارانەی كە دەنگیان پێداوە بگەڕێنەوە بۆ ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand