وەزیری ناوخۆ هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكات
2020-09-10 16:02:30
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
ئاسایكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران ناكۆكی خستوەتە نێوان پارتیو یەكێتی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئیستا وەزارەتەكە دابەشبووە بەسەر دوو وەزیردا، وەزیرێك لە هەولێرو بریكارێكی وەزیر لە سلێمانی كە بە دەسەڵاتی وەزیرەوە كاردەكاتو فەرمان بۆ دامەزراوەكان دەردەكات.
فەرمانێك بێ ئاگاداری یەكێتی
رۆژی 3ی ئەم مانگە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاند، بە فەرمانی حكومەت دەوامی فەرمانگەكان ئاسایی دەكرێنەوەو دەبێت فەرمانبەران هەفتانە لە یەكشەمەوە بۆ پێنج شەممە دەوام بكەنو كاتی دەوامیش لە كاتژمێر (8:30) خولەك دەستپێدەكات بۆ كاتژمێر (3:00)ی پاشنیوەڕۆ.
كۆتاییەكانی مانگی شوباتی رابردوو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بەبڕیاری حكومەت دەوامی فەرمانگەو خوێندنگەكان راگیرا بەمەبەستی رێگریكردن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە.
وتەبێژی حكومەت بەو راگەیەندراوەی كە رۆژی 3ی مانگ دەریكرد، دەوامی فەرمانگەكانی ئاسایی كردەوەو هاوشێوە قۆناغی پێش دەركەوتنی كۆرۆنای لێكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئاگاداری ئەو بڕیارەی حكومەت نەبوون، بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران.
یەكێتی نیگەران بوون لەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ دەركردنی بڕیاری ئاسایكردنەوەی دەوام ئاگاداری نەكردوون، هەمان رۆژی میدیاكانی یەكێتی لێدوانێكی نافەرمییان بەناوی لیوا (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ بڵاوكردەوە كە سەربە یەكێتییە، لێدوانەكە دەڵێ:
• بڕیاری حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام نامەنتقیو دراسە نەكراوە.
• بڕیارەكەی حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام لە پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیانو راپەڕین جێبەجێ ناكرێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەم كاردانەوەی یەكێتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە، تیمی پارتی لە حكومەت بە فەرمی داوایان لە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت كردووە، لێدوانەكەی لیوا (چەتۆ ساڵح) لە میدیاكانی خۆیان بكێشنەوەو لیوا چەتۆش بە فەرمی داوای لێبوردن بكات، مەسرور بارزانیو رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لێدوانەكەی لیوا چەتۆ بە راگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" لە هەرێمی كوردستان ناودەبەن.
سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی قوباد تاڵەبانی، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) تائێستا كێشەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەرانە لەوەی پارتی فشاری لەسەر دروستكردون بۆ ئەوەی لیوا چەتۆ داوای لێبوردن بكات.
(درەو) زانیویەتی، لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیدا كۆدەنگیەكی بەهێز هەیە كە پاڵپشتی لە لیوا چەتۆ دەكات، بەو پێیەی خۆی ئەندامی سەركردایەتیەو پێیانوایە نابێت یەكێتی بچێتە ژێر فشاری پارتیو هاوشێوەی (رەوەند مەلا مەحمود) دەستبەكارداری لیوا چەتۆ ببێت، رەوەند مەلا مەحمود كاندیدی یەكێتی بوو بۆ پۆستی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، پارتی ڤیتۆی لەسەر داناو تۆمەتباری كرد بەوەی بەشداری لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"دا كردووە، بەوهۆیەوە تائێستا رەوەند مەلا مەحمود نەیتوانیوە پۆستەكەی وەربگرێت.
لەدوای ئەو ناكۆكییە نوێیەی كە لەسەر ئاسایكردنەوەی دەوام لەنێوان هەردوولا دروستبووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ لە سلێمانی دەوامی خۆی دەكات، یەكێك لە نیگەرانییەكانی تری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە لیوا چەتۆ ساڵح ئەوەیە گوایە لیوا چەتۆ لە سنوری یەكێتی هاوشێوەی وەزیری ناوخۆ مامەڵە دەكات.
پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی پارتی حكومەت ئێستا هاتوەتەسەر هێڵ لەگەڵ تیمی یەكێتیو دەیەوێت لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە كێشەكە چارەسەر بكات، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە مەسرور بارزانی، جەخت لەسەر ئەوە دەكات لیوا چەتۆ ساڵح بڕیاری حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام لە سنوری سلێمانی پەكخستووەو دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردن بكات، بەڵام لیوا چەتۆ تائێستا داوای لێبوردنی نەكردووە بەوپێیەی هیچ لێدوانێكی فەرمی نەداوەو ئەو لێدوانەشی كە بەناوی ئەوەوە لەمیدیای یەكێتی بڵاوكراوەتەوە رەتی نەكردوەتەوە.
ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەكرێت، رەنگە بابەتەكە سەربكێشێت بۆ رودانی جیابونەوەیەك لەناو وەزارەتی ناوخۆدا، یەكێتی بریكارەكەی لە وەزارەتی ناوخۆ بەیەكجاری بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانیو لەسنوری خۆی وەكو وەزیری ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم بە تیمی حزبەكەی (پارتی) لە حكومەت راگەیاندووە، ئەگەر لیوا چەتۆ وەكو وەزیری ناوخۆ لە سنوری سلێمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوا ئەو دەست لە پۆستی وەزیری ناوخۆ دەكێشێتەوە.
پێدەچێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیوا چەتۆ بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر، بەگەڕانەوەی ئاسۆی قوڵبونەوە یان چارەسەری كێشە نوێیەكەی نێوان پارتیو یەكێتی لە حكومەت، دەردەكەوێت.
شەڕی دوای ئاشتی !
ناكۆكی ئێستا نێوان پارتیو یەكێتی لە حكومەت دوای مانگێكو نیوێك دێت لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
رۆژی 26ی تەموزی رابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە هەولێر، تاوەكو درەنگانێكی شەو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە "پیرمام" لە دیدارو كۆبونەوەدا بوون، ئەم كۆبونەوەیە دوای ئەوە هات یەكێتی هەڕەشەی هەڵپەساردنی پەرلەمانی كردو مەسرور بارزانیش هەڕەشەی دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەت، ئەوكات نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی قسەی كردو پێكەوە ئاوێكیان كرد بە ئاگرەكەدا، بەڵام هێشتا ئاگرەكە نەكوژاوەتەوە.
لەو كۆبونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانیو بافڵ تاڵەبانیدا، یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەنو لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆ بكەن كە لەسەری ناكۆكن، 15 رۆژ دواتر وەفدی پارتی هاتنە هاوینەهەواری "دوكان" لە سلێمانیو لەگەڵ وەفدی یەكێتی كۆبونەوە، دوای كۆبونەوەكە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركردو رایانگەیاند" هەردوولا هێرشی میدیایی بۆسەر یەكتر رابگرن".
ئەو كێشەیەی ئێستا لەنێوان هەردوولا لەسەر بڕیاری ئاسایكردنەوەی دەوام دروستبووە، دوای ئەوەدێت هەردوولا بڕیاریاندا گفتوگۆ بكەنو كێشەكانی نێوانیان لە حكومەت چارەسەر بكەن".
سەركردایەتی نوێی یەكێتی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 هەڵبژێردرا، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە تائێستا لە چەند كەیسێكدا لەبەرامبەر پارتی شكستی هێناوەو نەیتوانیوە كەیسەكان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، لەوانە:
• كەیسی جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی "زینی وەرتێ"، یەكێتی دژی هاتنی هێزەكە بوو، بەڵام دوای چەند مانگ هێشتا هێزەكە لەو ناوچەیە ماونەتەوە.
• كەیسی لامەركەزی ئیداریی، یەكێتی بەمدواییانە ئەم كەیسەی لەبەرامبەر پارتی جوڵاند، ئەمەش وەكو خۆی ماوەتەوە.
• كەیسی لێبڕینی موچە، سەركردایەتی یەكێتی مەرجیان دانا لێبڕینی موچە تەنیا بۆ یەك مانگ بێت، حكومەت مانگی دواتریش بە لێبڕینەوە موچەی دابەشكردو بڕیارە ئەم لێبڕینە تا كۆتایی ئەمساڵیش بەردەوام بێت، یەكێتی هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كرد ئەگەر لێبڕینی موچە بەردەوام بێت، لەم هەڕەشەیەشدا تائێستا سەركەوتوو نەبووە لەبەرامبەر پارتی.
یەكێتیو پارتی لەسەر چی ناكۆكن ؟
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، كابینەكە سێقۆڵییە لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) پێكهاتووە.
یەكێتی لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا چەند مەرجێكی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەبوو، یەكێك لە دواكارییەكانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەدا لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلابكرێتەوە، پارتیو یەكێتی رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا.
یەكێكی تر لە داواكارییەكانی یەكێتی ئەوەبوو "بەشداری راستەقینە بێت لە بڕیاردا"، ئەم داواكارییەش لەناو یەكێتی گلەیی لەسەرەو هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری سەرچاوەكانی داهاتی حكومەتو رێككەوتنەكانی نینو لەناو هەموو پۆستە باڵاكاندا تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییەو ئەویش لەژێر هەژمونی زۆرینەی پارتیدایە لەم خولەی پەرلەماندا.
یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانو (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانەو سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لە حكومەت، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەندێك كێشەو گرفتی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكەی چارەسەركرا، بەمدواییە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسینەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا كرد سەبارەت بە پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی بەرگری لە حكومەتو بڕیاری بڕینی موچە كرد.
پارتیو یەكێتی لەبارەی پرسی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد ناكۆكن، یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەو پێی وایە فشاری نەبوونی موچە لەشەقام زیاتر لەسەر ئەو دەكەوێت، بەڵام پارتی پەلەی نییەو دەڵێ حكومەتی كازمی حكومەتێكی كاتییەو دوای ساڵێك دەڕوات، دەبێت رێككەوتنەكە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كە كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی پەرلەمانو حكومەتیش دروستكردووە ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تائێستا بە فەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە، بارزانی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات، بەڵام هێشتا دانی بە هاوسەرۆكایەتییەكەی لاهور شێخ جەنگیدا نەناوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە لای لاهور شێخ جەنگییەو بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەژمونی لاهور شێخ جەنگیدان.
تاوەكو بەر لە نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژووی یەكێتی، لەنێوان پارتیو یەكێتیدا رێككەوتنێكی ستراتیژی هەبوو لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، ئەم رێككەوتنە هەرچەندە تائێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام كاری پێناكرێتو لەگەڵ بارودۆخی نوێی یەكێتیدا ناگونجێت.
ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا بكات كە لەگەڵ دۆخی سیاسی نوێی حزبەكەدا بگونجێت، پارتی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنێكی بێ پێشینەی تۆماركرد، پەلەی نییە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی نوێ لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، سێ پۆستی باڵای هەرێمی كوردستان ئێستا لەدەستی پارتیدایە (پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) سەرباری ئەمە جڵەوی فایلی نەوتو پەیوەندییەكانی هەرێمی لەبەردەستدایە.
یەكێتی كاتێكی گونجاوی بۆ فشاركردن لە پارتی هەڵبژاردووە، كاتێك كە تێیدا حكومەتی هەرێم كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات دوچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووەو موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناكرێت.
سەرباری ئەوەی لەناو یەكێتیدا جیاوازی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنو فشاركردن لەسەر پارتی، بەڵام تائێستا تاڕادەیەك حزبەكە لەسەر ئاستی دەرەوە بە یەكگرتوویی ماوەتەوەو دیارنییە ئەنجامی گەمە سیاسییەكە لە كۆتایدا بە چ جۆرێك دەشكێتەوە.