Draw Media

پەڵكانە؛ ئەو گوندەی سێ ساڵە بێ ململانێ نەبووە

پەڵكانە؛ ئەو گوندەی سێ ساڵە بێ ململانێ نەبووە

2020-09-16 07:36:42


 راپۆرتی: كاروان ساڵحی – كەركوك ناو
گوندی پەڵكانە؛ سێ ساڵە لە بارگرژی و ململانێی دوو نەتەوە و دوو حكومەتدایە، بێ ئەوەی هیچ لایەكیان چارەسەری یەكجاریی كێشەی ناوچەكەی پێبێت.

لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە، چەندینجار ئاڵۆزی و ناكۆكی كەوتۆتە نێوان كورد و عەرەبەوە، لەسەر خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پەڵكانەی پارێزگای كەركوك.
(گوندی پەڵكانە لە ناحیەی سەرگەڕان-ی قەزای دوبز لە باكوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك، گوندی پەڵكانە لەروی ئیدارییەوە سەر بە كەركوكە بەڵام دۆسیەی ئەمنی لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدینە)  
"بەڵگەی فەرمی دادگا و كشتوكاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەمان هەیە، ئەو زەوییانە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵام ئەو خێزانە كوردانەی لە گوندەكەدان هیچ بەڵگەیەكیان پێنییە" ئەحمەد غەزال، یەكێك لە شێخەكانی هۆزی شەممەر وای وت.
ژمارەیەك لە شێخەكانی ئەو هۆزە ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلول، لە گوندی رافیدینی نزیك دوبز بە دوری 20 كیلۆمەتر لە پەڵكانە گردبونەوە و داوایانكرد، رێگە بە گەڕانەوەیان بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی پەڵكانە بدرێت.

هۆكاری گواستنەوەی گردبونەوەكە بۆ رافیدین لە بری پەڵكانە، بەهۆی رێگریی هێزە ئەمنییەكانەوەیە لە روماڵی راگەیاندن و گەیشتنی رۆژنامەنوسان بە پەڵكانە، بەوتەی شێخەكانی شەممەر.

تائێستا 12 جار هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان هه‌وڵیانداوه‌ له‌ گونده‌كه‌دا جێگیرببنه‌وه

غەزال بە (كەركوك ناو)ی وت "گلەیی ئێمە لە پەرلەمانتارانی عەرەبە، لەسەر شانی ئێمە بون بە پەرلەمانتار و ئێستا كەسیان لە كێشەكانمان ناكۆڵنەوە".
پەڵكانە و چەند گوندێكی تری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز-ی پارێزگای كەركوك، زیاتر لە 10 جار بونەتە جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵك‌ و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەكە و زەوییە كشتوكاڵییەكانی، بەوتەی كورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەركردنیان دەدرێت، لەكاتێكدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.
یوسف محەمەد عەلی، ئەنجومەنی گوندی پەڵكانە بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 1975دا بەعس 12 گوندی سەرگەڕانی چۆڵكرد، لە نێویاندا گوندەكەی ئێمە، ئەوكات عەرەبی هێنایە ناوچەكانمان و ئێمە رۆیشتین، تا لە دوای 2003ـەوە جارێكیتر گەڕاینەوە بۆ زەوییەكانی خۆمان".بەپێی بڕیارەكانی‌ ئەنجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنەی‌ كاروباری‌ باكوری سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، كە سەدام حسێن سەرۆكایەتی دەكرد، زۆرینەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوو بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی ناوەڕاست و خواروی عیراقدا دابەشكران، ئەوەش لەچوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و راگواستنی خێزانە كوردەكان، بەڵام لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، كورد بۆ تەواوی زەوییە كشتوكاڵییەكانی گەڕایەوە.
"دوای پرۆسەی ئازادی گەڕاینەوە و ژیانی ئاساییمان دەستپێكردەوە، سەرقاڵی ئیشوكاری خۆمان بوین، بەڵام دوای 16ی ئۆكتۆبەر دیسان عەرەبەكان هاتنەوەسەرمان بە پاڵپشتی هێزی ئەمنی و دەستیان بەسەر ژمارەیەك خانودا گرت كە ماڵی تێدانەبوو" بەوتەی یوسف محەمەد، تائێستا 12 جار هۆزە عەرەبەكان هەوڵیانداوە لە گوندەكەدا جێگیرببنەوە.
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی گەڕانەوە بۆ كەركوك و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمی كوردەوە گەیشتنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.
دوایین ئاڵۆزی لە پەڵكانە چەند رۆژێك لەمەوبەر بوو، بەرلەوەی بگاتە پێكداهەڵپژان، جارێكیتر بەكاتی بارگرژییەكان هێوركرانەوە.
ئەنجومەنی گوندی پەڵكانە داواكارە هەرچی زووە لەسەر ئاستی باڵا كۆتایی بە كێشەی ناوچەكە بهێنرێت و چیتر لەو بارودۆخە ناجێگیرەدا نەمێننەوە.

ئێمە خەڵكی رەسەنی گوندەكەین بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریی لە گەڕانەوەمان دەكەن

گوندی پەڵكانە، یەكێك لە 42 گوندەكەی سەرگەڕان و دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای كەركوك، نزیكەی 25 ماڵی تێدایە و روبەرەكەی زیاتر لە 60 هەزار دۆنم زەویی بەپیتی كشتوكاڵی و نەوتی تێدایە.

حەمید هەلیل فەرحان، یەكێكە لەو هاوڵاتییە عەرەبانەی هەوڵی گەڕانەوە بۆ پەڵكانە دەدات و دەڵێت "ئێمە خەڵكی رەسەنی گوندەكەین، ئەو كوردانەی لەوێ ماونەتەوە بەشێكیان خەڵكی حەسەكە (كوردستانی سوریا) و بەشێكی دیكەیان خەڵكی مەهاباد (كوردستانی ئێران)ـن، لەگەڵ چەند خێزانێكی دهۆك".

لە ئایاری 2019دا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "دانیشتوانی ئێستای پەڵكانە خەڵكی مەهابادی ئێرانن" و بەرگری لە هەوڵی گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان كرد.
حەمید هەلیل بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە خەڵكی شوێنی دیكە نین، ناومان لەسەرژمێری 1957ی ناوچەكەدایە، ناسنامەكەی باوكم هی ساڵی 1928ـە و لێی نوسراوە سەرگەڕان، بۆیە داوای مافی خۆمان دەكەین، بۆ ئەوەش نوسراوی دادگامان هەیە بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریی دەكەن".
بەپێی ئەو بەڵگانەی نوسینگەی كەركوكی جێبەجێكردنی ماددەی 140 پێشتر بڵاویكردۆتەوە، چەند هۆزێكی عەرەب لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە نامەیەك خواستی خۆیان بۆ نیشتەجێبون لە جێی خێزانە كوردەكان لە سنوری سەرگەڕان نیشانداوە لەسەر داوای حكومەتی ئەوكاتی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن.

هەروەها راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە چەند نوسراوێكدا كە كۆپییان لای (كەركوك ناو) هەیە ‌و لە مانگی 11ی 2017دا ئاڕاستەی قایمقامی دوبز و ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین كراون، داوایكردووە هاوكاری هاوڵاتیانی عەرەب بكرێت تا بۆ پەڵكانە و گوندەكانی تری سەرگەڕان بگەڕێنەوە.

ئەمە خاكی باوباپیرانمانە و رێگە نادەین عەرەب داگیری بكەن
 

هونەر كەریم رەحمان، دانیشتوی گوندی پەڵكانە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمە خاكی باوباپیرانمانە و رێگە نادەین عەرەب داگیری بكەن"، وتیشی "ئەگەر سەركردایەتی كورد ئێمەیان فرۆشتوە یان پشتیانتێكردون با بزانین" وەك ئاماژەیەك بۆ بەدەمەوەنەهاتنی كێشەكانیان وای وت.
بەوتەی ئەو هاوڵاتییە تەنیا شەش خێزانی عەرەب لە گوندەكەدا بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە جێگیربون.

گوندی پەڵكانە هەرچەندە لە روی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای كەركوكە، بەڵام دۆسیەی ئەمنی لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدین-ـە.
(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا لێدوانی لێپرسراوانی لایەنی پەیوەندیدار بەدۆسیەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە تایبەت فەرمانگەی كشتوكاڵی سەرگەڕان وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
لە ئایاری ساڵی رابردودا، كاتێك زیاتر لە 100 هاوڵاتی هۆزی شەممەر بە حەوت ئۆتۆمبێلەوە هەوڵیاندا لە پەڵكانە جێگیربن و پێكداهەڵپژان رویدا، ئیدارەی ناوچەكە بە هاوكاری پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی باڵا بە كاتی كۆتاییان بە بارگرژییەكان هێنا.
ئەوكات عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو وتی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندی پەڵكانە بەشێوەیەكی كاتی چارەسەركراوە تا دادگا خاوەندارێتییان یەكلاییدەكاتەوە.
چارەسەری كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان، لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی ماددەی 140ی دەستوری عیراقیدایە، كە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی ئیدارەدانی كەركوك و چەندین ناوچەی تر لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا دانراوە، لەرێی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و دواتر راپرسی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand