Draw Media

پەیوەندیەکانی کاک نەوشیروان لەگەڵ مام جەلال‌و یەکێتی

پەیوەندیەکانی کاک نەوشیروان لەگەڵ مام جەلال‌و یەکێتی

2020-09-15 06:23:39


نوسینی: د. چیا عەباس 

ئەم بابەتە یەکێکە لە تەوەرە زۆر ئاڵۆز و گرنگەکانی دوا دە ساڵی بزافی کوردایەتی لە باشور، لە گەڵ ئەوەشدا بە گەڵێک هۆکارەوە زۆر لە کەسایەتی و هاوخەبات و هاوکار و دۆستە نزیکە بەئاگاکانی کاک نەوشیروان و مام جلال بەجدی خۆیان لە قەرەی نەداوە. ناو بەناو کاک نەوشیروان و چەند کەسایەتیەکی ناو یەکێتی و گۆڕان لە پەراوێزی روداوەکاندا چەند لاپەرەیەکی ئەو تەوەرەیان هەڵداوتەوە.
ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نیە بەو دو سەرکردەیەوە بەڵکو زەمینەی مێژویی نیو سەدەی رابوردو و کاریگەری هێزەکانی تر لە کوردستان و دەرەوەی رۆڵیان لە وردەکاری و ئاراستەکردنیدا هەبوە. لەم نوسینەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو بابەتە پشتئەستور بە چەند بەڵگە و دۆکیۆمێنت و نوسین و باسکردنی کاک نەوشیروان و دۆستەکانی و بەشێک لە لێدوان و یادەوەریەکانی مام جلال.
گەران بە دوای نەزانرەوەکاندا پێویستی بە هەڵکەندنی قوڵی زەمینەکان هەیە، دەشکرێت لە سایەی چەند روداوی گرنگ و هەستیاردا بەشێکی ئەو قوڵاییە ببینرێت و ببێتە دەروازە و هاندەریك بۆ هەڵکاندنی زیاتر، لە پلەی یەکەمدا ئەمە ئەرکێکی هاوخەبات و هاوکارەکانی مام جلال و کاک نەوشیروانە. 
بەرێز ئارام سەعید دەرباری مام جلال و کاک نەوشیروان نوسیویەتی:
" کاتێک سەیری یەکێتی دوای نەوشیروان مستەفا دەکەیت هەمیشە غیابی ئەوی پێوە دیاربو، کە سەیری گۆڕانت دەکرد هەمیشە دەردەکەوت کە مام جەلالێکی نوقسانە، کەواتە ئەو دوانە پێکەوە هێزێکی گەورە بوون، بە جیابونەوەی لە یەکێتی هەمیشە هەست دەکرا لەولایەی ئەوی لێیە ئەوی تر نوقسانە، کەواتە مام جەلال لە سیاسەتکردندا پێویستی بە نەوشیروان مستەفایەک بو، بە پێچەوانەشەوە راستە " . با بزابین ئەم هەڵسەنگاندنە لە سەردەمی گۆڕاندا چۆن بوە.


دروستبونی گۆڕان
بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی، تایبەت ئەوانەی رق و کینە و بوغزی شەخسیان لە کەک نەوشیروان هەبو و بە درێژایی تەمەنیان لەکەمیندا بون لێی،  وایان لە مام جلال تێگەیاندبو کە ژمارەی کورسیەکانی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست تێناپەرێت.
لە گەڵ دروستبونی گۆڕان پەیوەندیەکانی نێوان کاک نەوشیروان و مام جلال پچرا بون، بەڵام ناو بە ناو چەند کەسایەتیەکی دێرینی یەکێتی و دۆستی هەر دو سەرکردە پردی پەیوەندیەکان بون لە نێوانیاندا، ئەو بەرێزانە خەمخۆری میللەت و ئایندەی  کوردستان بون بۆیە ئەو رۆڵە ئەرێنەیان دەبینی و شوێنی متمانەی هەر دو سەرکردەش بون، لە پەناوە چەند بەرپرسێکی یەکێتی وەک شەمشەمە کوێرە هەواڵ و دەنگوباسەکانیان ئارەزومەندانە بە پارتی دەگەیاند. 
هەر ئەو تێکدەرانە لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا هانی مام جلال یان دا لە پلینیۆمی یەکێتی لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ دا ئاماژە بکات بەوەی پشکی قورسی  کارەساتی هەڵەبجە و چەند روداوی تردەکەوێتە ئەستۆی کاک نەوشیروان.
کاک نەوشیروان لە نوسینە ناودارەکەی " لە هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین" خاڵی لەسەر سەرجەم وشەکان دانا و وەڵامێکی پر بەپێستی دایەوە. بەندەش بە گەرانەوە بۆ چەند چاوپێکەوتنێکی مام جلال لە گەڵ چەند رۆژنامەیەکی ئەوروپی ( مۆرگینی بەلجیکی و گاردیان و ئیندەپێندی بەریتانی ) لە ساتەکانی کارەساتی هەڵەبجەدا کە مام جلال لە ئەوروپا بو، تێیاندا رەزامەندی خۆی و سەرکردایەتی یەکێتی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی یەکێتی لە گەڵ ئێران بەوەی هەڵەبجەشەوە سەلماند، ئەو دۆکیۆمێنتانە دەریان خست کە هەوڵەکەی تاقمە روخێنەرەکەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی و تێکەوتنی مام جلال لە داوەکەیاندا لە مەقامی یەکەمدا لە بەرژەوەندی یەکێتی و مام جلال نەبو.
پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25 ته‌موزی 2009 بۆ په‌رڵه‌مانی کوردستان مام جلال له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌ گه‌ڵ رۆژنامه‌ی Washington Post باس له‌ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌کات،Anthony Shadid   رۆژنامه‌نوس له‌ 29 ته‌موزی 2009  له‌ رۆژنامه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌چه‌ند به‌شێک له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ ده‌کات‌.


سلێمانی، عێراق، 28 ته‌موز 
له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا، تاڵه‌بانی، سیاسه‌تمه‌داری ته‌مه‌ن 75 ساڵ و پێشتر گه‌رێڵا و‌ زیاتر له‌ 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی دامه‌زراند، رایگه‌یاند که‌ سه‌یری ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ لایه‌نه‌ رۆشنه‌که‌یه‌وه‌ ده‌کات. سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان، به‌سه‌رکردایه‌تی دۆستی پێشوی تاڵه‌بانی، به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کێتی و حزبه‌ کوردیه‌ ده‌سه‌لاتداره‌که‌ی تر، بۆ تاڵه‌بانی چاوه‌رواننه‌کراو بو.
له‌ درێژه‌ی وتارەکەدا هاتوە: زۆربه‌ی له‌وانه‌ی له‌ حزبه‌که‌ی تالەبانی چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه، وه‌ک خۆی وتی 50 ساڵه‌ به‌شیک لێیان ده‌ناسێت، ئه‌م به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا، جێگری پێشوی تاڵه‌بانی، سه‌رکردایه‌تی ده‌کرێت، که‌ به‌ڵێنی داوه‌ خۆسه‌پاندنی حزبی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا بگۆرێت. 
تاڵه‌بانی پێی وتم: " زۆر راشکاوانه‌ پێت ده‌ڵێم،  من زۆر دڵخۆشم که‌ ئه‌وانه‌ یه‌کێتیان به‌جێهێشت، بۆ چه‌ندین ساڵ ئه‌وانه‌ کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه‌ بون، سه‌ریه‌شه‌ی سه‌ره‌کیی ئێمه‌ بون"، وتیشی ئه‌گه‌ر به‌یانی مسته‌فا ببینێت ته‌نها قسه‌ی دۆستانه‌ی  له‌ گه‌ڵدا ده‌کات  و وتیشی" پیرۆزبایی لێده‌که‌م که‌ له‌ په‌رڵه‌مان کورسی به‌ده‌ست هێناوه‌‌".  (کۆتایی وتاری رۆژنامه‌که‌)
له‌ راپۆرتی تایبه‌ت و نهێنی ژماره‌: 09BAGHDAD3316_a ئامادکراو له‌ 23 کانونی یه‌که‌می 2009 و له‌ خاڵه‌کانی 6 و 7 دا هاتوه‌:
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نه‌وین، Jeffrey Feltman ، پرسیاری رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌ ناو ژیانی سیاسی کورد له‌ تاڵه‌بانی کرد، تاڵه‌بانی دروستبونی گۆڕانی به‌ئاکامی ناره‌زایی له‌ دۆخه‌که‌ پێناسه‌ کرد. تاڵه‌بانی ره‌خنه‌ی له‌ " ئه‌جێندای نه‌رێنی"  گۆڕان گرت و وتی بزوتنه‌وه‌که‌ په‌یکه‌ری رێکخراوه‌یی حزبی و ئه‌جێندا و سه‌رکردایه‌تی نیه‌. له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: ئه‌ندامانی گۆران له‌ روی سیاسیه‌وه‌ نازج  نین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی عێراق له‌ سیاسه‌ت تێناگه‌ن و ره‌تیکرده‌وه‌ گۆران گرنگی له‌ ژیانی سیاسی کوردا هه‌بێت، تاڵه‌بانی ئیدیعای کرد که‌ " هه‌زاران"  که‌س له‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌موزدا بۆ په‌رڵه‌مانی کوردستان پشتگیری گۆڕان یان کردبو بێئومێد بون و ئێستا گۆڕان ‌جێده‌هێڵن. ( کۆتایی راپۆرتەکە )

کاتێک واقیع تەواو پێچەوانەی ئەو هەڵسەنگاندنە چەواشەکاریەی سەلماند مام جلال لە کۆبونەوەی فەرمیدا ئەوەی بەو تاقمەی سەرکردایەتی کردبو با بەدەواری شری نەکردوە، کاک نەوشیروان خۆشی هاتە دەنگ و بە وتارێک زاریانی داخست.
دواتر باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە راپۆرتێکی نهێنی 10BAGHDAD292 لە ٤ فێبرواری ٢٠١٠ واشنتۆن لە کاریگەریەکانی سەرکەوتنی گۆڕان تایبەت لەسەر مام جلال ئاگادار دەکاتەوە، لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتوە:

یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی جلال تاڵه‌بانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌موزی 2009 بۆ په‌رڵه‌مان توشی شکستێکی گه‌وره بو، به‌جۆرێک که‌ پرسیار سه‌باره‌ت به‌ سیسته‌می سیاسی دو‌ لایه‌نه‌ی یه‌کێتی و پارتی که‌ له‌ 1998 ه‌وه‌ به‌کاره‌ به‌رزده‌کاته‌وه‌. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ئۆپزسیۆن ئه‌نجامی زۆر باشتری له‌ سلێمانی به‌ده‌ست هێنا که‌ له‌ کۆنه‌وه‌ مۆڵگه‌ی به‌هێزی یه‌کێتی بوه‌، ئه‌مه‌ به‌ئاستێکی جدی به‌رچاو زه‌ره‌ری به‌ پێگه‌ی تاڵه‌بانی گه‌یاند، تاڵه‌بانی چی زیاتر پێگه‌ی یه‌کسانی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆک بارزانی نیه‌، بارزانی له‌ هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم 70% ده‌نگی خه‌ڵکی به‌ده‌ست هێنا. ئه‌نجامه‌ کاره‌ساتاویه‌ی هه‌ڵبژاردن هۆکارێکه‌ بۆ به‌رپاکردنی ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌ ناو یه‌کێتیدا، لاوازبونی بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی له‌ گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی پیری چه‌قبه‌ستوی په‌رته‌واز ناچاری تاڵه‌بانیان کردوه‌ زۆربه‌ی کات له‌ سلێمانی بێت و هه‌وڵێ به‌رده‌وامی جدی بۆ چاککردنی حزبه‌که‌ی ده‌دات که‌ 1975 دا دروستی کردوه‌. ( کۆتایی راپۆرتەکە )
ناشێت چاو لە هەڵوێست و رەفتاری پارتی دەرباری نیەتی کاک نەوشیروان بۆ بەشداریکردن بەلیستێکی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکان دابخەین، بابزانین هەڵوێستی سەرانی پارتی چۆن بوە 
راپۆرتێکی تایبەتی نهێنی مفەوزی سیاسی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
Robert S. Ford ژمارە 09BAGHDAD623_a ئامادەکراو لە ١٠ ئازاری ٢٠٠٩، واتا چوار مانگ و نیو پێش هەڵبژاردنەکانی تەموزی ئەو ساڵە، بەمجورە باس لە هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی دەکات ( بەشێک لە خاڵەکانی راپۆرتەکە ):
سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد دوچاری له‌رزانی سیاسی جدی بۆته‌وه‌. دانوستانه‌ درێژخایانه‌کانی ناو یه‌كێتی له‌ گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا وایکردوه‌ سه‌رکرده‌کانی کورد پێداگری بکه‌ن له‌ لیستی داخراو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتو له‌ هه‌رێمی کوردستان.  
سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان ره‌فزی ده‌که‌ن رێگه‌ بده‌ن نه‌وشیروان لیستێکی جیاوازی له‌ یه‌کێتی هه‌بێت چونکه‌ هاوسه‌نگی هێزی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ کورسیه‌کانی په‌رڵه‌مان تێکده‌چێت. سه‌رکرده‌کانی پارتی پێداگریان کرد که‌ رێکه‌وتنیان له‌ گه‌ڵ یه‌کێتیدا وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، دەرک ده‌که‌ن به‌وه‌ی که‌ لاسه‌نگی کورسیه‌کان دوژمنایه‌تی کۆنیان زیندو ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی زه‌ره‌ر به‌ هاوپه‌یمانی کورد ده‌گه‌یه‌نێت و لاوازی ده‌کات له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌ گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند و مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران.
له‌ 7 ئازار، یه‌کسه‌ر دوای سه‌ردانی هاشمی ره‌فسه‌نجانی، سه‌رۆک تا‌ڵه‌بانی گه‌رایه‌وه‌ بۆ سلێمانی بۆ دانوستان له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامی نارازی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی. گوته‌بێژی یه‌کێتی، مه‌لا به‌ختیار به‌ کارمه‌ندی سیاسیمانی وتوه‌ پێویستە چاره‌ی پێگه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ناو یه‌کێتیدا بکرێت.
هه‌رچه‌نده‌ گروپی ریفۆرمی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌فته‌ی پێشو ئیستقاله‌یان کردوه‌ به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رده‌وامه‌ تا بگاته‌ رێکه‌وتنک له‌ گه‌ڵ تاڵه‌بانی. 
له‌ خاڵی چواری راپۆرته‌که‌دا هاتوه‌: له‌ 4 ئازار سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌واڵگری پارتی، مه‌سرور بارزانی، به‌ راوێژکاری تایبه‌ت بۆ باکوری عێراق،Krajeski ، گوتوه‌ که‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی په‌یوه‌ندیان به‌ ریفۆرمه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵکو له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتە و کێ ده‌بێته‌ کاندید بۆ سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم. سه‌باره‌ت به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وتویه‌تی: نه‌وشیروان که‌سێکی زیره‌که‌، گه‌مه‌که‌رێکی قانیعکه‌ره‌ و... تاد.
میرانیش رونیکرده‌وه که‌ هه‌نگاوی ته‌کتیکی نه‌وشیروان بۆ دروستکردنی لیستی خۆی هانده‌رێک بو بۆ پێداگری پارتی و یه‌کێتی له‌ سه‌ر لیستی داخراو. له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: کاتێک نه‌وشیروان بێته‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کورستان پارتی ئه‌و به‌به‌شێک له‌ یه‌کێتی ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان بیه‌وێت لیستی خۆی هه‌بێت، هه‌ر کورسیه‌ک بیباته‌وه‌ له‌ سه‌ر کورسیه‌کانی یه‌کێتی ئه‌ژمارد ده‌کرێت، که‌ریم سنجاری، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، وتی پارتی ریسکی درزکه‌وتنه‌ نێوان یه‌کێتی و پارتی قبوڵ ناکات. ( کۆتایی راپۆرتەکە )


مام جەلال و کاک نەوشیروان
راپۆرتێکم لەسەر پەیوەندیەکانی نیو سەدەی مام جلاڵ لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئامادە کردبو، نزیکەی دە لاپەرە بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەوە کە مێژویان بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابوردو و دواتر دەگەرێنەوە، کاک نەوشیروان رێگر بو لە بڵاوکردنەوەی، کاتێک پرسیاری هۆکارەکەیم لێکرد، گوتی: ئێوە مام جلال ناناسن، واز لە مام جلال بهێنن! بەندەش بێدەنگ بو و گوێرایەڵی ئامۆژگاریەکەی بوم، دواتر لە هۆکارەکانی ئامۆژگاریەکەی تێگەیشتم.
خوالێخۆشبو کاک شازاد جەمیل صائیب، دۆستێکی دێرین و زۆر نزیکی مام جالال و کاک نەوشیروان بو، لە سەردەمی باڵی جەلالیەوە ئاگاداری ورد و درشتی پەیوەندی و کارەکانی هەر دوکیان بو، چەندینجار رۆڵی گرنگی لە نێوانیان بینیوە، رەنگبێ بەرچاوترینینان رۆڵی لە ئیدارەدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای راپەرین بێت، توانی رێگری بکات لە تەقینەوەی ناکۆکیەکان نێوان هەردوکیان. کاک شازادی رەحمەتی دۆستێکی رێزدار و نزیکی بەندە بو، چەندین ساڵ بەیەکەوە لە هۆڵەندا پەیوەندی توند و تۆڵمان هەبو، جارێک باسی روداوێکی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروانی بۆ گێرامەوە و دوای باسکردنەکەش ئامۆژگاریەکی زێرینی کردم. ئەمە کورتەی باسکردنەکەیەتی:

مام جەلال و کاک مسعود لە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین سەدی بەخمەیان بەنرخێکی هەرزان رادەستی سەرۆک عەشرەتێکی گەورەی کوردستان کرد. دوای ئەمە هەرچی چەک لە شانێکی دەڤەری سلێمانی بو بازگە و گروپی چەکداریان لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان دانا و سەرانە و گومرگیان لە مێشولەش دەسەند کە بەو دەڤەرانەدا تێپدەپەری. لە گەڵ کاک نەوشیروان لە زرگوێز بوم، باسی ئەو دۆخەی بۆ کردم و گوتیشی ئیستا تەلەفۆن بۆ مام جەلال دەکەم سەردانمان بکات، مام جەلال لە گەڵ رەحمەتی دارا شێخ نوری ( ئەوسات بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەکێتی بو) هاتن بۆ زرگوێز. لە دانیشتنەکەدا کاک نەوشیروان روی کردە مام جەلال و پێی گوت: گەر ئێوە سەدی بەخمە نەفرۆشن ئەو چەکدارانە چۆن دەتوانن لە ناوچەی دەسەڵاتی ئێمەدا سەیتەرە دانێن و سەرانە لە خەڵك وەربگرن، ئێوە ئاوێکتان رشتوە و خۆشتان بەرپرسن لەچارە. مام جەلال هیج وەڵامێکی نەبو، تەنها یەک داوای هەبو گوتی: کاکە نەوە با بە تەنیا بچینە ژورەکەی پشتەوە و بۆت باس دەکەم. پاش ماوەیەکی کورت هەر دوکیان هاتنە دەرەوە، وەک ئەوەی نە با و نە بارانیان بینیبێت. 
کاک شازاد پێی گوتم بۆیە ئامۆژگاریت دەکەم هیچکات خۆت لە قەرەی پەیوەندیەکانی ئەو دو زاتەوە نەدەیت، هەر دوکیان دۆستی زۆر دێرین و ئەزیزی منن، بەڵام بۆ تێگەیشتن لێیان کات و ئەزمونی زۆر و خوێندنەوەی ورد پێویستن، گوتیشی: هەندێک هەرزەکار و خۆپەرستی ناو یەکێتی ( ناوەکانیشیانی ئاشکرا کرد)  لە نێوان هەردوکیان گەمەدەکەن، بەم کارەیان باجێکی زۆر لە سەر یەکێتی و کورد دەکەوێت. لە مەراسیمی ناشتنی کاک شازاد، باوەر دەکەم بۆیەکمجار بو، بە بەرچاوی هەزاران کەسەوە ئەو دو سەرکردەیە فرمێسکیان بۆ ئەو کەڵە پیاو و مەزنەی کورد رشتبێت.

ئەمە و چەندین چیرۆک و باسی تر زەمینەی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دو خوالێخۆشبوەی لیكردمە لەغزێک،  لە گەڵ سەرکردەکانی یەکێتی زۆر هەوڵم دا، لەوانە خوالێخٶشبوان دکتۆر کمال فواد، جەبار فەرمان، عادل موراد، عبدالرزاق فەیلی، و بەشێک لەوانەی لە ژیاندا ماون وەک بەرێزان قادر حاجی عەلی، حامد حاجی غالی، شۆرش حاجی، شاناز ابراهیم احمد و چەند بەرێزێکی تر، بەلام وەڵامێکی موقنیعم دەست نەکەوت.
نزیکەی دو هەفتە پێش نەخۆشکەوتنی مام جلال دانیشتنێکی زۆر گرنگ و هەستیار لە سەر داوای مام جلال درەنگانێکی شەو نێوان بەرێزی و کاک نەوشیروان لە ماڵەکەی لە گردی عەلی ناجی بەرێوەچو. دو کەسایەتی ناسراو ( لە ژیاندا ماون ) لەم دانیشتنە بە ئاگابون و لە چەند چرکە سەرەتاییەکانی دانیشتنەکەش بەشدار بون. دواتر مام جلال و کاک نەوشیروان دو قۆڵی دادەنیشن.
کاک نەوشیروان ناوەرۆکی ئەو دانیشتنە دو قۆڵیەی لە گەڵ چەند کەسێکی دیاریکراو بە بەندەشەوە باس کردوە، تا ئێستا هیچ دۆکیۆمێنتێکی نوسراو دەرباری بەرچاو نەکەوتوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە ئەو دۆکیۆمێنتە بونی نەبێت.
پوختەی ناوەرۆکی دانیشتنەکە لەم خاڵانە پێکهاتبو:
مام جلال داوا لە هاورێ دێرینەکەی دەکات گۆڕان چی پێویستە تا بۆی دابین بکات، عەرزی دەیان ملیۆن دۆلار دەکات، لە بەرامبەردا کاک نەوشیروان عەرزەکەی مام جلال رەتدەکاتەوە، تەنها دو داواکاری سەرەکی لە مام جلال دەبێت: خوێندنەوەیەکی تری وردی رەشنوسی دەستوری هەرێم کە فراکسیۆنی یەکێتی پاڵپشتی لێکردوە و دوەمیش کارکردن بۆ پەسندکردنی یاسای بودجەی حزبەکان. دانیشتنەکە بە بەڵێنی مام جلال بۆ بەدوداچون بۆ ئەو دو داواکاریە کۆتایی دێت.
مەخابن بە ماوەیەکی زۆر کورت دوای ئەم دانیشتنە مێژوییە مام جلال نەخۆش کەوت و توانای ئیدارەدانی سیاسی و حوکمرانی لە دەستدا. کاک نەوشیروان لەم روەوە گوتی: بە داخەوە گەر ئەو نەخۆشیە نەبوایە ئەگەرێکی بەهێز بو کە دۆخی هەرێم بە ئاراستەیەکی تردا بروات. لەسەر ئەم قسەیە لێم پرسی بۆچی ئەو چاوەروانیەت لا دروست بو؟ 
لە وەڵامدا گوتی: ژیانی سیاسی نێوان من و مام جلال بە شەش قۆناغی گرنگدا رۆیشتوە ( بە وردی باسی ئەو قۆناغانەی کرد) ئەمەی ئێستا بە باوەری من دوا قۆناغە بۆ هەر دوکمان، لە مێژودا چەندین جار جیاوازی و گرژی و ئاڵۆزی و دورکەوتنەوە نێوانمان دروستبون، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر دوکمان لە سەرەتای بەیەکەوە کارکردنمان هاورا بوین چیمان بۆ میللەت پێبکرێت بیکەین بۆیە بەردەوام زەمینەی لێبوردەیی و بەیەکەوە کارکردن وجودی هەبوە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بۆ خۆم لە مامەڵەکردنی سەرجەم سەرکردەکانی کورد بەشی ئەوەم تێدا هێشتۆتەوە بەیانی مەرحەبای یەکتر بکەین. 
مام جلال بۆی نەبو جارێکی تر خۆی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید بکاتەوە، نەشی دەتوانی بێت لە کوردستان بێ ئیش دانیشێت، بۆیە پیویستی بە من بو، ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی عەرزەکانی بۆ من بو، هاوکاتیش فەرمانێکی بە دەست و خەت و واژۆی خۆی خستە بەردەمم کە تێیدا هەمو دەسەڵاتە سەربازییەکانی خۆی لە ناو یەکێتیدا بە من دابو، ئەوەشم رەتکردەوە.
لێم پرسی ئایا ئێستاش، پاش چوار ساڵ، رەتکردنەوەی عەرزەکانی مام جلال بە دروست دەزانی؟ لە وەڵامدا ئەوەی گوتی لێرەدا پوختەکەی دەنوسم:
لە بیرتە لە سەرەتای بەهاری ٢٠١٣ بە سەردان لە کوردستان بویت، مام جلال چەند مانگێک بو نەخۆش کەوتبو، کونسوڵی ئەمریکا لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان سەردانی کردم، داواتم لێکرد بەشداری دانیشتنەکە بیت. هەر لە سەرەتاوە کونسوڵ دەیویست بزانێت لە نەخۆشبونی مام جلال دا نیازم بەرامبەر بە یەکێتی چیە. منیش وەڵامم نەئەدایەوە، پاش زیاتر لە نیو سەعات هەوڵدان بیرت دێت چیم پێ گوت. منیش وتم زۆر باش بیرم دێت بە ئنیگلیزی پێت گوت: " ئێمە تەنها یەک مام جلال مان هەیە و هەرواش دەمێنێتەوە". دوای ئەم قسەیە کونسوڵ تێگەیشت و خواحافیزی کرد. لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد رەتکردنەوەی عەرزەکانی مام جلال بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی گۆران بو، جا باشم کردوە یاخود خراپ ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هاورێیانەم کە لە ئێستادا و دوای نەمانی من چۆن و چ رەفتارێک دەکەن.

ساڵ دەرۆیشت و ساڵ دەهات، دوای نەخۆشکەوتنی مام جلال دۆخی ناو یەکێتی رۆژ دوای رۆژ رو لە خراپ و خراپتر دەچو، یەکێتی مەرجەعی بریاردانی نەما، گروپە جیاکان لەلایەک لە کەمیندا بون لە یەکتر و لەلایەکی تریشەوە چاوبازیان لە گەڵ پارتی و گۆرڕان دەکرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان. سەرجەم جەمسەرەکانی یەکێتی دەستە دەستە لە لەندەن دەهاتن بۆ لای کاک نەوشیروان و چەندین عەرزی موغریان بۆ دەکرد، یاخود نامەی تایبەتیان بۆ دەنارد.
درەنگانی ئێوارەیەکی زستانی ٢٠١٦  کەسایەتیەکی ناودار لە سلێمانی ( لە ژیاندا ماوە ) بە نوێنەرایەتی ناوەندی بریار سەردانی کاک نەوشیروانی کرد، چەند رۆژێک دواتر پەیام هەڵگرێک بە ناوی دکتۆر بەرهەم سەردانی کرد، هەفتەیەک دواتر کەسایەتیەکی باڵادەست و ناسراوی خانەوادەی تاڵەبانی سەردانی کرد، ئەمە بێجگە نامە و پەیام و تەلەفۆنەکان کە زۆربەیان نمای کوری کاک نەوشیروان لێیان بەئاگا بو. هەمو جەمسەر و گروپەکان یەک مەسەجی هاوبەشیان بۆ کاک نەوشیروان هەبو: ئێمە تۆمان وەک برا گەورە قبوڵە و داوات لێدەکەین ببیتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەمومان.
لە یەکێک لە دانیشتنەکان ئامادە بوم ئەمە وەڵامی کاک نەوشیروان بو: " من خۆم بەبرای گەورەی کەس نازانم، هەرچیتان بەرامبەر بە من کردوە لە رابوردودا گەردنتان ئازاد بێت، من یەک داوام لێتان هەیە: بچن لە نێو خۆتان رێک بکەون و منیش هاوکار و پشتیوانتان دەبم".

رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی
ئێستاشی لە گەڵدا بێت یەکێتی کەسانێکی پاک و دڵسۆز و خاوەن خەبات و ئەزمونی دەوڵەمەندی تێدایە، وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە ناخەوە خوازیاری گۆرانکاری و چاکسازین، بۆیە بنکەی جەماوەر یەکێتی گەر دروست ئاراستە و پەروەردە و گۆشە بکرێن وزەیەکی گەورەی بنیاتنەر بۆ ئایندە ئامادە دەکات. 
ئێوارەیەکی مانگی چواری ساڵی ٢٠١٥ لە گەڵ کاک نەوشیروان لە کوردستان بە تەنیا دانێشتبوین، رۆژی پێشتر داوای لێکردم کە بەیەکەوە باسی گۆڕان و یەکێتی بکەین. ئەو ئێوارەیەی بۆ ئەو تەوەرە تەرخان کردبو، کە گەیشتمە لای کاک ئاکۆ وەهابی لابو، کاک ئاکۆ پاش چاک و چۆنی داوای کرد بروات، دیاربو کاک نەوشیروان لە مەبەستی دانێشتنەکە ئاگاداری کردبو، لە سەر پێشنیازی کاک نەوشیروان ژەمی ئێوارەمان مێخلەمە بو، وا بزانم چل ساڵ زیاتر بو ئەو ناوەم نەبیستبو.
کاک نەوشیروان یەکسەر و بێ هێج پێشەکیەک گوتی: بە رای تۆ ئایندەی ئێمە و یەکێتی بەرەو چی دەروات. یەکسەر دەرکم کرد شتێکی لە ژێر سەردایە و لە گەڵ کەسانی تریش باسی کردوە و دەیەوێت زۆرترین بۆچونەکان بزانێت.
لەو ساتەدا زۆر بەخێرا زنجیرەیەک لێدوان و باس و نوسینی بەرێزیم لەسەر یەکێتی و مام جلال و بە پێچەوانەشەوە بەبیرهاتەوە کە زۆربەیان بێئومێدیان بەرامبەر بە یەكتری لێدەباری، بۆیە بەباشم زانی وەڵامێکی پارادۆکسانەی بدەمەوە، بەڵام نەمدەزانی چۆن وەڵامەکە دارێژم، بۆیە پێم گوت ببورە دەچمە خوارێ چا دێنم و چا بۆ جەنابیشت بهێنم، ئەوەبو چایان هێنا و منیش خۆم بۆ وەڵامەکە باشتر ئامادە کرد: 
جەنابت چەندینجار وتوتە سنورەکانی دەسەڵات و توانای خۆم و گۆڕان بەرامبەر بە هێزەکانی تر دەزانم و ناچیتە شەرێکی دۆراوەوە، دەزانم تۆ شەرکردنی یەکێتیت مەبەست نیە، گرێدانێکی مێژویی نێوانتان هەیە، لەم دۆخەدا بە رێگەی پەرڵەمان ناکرێت ئەو گرێدانە بکرێت بە گرێبەست بۆ دەسەڵات لەم دەڤەرانە، یەكێتی قاچ و نیوێکی لای پارتیە و نیو قاچەکەی تریشی لای ئەوانی ترە، گەر بکرێت باشترە دورەپەرێز خۆت لێیان راگریت، ئەمەش مەحالە چونکە گۆڕان و یەکێتی رۆژانە لوتیان لە یەکتر گیردەبێت و لە یەک جوگرافیای سیاسی جەماوەریان هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە جۆرێک لە تێگەیشتن یا رێکەوتنە لە گەڵ یەکێتی. ئەگەر یەکێک لەم بژاردانە هەڵنەبژێریت ئایندەی گۆڕان نادیار دەبێت و باوەر ناکەم بەم جۆرەی ئێستای بمێنێتەوە، خەڵكیش تا رادایەک وزە و تاقەتی هەیە و ناتوانێت تاسەر لەم کەش و هەوا مەشحون و نارون و تەنراو بە ململانێ و ناخۆشی گوزەر بکات.
لە وەڵامدا بە گرژیەکی شاردراوە گوتی:  یەکێتی سێ چوار پارچەن لە گەڵ یەکتردا رێک نین لە گەڵ کێ رێکەوتن بکەم، ئەزمونی خۆشم لە گەڵ بەشێک لەو برادەرانە توشی خەیبەت ئەمەلی کردوم.
پێم گوت: کاک نەوشیروان ئەوەی باسی دەکەیت وایە بەڵام ئەم دۆخەی یەکێتی واقیعێکە ئەگەر پارتی لە گەڵ هەوادارانی لە سەرکردایەتی یەکێتی نەیەنە سەرخەت هێز بە بەرێزتان دەبەخشێت چونکە بێ تۆ هیچی وایان پێ ناکرێت.
پاش چەند چرکەیەک داوای لێکردم میکانیزمێک بۆ رێکەوتنەکە بنوسم. 
لەسەر گەرانەوە بوم بۆ هۆڵەندا، پێم گوت کاتێک گەیشتمەوە هۆڵەندا بە ئیمەیل بۆتان دەنێرم.
لە شەشی نیسانی ٢٠١٥ نامەکەم بۆ نارد کە لێرەدا بەشێکی دەخەمە رو:  
به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان
1- ئاساییکردنه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی: 
کۆبونه‌وه‌ی ده‌وری له‌سه‌ر ئاستی باڵا نێوان گۆڕان و یه‌کێتیی ( هه‌ر دو باڵه‌که‌ به‌جیا یا به‌یه‌که‌وه‌) بۆ تاوتوێکردنی بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی هه‌رێم، نزیکبونه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی نێوان رێکخستنه‌کان و فراکسیۆنه‌کانی هه‌ر دولا له‌ به‌غداد و هه‌ولێر و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان. هاوکاتیش هه‌ماهه‌نگی له‌ کابینه‌ و وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کان و لە‌ ده‌زگاکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزی پێشمه‌رگه به‌رێگه‌ی کۆبونه‌وه‌ی ده‌وری نێوان هه‌ڵسواراوانی گۆڕان و ئه‌ندامانی یه‌کێتی له‌و ده‌زگایانه‌دا.‌ نزیکبونه‌وه‌ له‌ ئاستی راگه‌یاندنی هه‌ر دولا به‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام نێوان به‌رپرسانی میدیای هه‌ر دولا. 
2- ئامادەسازی:
 دروستکردنی لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌شی گۆڕان و یه‌کێتیی ( نوێنه‌ری دو باڵه‌که‌ له‌ مه‌کته‌بی سیاسی) بۆ سازدانی ره‌شنوسی به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌ش بۆ یه‌ک ساڵ، دروستکردنی لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش نێوان فراکسیۆنه‌کانی گۆران و یه‌کێتیی بۆ سازدانی پرۆژه‌ یاساکان و پرسه‌ گرنگه‌کان.
3- به‌رنامه‌ و به‌رێوه‌بردن:
ئه‌گه‌ر ئه‌زمونی سێ مانگی یه‌که‌م سه‌رکه‌وتو بو:

دروستکردنی چه‌ترێکی سێ لایه‌نه‌ که‌ ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵا به‌رێوه‌ی ده‌بات و پێک دێت له‌ 7 ئه‌ندام: 2 له‌ هه‌ر باڵێک و 2 له‌ گۆڕان و هه‌وته‌م به‌ ده‌وری بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ک له‌و سێ لایه‌نه‌ دیاری ده‌کرێت. دروستکردنی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی که‌ پێکدێت له‌ سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کانی گۆران و یه‌کێتیی له‌ هه‌ولێر و به‌غداد و پاریزگاکان له‌ گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌ر دولا له‌ کابینه‌ی هه‌شت. په‌سندکردنی کۆی گشتی کارنامه‌کان له‌لایه‌ن جڤاتی نیشتمانی و ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتییه‌وه‌،ئه‌م پرۆگرامه‌ بۆ ساڵێک به‌کاربێت و له‌ کۆتایی ساڵه‌که‌دا بریار بۆ ئاینده‌ی ئاکاری کاری هاوبه‌ش بدرێت.‌ ( کۆتایی پێشنیاز ). 

بە ماوەیەکی کورت پەیامێکی بۆ ناردم کە پێشنیازەکانم خاڵی باشیان تێدایە و ئەو لە گەڵ برادەرەکانی لە گۆڕان باسی دەکات. 
کاک نەوشیروان دوای ساڵ و نیوێکیش لە لەندەن کە بینیم (پاش سازدانی رێکەوتنەکە و واژۆکردنی لە حزوری مام جلال دا) لە نیەتی هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی دڵنیا نەبو، چەندین هەواڵی ورد و دروستی پێگەیشتبو کە  گومانەکانی بەهێزتر کردبون.
هەرچۆنێک بێت لە لەندەن، پاش رێکەوتنەکە لە گەڵ یەکێتی، لێم پرسی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لەم ماوەیەدا سەردانیان کردویت، ئەوان چیان دەێت؟ لە وەڵامدا گوتی بۆ هەواڵ پرسین و بەسەرکردنەوە سەردانیان کردوم و زۆر سوپاسیشم کردون. بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: دەزانم مەبەستت کێیە، مەبەستت دکتۆر بەرهەمی خزمتە، لە وەڵامدا گوتم بەتایبەت ئەو نیە.
چیرۆکی خۆی و دکتۆر بەرهەمی بە تێروتەسەلی بۆ گێرامەوە، لە رۆژانی یەکەمی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیەوە تا دوا سەردانی لە لەندەن. پاش باسکردنەکەی بە کاک نەوشیروانم گوت دەزانیت دکتۆر بەرهەم کە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بو بە سەردانی فەرمی هات بۆ هۆڵەند، بە هۆی دوستێکەوە داوای کردبو لە شوێنی مانەوەی سەردانی بکەم، کە بینیم کاک دانای ئەحمەدی مەجیدی لە گەڵدابو، دو قۆڵی بۆچونی منی لەسەر دۆخەکە لێ پرسیم و چیم پێ باشە ئەو بیکات، لە بەشێکی وەڵامدانەوەدا گوتم: پێم باشە لە دەرگای کاک نەوشیروان بدەیت، گوتی جارجار سەردانی دەکەم، زیاتر رونم کردەوە و گوتم سەردان و لە دەرگادان دو شتی جیاوازن. 
رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان لە ١٧ ی مایسی ٢٠١٦  لە لایەن کاک نەوشیروان و کۆسرەت رەسول بە حزوری مام جلال واژۆ کرا. کاک نەوشیروان لە وتارەکەیدا لە ئاهەنگی رێکەوتنەکە ئاماژە دا بەوەی: عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە. زۆر راست و دروست و راشکاوانە گومان و دڵەراوکێی بەرامبەر هەندێک بەرپرسی خۆپەرست و کەمینگر دەربری.

کاک نەوشیروان و دکتۆر بەرهەم 
کاک نەوشیروان بۆ هەندێک لە دۆستەکانی لەسەر دکتۆر بەرهەم بە ویژدان و ئەمەکەوە باسی کردوە، ئەوەی خۆم گوێبیستی بوم لە کاک نەوشیروان و چەند سەرچاوەیەکی تریش ئەمە پوختەکەیەتی: هەندێک بەرپرسی باڵای یەکێتی باس دەکەن لەوەی کاتێک مام جلال بۆ یەکەمجار نەخۆش کەوت و بە پەلە بردیان بۆ ئوردن، گرژی دەکەوێتە نیوان دکتۆر بەرهەم و مەلا بەختیارەوە، کامیان هاوسەفەری مام بۆ ئوردن بن. هەر یەک لێیان زۆر پەلەی بو خۆی وەک نزیک و جێگرەوەی مام جلال نمایش بکات. دواتر دکتۆر بەهەلی دەزانێت و سەردانی ئێران دەکات، چاوی بە ئەحمەدی نەژادی سەرۆک کۆماری ئەو ساتەی ئێران دەکەوێت، دکتۆر ناراستەوخۆ پێشنیازی ئەوە بۆ نەژاد دەکات کە دوای مام جلال ئەو وەک جێگرەوەی قبوڵ بکەن، لە وەڵامدا نەژاد پێی دەڵێت: کاتێک پەیوەندیەکانت لە گەڵ ئەمریکا گۆری ئەوسات وەرەوە بیرێکی لێ دەکەینەوە. 
مام جلال لە ئوردن بە تەندروستیەکی جێگیر گەرایەوە و لە ئەدای حزبی و حوکمرانی عەیبی نەبو. گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان دکتۆر و خانەوادی ئیبراهیم ئەحمەد تا دەهات خەستتر دەبو، دکتۆر لە گەڵ کۆسرەت رەسوڵ کەوتنە کەنارگرتن لە خانەوادەی تاڵەبانی و ناوەندی بریاریان دروستکرد.
لە گەڵ بەرزبونەوەی پلەی گرژیەکانی نێوانیان، هێرۆ خان لە گەڵ کاک نەوشیروان باسی دکتۆر دەکات، هێرۆ خان راشکاوانە دەڵێت: دەترسم دکتۆر لە تورەیی و هەڵچوندا کارێکی نابەجێ بکات، بۆ نای بەیتە لای خۆت و لەم کێشەیە رزگارمان بکەیت. 
کاک نەوشیروان هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی بۆ چەند توانای کەسایەتی دکتۆر هەبو، بە کەسێکی پراگماتیکی کراوە و زمانزان و تێگەیشتو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەزانی، خاوەنی پەیوەندی بەرفراوان بو لە عێراق و لە گەڵ رێکخراو و میدیا دەرەکیەکان.
کاک نەوشیروان لە گەڵ دکتۆر رێدەکەوێت ببێتە جێگری رێکخەری گشتی گۆڕان، کاک نەوشیروان ئامادەسازی بۆ کۆنگرەی رۆژنامەوانی لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان دەکات بۆ راگەیاندنی هەواڵەکە. کاتێک برادەرانی گروپی راوێژ و زۆربەی هەڵسوراوانی مەکۆکە ئەمە دەبیستن وەک شەپۆلێکی هەڵچوی دەریا رودەکەنە کاک نەوشیروان و دەڵێن لە کارێکی وادا هەمو گردەکە جێدەهێڵین، کاک نەوشیروان بریارەکەی جێبەجێ نەکرد و خۆڵ کرا بەسەر ئەو روداوەدا.
کاتێک لە لەندەن لە کاک نەوشیروانم پرسی سەردانەکەی دکتۆر بۆ لای چۆن بو، گوتی سەردانێکی هەواڵ پرسین و سیاسیش بو، دکتۆر پێی گوتبو پشتگیری لە رێکەوتنەکەت لە گەڵ یەکێتی دەکەم لە بەرامبەریشدا پێم باشە فراکسیۆنی گۆران لە بەغدا دەنگ بەمن بۆ سەرۆک کۆمار بدەن. کاک نەوشیروان لە دەستنیشانکردنی سەرکردایەتی هاوبەشی بۆ رێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی پێداگری لەوە کرد کە دکتۆر بەرهەم ئەندامێکی بێت، پاش هێنان و بردنێکی زۆر لە گەڵ هێرۆ خان ئەویش داوای ئەوەی کردبو کە لە بەرامبەردا دەبێت محەمەد تۆفیق رەحیمی گۆڕانیش لەو دەستەیەدا بێت، لە واقیعدا وا دەرچو .
لێرەدا پێویست بە وردەکاریەکانی دواتری نێوان ئەو دو هێزە ناکەم چونکە کاک نەوشیروان و دواتریش مام جەلال ماڵئاواییان لێکردین، هەر دو هێز خاوەنی جۆرێکی تر لە سەرکردە و روخسارن. 

ئەم باسکردنەم مشتێکی چرو پرە لە خەموارێکی زۆر گەورە، هیوادارم ئەرکێکی خۆم وەک وەفا بۆ کارکردنم بە درێژایی چل و سێ ساڵ لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا جێبەجێ کردبێت.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand