Draw Media

ژمارە (12).. فەرمانە نهێنییەكەی مەسرور بارزانی

ژمارە (12).. فەرمانە نهێنییەكەی مەسرور بارزانی

2020-09-12 13:09:07


 
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا دوای دەستبەكاربوونی، مەسرور بارزانی سێ فەرمانی دەركردووە بۆ سەرپشككردنی ئاشتی هەورامی لە مامەڵەكردن بە دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە، ئێستا هەورامی یاریدەدەرە بەڵام بە دەسەڵاتی وەزیرەوە، دوان لە فەرمانەكانی مەسرور بارزانی لە وەقایعى كوردستان بڵاوكراونەتەوە، سێیەمیان كە ژمارە (12)یە، نهێنییە‌و تەنیا بە زمانی ئینگلیزی نوسراوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی بڵاودەكاتەوە. 

ئەو رۆژەی مەسرور بارزانی دەستبەكاربوو
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی تەموزی 2019 وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام رۆژی 15ی تەموز بەفەرمی دەستبەكاربوو.
ئەو رۆژەی كە لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، یەكەمین كارێك كە مەسرور بارزانی كردی، دەركردی فەرمانێك بوو بە ژمارە (4)، لەم فەرمانەدا سەرۆكی حكومەت، (ئاشتی هەورامی) كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، ئەمە یەكەمینجاربوو لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پۆستێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، لەكاتی خۆیدا رەخنە لە فەرمانەكەی مەسرور بارزانی گیرا، بەدیاریكراویش لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كە (28) ساڵی ئەزمونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا شەریكە دەسەڵاتی سەرەكی پارتی بووە، نیگەرانییەكان لە فەرمانەكەی مەسرور بارزانی بۆ دانانی یاریدەدەر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەوەوە سەرچاوەی گرت، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی تایبەتی نییە‌و لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران‌و پەیڕەوی ناوخۆی حكومەت‌و تەنانەت لەیاسای نەوت‌و غازیشدا بەهیچ جۆرێك باسی پۆستێكی لەم شێوەیە لەناو حكومەتدا نەكراوە. 


سەرباری ئەوەی پۆستی یاریدەدەر پۆستێكی دروستكراو بوو لە دەرەوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی لەمە زیاتر لە فەرمانی ژمارە (4)دا كۆمەڵێك دەسەڵاتی بەخشی بە (ئاشتی هەورامی) وەكو یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، واتە كاری ئاشتی هەورامی لە یاریدەدەرێكەوە كە تەنیا راوێژی پێ بكرێت گۆڕدرا بەوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەبێت، بەمە دەوترێت "بنیادنانی باتڵ لەسەر باتڵ".
ئەو دەسەڵاتانەی كە مەسرور بارزانی لە فەرمانی ژمارە (4)دا بەخشیویەتی بە ئاشتی هەورامی ئەمانەن:
•    بەدواداچونی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەو سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان- عیراق لە بواری نەوت‌و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان– عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
•    پێشكەشكردنی راسپاردە بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بواری وزەدا.
•    هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری وزە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان- عێراق.
•    بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا.
•    ئامادەبوونی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007، داڕشتنی بەرنامەی كۆبونەوەكان.
پێدانی دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكان بە ئاشتی هەورامی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە لەلایەكی ترەوە وەكو سەرپێچییەكی گەورەی یاساكان لە هەرێمی كوردستان تەماشا دەكرێت، بەوپێیەی مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خواردووە نەك وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان، بۆیە ناتوانێت دەسەڵاتی وەزارەتێك بە كەسێكی تر ببەخشێت كە هی خۆی نییە، واتا بەو فەرمانە مەسرور بارزانی شتێكی بەخشوە كە هی خۆی نییە.
ساڵێك‌و دوو مانگە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، تائێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە لەم كابینەیەدا بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، بەمدواییە بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ناوی كاندیدی خۆیان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رەوانەی پەرلەمان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە رەنگە (شێخ باز) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای "كار" كاندیدەكەی پارتی بێت بۆ سامانە سروشتییەكان.

دوو فەرمان‌و یەك ناوەڕۆك !
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، دوای فەرمانی ژمارە (4) كە لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربونیدا دەریكردووە، دوو رۆژ دواترو لە رۆژی (17)ی تەموزدا، مەسرور بارزانی بەهەمان ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (4)وە، فەرمانێكی تری بە ژمارە (9) دەركردووە‌و بەهەمان شێوە، هەمان دەسەڵاتەكانی بەخشوەتەوە بە ئاشتی هەورامی.
فەرمانی ژمارە (4)و ژمارە (9)ی مەسرور بارزانی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراونەتەوە، بەڵام دیارنییە بۆچی سەرۆك وەزیران لەماوەی دوو رۆژدا دوو فەرمانی بەدوو ژمارەی جیاواز، بەڵام بەهەمان ناوەڕۆكەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە.

فەرمانێكی نهێنی !
هەفتەیەك دوای فەرمانی ژمارە (9)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە رۆژی 24ی تەموزی 2019دا فەرمانی سێیەمی بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە، ئەم فەرمانە تەنیا بە زمانی ئینگلیزیی هەیە‌و ئاڕاستەی دادگا‌و كۆمپانیا نەوتییەكان كراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەم فەرمانە تائێستا لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاونەكراوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان، هەر فەرمان یاخود یاسایەك بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردن، دەبێت بە زمانەكانی كوردی‌و عەرەبی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك ئاگاداربن لە ناوەڕۆكەكەی.
فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی دەتوانرێت وەكو فەرمانێكی نهێنی لە پشت دامەزراوەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا بكرێت، فەرمانەكەی كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتەوە، نهێنی بونەكەی جارێكی تر ئەو راستییە دوپاتدەكاتەوە كە دۆسیەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی ناشەفاف بەڕێوەدەچێت.

فەرمانی ژمارەی 12ی چی دەڵێ ؟
(درەو) دەقی ئەو نوسراوە نهێنییەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لەچەند كۆمپانیایەكی بواری نەوتەوە لە ئەوروپا دەستكەوتووە.
بەپێی نوسراوی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی جارێكی تر خۆی خستوەتە شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكان‌و هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو وەزارەتەی بەخشیوە بەخۆی‌و دواتر لە خۆیەوە دەسەڵاتەكانی گواستوەتەوە بۆ ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەزیری بۆ دانەنراوەو تەنانەت بە "وەكالەت"یش بەپێی هیچ بڕیارێك رادەستی كەسێكی تر نەكراوە تا لەو رێگەوە دەسەڵاتەكانی بگوازرێتەوە بۆسەر ئاشتی هەورامی.
بەپێی ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بە ئاشتی هەورامی بەخشیوە: 
•    ئاشتی هەورامی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكانە.
•    ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوە‌و سەرجەم دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێدراوە.
•    دەسەڵات دراوە بە ئاشتی هەورامی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان بكات‌و راوێژو رێنمایی پێشكەش بكات، سەرپشك كراوە دەنگ‌و پێگەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەكاربهێنێت.
•    ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوە بۆ ئەوەی رێنمایی‌و فەرمان دەربكات لە بوارەكانی نەوت‌و غاز، پاڵاوتن، گواستنەوەی سوتەمەنی، گرێبەستەكان، شیكردنەوەی گرێبەستەكان، سیاسەتی غاز.
•    كۆكردنەوەو وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیاكانی نەوت، ئەوانەی لە بواری نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن.
•    پێدانی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت وەك پارەی گرێبەستی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت.
•    دانوستان‌و ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی سوتەمەنی، بەرهەمە نەوتییەكان، پاڵاوتن، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان‌و گرێبەستە هاوشێوەكانیان.
•    بڕیاردان لەسەر كێشە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، دانوستان‌و رێككەوتن‌و یەكلاكردنەوەی كێشەی گریبەستەكان.
•    پێشكەشكردنی رێنمایی، ئاڕاستەكردن، بڕیاردان لەسەر پلانی یەكخستنی كێڵگە نەوتییەكان، پەرەپێدانی هاوبەش.
•    دەسەڵاتی راگرتن‌و خەرجكردنی پارەی راوێژكارو شارەزایان‌و راوێژكاری یاسایی‌و وردبینی‌و ژمێریارو راوێژكارانی تر بەوشێوەیەی كە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران (ئاشتی هەورامی) بەشیاوی دەزانێت.
•    ئاشتی هەورامی هەموو دەسەڵاتێكی هەیە لە خەرجكردنی پارەدا بۆ دادوەران‌و خەرجی دادگاكان‌و هەر بڕە پارەیەك كە لیژنەی دادوەریی‌و دادگاكان داوای دەكەن. 

سێ فەرمان‌و یەك سكاڵا
مەسرور بارزانی لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا لەدوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران، سێ فەرمانی دەركردووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكان ببەخشێت بە ئاشتی هەورامی.
نزیكەی (20) رۆژ دوای دەرچوونی كۆتا فەرمانی نهێنی مەسرور بارزانی، واتا فەرمانی ژمارە (12)، رۆژی 14ی ئابی 2019 كۆمپانیای "دایناستی پترلیۆم" لە دادگای شاهانەی لەندەن سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە‌و داوای (ملیارێك‌و 680 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات، ئەمە پەیوەندی بە گرێبەستی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیای "ریسپۆڵ"ی ئیسپانییەوە هەیە لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) لەناوچەی گەرمیان لەلایەم كۆمپانیای (دایناستی)یەوە.
پێدەچێت ئاشتی هەورامی پێشوەختە مەسرور بارزانی ئاگاداركردبێت لەوەی لە دادگای ئەوروپا روبەڕووی سكاڵایەكی یاسایی نوێ دەبێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی گفتوگۆو هەڕەشەكانی لەگەڵ خاوەنەكانی كۆمپانیای "دایناستی" بەبنبەست گەیشتن‌و هیچیان لێ سەوز نەبوو،  بۆیە بەر لە تۆماركردنی سكاڵاكەی كۆمپانیای "دایناستی"، مەسرور بارزانی لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا بەشێوەیەكی پەلەپروزە سێ فەرمانی جیاجیای بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە‌و دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێبەخشیوە، دەسەڵاتێك كە لەبنەڕەتەوە خۆی كێشەی یاسایی تێدایە.


ئێستا نەوتی هەرێم لە دادگای لەندەن لەبەردەم ئاڵنگارییەكی یەكلاكەرەوەدایە، دۆراندنی كەیسەكە، رەنگە بەتەواوەتی نەوتی هەرێم بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی بەغدادەوە، ئەمە لەكاتێكدا رودەدات بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە‌و ئاگاداری كردوون لەوەی دەتوانن لە پاڵ كۆمپانیا بیانییەكان لەناو كەرتی نەوتی عێراق‌و هەرێمی كوردستاندا كاربكەن.

لە جانتاوە بۆ كۆشكەكەی لەندەن !
ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، جارێكی تر دوچاری قەیرانێكی دارایی سەخت بوەتەوە، ئاشتی هەورامی بارگرانییەكی تری دروستكردووە‌و داهاتی نەوتی هەرێمی خستوەتە ناو گرەوی سكاڵایەكی یاساییەوە لە دادگای لەندەن كە بە دۆڕاندنی، هەرێم (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلاری تر بۆسەر لیستی قەرزە (27 ملیار) دۆلارییەكەی زیاد دەبێت. 
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە  2005ەوە دروستكراوە، لەو كاتەوە تائێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە، بەڵام هێشتا پارتی ئەم پۆستەی پڕنەكردوەتەوە.
لە ماوەی (15) ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دروستكراوە، یەك پیاو ئەم پۆستەی بەڕێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی (سەرۆكی 17 ساڵ كابینەی یەك لەدوایی یەكەكانی حكومەت). 
مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وایكرد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات لە هەرێمی كوردستان‌و بەبێ بونی ئەو، بەڕێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام بەناچاری پۆستێكی نوێی لە دەرەوەی یاساكان بۆ داتاشی‌و كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، سەرباری ئەوەش بەناچاری لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سێ فەرمانی بۆ دەركردووە‌و دەسەڵاتی پێداوە.
بەپێی فەرمانەكانی مەسرور بارزانی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكان دراوە بە ئاشتی هەورامی، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە ئاشتی هەورامی ئەندامی هیچ یەكێك لەو وەفدانەی حكومەتی هەرێم نەبووە كە چونەتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم لەدادگای عێراق سكاڵای یاسایی لەسەرە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی فرۆشتووە، لەمەشدا ئاشتی هەورامی ئامانجەكەیە.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوانەی بە نوێنەرایەتی هەرێم لەسەر دۆسیەی نەوت دەچنە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن، هیچ یەكێكیان بە وردی ئاگاداری دۆسیەكە نین‌و دەسەڵاتیان بەسەر ئاشتی هەورامیدا نییە‌و دۆسیەكە هێشتا بە ناشەفافی لە جانتاكەی هەورامیدا ماوەتەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن‌و لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل‌و لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات، تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش هەن لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت.
بەمدواییە هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی "ئۆنلاین"ی حكومەتدا كرد، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەندجارێك‌و بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاڕاستەی ئاشتی هەورامی كرد‌و بەرپرسیارێتی بەشێك لە قەیرانی ئێستای هەرێمی خستە ئەستۆی ئەو.
ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا، وەزارەتەكەی لەناو جانتاكەی خۆیدا هەڵگرتبوو، وەزارەتەكەی لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبوو، كە پەرلەمانتاران‌و دامەزراوەكانی تری چاودێری سەردانی بكەن‌و وردبینی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن.


بەمدواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم‌و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە.
هەورامی یەكێك لەوانە بوو كە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی دەكرد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆو دوور لە چاوی بەغداد، كە ناوی لێنرابوو "ئابوری سەربەخۆ" وەكو هەنگاوی یەكەم بەرەو سەربەخۆیی كوردستان‌و جیابونەوە لە عێراق پێناسە دەكرا، هەنگاوێك كە دواجار بووە هۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە بەغداد كە مانگانە (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار بوو.
ئێستا كە نرخی نەوت بۆ جارێكی تر دووچاری داڕمان بوەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری ئابوری سەربەخۆ ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات لەپێناو گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی بەرلە راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، بەڵام كەی ؟ كاتێك كە نەوت نازناوی زێڕی رەشی لەدەستداوەو چیتر لە بازاڕی جیهانیدا ئەو بایەخەی جارانی نەماوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand