Draw Media

كۆمپانیایەك لە سلێمانیەوە شەڕ لەسەر نەوت دەكات

كۆمپانیایەك لە سلێمانیەوە شەڕ لەسەر نەوت دەكات

2020-09-02 16:01:26


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
تەموزی ساڵی رابردوو، چەند رۆژێك دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی گرێبەستی كڕینی پشكی كۆمپانیایەكی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی ناوچەی گەرمیان لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵی لە سلێمانی رەتكردەوە، بەڵام
مانگی رابردوو گرێبەستێكی هاوشێوەی پەسەندكرد كە كۆمپانیایەكی نزیك لە سیروان بارزانی ئیمزای كردبوو، سلێمانی لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە دەیەوێت هاوشێوەی كۆمپانیای (كار) لە هەولێر بچێتە ناو كەرتی نەوتەوە لە هەرێم، بەڵام سەرۆكی حكومەت رێگەنادات، ئەمە ئەو كۆمپانیایەیە كە لەدادگاى بەریتانیا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە.

لەبارەی كۆمپانیاكەی سلێمانییەوە ؟
مانگی شوباتی داهاتوو دادگای لەندەن بڕیاری كۆتایی لەسەر سكاڵایەك دەدات كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێم‌و یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە تۆماریكردووە.
بانگەشەی ئەمدواییە كۆمپانیای (دایناستی) بۆ بازرگانی سنورداری نەوت‌و گاز كە بە (دایناستی پترلیۆم) ناسراوە، جارێكی تر تیشكی خستەوەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كەیسی نەوت لە هەرێمی كوردستان‌و دەستوەردانی بنەماڵە سیاسییەكان لەو سامانە گەورەیەدا. 
(دایناستی) كە ئێستا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، كۆمپانیایەكی تایبەتە كە لە شاری سلێمانی دامەزراوە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، رێژەی 51%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (ساوز كوردستان)  دەگەڕێتەوە‌و رێژەی 49%ی پشكەكانیشی (هیوا ئاوات قارەمانی) خاوەندارێتی دەكات، كە گەنجێكی كوردی شارەزای بواری نەوتە لە بەریتانیا. 
كاری كۆمپانیاكە بریتییە لە كڕین‌و پێشخستنی كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان، ئەم كۆمپانیایە خاوەنی ژمارەیەك راوێژكاری بەئەزمونی عێراقی‌و بیانییە. 
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بیانییەكان، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە بازرگانییەكانی، كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لێكۆڵینەوەو شیكارییەكی وردی كردووە بۆ نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان‌و شیكارییەكانی توانایەكی شاراوەی گەورەی دەرخستووە لە سەرچاوەی وزەدا لە هەرێم كە پێشتر لەلایەن ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، سودیان لێ نەبینراوە.

چیرۆكی دایناستی‌و ئاشتی هەورامی
كۆمپانیای (ریپسۆڵ ئێس. ئەی) كە كۆمپانیایەكی ئیسپانی بوو، كارپێكەری هەردوو بلۆكی نەوتیی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بوو لە ناوچەی گەرمیان، كانونی دووەمی ساڵی 2016  كۆمپانیای (دایناستی) بۆ یەكەمجار پەیوەندی بەم كۆمپانیا ئیسپانییەوە دەكات‌و ئۆفەرێكی پێشكەشدەكات بۆ كڕینی بەرژەوەندییەكانی لەو دوو بلۆكە نەوتییەی گەرمیاندا.
لەماوەی زیاتر لە دوو ساڵدا، كۆمپانیا (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی گفتوگۆی دەستپێكرد بۆ فرۆشتنی پشكەكانی لەو دوو كێڵگە نەوتییەی گەرمیان، لەم بوارەشدا بەپێی زانیارییەكان، لەگەڵ زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكانی تر لە ناویاندا (ئێكسۆن مۆبێل، شێڵ، روس نێفت، گازپرۆم، شێڤرۆن، مایرسك، ئاداكس پێترۆڵییەم‌و كۆمپانیای نەوتی توركیا) گفتوگۆی كردووە.
پێشبڕكێیەكی جیهانیی لەنێوان كۆمپانیاكان لەسەر كڕینی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە كێڵگەكانی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) دەستی پێكرد، سەرەڕای ئەم پێشبڕكێ جیهانییە، (ریپسۆڵ) بڕیاریداوە رێكەوتننامەیەكی نهێنی لەگەڵ (دایناستی) ئیمزا بكات، لەم كاتەدا (ریسپۆڵ) هەر لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی، بەڵام لە كۆتایدا‌و بەدیاریكراوی لە مانگی شوباتی 2019دا بۆردی بەڕێوەبەری كۆمپانیا ئیسپانییەكە بڕیار دەدات بەرژەوەندییەكانی لە هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بە (دایناستی) بفرۆشێت، كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە لە هەرێمی كوردستان، ئەمە جاری یەكەم بوو كۆمپانیایەكی نەوت‌و غازی كوردی گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتن لەگەڵ یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهاندا واژۆ بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە میدیاكانی رۆژئاوا بڵاویانكردوەتەوە، دوای كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، (دایناستی) وەكو كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بە وەبەرهێنانێكی سەرەتایی بە بەهای (٢٠٠ ملیۆن) دۆلارو دوای ئەوەش ئاستی وەبەرهێنانی خۆی لەو دوو بلۆكەدا لەماوەی سێ بۆ چوار ساڵ بگەیەنێتە بڕی (ملیارێك) دۆلار. 
بەڵام لەسەرەتای ئازاری ساڵی 2019وە، (ریپسۆڵ)و (دایناستی) تووشی كێشە بوون، ئەمەش كاتێك رویدا كە (ریپسۆڵ) حكومەتی هەرێم‌و ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوكاتی سامانە سروشتییەكانی ئاگاداركردەوە لەوەی رێككەوتنی فرۆشتنی لەگەڵ دایناستی واژۆ كردووە"، كۆمپانیا ئیسپانییەكە داوایكردووە ئاشتی هەورامی بەگوێرەی مەرجەكانی گرێبەستی هاوبەشیكردنی بەرهەمهێنان (ماددەی 7.39) كۆنترۆڵی دوو بلۆكە نەوتییەكەی گەرمیان رادەستی (دایناستی) بكات.
تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) لە بەڵگەنامەكانیاندا بۆ دادگای بەریتانیا باسیان لەوەكردووە، بەپێی مەرجەكانی لە گرێبەستەكانی هاوبەشیكردنی بەرهەمهێنان‌و یاسای نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر حكومەتی هەرێم لەمامەڵەی فرۆشتن ئاگاداركرایەوە، واتا حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی رەزامەندی لەسەر گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی پشكی كۆمپانیاكان داوە‌و ئیتر نابێت بەبێ هۆكاری گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكان لە كۆمپانیایەكەوە بۆ یەكێكی تر دوابخات یاخود بەیەكجاری رابگرێت. 
پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوام‌و نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیان‌و هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریسپۆڵ)‌و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) راوەستاوە.
هەر لەو ماوەیەدا بووە كە هەردوو كۆمپانیا ئیسپانییەكە‌و كۆمپانیاكەی سلێمانی بەنوسراو ژمارەیەكی زۆر داواكاریان پێشكەشی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەر ئاڵوگۆڕی نێوانیان لە دوو كێڵگە نەوتەكەی ناوچەی گەرمیان، بەڵام حكومەت هەموو داواكارییەكانی رەتكردونەتەوە.
بەرپرسانی باڵای كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی چەندینجار داوایان لە ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوكاتەی سامانە سروشتییەكان كردووە كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی بكات لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)‌و (دایناستی)، بەڵام ئاشتی هەورامی رەتیكردوەتەوە. دواجار ئاشتی هەورامی قایل بووە دوو قۆڵی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ) كۆببێتەوە، كۆبونەوەكە لە 7ی ئایاری 2019 لە لەندەن بەڕێوەچووە، لەو كۆبونەوەیەدا ئاشتی هەورامی داوای لە بەرپرسانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە كردووە گرێبەستەكەیان بۆ فرۆشتنی پشكەكانیان لە كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) لەگەڵ كۆمپانیای (دایناستی) هەڵوەشێننەوە، ئاشتی هەورامی بەبەرپرسانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی وتووە:" ئەگەر بەسەر تەرمەكەشمدا تێپەڕن، رێگەنادەم دایناستی كۆنترۆڵی ئەو دوو كێڵگەیە بگرێتەدەست". 
بە درێژایی هاوینی 2019 ئاشتی هەورامی رەزامەندی نەدا لەسەر ئەوەی (دایناستی) لە شوێنی ریسپۆڵ لە كێڵگە نەوتییەكان گەرمیان دەستبەكار ببێت، رۆژی 7ی تەموزی 2019 كابینەی نوێی حكومەت لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی پێكهێنرا، مەسرور بارزانی لەكابینەكەیدا ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، ئەمە هیوایەكی بەخشی بە كۆمپانیای (دایناستی)، خاوەنەكانی دایناستی چاوەڕوانی ئەوەبوون ئەو وەزیرەی كە شوێنی ئاشتی هەورامی دەگرێتەوە كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات، بەڵام مەسرور بارزانی تائێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، لە كۆتایی تەموزی 2019دا، كۆمپانیا ئیسپانییەكە‌و كۆمپانیاكەی سلێمانی نوسراوێكیان ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت كردووە‌و تێیدا داوایان لێكردووە رەزامەندی بدات لەسەر دەستبەكاربوونیان لە كێڵگەكانی گەرمیان‌و باسیان لەوەكردووە بەپێی یاسا دەبێت رەزامەندییان بۆ بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی لەوەڵامدا جەختی لەسەر قسەكانی پێشتری ئاشتی هەورامی كردووە‌و داوای كردووە كۆمپانیای (ریسپۆڵ)‌و (دایناستی) گرێبەستەكەیان هەڵبوەشێننەوە. 
ئەمە وایكرد، لە رێكەوتی 2ی ئەیلولی 2019دا كۆمپانیای (ریپسۆڵ) ئامۆژگاری كۆمپانیای دایناستی كرد بەوەی كە بەبێ رێگەپێدانی گۆڕینی دەسەڵات (كۆنترۆڵ)، هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەمدا نیە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕین‌و فرۆشتنەكە لەنێوانیاندا.
رۆژی 3ی ئەیلولی 2019، واتا رۆژێك دوای ئەوەی (ریسپۆڵ) گرێبەستی فرۆشتنی پشكەكانی بە كۆمپانیای (دایناستی) لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) هەڵدەوەشێنێتەوە، (وێسترن زاگرۆس) كە كۆمپانیایەكی كەنەدییە‌و هاوبەشی ریسپۆڵ بووە لە كێڵگەكانی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر)، نوسراوێك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات‌و رایدەگەیەنێت" پشكەكانی كۆمپانیای ریپسۆڵی كڕیوە"، ئەمە هەمان ئەو پشكانە بوو كە كۆمپانیای (دایناستی) قایل بوبوو بە كڕینیان.
مەسرور بارزانی بەبێ كێشە‌و دەستبەجێ كڕینی پشكەكانی ریسپۆڵ لەلایەن (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدییەوە پەسەند دەكات، بەمەش قوڕەكە زیاتر بۆ كۆمپانیای (دایناستی) خەست دەكاتەوە، ئەوانەی كە نزیكن لە كۆمپانیای (دایناستی) دەڵێن، بەم كارە مەسرور بارزانی فەزڵی كۆمپانیایەكی كەنەدی داوە بەسەر كۆمپانیایەكی ناوخۆیدا.

سكاڵا لەسەر ئاشتی هەورامی
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ) لە كێڵگەی (تۆپخانە)‌و (كوردەمیر) بە كۆمپانیای (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی پەسەند دەكات، كۆمپانیاكەی سلێمانی واتا كۆمپانیای (دایناستی) بەتەواوەتی بێئومێد دەبێت. 
رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگا باڵای بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێم تۆماردەكات، لە دادگای لەندەن كۆمپانیای (دایناستی) قەبارەی زیانەكانی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ) بە (ملیارێك‌و 682 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێنێت، باسلەوەدەكات لە سەرەتای ساڵی 2016وە بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە لە كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)، ملیۆنان دۆلاری ئەمەریكی خەرجكردووە‌و ئێستا دەیەوێت حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو خەرجیانەی بكاتەوە.

لەنێوان كۆمپانیای دایناستی‌و كاردا
دەوترێت ئاشتی هەورامی دژی ئەوە بوو كۆمپانیا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كار لە بواری نەوت‌و غازی هەرێمدا بكەن، بەڵام لەواقیعدا ئەمە راست نییە، ئاشتی هەورامی رێگەی بە كۆمپانیا ناوخۆییەكان داوە لە بواری نەوتی هەرێمدا كاربكەن، بەتایبەتی ئەو كۆمپانیایانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەندارێتی دەكەن.
كۆمپانیای (كار گروپ) كە دەوترێت سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە ساڵی 2006ەوە گەورەترین كێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی پێ بەخشراوە كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە، ئەم كێڵگەیە رۆژانە زیاتر لە (110 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەمەیە سەرچاوەی نیگەرانی كۆمپانیای (دایناستی)و ئەوانەیە كە لە سلێمانی پشتیوانی لێ دەكەن. 
چاودێرانی بواری نەوت دەڵێن، ئاشتی هەورامی‌و حكومەتی هەرێم بەبێ كێبركێ گرێبەستی كێڵگەی (خورمەڵە)یان داوە بە كۆمپانیای (كار)، خورمەڵە كە ئێستا بە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، دەكەوێتە نێوان هەولێرو مەخمور، ئەم كێڵگەیە بەر لە ساڵی 2005 بەرهەمهێنراوە، تاوەكو ساڵی 2008 كۆمپانیای نەوتی باكور كاری تێداكردووە، لەدوای 2008وە كەوتوەتە دەست حكومەتی هەرێم، ئایاری 2019 كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردو داوای كرد كێڵگەی (خورمەڵە) لە كۆمپانیای (كار) وەربگیرێتەوە‌و رادەستی كۆمپانیای (نەوتی باكور) بكرێتەوە.
حكومەتی هەرێم تەنیا ئەو كارەی بۆ كۆمپانیای كار نەكردووە كە بەبێ ركابەرێتی كێڵگەی (خورمەڵە)ی پێداوە، بەڵكو بڕی (600 ملیۆن) دۆلاریشی بۆ كۆمپانیای (كار) دابینكردووە بۆ ئەوەی پەرە بە كڵگەكە بدات، ئەمەش یارمەتییەكی زیادە بووە.
كۆمپانیای (كار) بۆری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ توركیا دروستكرد، گرێبەستی دروستكردنی ئەم بۆرییە بەوشێوەیە كرا، رێژەی 40%ی بۆرییەكە بۆ كۆمپانیای (كار) بێت‌و رێژەی 60%ی بۆ (حكومەتی هەرێم)، ساڵی 2017 حكومەتی هەرێم پشكی خۆی لە بۆرییەكە كە رێژەی 60% بوو فرۆشت بە كۆمپانیای (رۆزنەفی روسی) بەبڕی (ملیارێك‌و 800 ملیۆن) دۆلار، ئێستا حكومەتی هەرێم پارە دەدات بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتەكەی بەو بۆرییەدا، خەرجی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بە بۆرییە هاوبەشەكەی كۆمپانیای (كار)و (رۆزنەفت)ی روسی ساڵانە (600 ملیۆن) دۆلارە، رێژەی (240 ملیۆن) دۆلاری ئەم پارەیە بۆ كۆمپانیای (كار) دەبێت‌و رێژەی (360 ملیۆن)ەكەی تری بۆ كۆمپانیای (روزنەفت)ی روسی.
كۆمپانیای (كار) چانسی گەورەتری لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، (شێخ باز رەئوف) سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان.

سیروان بارزانی لەبواری نەوتدا
تەنیا كۆمپانیای كار نییە كە وەكو كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە بواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات، بەپێی زانیارییەكان، مانگی رابردوو، كۆمپانیای نەوت‌و غازی (زێگ)، كە لە دوورگەكانی ڤێرگینی بەریتانی تۆمار كراوە‌و بەوە ناسراوە (سیروان بارزانی) خاوەنداری دەكات. پشكەكانی كۆمپانیای (ئۆرێكس پترلیۆم)ی كەنەدی بەبڕی (17 ملیۆن) دۆلار كڕیوە. كۆمپانیای (ئۆرێكس) كارپێكەری بلۆكی نەوتی هەولێرە، بلۆكەكەی دەكەوێتە دەرەوەی شاری هەولێرو (11 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرهەمدەهێنێت. ئەم مامەڵەیە هاوشێوەی مامەڵەی گۆڕینی دەسەڵات (كۆنترۆڵ)ەكەی كۆمپانیای (دایناستی)یە كە بۆ كڕینی بلۆكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ) كردی، بەڵام هیچ كێشەیەكی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دروست نەكراوە. 

نەوت لە هەرێمی كوردستان
راپۆرتە فەرمییەكانی وردبینی (دیلۆیت) لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت‌و غازی كوردستان ئەوە نیشان دەدەن، لە ساڵی 2006ەوە كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بڕی (7 ملیار) دۆلاریان داوە بە حكومەتی هەرێم، ئەم پارانە بۆ هیچ پرۆژەیەكی ناوخۆیی‌و خەڵكی هەرێمی كوردستان خەرج نەكراون، بەڵكو گواستراونەتەوە بۆ سەر حسابی چەند كەسێك.
لە رۆژانی سەرەتای گرێبەستە هاوبەشەكانی بەرهەمهێنان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەژماری بانكیی لەگەڵ (‌HSBC) لە بەریتانیا بۆ وەرگرتنی دەرماڵەو پارەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت دادەمەزرێنێت. ئەم هەژمارە بانكیانە لەژێر كۆنترۆڵی راستەوخۆی ئاشتی هەورامیدا بوون، كاتێك بەم هەژمارە بانكیانە زانراوە، داخراون، بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت بە ئاسانی شوێنی ئەو پارە هەڵگرێت یان بزانێت كە بۆی دەنێردرێت.
هەروەها لە زۆربەی گرێبەستە هاوبەشەكانی بەرهەمهێناندا، حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنداری 20%ی قازانج دەكات. هەرچۆنێك بێت، بە گوێرەی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان، ئەمە دەبێت لەلایەن (كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی هەرێم)ەوە خاوەنداری بكرێت. ئەم كۆمپانیایەش تائێستا دانەمەزراوە، دەوترێت زۆر جار ئەو 20%ەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گرێبەستە هاوبەشەكاندا دەستی دەكەوێت، لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێت‌و هەندێكجار بەشی بنەماڵەی تاڵەبانیشی لێدراوە، لەڕێگەی ئەو كۆمپانیاكانی نهێنییانەی كە ئاشتی هەورامی دروستی كردوون.  
ساڵی 2009 لە نەرویژ‌و بەریتانیا، دۆسیەیەكی یاسایی هەبوو، ئاشتی هەورامی لە هەندێك پشكی ناڕووندا تێوەگلابوو، لە مامەڵەكردن بە پشكەكانی كۆمپانیای DNO ئەنتەرناشناڵی نەرویژی، كە فرۆشرا بوو بە كۆمپانیای جینێڵ ئینێرجی بەریتانی.
نەدیم زەهاوی ئەندامێكی پەرلەمانی بەریتانیا، پێشتر بەڕێوەبەری كۆمپانیای (گۆڵف كیستۆن) بوو لە كوردستان، لە تەموزی 2015 تا كانونی یەكەمی 2017 پشكی بە بەهای زیاتر لە (2 ملیۆن) دۆلار بووە، هەروەها زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 500 هەزار) دۆلاری وەكو مووچەو بەخشش بۆ كاركردنی بەشێوەی "پارت تایم" پێدراوە. دەوترێت زەهاوی پەیوەندی باشی لەگەڵ بارزانییەكان هەیە‌و گەشتی ژمارەیەك سیاسەتمەدارانی بەریتانی بۆ كوردستان رێكخستووە لەوانە بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كاتێك لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی لەندەندا كاریكردووە. 
سایتی (Intelligence Online)، رۆڵی نەدیم زەهاوی بە "راوێژكار بۆ دەستڕاگەیشتن بە بنەماڵەی بارزانی‌و ئاشتی هەورامی" ناوزەدكردووە.
شیكاری راپۆرتە فەرمییەكانی وردبینی دیلۆیت لە سەر بەرهەمهێنانی نەوت‌و غازی كوردستان، كە سەرەتا لە ساڵی 2017ەوە دەستیپێكردوە. ئەوە دەردەخات كە جیاوازی‌و ناروونییەكی زۆر هەیە، بەوەی لە رۆژێكدا لانیكەم (100 هەزار) بەرمیل نەوت بەشێوەیەكی دروست ئەژمارنەكراوە، ئەم بەرهەمە بە پشتگیری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بنەماڵەی بارزانی بەشێوەیەكی نایاسایی هەناردەی توركیا كراوەو داهاتەكەشی بە‌‌‌هیچ شێوەیەك نەگەشتوەتە دەست وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
راپۆرتەكانی دیلۆیت ئەوەش دەخەنەڕوو، لەنێوان ساڵاكانی 2017بۆ 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی نەوتی فرۆشتوە، بە نرخێك كە زۆر كەمتر بووە لە نرخ لە بازاڕی جیهانیدا، ئەمەش زیانی (13 ملیار) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم داوە.
یەكێك لە دۆسیەكانی تری نەوتی هەرێم پەیوەندی بە كۆمپانیای پیاوێكی دەڵاڵی پاكستانییەوە هەیە بەناوی (مورتەزا لاخانی)، ئەم پیاوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا هەیە، دۆسیەكانی دادگای ئەمریكا دەریدەخەن كۆمپانیاكەی لاخانی، لانی كەم بڕی (6 ملیار) دۆلاری لەڕێگەی هەژمارەكانەوە لە بانكی (BankMED)ی لوبنان پێگەشتووە.
ئەمساڵ یەكێك لە میدیا خۆرئاواییەكان هەواڵی ئەوە بڵاوكردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوتی نییە لە كوردستاندا، چونكە زیاتر لە (ملیارێك) دۆلاری لە بانكی (مێد)ی لوبنان گیری خواردووە. هەندێك گومانیان هەیە ئەو هەژمارە بانكییەی كە پارەكەی تێدا بووە، لەلایەن مورتەزا لاخانی‌و ئاشتی هەورامییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand