نێچیرڤان بارزانی دوو مەسجی كازمی بە ئەردۆغان گەیاندووە
2020-09-06 21:01:49
(درەو):
نێچیرڤان بازرانی بە دوو پەیامی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆی کردووە، کازمی مەرجی هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا.
رۆژی هەینی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەنکەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە.
دوو رۆژ بەر لەوەی سەردانی تورکیا بکات، نێچیرڤان بارزانی لە بەغداد چاوی بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەیە، یەکێکیان سەر بە یەکێتی و ئەوی تر سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا هیچ یەکێک لە جێگرەکانی لەگەڵ خۆی نەبرد، سەرباری ئەوەی جێگرەکانیشی وردەکاری سەردانە کتوپڕەکەی بۆ ئەنکەرە نازانن، لە میدیاکانی تورکیاشدا زانیاری ئەوتۆ لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانییەوە نەخرایەڕوو، بۆ رایگشتی هەرێمی کوردستانیش ناوەڕۆک و ئامانجی سەردانەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوەو قسەی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لە بەغداد دەست (درەو) کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی بە ئاگاداری و راوێژی هەریەکە لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەسەردانی توركیای كردووە.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، مستەفا كازمی بە ئاگاداری بەرهەم ساڵح، لەڕیگەی نێچیرڤان بارزانییەوە دوو مەسجی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ناردووە، بەمشێوەیە:
مەسجی یەکەم: ئێمە چیتر ناتوانین بوونی سەربازانی توركیا لە خاكی عێراقدا قبوڵی بكەین، ئەمە ئیحراجی بۆ ئیمە دروستكردووە.
مەسجی دووەم: پرسی ئابوری، دەبێت بەغداد ئاگاداری پرۆسەی نەوت بێت لە رێگەی توركیاوە هەناردە دەکرێت، دەبێت لە چۆنیەتی مامەڵی توركیا لەگەڵ نەوتی عێراق، بەغداد بەرچاوی روون بێت.
مستەفا كازمی رایگەیاندووە، بەبێ جێبەجێكردنی ئەو دوو هەنگاوە، ناتوانن گفتوگۆ لەگەڵ توركیا دەست پێبكەن.
(درەو) زانیویەتی، بەرپرسانی توركیا چەند جارێك داوای گفتوگۆیان لە بەرپرسانی عێراق كردووە، تائێستا عێراق وەڵامی نییە.
نێچیرڤان بارزانی پەیامەکانی کازمی گەیاندوەتە ئەردۆغان، بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی باڵا کە بە (درەو)ی راگەیاندووە، ئەردۆغان بەڵێنی بە نێچیرڤان بارزانی داوە، هەنگاو بۆ ئاسایكردنەوەی گرژیەكان دەدات و تورکیا لەهەردوو رووی ئابوری و سەربازییەوە هاوكاری بەغداد دەبن.
سەبارەت بە بە لەشكركێشی سەربازی تورکیا لەناو خاکی عێراق، ئەردۆغان بەڵێنی كشانەوەی تەواوەتی سوپاکەی نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە، لەڕووی میدیاییەوەپرسی هێرشە سەربازیەكانیان لەناو خاكی عێراق كەمدەكەنەوەو بەشێوەیەكی قۆناغبەندیش هێرشە ئاسمانیەكانیان كەمدەكەنەوەو تا ئاستی وەستانی تەواوی هێرشە ئاسمانیەكان، بەڵام ناتوانن لە ئێستادا بەتەواوی هێرشەكانیان رابگرن و سەربازەكانیان بكشێننەوە.
لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی (العربی الجدید) کە رۆژنامەیەکی قەتەرییە لەزاری بەرپرسێکی باڵاوە لە هەولێر بڵاوکردەوە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی بە سەرۆکی تورکیا داوە رێگە نەدەن وڵاتانی تر بەیاریکراویش فەرەنساو ئیماراتی عەرەبی لەشکرکێشی تورکیا بۆ لێدان لە (پەکەکە) لەناو خاکی هەرێم بقۆزنەوە.