ئاڵنگارییەكانی بەردەم قەوارەی هەرێمی كوردستان
2020-09-01 22:04:12
رانانی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەی
قەوارەی ئێستای هەرێمی كوردستان بە سنور و دەسەڵاتی ئێستایەوە، پرۆسەیەكی مێژووییە و تەنها زادەی ئەمڕۆی پاش ڕووخانی ڕژێمەكەی سەددام نیە. فیدراڵیەتی هەرێمیش دەرەنجامی گەشەسەندن و پەرەسەندنی خواست، ئامانج و خەباتی دەیان ساڵەی بزوتنەوەی كوردایەتییە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرپەرچدانەوەی سڕینەوەی شوناس بە سەرجەم كایەكانییەوە.
لەشەستەكانی سەدەی ڕابردودا، وەك چارەسەرێك بۆ كیشەی كورد، بۆ یەكەم جار باس لە دروستكردنی شێوازی ناناوەندێتی لە كوردستانی عێراق كرا، پاشان لە سەرەتای حەفتاكاندا بۆ ئۆتۆنۆمی گەشەی كرد. لە دوای نەوەدەكانیشەوە دروستكردنی قەوارەی هەرێمێكی فیدڕاڵی، بوو بە دروشمی سەرەكی بزوتنەوەی كوردستانی و لە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش پەسەند كرا. ئەم تەوژمە لە دەستوری ۲٠٠٥ی عێراقیشدا پەسەند كرا و گەلی كوردستان بوو بە خاوەن قەوارەیەكی دەستوری دانپیانراو لە ناوخۆ و دەرەوەدا. ئەمە وێڕای ئەوەی كە لەسەرەتای سەدەی بیست¬ویەكەوە هەمیشە جۆرێك لە ئومێد لای بەشیك لە خەڵك و ڕۆشنبیران و هێزە نەتەوەییەكانی كوردستان هەبوو كە ئەم هەرێمە بكرێتە هەوێنێك بۆ سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی.
بەڵام پاش تێپەڕبوونی ۱٥ساڵ لە دانپیانانی دەستوری بە قەوارەی هەرێمی كوردستاندا، ئێستا ئەم هەرێمە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ناوخۆیی و هەرێمی ترسناك بۆتەوە، كە بەشێكیان پەیوەستە بە ئەدای خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەشێكی تری بە پلان و هەوڵی هێزە ئیقلیمییەكان، بەشێكیشی بە تێڕوانین و هەڵوێستی هێزە عیراقییەكان سەریان هەڵداوە.
- ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان:
١. ناكۆكی نێوان هێزە كوردییەكان: وەك هەمیشە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو گەورەترین پارتیی هەرێم (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان)، كە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بە جەنگی ناوخۆیی نێوانیان یان ململانێ و ڕێكەوتنی ستراتیژیی دوو قۆڵییان، سەرچاوەی زۆربەی گرفتەكان و جوڵێنەری گرنگترین ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەكانی هەرێم بوون، هەر لە دابەشكردنی بڕیاری سیاسی، دەسەڵات و توانا دارااییەكانەوە تا دوولەتكردنی جوگرافیای هەرێم و دووبارە یەكگرتنەوەیەكی لەرزۆك لەسایەی جۆریك لە دووئیدارەیی شاراوەدا. مۆتەكەی ناكۆكییەكانیش تا ئێستا بەردەوامە و ئەگەری قووڵبونەوەشی مەترسیدارترە، بەتایبەت لە بواری رێكنەخستنی هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنیەكان، نەبوونی دیدێكی ستراتیجی هاوبەش بۆ سیاسەت و ئاسایشی دەرەكی هەرێم. ڕوونیشە ئەم ناكۆكییانە هەر تەنها هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی قەوارەكە ناكەن، بەڵكو هۆكاریشن بۆ نەبوونی یەك دیدی بۆ كێشە نیشتمانییەكان لە دەرەوەی هەرێم، وێڕای نەبوونی یەكڕیزی لەبەردەم ئاڵوگۆڕە دەرەكییەكاندا، كە هەمیشەی سەرچاوەی هەڕەشە و كاریگەریی كوشندەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی بوون بۆ سەر قەراری سیاسی هەرێم.
٢. قەیرانی دارایی: بەهۆی داڕمانی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، زیاد لە پێنج مانگە توانا ئابورییەكانی هەرێمی ئیفلیج كردووە، بەشێوەیەك بەپێی هەندێك سەرچاوە لە مانگی سێ و چواری ئەمساڵدا كە سەرەتای قەیرانەكەبوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئەو داهاتەی دەستی دەكەوت نزیكەی ٤٥٪ی داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی و ٩٠٪ی داهاتی نێوخۆی كەمی كرد، بەڵكو بەپێی دوا ڕاگەیاندنی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم لە ١٧/٨/٢٠٢٠ كۆی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی (٣٩٠ ملیار دینار) تێناپەڕێنێت، هەرچەندە ڕوون نیە ئەمە داهاتی تەنها مانگێكە یان زیاتر، ئەمەش بە بەراورد بە داهاتی هەر مانگێك لە ساڵی ٢٠١٩دا كە زیاتر لە ٦٠٠ملیار دینار بووە، بەڕێژەی ٣٥٪ كەمی كردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا حكومەتی بەغداد تەنها (٣٢٠ ملیار دینار)ی وەك بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم بۆ هەولێر ناردووە. لە سایەی ئەم دۆخەشدا حكومەتی هەرێم لە هەشت مانگی ڕابردوودا، تەنها موچەی دوو مانگی ئەم ساڵی پێدراوە. لە ماوەی داهاتووشدا پێناچێت بتوانێت بەم نزیكانە بەسەر ئەم قەیرانە داراییەدا زاڵبێت، بەتایبەت گەر تاكۆتایی ئەم ساڵ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی ئەوتۆ بەخۆیەوە نەبینێت و دۆخی ئابووریی جیهانیش لەسایەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا ئاسایی نەبێتەوە و هیچ هەوڵ و نەخشە ڕێگایەكی ئەوتۆش بۆ ڕزگاربوون لە ئابووری ڕەیعی نەوت و كۆمەڵگای بەرخۆریی لە ئارادا نەبێت و ڕەوشی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ڕێككەوتنیش لەنێوان هەرێم و بەغدا وەك ماوەی ڕابردوو بەسستی بمێنێتەوە، ئەگەرچی لەم دواییانەدا (وەك تروسكاییەكی كەم) هەردوولا بە جۆرێك نیمچە چارەسەر گەیشتوون.
٣. قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا: هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە، لە مانگی سێ و چواری ئەمساڵدا، توانی ئاستێكی باش بۆ ڕوبەڕووبونەوەی پەتاكە نیشان بدات، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە ژمارەی توشبووان و مردووان بە پەتاكە، لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەشێوەیەك كە تەنها لەم مانگەدا ژمارەی توشبووان لە پاریزگاكانی هەرێمدا لە نێوان ١٣- ١٤٪ی كۆی توشبوانی عێراق بووە، ئەمەش بارگرانییەكی لە سەر نەخۆشخانە و دەزگاكانی كەرتی تەندروستیی هەرێم دروستكردوە، كە هەر خۆی لە بنچینەدا بەدەست چەندین كێشەوە ناڵاندوویەتی، هەر لە كەمی نەخۆشخانە، كەمی جێگای نەخۆش، كەمی كادر و كارمەندی تەندروستییەوە تا كەمی دەرمان و پێویستیەكانی دی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر نەخۆشیەكی درم و كوشندە. لەسایەی ئەم دۆخەی لاوازی كەرتی تەندروستی و بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووریشدا، پێناچیت هەرێمی كوردستان بتوانێت لە ماوەی نزیكدا بە ئاستێكی پێویست ڕێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاكە بكات و بەر لە زیادبوونی قوربانیەكانیشی بگرێت.
٤. گرفتەكانی حوكمڕانی باش: بارتەقای سەرجەم ئەو قەیرانانەی پێشوو، هەمیشە پرۆسەی حوكمڕانی هەرێم پڕگرفت و هەڵبەز و دابەز بووە لەنێوان بەكارهێنانی ناكامڵی چەند ئامرازێكی دیموكراسییانەی وەك هەڵبژاردن، ئازادییەكانی ڕۆژنامەگەری، ڕادەربڕین و كۆبوونەوەی گشتی، بەڵام بە ئاشكرا پێشێلكردنیان، داننان بە ئۆپۆزسیۆن و ڕكابەرایەتیكردنی دەسەڵات بەڵام زامننەكردنی ڕۆڵییان، بەیاساییكردنی بنەماكانی ناناوەندێتی كارگێڕی و دارایی لە یەكە كارگێڕی و جوگرافییەكاندا بەڵام پابەندنەبوون بەتەواو شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆیان. لەپاڵ گرفتی سەربەخۆیی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، كە بەپێی ڕیتمی پەیوەندیی نێوان هێز و پارتە باڵادەستەكان ئەم دامەزراوانەش دوچاری ناكارایی، پەكخستن و پەراوێزخستن بوونەتەوە. ئەمە وێڕای كیشەكانی بواری دابەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، تەندروستی، پەروەردە و فێركردن و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەرەڕای هەڵاوسانی ژمارەی فەرمانبەران و زۆربوونی دامەزراوە كارگێڕییەكانی هەرێم بەراورد بەلاوازی ئەدا و بەرهەمیان، زیاتر لەمەش گرفتی بڵاوبوونەوەی بەرچاوی گەندەڵی كە تەواو متمانەی هاوڵاتیانی بە دامەزراوە حكومییەكان كەم كردۆتەوە.
- ئاڵنگارییە دەرەكییەكان:
١. لاوازبوونی پێگەی كورد لە بەغدا: پێچەوانەی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كاتی جەنگ دژی داعش هەیبوو، دوای یەكلابوونەوەی ئەم جەنگە و بێ ئاكامبوونی هەوڵی ڕیفراندۆم و پاشەكشێپێكردنی هێزەكانی پیشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕیی هەرێم بۆ سنورەكانی پێش ٩/٤/٢٠٠٣، هەژموونی هێزە كوردییەكان و نەخشی هەرێمی كوردستانیش لە سیاسەتی عێراقیدا ڕووی لە كزبوون و لاوازبوون كردووە. تادێت ڕەخنەی نەیارانی كورد و هەرێم لە بەغداد زیاد دەكات، دەنگ و ناڕەزایی ئەو هێزانەش بڵندتر دەبێت كە سیاسەت و ئابووریی كوردستان بە قورساییەكی گەورە لەسەر شانی عێراق دەزانن، بەڵكوی لەئێستادا لێدان لە كورد و سیاسەت و ڕەمزەكانی بووەتە كەرەستەیەكی سیاسی بەهێز كە لەكاتی تەقینەوەی قەیرانەكاندا و لەسەروەختی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكدا، هەندێك هێز و كەسایەتی بۆ تەسكینكردنی شەقام و كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ ئاژواندنی ماشێنی "ئەنتی كورد" بەگەڕی دەخەن. بەڵكو ئەم ڕەوشە بە ئاستێك گەیشتووە هەندێك هێزی عێراقی داوای هەمواركردنی دەستوور و سڕینەوەی بنەما و ئامرازەكانی فیدراڵییەت دەكەن، گوایە ئەم بنەما و ئامرازانە ڕێخۆشكەر بوون بۆ زیادەڕەوییەكانی كورد بەسەر دەستوور و ئابووریی عێراقدا و پێویستە كوردستان و هەرێمەكەی بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو قەوارەیەی كە شایستەین و لە باشترین ئاستیشدا نابێت لە لامەركەزی ئیداری زیاتریان پێ ڕەوا ببینرێت. بۆیە لەپاڵ سەختبوونی ئاكامەكانی قەیرانی ئابووری لەسەر شانی عێراق، ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی بە سستی ڕێكردنی هەنگاوەكانی گەڕی ئەمجارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەی هەرێم بێت لە عێراقدا. ئەمە وێڕای ئەوەی خودی هەڕێمیش لە دوای ساڵی ٢٠١٢ەوە، بەتایبەت دوای گرتنەبەری سیاسەتی "ئابووریی سەربەخۆ" لە ٢٠١٤دا، جۆرێك لە بێ منەتی سیاسی و ئابووری بەرامبەر بە حكومەتی فیدراڵی پیشان داوە كە لە ئێستادا بەغدا باری ئەو بێ منەتییە بە هەولێر دەفرۆشێتەوە.
٢. پاشەكشێی پشتیوانی ئەمریكا بۆ كورد: لە دوای ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ لە تێڕاونینی ئەمریكییەكاندا كورد، لە پاڵ سوننە و هێزە عێراقییە لیبراڵەكاندا، هاوكارێكی كارا بوون بۆ سەرخستنی ململانێكانی لەگەڵ ئێران و گروپە تیرۆریستییەكان لە عێراق و ناوچەكەدا، بەڵام لەدوای بێ ئومێدبوون لە بەدیموكراتیكردنی دەوڵەتی عێراق و كشانەوە لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و زیادبوونی هەوڵەكان بۆ ناچاركردنی ئەمریكا بە كشاندنەوەی خێرای هێزەكانی لە عێراقدا، لەسایەی زیادبوونی هەژموونی هێز و لایەنە سیاسی و چەكدارییە وابەستەكانی ئێران لە دامەزراوە تەشریعی و سەربازییەكانی عێراقدا و گرتنی جێپێیەكیش لە پێكهاتەی حكومەتدا، ئەمریكای ناچاركرد بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی و پارسەنگكردنی ڕووبەڕوبونەوەكانی لەگەڵ ئێران، چیدی گرەو لەسەر پشتیوانی كورد یان سوننە یان هەر هێزێكی دیكە نەكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوە سەرەكی و باڵاكانی عێراق خۆی بكەوێتە گفتوگۆی ستراتیژی، ئەمەش هێندەی تر پێگەی كوردی لە عێراق و سیاسیەتی زلهێزەكاندا لاواز كرد، بەشێوەییەك هەندێك باوەڕیان وایە هێشتا كورد بێهەودا لە هەوڵی دەربازبووندایە لەو گۆشەگیری و پەراوێزخستنەی كە لە دوای ڕیفراندۆمەكەی ٢٠١٧وە لە نەخشەی سیاسەتی ئەمریكا و زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا دووچاری بووە.
٣. زیادبوونی هەژموونی هێزە ئیقلیمییەكان: هەرچەندە لەدوای ١٩٩١ هەمیشە گرژی و شەڕی نێوان توركیا و پارتە كوردییەكانی (پەكەكە)، هەروەها ئێران و هێزە كوردییەكانی (كۆمەڵە و دیموكرات)، كێشەی ئەمنی و سیاسییان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە. بەڵام دوامەرامی جوڵە و دەسوەردانەكانی هەردوو هێزی ئیقلیمی لە هەرێمی كوردستاندا تەنها سەركوتكردنی پارتە نەیارەكانیان نییە بەڵكو بەئامانجگرتنی خودی ئاسایشی قەوارەی هەرێمیشە، هەر بۆ نمونە لەدوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ توركیا، لە ترسی ڕاگەیاندنی لكاندنی كەركوك بە هەرێمەوە، كە هەمیشە كەركوك و توركمانەكانی عێراق لە خەیاڵدانی جیۆپۆڵەتیكی توركیادا درێژكراوەی خاك و خەڵكی وڵاتەكەین، بۆیە هەڵوێستێكی توندی دژەڕیفراندۆمی نیشاندا و پشتیوانی بەهێزی عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەودەمی عێراقی كرد، كە بە سوپا و حەشدی شەعبی پیشڕەوەی بۆ ناو كەركوك بكەن. هەرچی هەڵوێستی ئێرانیشە، شاراوە نییە كە خودی قاسم سلێمانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی لەشكركێشی سوپای عێراق و میلیشیا عێراقییە پرۆئێرانییەكانی دەكرد بۆ گرتنەوەی بەشێك لە ناوچە جێناكۆكەكان. لەئێستاشدا لەشكركێشی و جوڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی هەردوو وڵاتی دژ بە پارت و هێزە نەیارەكانیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەگەری دروستكردنی مەترسی گەورەی بۆ سەر قەوارەی هەرێم هەیە، بەتایبەت هێرشە ئاسمانی و سەربازییەكانی ئەم دوواییەی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا پێشبینی ئەوەی لێدەكرێت ئامانج لێی دروستكردنی ئەو پشتێنە ئەمنییە بێت كە چەندین ساڵە دەیەوێت لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا دروستی بكات، مەترسی هاتنەدی ئەم پێشبینییەش بۆسەر هەرێم ئەوسا گەورەتر دەردەكەوێ كە ئەگەر هەیە بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو هێرشانەی توركیا ئەنجام درابێت. بۆیە لەسایەی بێتوانایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی توركیا و ڕێگرتن لە پەكەكە بۆ هێرشكردنە سەر توركیا، ڕەنگە یەكێك لە ئاكامەكان بڵاوەپێكردنی هێزی عێراقی و نێودەوڵەتی بێت بۆ پاراستنی سنوورەكانی هەرێم لە شەڕی پەكەكە و توركیا، سەرباری ئەمە ڕەنگە وڵاتانی دراوسێ بۆ لاوازكردنی ڕۆڵی ئیقلیمی هەرێم بەوە قایلبن كە ڕۆڵی زیاتر بە سوپای فیدڕاڵی عێراق بدرێت لە هەر تەرتیباتێكی ئایندەیی بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئاسایشی نیشتمانییەوە هەژموونی بەسەر سنوورەكانی خۆیدا لەدەست دەدات و لەڕووی ئابووریشەوە زەبرێكی گەورە بەر داهاتی خاڵە سنوورییەكانی دەكەوێت.
- سیناریۆكانی ئایندەی قەوارەی هەرێمی كوردستان
لەسایەی ئەو ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەكیانەی سەرەوەدا دەشێت بۆ ئایندەی قەوارەی هەرێم پێشبینی ئەم سیناریۆیانە بكرێت:
یەكەم: مانەوەی قەوارەی هەرێم وەك ئیستای، كە نزیكترین و لۆژیكیترین سیناریۆیە، بەڵام مەودای بەردەوامبوونی لەسایەی ئاڵنگارییەكانی حوكمڕانی خراپی هەرێمدا كورتخایەن دەبێت، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم چاكسازی گشتگیر لە كۆی كایە سیاسی و ئابوریی و كارگێڕییەكاندا نەكەن، كە دوورنییە دەنگی ناڕەزایەتییەكانی چەند چینێك، كە خەریكە لە زۆرێك لە شارەكاندا سەرهەڵدەدات، زیاتربێت و بەرەو خۆپیشاندانی فراوانتر بچێت، هەڵبەت ئەوساش یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكان دەسلەكاركێشانەوەی كابینەی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبێت. ئەوكات دوورنیە كەلێگ لە سیناریۆكانی سەروەختی خۆپشاندانەكانی تشرینی پار لە عێراق لە هەرێمیش دووبارە ببنەوە، كە دواجار سەری كێشا بۆ توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و بەدواشیدا دەسپێلەكاركێشانەوەی حكومەت و قووڵبونەوەی قەیرانی دووبارە پێكهێنانەوەی حكومەتێكی نوێی لێ وەبەرهات.
دووەم: هەڵوەشاندنەوە یان بچوككردنەوەی قەواری ئێستای هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ دۆخێكی كارگێڕیی لاوازی ئەوتۆ كە لە كۆتوبەندەكانی لامەركەزییەكەی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ زیاتر نەبێت، بەتایبەت كە بەپێی تێڕوانینی هەندێك لە هێزە عێراقییەكان دەبێت دواجار ئامانج لە ڕێككەتنی ئەمجارەی بەغداد و هەولێر تووندكردنی زیاتری ئەو كۆتوبەندانە بێت و دواتر بە هەموواركردنی دەستور و هەڵوەشاندنەوەی بنەما فیدراڵییەكان كۆتایی بەو لادانە سی ساڵییە بهێنرێت كە پێی دەوترێت "دیاردەی هەرێمی كوردستان". ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا هەندێك هێزی عێراقی و كەسایەتی كورد، بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندە، هەوڵی دروستكردنی ئاراستەیەك بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە دەدەن، هەرچەندە ڕادەی سەركەوتنی ئەم ئاڕاستەیە بەندە بەڕادەی پشتیوانی دەنگدەری كورد بۆ سەرخستنی و ڕادەی جێگیربوون گوتاری نیشتمانچێتی عێراقی و ڕادەی ئامادەیی حكومەتی فیدراڵی بۆ هاوكاریكردنی دارایی هەرێم و سووكردنی بارگرانییەكانی قەیرانی ئابووری لەسەر بژێوی زۆرینەی خەڵكی هەرێم، بەڵام لەسایەی ئەو بەرگە تایەفییەی كە حكومەتی عێراقی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا پۆشیویەتی زەمینەی بونیادنانی ئەم ڕەهەندانە لاوازە.
سێیەم: دابەشبوون یان سەرلەنوێ ڕێكخستنەی دۆخی ناوخۆی هەرێم بۆ دوو قەوارە یان دوو ناوچەی جێی هەژموونی سیاسی و یاسایی و سەربازی لێكچوودا، جا بەشێوەیەی توندوتیژی و بە هۆی قووڵبوونەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نێوان هەردوو پارتی گەورەی دەسەڵات بێت، یان بە حوكمی لێكتێگەیشتنی نێوانیان بێت بۆ زەرورەت و سوودەكانی ڕێكخستنەوەیەكی لەم جۆرە بەشێوەیەكی یاسایی و ئاشتیانە و بەپێی بنەماكانی ناناوەندێتییەكی سیاسی و دارایی دروست، كە بتوانێت بارگرانییە كارگێڕی و داراییەكانی هەردوولا لەسەر حكومەتی ناوەندی ئەوسای هەرێمی كوردستان سووك بكات. هەڵبەت ڕێككەوتنی ئاشتیانە لەسەر ئەم هەر سیناریۆیەك كە بۆ زیادكردنی گەشەپێدانی توانا ئابووری و مرۆییەكەنی هەرێم بێت و بۆ كاراكردن و زوو بەدەنگەوەچونی پێداویستییەكانی خەڵك بێت و بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیجییەكانی كورد بێت، لەنێوخۆ و عێراق و دەرەوەشدا، بێ سوود نابێت و جێگای پشتگیرییشە.
چوارەم: بەكارخستنی كارتی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق، كە لەڕووی واقیعییەوە سیناریۆیەكی زەحمەتە، بەڵام دەشێت وەك خۆزگەیەكی دەسەڵاتداران بۆ تەنفیسكردنی فشاری بەشێك لە ئاڵنگارییەكانی ناوخۆ، یان بۆ فشاركردنەسەر عێراق بە قبوڵكردنی ڕێككەوتنێكی پڕدەستكەوتی سیاسی و دارایی زیاتر بۆ هەرێم، پەنای بۆ ببرێت. دیارە بە لۆژیكیكردنی ئەم سیناریۆیە بەندە بە گۆڕانی گەورە لە هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەرامبەر بەم بژاردەیە بە ئاڕاستەیەكی ئەرێنی وەها كە تەواو كە لەگەڵ هەڵوێستەكەدا ساز بێت. ڕەنگە بژاردەی لۆژیكیانەتر ئەوەبێت كە سەرەتا هەوڵ بدرێت، بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد یان بە ناچاركردنی، قەوارەی هەرێم لەسەر بنەماكانی كۆنفیدراڵی، وەك قۆناغێكی ڕاگوزەری، ڕێكبخرێتەوە. هەڵبەت قایلبوون بە بژاردەیەكی لەم جۆرەش، كە بۆ ئامانجە دوورمەداكانی كورد بەسوودە، دەبێت دەرفەتی ستراتیژی، سیاسی و ئابوورییش بۆ عێراق مسۆگەر بكات.
كەواتە، هەرچەندە هەندێك لەم سیناریۆیانە هەڵگری دەرفەتن بۆ كوردستان و هەرێمەكەی بەڵام زۆربەیان سەرچاوەی هەڕەشەن، بۆ وەرگرتنی زۆرترین سوودیش لەهەر دەرفەتێك، ئەو پێشنیارەی دەبێت بڕیار بەدەستانی هەرێم ڕەچاوی بكەن ئەوەیە كە: گرفتەكانی هەرێم گشتگیر و هەمەلایەنن، بۆیە چارەسەریشیان دەبێت هەمەلایەنە بێت، كێشەی هەرێم تەنیا كێشەی مووچە و دارایی نییە، هەرچەندە لە ئێستادا بەرچاوترین كێشەیە، بۆیە بە تەنها چاكسازی لەم بوارەدا چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێت پێ بە پێی هەر هەنگاوێكی چاكسازی دارایی هەوڵ بۆ هەڵگرتنی چەندین هەنگاوی تر لە بواری تردا بنرێت وەك: بەكۆتاگەیاندنی پرۆسەی پەسەندكردنی دەستوور و سەروەركردنی بنەماكانی لە هەر هەنگاوێكیتری چاكسازیدا، ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییكردنی، كاراكردنی ناناوەندێتی، ڕووبەڕووبونەوەی جدی گەندەڵی و بنبڕكردنی، گەڕاندنەوی ڕێز و بڕیار بۆ دامەزراوە سیاسییە هەڵبژێردراوە باڵاكان، هەوڵدان بۆ فرە ڕەهەندكردنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشبەستنی تاك ڕەهەند بە ئابووریی بەرخۆری نەوت و چەندین هەنگاوی دیكە.
- ڕانانی ئایندەیی ژمارە (٧)
- توێژەران: د.هەردی مهدی میکە، د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول،