تەنیا 7 پەرلەمانتار خانەنشینیان رەتكردەوە
2020-09-07 12:22:34
درەو:
لەكۆی ( 419) پەرلەمانتاری خانەنشین و (111) پەرلەمانتاری ئێستا تەنیا (7 )پەرلەمانتار خانەنشینیان رەتكردەوە و ناوەكانیان بەرەسمی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كوردستان كرا.
بە پێی نوسراوێك كە دەست درەو كەوتووە، دوێنێ ئەردەڵان محەمەد سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوێك لیستی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەشنینی كردووە كە بەپێی یاسای چاكسازی فۆرمی رەتكردنەوەی خانەنشینیان رەتكردۆتەوە.
بە پێی دوایین لیست تەنیا (7) پەرلەمانتار لە كۆی (419 ) پەرلەمانتاری خانەنشین و (111) پەرلەمانتاری خولی ئێستا خانەنشینیان رەتكردۆتەوە لە فراكسیۆنی (گۆڕان و نەوەی نوێ) كە بریتین لەمانە:
- عەلی حەمە ساڵح فراكسیۆنی گۆڕان
- شایان عەسكەری فراكسیۆنی گۆڕان
- شیرین ئەمین فراكسیۆنی گۆڕان
- كازم فاورق فراكسیۆنی نەوەی نوێ
- سیپان ئامێدی فراكسیۆنی نەوەی نوێ
- كاوە عەبدولقادر فراكسیۆنی نەوەی نوێ
- مژدە مەحمود فراكسیۆنی نەوەی نوێ
هیچ یەكێك لە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو بە خواستی خۆیان وەكو ئەوەی لە یاسای چاكسازیدا هاتووە، ئامادە نەبوون دەستبەرداری موچەی خانەنشینینان بنن و بگەڕێنەوە سەر كاری پێشووی خۆیان، لەناو پەرلەمانتارانی ئەم خولەشدا سیروان بابان كە دوای دەرچوونی یاساكە بانگەشەی ئەوەی كرد خانەنشینین رەتدەكاتەو فۆرمی رەتكردنەوەكەی پڕكردەوە، ناوی لە لیستی ئەوانەدا نیە كە خانەنشینیان رەتكردۆتەوە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بە پێچەوانەی یاساكەوە سیروان بابان مەرجی داناوە بۆ دەستهەڵگرتن لە خانەنشینییەكەی، بەشی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوەی قسەیان لەگەڵ كردووە بۆ لابردنی مەرجەكەی، سیروان بابان رەتی كردۆتەوە، بۆیە بەشی یاساییش فۆرمەكەی سیروان بابانیان رەتكردۆتەوە ئەویش پاشگەزبوەتەوە لە رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینیەكەی.