رێککەوتنی "ئەبرەهام"یان واژۆ کرد

Draw Media

2020-09-15 20:12:07



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئیماراتی عەرەبی و بەحرەین لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن و لەبەردەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، پەیمانی ئاشتی و ئاسایکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزاکرد.
ترەمپ روداوەکەی بە " رۆژێکی نائاسایی بۆ جیهان کە مێژوو دەخاتە سەر رێڕەوی خۆی" ناوبرد.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی:" ئەم بەرەوپێشچونە نوێیە بۆ ئاشتی بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە ململانی عەرەب و ئیسرائیل دەهێنێت". 
شێخ عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات سوپاسی ناتانیاهۆی کرد کە لەچوارچێوەی رێککەوتنەکەیدا لەگەڵ ئیمارات، پلانەکەی ئیسرائیلی بۆ دەستگرتن بەسەر بەشێک لە خاکی کەناری خۆرئاوا لە فەلەستین، سڕکردووە.
هاوکات لەگەڵ ئیمزاکردنی پەیماننامەکەدا، بەشێک لە هاوڵاتیانی فەلەستینی لە کەناری خۆرئاواو کەرتی غەززە خۆپیشاندانیان کردو ئیدانەی رێککەوتنەکەیان کرد.
لە بنەڕەتەوە رێککەوتنەکەی ئیسرائیل لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیدا بوو، بەڵام لە کۆتایدا بەحرەین-یش چوەناو رێککەوتنەکەوە.
پێدەچێ وڵاتانی تری عەرەبیش بچنە ناو رێککەوتنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە ئیمارات شەرمی هەموانی شکاند کاتێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە پشتی پەردەوە هێنایە بەر رۆشنایی، ترەمپ لەکاتی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکەدا وتی:" پێنج بۆ شەش وڵاتی تر رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزا دەکەن".

هۆکارەکانی رێککەوتنی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل
سەرباری ناڕەزایەتی فەلەستینییەکان و رەخنەی نەیارانی بەدیاریکراویش قەتەر، ئیماراتی عەرەبی رێککەوتنی ئاشتی و ئاسایکردنەوەی پەیوەنییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئیمزاکرد.
ئیمارات باجی بە ناوبانگی خۆی دا لەبەرامبەر گوتاری باوی شەقامی عەرەبیدا، گوتارێک کە ئیسرائیلی لەناوچەکە وەکو داگیرکەرێک ناودەبرد.
گەلێک هۆکار پاڵنەری ئیمارات بوون لەوەی سەرچڵی بەو گوتارەوە بکات و پەیوەنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لەوانە:

یەکەم: دەرفەتێکی بازرگانی بۆ وڵاتانی کەنداو 
ئەم رێککەوتنە یارمەتی ئەو ئیماراتییانە دەدات، کە ئارەزووی گەشەکردن دەکەن و وڵاتەکەیان کردووە بە هێزیکی سەربازی و ناوەندێکی بازرگانی و شوێنێک بۆ بەسەربردنی پشووەکان.
رێپۆرتەرێکی کەناڵی (BBC) دەڵی:" پێدەچێت ئەمریکییەکان رێخۆشکەرییان کردبێت بۆ ئیمزاکردنی ئەم رێککەوتنە لەڕێگەی بەڵێنی پێدانی چەکی پێشکەوتوو بە ئیماراتی عەرەبی، بەتایبەتیش ئەو چەکانەی کە پێشتر ئیمارات دەستی پێیان نەدەگەیشت لەنمونەی فڕۆکەی جۆری F35و فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی "ئی ئەی-١٨ جی گرولەر".
ئیمارات هێزێکی چەکداری پۆشتەی هەیە کە بەشێوەیەکی باش لە لیبیاو یەمەن بەکاریهێناوە، بەڵام مەترسیدارترین دوژمنی ئیمارات لەناوچەکە ئێرانە، لەمەشدا ئیسرائیل و ئەمریکا هاوڕان لەگەڵ ئیماراتدا.
بەحرەین-یش کە بووە بەبەشێک لە رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیسرائیل هەمان ترسی لە ئێران هەیە، تاوەکو ساڵی ١٩٦٩ ئێران بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەحرەین بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەی، سەرباری ئەوە حوکمڕانەکانی بەحرەین کە سوننە مەزهەبن بەشێک لە شیعەمەزهەبەکانی وڵاتەکەیان وەکو تابوری پێنجەمی ئێران ناودەبەن.
ئیمارات و بەحرەین کە دوو وڵاتی ناوچەی کەنداوی عەرەبین، پێشتر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەشاردەوە، بەڵام ئێستا ئیتر دەیانەوێ بەئاشکرا سود لەگەڵ ئیسرائیلدا بگۆڕنەوە، بەتایبەتیش لەکاتێکدا ئیسرائیل بووە بەخاوەنی یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهان.
کاتێکیش قەیرانی کۆرۆنا کۆتایی دێت، ئیسرائیلییەکان دەستدەکەن بە کارکردن لە بازاڕەکانی ئیماراتدا.

دووەم: پەراوێزخستنی ئیسرائیل 
ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین دەستکەوتێکی راستەقینەیە بۆ ئیسرائیلییەکان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باوەڕی بەو ستراتیژیەتە هەیە کە بۆ یەکەمجار لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا ناوی لێنرا "دیواری ئاسنین"، کورتەی بیرۆکەکە ئەوەیە هێزی ئیسرائیل لە کۆتایدا وا لە عەرەب دەکات کە تاکە بژاردەی بەردەمیان ئەوەبێت دان بە بوونی ئیسرائیلدا بنێن.
ئیسرائیلییەکان حەزیان لەوە نییە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆشەگیرو پەراوێزخراو بن، ئاشتیی پێشتری ئیسرائیل لەگەڵ میسرو ئوردن هەرگیز ئەم خەونەی بەدینەهێنا، ئیسرائیلییەکان گەشبینن بە پەیوەنییەکانیان لە داهاتوودا لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.
سەرباری ئەمە ناتانیاهۆ لەناوخۆی ئیسرائیل لە قەیراندا بوو، بەتۆمەتی گەندەڵی روبەڕووی دادگا کرایەوەو ئەگەری ئەوەشی هەیە زیندان بکرێت، دۆخی کۆرۆناش تەنگی بە حکومەتەکەی هەڵچنیوە، نەیارانی هەفتانە لەبەردەم بارەگای حکومەت رێپێوان دژی سەرۆک وەزیران دەکەن، ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین و کۆکردنەوەی هاوپەیمانێتییەکی نوێ دژی ئێران لەکاتێکی گونجاودا بوو بۆ ناتانیاهۆ.

سێیەم: هەڵگەڕانەوە لە سیاسەتی دەرەکیدا
ئەم رێککەوتنە لەلایەکی ترەوە سودێکی زۆری بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیاند، بەرەوپێشچونێکی گەورە بوو لە ستراتیژیەتی بەکارهێنانی "ئەوپەڕی فشار" لەسەر ئێران، هەروەک کەرەستەیەکی باشیش بوو بۆ کەمپەنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاو نیشاندانی ئەوەی کە ترەمپ باشترین رێکخەری رێککەوتنە گەورەکانە لەسەر ئاستی جیهان.
مشتومڕێکی زۆر هەبوو لەبارەی راگەیاندنی "گرێبەستی سەدە" کە ترەمپ رایگەیاند بۆ دروستکردنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، بەڵام رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل دەکرێت بە گۆڕانکارییەکی گەورە لە تەرازووی هێز لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەماشا بکرێت و لەلایەن ترەمپیشەوە وەکو کودەتایەکی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەدا نمایش بكرێت.

چوارەم: هەستکردن بە ناپاکی
ئەبرەهام بە زمانی ئەمریکییەکان مەبەست لە "ئیبراهیم"ە، رێککەوتنی ئێستای نێوان ئیمارات و ئیسرائیل وەکو ئاماژەیەک بۆ "ئیبراهیم"ی پێغەمبەر ناوی لێنراوە "ئەبرەهام".
فەلەستینییەکان رێککەوتنی "ئەبرەهام"یان ئیدانە کردو بە ناپاکی ناویان برد، بەڵام رێککەوتنەکە ئەو کۆدەنگییەی دورمەودایەی عەرەبەکانی تێکشکاند کە دەیانوت بەهای ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە فەلەستینییەکان سەربەخۆیی خۆیان وەربگرن.
ئیسرائیل کە ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بنیاد بنێت، لەم کاتەدا فەلەستینییەکان لە قودسی خۆرهەڵات و کەناری خۆرئاوا لەژێر داگیرکاریدان و کەرتی غەززەش بووە بە زیندانێکی گەورە.
محەمەد بن زاید ئال نهەییان جێنشینی ئەبوزەبی دەڵێ بەهای رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە ئیسرائیل پلانی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر بەشێک لە خاکی کەناری خۆرئاوا لە فەلەستین ڕاگرتووە، ئەمە بە چاوی فەلەستینییەکاندا دەداتەوەو پێیان دەڵێ ئەوانی لەبیر نەکردووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە پێدەچێت لەبنەڕەتەوە ناتانیاهۆی خۆی دەمێک بێت دەستبەرداری بیرۆکەی دەستگرتن بوبێت بەسەر زەوییەکانی کەناری خۆرئاوادا، بەتایبەتیش دوای ئەو فشارە نێودەوڵەتییە گەورەی کە لەبارەی ئەو بابەتەوە لەسەری دروستبوو، بۆیە ئیمارات بەو رێککەوتنە نەتانیاهۆی لەو شەرمەزارییە رزگارکرد.
هەموو ئەم کارانەش بە ئاگاداری و رەزامەندی سعودیە کراون.

پێنجەم: سەرئێشەیەکی ستراتیژی
ئێران بەتوندی ئیدانەی رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیلی کرد، رێککەوتنی "ئەبرەهام" سەرکردەکانی ئێرانی خستوەتە ژێر فشارێکی نوێوە.
سزاکانی ترەمپ ئازارێکی راستەقینەی بە ئابوری ئێران گەیاند، ئەم رێککەوتنەش بەدوایدا بوو بە سەرئێشەیەکی ستراتیژی بۆ ئێران.
بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ئێرانەوە دورن، بەڵام ئێستا کە ئیتر لەگەڵ ئیمارات رێککەوتنی کردووە، لەڕێگەی خاکی ئیماراتەوە لە ئێران نزیکبوەتەوەو ئەمجارە ئەگەر قسە بێتە سەر لێدانی گورزی سەربازی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل ئاسانتر دەستی بەو کارە رادەگات.
بەگشتی رێککەوتنەکە ژمارەیەک بژاردەی نوێی بە ئیسرائیل و ئەمریکاو ئیمارات و بەحرەین بەخشی لەدژی ئێران، لەبەرامبەردا ئێران روبەری مانۆڕەکانی بچوکتربووەوە.

سەرچاوە: میدیا جیهانییەکان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand