Draw Media

توركیا چۆن دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان؟

توركیا چۆن دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان؟

2020-09-05 17:07:39


راپۆرتی: د.سەلام عەبدولكەریم

"سەبارەت بەسەردانەكەی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ توركیا"
 

پاش سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم‌و شاندی هاوڕێی بەشێك لەرەخنە‌و شرۆڤەكان بۆ ئەوەبوون بۆچی ئەگەر بڕیارە شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بێت جێگرەكانی لەیەكێتی‌و گۆڕانی لەگەڵدا نیە‌و شاندەكە شاندێكی حزبیە؟ بێئاگا لەوەی بەلای بنەڕەتی بابەتەكەدا نەچوون، چونكە ئەوەی گرنگە تێڕوانینی توركیایە لەمەڕ هەرێمی كوردستان‌و ئەو رۆڵ‌و ئەركانەیە، كەتوركیا دەخوازێت هەرێمی كوردستان بیگێڕێت.
بەڕێزەوە بوونی دوو  جێگرەكەی سەرۆكی هەرێم پۆستی زیادەن لەبنەڕەتەوە، چونكە بەكردار دەسەڵات‌و ئەركەكانیان دیارینەكراوە‌و كارتۆنین، كاتی خۆی كەپێكهاتەی حكومەت كرا بۆ هاوسەنگ كردنی هاوكێشەی پۆستەكانی ئەو سێ لایەنە بوو. سەرباری ئەوەی ئەم جێگرانە لەبنەڕەتەوە هیچ محەلێكیان لەئیعرابدا نیە‌و لەكۆبوونەوە‌و سەردانی لەمشێوەیە، كەرەهەندی ئاساییشی‌و ئابورییان هەیە نابرێن‌و پرسیشیان پێناكرێت لەداهاتووشدا. لەتوركیاشدا شتێك نیە ناوی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بەڵكو ئەوەی هەیە نوێنەرایەتی‌و بارەگای حزبیە لەو  وڵاتە. هەرچی مەسەلەی ئاڵاشە مامەڵەیەكی تاكتیكیە كەی پێویست بێ لای توركیا دایئەنێت كەی پێویستیش نەبێت داینانێت، لەسەردانەكانی رابردوشدا ئەم دیاردە تێبینیكراوە‌و بەدیكراوە.

توركیا چۆن دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان؟
لەراستیدا هۆكاری بایەخدانی توركیا بەهەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەوەوە نیە،  كەتوركیا بڕوای بەمافی كورد لەباشور هەیە، یا خوازیاری بوونی حكومەتی هەرێمە وەك ئیدارەیەكی كوردیی، بەڵكو توركیا لەئێستادا زیاد لەبەرەیەكی شەڕەقۆچی لەسەر ئاستی ناوچەكە كردۆتەوە لەلایەك كەڵكەڵەكانی بۆچنگكەوتنی وزە لەرۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەلایەك بەهێزكردنی پێگەی هەرێمیی لەلیبیا، لەلایەك بوونی لەسوریا، لەلایەكی دیكەوە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ دژ بە پەكەكە لەباشوری كوردستان. هەموو ئەم جەنگ‌و بەرانە پێویستیان بەوزە‌و ئابووری هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستانیش هەرێمێكە حزب بەڕێوەی دەبات‌و دەمێكە بەتوركیا تاڵانفرۆشكراوە. سەرباری ئەوەی توركیا زیاد لەناكۆكی هەرێمیی و جیهانیی هەیە‌و لەناوچەكەدا لانیكەم لەگەڵ هەرێمی كوردستان كەپەكەكە بوونی هەیە لەناوچە سنوریەكان پێویستی بەهێزێك هەیە هاوكاری بێت لەبەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانە.

ئەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستانی دەخوازێت سێ رۆڵی سەرەكیە، كەكاریگەریان لەسەر رۆڵ‌و پێگەی توركیا لەناوچەكە هەیە:


یەكەمیان- هەرێمی كوردستان وەك بازاڕی ساغكردنەوە:
دەمێكە توركیا هەرێمی كوردستان وەك بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەم و هەناردەنی لەبازرگانی دەرەوەدا دەبینێت‌و ساڵانەش رێژەی وەبەرهێنانی توركیا بەرزتر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە وەبەرهێنان یا ناردەنی هەرێمی كوردستان جگە لەنەوت‌و گازی سروشتی، كەبەتاڵان دەبرێن هیچی تر بەدی ناكەین، رەنگە بپرسن هەرێمی كوردستان چی هەیە تا هەناردەی بكات؟ بەڵام مەسەلەكە ئەوە نیە چونكە گەر هەرێمی كوردستانیش هەناردەنی هەبێت توركیا قبوڵی ناكات، لەبەرئەوەی خۆ عێراق هەناردەنی هەیە‌و سەرمایەدارانی عێراقی دەتوانن لەتوركیا كاری وەبەرهێنان بكەن، بەڵام توركیا تائێستا هاوردەنی لەعێراق نیە، ئەمەش یەكێكە لەخاڵە ناكۆكەكانی نێوان توركیا‌و عێراقە پاش هاتنی كازمی بۆسەر تەختی دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران‌و تائێستا ئەو كێشە یەكلایی نەبۆتەوە. 


دووەم- هەرێمی كوردستان وەك زۆنی سەرچاوە سروشتیەكان و وزە:
روانینی دووەمی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بریتیە لەوەی توركیا سەیری هەرێم وەك زۆنێكی گەورەی وزەی نەوت‌و گازی سروشتی تەماشا دەكات‌. ئێمە لەنوسینی تردا بەداتا روونمان كردەوە چۆن (ئاشتی هەورامی) زانیاری لەسەر یەدەگی گازی سروشتی داوەتە توركەكان‌و بەنزیكی (46ملیار م3) خەمڵاندووە‌و لەگەڵ یەدەگی نەوتی خاو كەئەویش بەملیارەها بەرمیل مەزەندەی كردووە. بۆیە سەرباری ئەمانە توركیا ئەم وزە سروشتیەی بەنرخێكی تاڵان‌و بەلاش دەستدەكەوێت جگە لەوەرگرتنی كرێی بۆری گواستنەوە، كە بەوڵاتەكەیدا تێدەپەڕێت‌و دەستبەسەراگرتنی پارەی نەوت. ئەمەش هەرزانتر‌و ئاسانترە لەچاو ئەو وزەیەی لەروسیا‌و قەتەری دەكڕێت لەگەڵ ئێران. كاتی خۆیشی پێموایە ئەحمەد داود ئۆغلو بوو پێشنیاز بۆ (عەبدوڵا گویل)ی سەرۆك كۆمار دەكات، كەچین لەو دوورەوە لەكێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستاندا خەریكی دەرهێنانی نەوتە ئێمە لەم نزیكەوە بۆچی دوورەپەرێز بین؟


سێیەم- هەرێمی كوردستان وەك پۆلیسی پاراستنی سنوور:
یەكێكیتر لەو رۆڵانەی توركیا لەهەرێمی كوردستانی دەوێت بریتیە لەرۆڵی ئاسایشی‌و بەكوردی پۆلیسی سنوور، بەشی هەرە زۆری ئەو  زانیاریانەی لەبەیاننامەكانی حكومەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتوون‌و دێن لەكۆن‌و نوێدا دیپلۆماسیانەن‌و راستی بابەتەكە ناخەنەڕوو،چونكە لەرابردووشدا هەموو رێكەوتننەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتی لە(دبلن‌و درۆگیدا‌و بەتلیس‌و ئەنكەرە‌و واشنتۆن) هەژمونی توركیای بەسەرەوە بووە‌و رەهەندێكی ئاسایشی هەبووە لەهەندێ لەبەند‌و بڕگەكانیدا، توركیا داواكار بووە هەرێمی كوردستان بەگژی تیرۆردا بچێتەوە، كەمەبەست لێی پەكەكە بوو. ئێستاش هەر بەهەمان شێوەیە، وەك لەوتەكانی (مەولود چاوش ئۆغلو)ی وەزیری دەرەوەی توركیا روونبۆوە، كەوتی:"شەڕە هاوبەشەكەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە...". بۆیە روونە توركیا هەمیشە ویستویەتی لەبری خۆی یان پێكەوە هەرێمی كوردستان رۆڵی پۆلیسی پاراستنی سنوری بۆ بگێڕێت لەدژی مەترسیەكانی چەكدارانی پەكەكە‌و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانیش بەڵگەیە لەسەر ئەم تێڕوانینەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان.
لەكۆتاییشدا تائێستا لەتوركیا دامەزراوەیەك نیە ناوی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت‌و بەهیچ شێوەیەكیش ئامادەنیە شتێكی وا قبوڵ بكات، بۆیە دەمێك بەكاربەدەستانی باكوری عێراق‌و دەمێك بەدەسەڵاتدارانی باكوری عێراق ناومان دەبەن، دژایەتیكردنی ریفراندۆمیش بەڵگەیەكی تری ئەوەیە، كەتوركیا بەهیچ شێوەیەك دان بەهەرێمی كوردستان‌و مافی كوردا نانێت. قسەكانی ئەردۆگان پێش ‌و دوای ریفراندۆم‌و سوكایەتیكردن تارادەی ئیهانەپێكردنمان بەس بوو بۆ تێگەیشتن لەم راستیە. بەڵام ئەو راستیەش هەیە هەم هەرێمی كوردستان پێویستی بەهاوسێیەتی توركیا وەك دراوسێیەك هەیە، چونكە تاكە دەروازەی هەرێمە بەرووی ئەوروپا‌و ئەمەریكا، هەم توركیاش لەبەر ئەو رەهەند‌و رۆڵانە پێویستی بەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەسەر بنەما‌ی خۆی و بێ پاشكۆیەتی، لەم نێوەندەشدا پێویستە پەكەكە رەچاوی هەستیاری دۆخی هەرێمی كوردستان بکات و بەهەند وەریبگرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand