داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان چی لێدێت؟
2020-09-06 19:05:54
راپۆرتی: درەو
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان (ملیارێك و 104 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیا دەچێت، لە كۆی (8 ملیار و 438 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت، تەنیا (2 ملیارو 647 ملیۆن) دۆلاری دەچێتە گیرفانی وەزارەتی داراییەوە، (30%)ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەتەو (70%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیاكان دەچێت.
بە پێی شیكارییەكی (د. عزەت سابیر) شارەزای بواری ئابوری، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2013 دا داهاتەكەی (14 ملیار) دۆلار بووەو (100%)ی داهاتەكەی خەرجدەكرا و (12) موچەی ئەو ساڵەی لێدراوە بێ لێبڕین و پاشەكەوت، بەڵام داهاتی حكومەتی هەرێم لە 2019 دا ( 15 ملیار) دۆلار بووە، لەو بڕە تەنها ( 5 ملیار) دۆلاری بۆ خەرجی و موچە بووە و (10 ملیار) دۆلاری بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكان بووە، لەو ساڵەدا تەنیا (9) موچە دراوە .
بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 2019، هەرێمی كوردستان (171 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو (160 ملیۆن ) بەرمیلی هەناردەكردووە، (11 ملیۆن) بەرمیلی بۆ ناوخۆ بەكارهاتووە، تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت (53 ) دۆلار بووە، كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2019 دا ( 8 ملیار و 438 ملیۆن) دۆلار بووە.
لە كۆی ( 8 ملیارو 438 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ( 5 ملیارو 791 ملیۆن) دۆلاری بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكان چوەو تەنیا (2 ملیارو 647 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم بووە.
(610 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوتی توركیابووە، (494 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای وزەی توركی بووە بۆ كرێی بۆری، واتا ( ملیارێك و 104 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیایە، (700 ملیۆن) دۆلاری بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتە، ساڵانە (25 ملیۆن) دۆلاری بۆ سودی قەرزی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتە، (644 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بۆ كرێی بۆری نەوتی كوردستانە، ( 2ملیارو 537 ملیۆن) دۆلاری بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە.
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان (30%)ی بۆ خەزێنەی حكومەتەو (70%)ی بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیاكانە بەشێوەیەك، (13%)ی بۆ كرێی بۆری نەوتی كوردستان و توركیایە، بۆ قەرزی توركیا و كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت (16%)ی نەوتی هەرێم دەڕوات، (9%)ی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكانە ( كارەبا و پاڵاوگەكان)، بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت (30%)ی داهاتی نەوتی دەڕوات، پوختەی ئەو داهاتەی نەوت كە بۆ موچەو خەرجی حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە تەنها (32%)ەو لە پرۆسەی گۆڕینەوەی داهاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار (2%) دەڕوات بۆ بانكی (RT) بەو پێیەش (30%)ی كۆی داهاتی نەوت بۆ خەڵك و حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە.
كۆی ئەو داهاتانەی كەوتۆتە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2019دا (15 ملیۆن) دۆلار بووە، لەو رێژەیە ( 8 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بووە بەرێژەی (57%)، ئەو پارەیەی كە لە 2019 دا لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە مانگانە (453 ملیار) دینار بووە لەو ساڵەدا (4 ملیارو 500 ملیۆن ) دۆلار لەبەغداوە بۆ هەرێم هاتووە، داهاتی ناوخۆ ( نانەوتی) لە هەرێمی كوردستان لەو ساڵەدا ( 2 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام لە كۆی ئەو (15 ملیار) دۆلارەی داهاتی هەرێم لە 2019 دا تەنها (5 ملیار) دۆلاری بۆ خەرجی و موچە بووە، (10 ملیار) دۆلاری بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیاكان رۆیشتووە و حكومەت تەنها (9 ) موچەی دابەشكردووە بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە 2013 دا كە هەرێمی كوردستان لەو پەڕی گەشەسەندندا بووە، كۆی داهاتەكەی (14 ملیار) دۆلاربووە كە (100%)ی خەرجكراوە و (12)موچە دراوە.